لە بانە رووبەڕووبوونەوەی چەکداری روویدا؛ سەربازێک کوژراوە و سێ کەسی دیکە بریندارن

02-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ ژمارەیەک چەکداری "گرووپێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران" لەسەر سنووری شاری بانە، سەربازێک کوژرا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بەپێی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە سەر بە سوپای پاسدارانە، رۆژی پێنجشەممە، 02-05-2024، محەممەد عارف سپێهری، فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنووریی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە رووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لە ناوچەی سنووریی هەنگەژاڵی بانە، سەربازێکی ئێران کوژرا و دوو سەربازی دیکەش لەگەڵ کارمەندێک بریندار بوون.
 
محەممەد عارف سپێهری گوتی: "شەوی رابردوو لە کاتی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی هێڵی سنوور لەو ناوچەیە لە نێوان هێزەکانی پاسەوانی یەکەی پاسەوانیی بانە و گرووپێکی دژبەر رووبەڕووبوونەوەکە روویداوە، سەربازەکان بە شێوەیەکی بەهێز و بوێرانە رووبەڕوویان بوونەتەوە. هێرشەکە تێکشکێندرا و هەوڵەکان بۆ دەستبەسەرکردنیان بەردەوامە."
 
گوتیشی، لە رووبەڕووبوونەکەدا سەربازێک کوژرا و دوو سەرباز و ستافێکی بنکەی سەربازی هەنگەژاڵ بریندار بوون.
 
فەرماندەی هێزی پاسەوانی سنووری پارێزگای سنە دەڵێت، ئەو سەربازی لە رووبەڕووبوونەوەکەدا کوژراوە، ناوی فەرزین بلیان-ە و خەڵکی شاری کرماشانە. بریندارەکانیش گوازراونەتەوە نەخۆشخانەی شاری بانە و چارەسەر وەردەگرن.
 
عەلی ئازادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە لە راگەیێندراوێکدا، رووداوەکەی سەر سنووری هەنگەژاڵی بانەی وەک "رووداوێکی تیرۆریستی" ناوزەند کرد و شەرمەزاری کرد.
 
تائێستا هیچ گرووپ و لایەنێک بەرپرسیاریێتی رووداوەکەی سنووری هەنگەژاڵی بانەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئۆتۆمبێلی بەرپرسەکەی پارتی لەدوای تەقینەوەی.

وردەکاریی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی لە گەرمیان؛ 'تیرۆریستی بووە'

ئەمڕۆ دووشەممە کاژێر 9:23 بەیانی لە پێش ماڵی خۆیان لە گەڕەکی جووتیاران لە کەلار، چەند چرکەیەک لە دوای ئەوەی خۆی و یاوەرەکانی سواری ئۆتۆمبێلەکە دەبن، ئۆتۆمبی بەرپرسی لقی 22ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان دەتەقێتەوە و سکرتێر و شۆفێرەکەی بریندار دەبن.