رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەرهەمهێنانی گوڵی نێرگز لە پارێزگاکە زیادیکردووە و ساڵانە 18 ملیۆن گوڵی نێرگز لەو پارێزگایە بەرهەم دێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، عیماد شاهرووخی، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی لوڕستان چەندین کێلگەی بەرهەمهێنانی گوڵی نێرگزی لە شاری پوڵدوختەر بەسەرکردەوە و رایگەیاند، "ئێستا لە هەموو پارێزگاکە لە رووبەری 85 هێکتاردا گوڵی نێرگز دەچێندرێت و ساڵانە بەرهەمەکەی دەگاتە زیاتر لە 18 ملیۆن گوڵ."
عیماد شاهرووخی گوتی، "بە خۆشحاڵییەوە چاندنی نێرگز لەڕووی ئابوورییەوە گونجاوە، لەبەر ئەوەی لە نێو زەوی بەردەڵان و کەم بەرهەم و شوێنی لێوار دەچێنرێت، هەروەها سەرکی گوڵەکە زیاتر لە 20 ساڵ لە زەویدا دەمێنێتەوە و پێویست ناکات دووبارە بچێنرێتەوە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی لوڕستان دەڵێت، هیوادارین بە پەرەپێدانی چاندنی ئەم جۆرە گوڵە، پیشەسازی تەواوکەری تایبەت بە گوڵیش لە پارێزگاکە بنیاد بنرێت.
بە گوتەی شاهرووخی، "خاڵێکی دیکەی زۆر گرنگ، گەشتیاری کشتوکاڵییە، کە دەتوانرێت بە دروستکردنی ئیکۆتۆریزم لەم هەرێمەدا بەدەستبهێنرێت. لەو رێگەیەشەوە هەم دەتوانین هاوکار بین بۆ گەشەپێدانی چاندنی گوڵی نێرگز و هەمیش دەتوانین یارمەتی گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری بدەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ