کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان مەترسیی داخستنیان لەسەرە

03-08-2023
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
کارگەیەکی بەرهەرمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان.
کارگەیەکی بەرهەرمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئامێرەکانی یەکێک لە گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان لەکارکردن وەستاون. هۆشداریش دەدرێت لەوەی سەرجەم کارگەکانی دیکەی بەرهەمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی مادەی خاو مەترسیی داخستنیان لەسەرە. 
 
وەستانی بەرهەمهێنان لە کارگەکە بۆ بڕیارێکی حکومەتی عێراق دەگەڕێتەوە، ئەویش قەدەخەکردنی ناردنی مادەی خاو (ئاسنی سکرابە) لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، ئەو بڕیارەی خاوەن کارگەکان بە سیاسی دادەنێن، بۆ دژایەتیکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
 
بورهان فەرەیدوون، بەڕێوەبەری کارگەی مید ستیل دەڵێت، "نزیکەی دوو مانگە رامانگرتووە. هۆکارەکەشی 100٪ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارە سیاسییە ئابووریە کە لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە بەسەر کارگەکاندا سەپێندراوە. ئەوەش مەترسییەکی زۆر گەورە دەخاتە سەر بەردەوامبوون و داخستنی کارەگەکانی دیکەش." 
 
کارگەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی 80٪ پشت بە ئاسنی سکرابی عێراق دەبەستن؛ ئێستا سەرجەم کارگەکانی ئاسن و بەرهەمهێنانی شیش لە هەرێمی کوردستان مەترسیی داخستن و وەستانی کارەکانیان لەسەرە، ئەو کارگانەی نزیکەی 10 هەزار کرێکار بەشێوەیەکی راستەوخۆ تێیاندا کاردەکەن.
 
بۆتان شێرزاد، بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی ئێف ئێف ستیل دەڵێت، "زانیاریمان هەیە کە حکومەتی عێراقی داوای لە بازرگانانی هەرێمی کوردستان کردووە کارگەکانیان بگوازنەوە و لە نێوەڕاست و خوارووی عێراق کارگەکانیان دابنێن، بەوەش یارمەتییان دەدەن و هاوکاریشیان دەکەن. مەترسیی زیاتر هەیە کە کارگەکان رابوەستن، لەبەر ئەوەی ئەو سکرابەی هەیە بەشمان ناکات." 
 
لە هەرێمی کوردستان 10 کارگەی بەرهەمهێنانی شیشی بیناسازی هەن، پێداویستیی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی خواست، لە نێوان 500 بۆ 700 هەزار تۆن شیشە، لەکاتێکدا کارگەکان توانای سێ هێندە زیاتریان هەیە و ساڵانە سێ ملیۆن و 700 هەزار تۆن شیش بەرهەم دەهێنن و توانای پڕکردنەوەی پێداویستیی هەموو عێراقیان هەیە. ئەو داهاتەی لە بازرگانی شیش ئاڵۆگۆڕی پێدەکرێت و لەنێوخۆ پارێزگاری لێدەکرێت دوو ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە.
 
75%ی بازاڕی کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە نێوەڕاست و باشووری عێراقە، بەڵام بەهۆی هەرزانیی نرخەکەی و رێگریکردن لە هەناردەکردنی ئاسنی سکراب لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان، شیشی بیناسازیی ئێرانی بازاڕەکانی عێراقی کۆنتڕۆڵکردووە.
 
لەبەرامبەر بڕیارەکەی بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 16-7-2023 بڕیاریدا بە زیادکردنی 30٪ی رەسمی پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ لەسەر هاوردەکردنی شیشی بیناسازی لە دەرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە