بەربژێران بۆ پارێزگاری هەڵەبجە چاوەڕوانی فەرمانی راسپاردنن

02-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەو سێ کەسەی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەڵەبجە ناویان دەهێندرێت، هیچیان یەکلایی نەبوونەتەوە پۆستەکە وەربگرن.
 
لە 26ـی مانگی رابردووەوە پارێزگاری هەڵەبجە و جێگرەکەی خانەنشین بوون و تاوەکو ئەمڕۆ کەس لە جێگەیان دانەنراوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئەمڕۆ ئازاد تۆفیق، وێڕای خانەنشینبوونی، وەک پارێزگار دەوامی کردووە بۆ راپەڕاندنی کارە کارگێڕییەکانی هاونیشتمانییان.
 
لەنێو ئەو کەسانەی ناویان دەهێندرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، نوخشە ناسیح، قایمقامی ئێستای هەڵەبجە، شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی و مەهاباد کامل، سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجەن. 
 
مەهاباد کامل ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاوەکو ئێستا کەس بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار دیاری نەکراوە، نە راستەوخۆ نە ناڕاستەوخۆ. هیچ قسەیەکی فەرمیمان پێ نەگوتراوە".
 
سەرۆکی پێشووی زانکۆی هەڵەبجە دەڵێت: "ئەگەر حیزب و حکومەت من دیاری بکەن، پۆستەکە پەسند دەکەم و ئەو ئەرکە لە ئەستۆ دەگرم. کەسێکی دیکەش دابنرێت پیرۆزبایی لێ دەکەم".
 
هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمڕۆش نوخشە ناسیح وەک قایمقام لە قایمقامییەت دەوامی کردووە و هیچ ئەرکێکی لە پارێزگا پێ نەدراوە.
 
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەدایکبووی ساڵی 1963ـیە و شاهین رەزا، جێگری پارێزگار لەدایکبووی 1964ـە بەهۆی بڕیاری وەزارەتی داراییەوە خانەنشین بوون. جێگرەکەی دیکەی پارێزگار، کاوە عەلی بوو کە ئەویش بەهۆی بوونی بە پەرلەمانتار، دەستبەرداری پۆستەکەی بووە.
 
پێنجشەممە بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، ناوی هیچ کەسێک لە وەزارەتەکەدا نییە بۆ کردنی بە پارێزگاری هەڵەبجە یان جێگر.
 
پارێزگاری هەڵەبجە لە حکومەتی خۆجێیی ناوچەکە لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرا، دوو جێگرەکەشی یەکێکان لە بزووتنەوەی گۆڕان و ئەوی دیکەش یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بوو.
 
هەڵەبجە چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستانە. ناوەندەکەی کە قەزای هەڵەبجەیە، یەکێکە لە کۆنترین قەزاکان، لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 120 هەزار کەسە. پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆ و سیروان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە