رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی لقی ئامەدی سەندیکای میل دیانەت، بەمەبەستی داخستنی رێکخراوەکانی هاوڕەگەزخوازی، هەڵمەتێکی کۆکردنەوەی واژۆیان دەستپێکرد.
لقی ئامەدی سەندیکای میل دیانەت، لە شارۆچکەی سوور لە ئامەدی باکووری کوردستان هەڵمەتێکی واژۆکۆکردنەوەیان لەدژی رێکخراوەکانی هاوڕەگەزخوازی (LGBT) لەژێر ناونیشانی ''تۆش بە هاوڕەگەزخوازی بڵێ، بووەستە'' راگەیاند.
هەڵمەتەکە لەبەردەم مزگەوتێکی شارۆچکەکە راگەیێنراوە، رۆژی شەممە دەستیپێکرد و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
لقی سەندیکای ئامەد بەمەبەستی داخستنی ئەو رێکخراوەکانە، نووسراوێکیشی ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کردووە.
ئەو سەندیکایە، کە لە زۆربەی پارێزگەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لقی هەیە، هەمان هەڵمەتی لە شوێنەکانی دیکەش راگەیاندووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی سێشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، لە گوتارێکیدا لە ئەنقەرە، ساڵی 2025ـی بە ''ساڵی خێزان'' ناوبردبوو.
ئەردۆغان هەروەها رۆژی پێنجشەممە، 27ـی مانگی رابردوو، لە ئەنقەرە لەبارەی رێکخراوەکانی هاوڕەگەزخوازی لە گوتارێکدا رایگەیاند، ''رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ پاراستنی گەنجانمان لە هاوڕەگەزخوازی کە وەک پەتا بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە."
یەکەمین رێکخراوی هاوڕەگەزخوازی لە تورکیا، لە ساڵی 1993 لە ئیستەنبووڵ دامەزرا. لە سەرانسەری ئەو وڵاتەکە، 10 رێکخراو و کۆمەڵەی تایبەت بە هاوڕەگەزخوازی هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ