رووداو دیجیتاڵ
لە سێ رۆژی رابردوودا فڕۆکە و تۆپخانەکانی تورکیا نزیکەی 15 شوێنی هەرێمی کوردستانیان بۆردوومان و تۆپبارانکردووە، لەوانەش هەندێک ناوچەی نزیک دەرکا لە سنووری زاخۆ، نزیک کانی ماسێ و دێرەلووک لە سنووری ئامێدی، نزیک دینارتە لە سنووری ئاکرێ.
بەپێی خەمڵاندنەکانی بەرێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستان و پاوانی دهۆک، بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەوە 40 هەزار دۆنمی پاوان و دارستانەکانی سنووری پارێزگاکە لەنێوچوون.
دوایین ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان کە گەریلاکانی پەکەکەی تێدایە لە کۆتایی مانگی نیسان بەناوی ئۆپەراسیۆنی "چڕنووکی هەورەبرووسکە" دەستیپێکرد.
تورکیا هێزەکانی لە 12 شوێن جێگیرکردووە و بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکەشەوە خەڵکی شەش گوند ئاوارەبوون و سێ هاونیشتمانیش لە سنووری ئامێدی برینداربوون.
بەڵام پێش ئەم ئۆپەراسیۆنەش تورکیا ئۆپەراسیۆنی دیکەی هەبووە، لەوانەش ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چڕنووکی هەڵۆ و چڕنووکی هەڵۆ 2.
حیکمەت محەممەد، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمساڵ 20 گوند بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە چۆڵکراون، 6 کەس گیانیان لەدەستداوە، زیانێکی زۆر بە شوێنەوار و کارەبای ناوچەکانی شوێنی شەڕیش گەیشتووە.
حیکمەت محەممەد گوتیشی، لە ساڵی 1990ەوە زیاتر لە 100 هاونیشتیمانی بەهۆی ئەو شەڕەوە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
زیاتر لە 25 ساڵە سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان شەڕدەکەن. لە ئەنجامی ئەو شەڕە، نەتوانراوە زیاتر لە 800 گوند ئاوەدان بکرێنەوە.
دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەش دەڵێت، لە نێوان ساڵانی 2010 و 2020ـدا 873 دۆنم دارستان و پاوان سووتاوە و رێژەی 30٪ بۆ 35٪ی بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانی تورکیا و ئێرانەوە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ