کورد و تورکمان: لە کەرکووک پۆستی هەستیار و باڵامان بەدەستەوە نەماوە

02-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی کورد دەڵێن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە 110 پۆستیان لەدەستداوە. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراقیش دەڵێت: "هیچ پۆستێکی باڵامان لە کەرکووک نەماوە". بە گوتەی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش، دوای هەڵبژاردنی پارێزگار، پۆستەکان دابەش دەکرێنەوە.
 
لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، راکان جبووری، لە پێکهاتەی عەرەب بە وەکالەت کرایە پارێزگاری کەرکووک. کورد بە تووندی کارەکانی جبووری رەتدەکاتەوە و بە جیاکاری دەزانێت. تورکمانیش تێبینییان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگاکە هەیە و دەڵێن، بە یەکسانی دابەشنەکراون.
 
کورد: 110 پۆستمان لەدەستداوە
 
بەشێکی زۆر لە پۆستەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک لە کورد سەندرانەوە. فەهمی بوورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە، 02ـی حوزەیرانی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "110 پۆست لە کورد وەرگیراونەتەوە، ئێستا کورد پۆستێکی ئەوتۆی بە دەستەوە نەماوە."
 
هەر ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە رووداوی گوت: "لەنێو ئەو پۆستانەی لە کورد وەرگیراونەتەوە 27 پۆستی باڵا هەن، تاوەکو ئێستاش بەهۆی پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک دیار نییە داهاتووی دەسەڵاتی کورد لە پارێزگاکە چی بەسەر دێت."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو کە لە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان وەریگرتوون، لەنێو ئەو پۆستە باڵایانەی کەرکووکدا کە لە کورد وەرگیراونەتەوە پۆستی پارێزگار، قایمقامەکانی کەرکووک، دوبز، لەیلان و داقووق هەن. هەروەها بەشێکی پۆستەکانی دیکە بەڕێوەبەری ناحیە، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەکان، جێگری بەڕێوەری گشتی، بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و جێگری بەڕێوەبەرەکان و تەنانەت بەڕێوەبەری بەش و ژووریش هەبووە "بەهۆی ئەوەی کورد بووە" لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە.
 
فەهمی بوورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەوەی وەکو پۆست لای کورد مابێتەوە بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس و بەڕێوەبەری شارەوانییە، ئەوانی دیکە هچیان لای کورد نەماون."
 
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "زۆرینەی پۆستەکانی کورد دراون بە عەرەب و بەشێکیشی دراوە بە تورکمانی شیعە کە سەر بە گرووپە جیاکانن."
 
بەرەی تورکمانیی عێراق: لە دابەشکاریی پۆستەکاندا یەکسانی نییە
 
تورکمانیش لە کەرکووک لە دابەشکردنی پۆستەکان خۆیان بە ستەملێکراو دەزانن و دەڵێن، وەکو پێویست و بەگوێرەی مافی خۆیان پۆستیان پێنەدراوە.
 
ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "پێش رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەریش نەتەوەی تورکمان لە کەرکووک وەکو پێویست پۆستی نەبووە و ئێستاش هەروایە."
 
ئایدن مەعرووف ئاماژەی بەوەشکرد، دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر "هیچ" پۆستێکی نوێیان وەرنەگرتووە و چەند پۆستێکیشیان لێ وەرگیراوەتەوە، لەوانە پۆستی بەڕێوەبەری تەندروستیی کەرکووک کە پێشتر پشکی تورکمان بووە.
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی کە لە پشکی تورکمان لە هەرێمی کوردستان پۆستی وەزیری پێکهاتەکانی وەرگرتووە، گوتیشی: "ئێستا هیچ پۆستێکی هەستیار، باڵا و کاریگەریی کەرکووک لە دەستی نەتەوەی تورکماندا نییە."
 
پێشتر تورکمان پۆستی باڵای لە کەرکووک هەبووە، وەکو سەرۆکی ئەنجوومەن، پۆستەکانی پۆلیس، بەڵام ئێستا ئەوانەیان لەدەستدا نەماوە.
 
ئەو بەرپرسەی بەرەی تورکمانی گوتی: "ئێستا دۆخی ئەمنیی کەرکووک باشە، بەڵام بۆ نەتەوەی تورکمان دابەشکردنی پۆستەکان یەکسانی تێدا نییە ئێستا کەمترین پۆست لە دەستی تورکماندایە لە شاری کەرکووک."
 
کەی کورد پۆستەکانی وەردەگرێتەوە؟
 
هەرچەندە لە 18-12-2023ـەوە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک کراوەو ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردراوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ ناکۆکی سیاسی نێو پێکهاتەکان نەیهێشتووە حکومەتی خۆجێی لەو پارێزگایە پێکبێت و بۆ ئەوەش نەتەوەکان یەکدی بە هۆکاری جیا تۆمەتبار دەکەن.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 16 کورسیی هەیە، یەکێتی کە زۆرترین کورسی بەدەستهێناوە، خاوەنی پێنج کورسییە و کورسییەکی دیکەی کۆتای کریستیانەکانیش هاوپەیمانێتی، هەروەها پارتی دوو کورسی بەدەستهێناوە، نەتەوەکانی عەرەب شەش کورسی و تورکمانیش دوو کورسییان بەدەستهێناوە و هەموویان داوای پۆستی پارێزگار دەکەن.
 
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەرگرتنەوەی پۆستەکان کاری دەوێت و ئێمە کارمان بۆ کردووە."
 
ئەحمەد کەرکووکی کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەسەر لیستی یەکێتی هەڵبژێردرا دەڵێت: "یەکەم هەنگاو بۆ وەرگرتنەوەی پۆستەکان، پۆستی پارێزگارە کە مافی خۆمانە و ئێستا کاری بۆ دەکەین. دواتر کە حکومەتی خۆجێی پێکهات بەگوێرەی یاسا دابەشکاریی بۆ پۆستەکان بەگوێرەی نەتەوەکان دەکرێتەوە."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.