لە هەرێمی کوردستان دانانی پرسە لە مزگەوت تاوەکو 21ی ئەم مانگە رادەگیرێت

02-03-2020
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن هەولێر کۆرۆنا
A+ A-

رووداو - هەولێر

بەهۆی مەترسیی تووشبوون بە کۆرۆنا و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، یەکێتیی زانایانی ئایینی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە راگرتنی دانانی پرسە لە مزگەوتەکان تاوەکو 21-3-2020. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا لە هەولێر هیچ کەسێک تووشی کۆرۆنا نەبووە.
 
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەگەڵ بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی رایگەیاند "ئەمڕۆ لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەری گشتی ئەوقاف و جێگری پارێزگاری هەولێر، سەردانی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و لیژنەی فەتوای هەولێرمان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی کۆرۆنا".
 
فرسەت سۆفی گوتی "ئەو رێوشوێنانەی ئێمە لە قۆناخی رابردوو وەکو پارێزگای هەولێر و وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتوومانەتەبەر، لەو کۆبوونەوەیە بۆ مامۆستایانی ئایینیمان روونکردەوە داوامان لێکردن بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو رۆڵ و پێگە گرنگە ئایینییەی هەیانە، رۆڵ لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک ببینن لە جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانەی ئێمە دەرمان کردووە، کە گشتیان لە پێناوی تەندروستی گشتی و بەرژەوەندی گشتین".
 
 
پارێزگاری هەولێر دەرکردنی بڕیارەکان بۆ رێگریی لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە کوردستان بە "ناچاریی" ناودەبات و دەڵێ "ئێمە ناچاربووین لە چەند رۆژی رابردوو کۆمەڵێک بڕیار دەربکەین، کە رەنگە ئەو بڕیارانە لە دۆخێکی ئاسایی بە دڵی هیچ کەسێکمان نەبووبێت، بەڵام پێویستییەک هاتووەتە پێش دەبێت هەموومان پێکەوە پابەند بین لە پێناوی ئەوەی خۆمان بپارێزین لەو نەخۆشییە و رێگری لێبکەین. هیوادارم هاونیشتمانیان هەموو ئەو رێنماییانە جێبەجێ بکەن کە لە قۆناخی رابردوو دەرچوونە و هەموو لایەک پێیەوە پابەند بن، بۆ ئەوەی بتوانین تەندروستی گشتی بپارێزین"
 
سەبارەت بە گەیشتنی کۆرۆنا بە هەولێر، فرسەت سۆفی گوتی "تاوەکو ئێستا هیچ تووشبوویەکی کۆرۆنا لە هەولێری پایتەخت تۆمارنەکراوە، پشتیوان بە خودا هەموو هەوڵەکانی خۆمان دەخەینەگەڕ لە پێناوی ئەوەی هەموو رێوشوێنێک بگرینەبەر تا لەم نەخۆشییە بەدوور بین، بە پشتیوانی هەموو لایەکیش دەتوانین کاری باش بکەین".
 
لەبارەی راگرتنی پرسە لە مزگەوتەکان فرسەت سۆفی گوتی "ئەمڕۆ تایبەت بە بابەتێکی دیاریکراو لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی قسەمان کرد، شوکر بۆ خودا هەموومان کۆک بووین، سوپاس بۆ پشتیوانی و رادەربڕینیان کە ئێمە لەو کۆبوونەوەیە بڕیاماندا تاوەکو رۆژی 21ی ئازار رێوڕەسمی پرسە و فاتیحە خوێندن لە هەموو سنووری پارێزگای هەولێر رابگیرێت، ئەم رێوڕەسمە تەنها لەسەر گۆڕستان دەکرێت دوای ئەوە نە لە ماڵ و نە لە هۆڵەکان و مزگەوتەکانیش پرسە بەڕێوەناچێت، ئەمەش تەنها لە پێناوی پارێزگاریکردنە لە تەندروستی خەڵک".
 
مەلا نیاز راغب، بەرپرسی لقی هەولێری یەکێتیی زانایانی ئیسلامی کوردستان لەبارەی فەتواکەوە رایگەیاند: "لە روانگەی ئەوەی خۆپارێزی لە مەترسییەکان ئەرک و واجبە لەسەر هەر تاکێک، بە ئامانجی رێگەگرتن لە زەرەر و زیانێکی گەورە کە ئەویش زەرەر و زیانی تەندروستییە بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان، لە روانگەی ئایینییەوە زانایانی ئایینی و لیژنەی فەتوای هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی هەولێر بە باش زانرا کە رێوڕەسمی پرسە تاوەکو 21ی مانگی 3 رابگیرێت، راگرتنی پرسەش هیچ کاریگەرییەکی ئایینی نییە، ئەوەی واجبە بۆ مردوو بکرێت بریتییە لە شووشتن و کفنکردن و نوێژ لەسەرکردن و شاردنەوەی لە گۆڕستان، ئەم چوار کارە واجبی ئایینییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت".
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا راگرتنی پرسە و بۆنە ئاینییەکانی راگەیاند.
 
 
هاوکات لە هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان رێوڕەسمی پرسە دانان راگیرا و کۆمەڵێک رێنمایی دەرکران، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا مامۆستا مەلا عەبدولحەمید، لێپرسراوی لقی هەڵەبجەی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان رێنماییەکانی خوێندەوە، داواشی لە هاونیشتمانیان کرد کە رەچاوی رێنماییەکان بکەن و پێیەوە پابەندبن.

 

 
ئیدارەی گەرمیان داوایکردووە کە گوتاری هەینی لە 10 خولەك زیاتر نەبێت و نوێژخوێنان منداڵ لەگەڵ خۆیاندا نەبەنە مزگەوتەكان.
 
 
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا چوار تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون کە لە سلێمانین؛ دوای گەڕانەوەیان لە ئێران کەرەنتینە کرابوون، بەو پێیەش بێت ئەو کەسانە تێکەڵی خەڵک نەبوون و پاش پشکنینیان دەرکەوتووە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە