ناپاكی له‌گه‌ڵ كه‌سانی پله‌ یه‌ك روو له‌ زیادبوونه‌

02-01-2020
دیمەن بورهان
نیشانەکردن ناپاکی کۆمەڵایەتی
A+ A-
 
رووداو- هه‌ولێر
 
سروه‌، ته‌مه‌ن 35 ساڵ، 11 ساڵه‌ له‌گه‌ڵ (ب) خێزانی پێكهێناوه‌ و خاوه‌نی سێ منداڵن، هه‌موو جارێك كه‌ ده‌چوو بۆ بازاڕ یان نه‌خۆشخانه‌، خوشكه‌ بچووكه‌كه‌ى خۆى له‌لاى منداڵه‌كان جێده‌هێشت، به‌ڵام دواتر بۆى ده‌ركه‌وت كه‌ (ك)ى خوشكى ده‌ستى له‌گه‌ڵ (ب) تێكه‌ڵ كردووه‌.
 
په‌یوه‌ندیی نێوان (ك)، ته‌مه‌ن 22 ساڵ و (ب)ى ته‌مه‌ن 39 ساڵ به‌هۆى كچه‌كه‌ى سروه‌وه‌ ئاشكرا بوو. سروه‌ به‌ (رووداو)ى گوت: " كۆتایی مانگى رابردوو بۆ ددان كێشان چوومه‌ نه‌خۆشخانه‌ و وه‌ك هه‌میشه‌ خوشكه‌كه‌م لای منداڵه‌كانم به‌جێهێشت، كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌ خوشكه‌كه‌م له‌وێ نه‌بوو، كچه‌ ته‌مه‌ن چوار ساڵانه‌كه‌م گوتی، باوكم جله‌كانی له‌به‌ر داده‌ دانا و ماچی كرد".
 
ئه‌م قسانه‌ی كچه‌كه‌ی گومان له‌ دڵی سروه‌دا ده‌چێنن: "هیچ كاتێك به‌خه‌یاڵیش بیرم له‌وه‌ نه‌ده‌كرده‌وه‌ هاوژینه‌كه‌م خیانه‌تم لێ بكات. به‌و قسه‌یه‌ی كچه‌كه‌م شۆك بووم. كاتێك چووم بۆ حه‌مام بینیم لفكه‌كه‌ی من و مێرده‌كه‌شم ته‌ڕ بوو، ئینجا دڵنیا بووم له‌ ناپاكییه‌كه‌یان".
 
ئاماره‌كانى جیابوونه‌وه‌ى ژن و مێرد رۆژ به‌ رۆژ له‌ هه‌ڵكشاندان كه‌ به‌شى زۆریان په‌یوه‌ندییان به‌ ناپاكیى هاوژینییه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ نێویاندا ناپاكى له‌گه‌ڵ كه‌سانى نزیك.
 
سروه‌ به‌دواى به‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕا بۆ سه‌لماندنى گومانه‌كه‌ی، بۆیه‌ له‌ نیوه‌ شه‌ودا مۆبایلى مێرده‌كه‌ى ده‌بات، سروه‌ ده‌ڵێت: "كه‌ سه‌یرى مۆبایله‌كه‌م كرد پڕ بوو له‌ وێنه‌ى رووتى خوشكه‌كه‌م و ئافره‌تى دیكه‌ش، هه‌روه‌ها چه‌ندین نامه‌ى دڵداریش".
 
 سروه‌ هۆش له‌ سه‌ریدا نامێَنێ و بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ خۆى بكوژێ، به‌ڵام له‌به‌ر منداڵه‌كانى په‌شیمان ده‌بێته‌وه‌. پاشان ده‌چێ بۆ لاى خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌ى، ئه‌ویش پێشنیازى بۆ كردبوو خوشكه‌ بچووكه‌كه‌یان له‌ (ب) دووربخه‌نه‌وه‌ و به‌بێده‌نگى كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، ئه‌وان نه‌ده‌وێران ئه‌و بابه‌ته‌ له‌لاى پیاوه‌كان باس بكه‌ن، چونكه‌ ده‌ترسان (ك) بكوژرێ.
 
به‌ڵام سروه‌ به‌رگه‌ى ناپاكیی هاوژینه‌كه‌ى نه‌گرت و به‌ قسه‌ى خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌ى نه‌كرد، به‌ڵكو له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی 
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان سكاڵاى له‌سه‌ر هاوژینه‌كه‌ی تۆمار كرد و ده‌ستگیر كرا. خوشكه‌كه‌شى كه‌ زانی ئاشكرا بووه‌، له‌ ترسان رۆیشت بۆ ماڵی داڵده‌دانی ئافره‌تان و چیرۆكه‌كه‌ی بۆ باس كردبوون، بۆیه‌ ئه‌ویش ده‌ستگیركرا.
 
دواتر ئاشكرا بوو كه‌ مێردى سروه‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ چوار  ئافره‌تى دیكه‌ش هه‌بووه‌. سروه‌ گوتی: "مێرده‌كه‌م له‌ گوته‌كانی بۆ پۆلیس دانی به‌وه‌داناوه‌ كه‌ ماوه‌ی سێ ساڵه‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوشكه‌ بچووكه‌كه‌م و سێ ئافره‌تى دیكه‌ش هه‌بووه‌. بیانووه‌كه‌شی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ ئه‌و ژنانه‌ وازیان لێ نه‌هێناوه‌".
 
خوشكه‌كه‌شی دوای ده‌ستگیركردنی به‌ پۆلیسی گوتووه‌: "زاواكه‌مان پێشتر وه‌ك برایه‌ك هه‌میشه‌ هاوكارم بوو، دوو ساڵی په‌یمانگا زۆر جار خۆی ده‌هات به‌دوامدا و ده‌یهێنامه‌وه‌ ماڵه‌وه‌. ئێمه‌ باوكمان نه‌مابوو، هه‌میشه‌ پێیده‌گوتم ناهێڵم بێ باوكیت پێوه‌ دیاربێت، دواتر لێم نزیك بووه‌وه‌ و پێیگوتم خوشكه‌كه‌ت زۆر سارده‌ له‌گه‌ڵم و ژیانمان هیچ خۆشییه‌كی تێدا نییه‌، به‌ پاره‌ و گرنگیپێدان هۆگری خۆی كردم، په‌یوه‌ندی سێكسیشمان هه‌بوو، به‌ڵام كچێنیم له‌ده‌ستنه‌داوه‌، ئێستاش په‌شیمانم و خۆشم نازانم چۆن تاوانێكی وا گه‌وره‌م كرد".
 
كرانه‌وه‌ی خێرای كۆمه‌ڵگه‌ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هۆكاری زیادبوونی ناپاكیی هاوژینین. رائید هۆگر عه‌زیز، گوته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر ده‌ڵێت: "به‌پێى ئه‌و سكاڵایانه‌ى بۆ پۆلیس دێن، له‌دوای 2010 وه‌ حاڵه‌ته‌كانی ناپاكی رووله‌زیادبوونه‌، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌گه‌ر ساڵانی پێشوو به‌هۆی به‌زۆر به‌شوودان و توندوتیژیی پیاوان بووبێت، ئێستا به‌هۆی كرانه‌وه‌ی خێرای كۆمه‌ڵگایه‌ به‌ڕووی ته‌كنه‌لۆژیا و خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان".
 
گوته‌بێژى پۆلیسى هه‌ولێر ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ حاڵه‌ت هه‌یه‌ پیاوان له‌گه‌ڵ كه‌سی پله‌ یه‌كی هاوژینه‌كه‌یان، وه‌كو دایك و خوشك و پوور ناپاكییان كردووه‌، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌تانه‌ له‌لای ئه‌وان زۆر نین".
 
به‌پێى ئامارى دادگاكان، له‌ ساڵى 2017دا 5729 حاڵه‌تى جیابوونه‌وه‌ تۆمار كراوه‌، له‌ ساڵى 2018 ئاماره‌كه‌ زۆر زیادى كردووه‌ و 9191 حاڵه‌تى جیابوونه‌وه‌ تۆمار كراون.
 
لانه‌ ئامانج، به‌رپرسى رێكخراوى ماڵى لانه‌ ده‌ڵێت، ئه‌مساڵ 6300 داوای جیابوونه‌وه‌ له‌ دادگاكانی باری كه‌سێتی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كراون بۆ جیابوونه‌وه‌. وه‌ك ئه‌و ده‌ڵێت: "له‌ دواى نه‌گونجان، ناپاكی هۆكاری دووه‌می جیابوونه‌وه‌یه‌. 90٪‏ی ئه‌و سكاڵایانه‌ى به‌هۆی ناپاكی تۆمار ده‌كرێن به‌ جیابوونه‌وه‌ كۆتاییان دێت".
 
لانه‌ ئامانج كه‌ پارێزه‌ریشه‌، پێیوایه‌ ناپاكى له‌ حاڵه‌ت ده‌رچووه‌ و ده‌ڵێت "رۆژانه‌ كه‌یسی ناپاكی و له‌نێویشیاندا ناپاكی له‌گه‌ڵ كه‌سی مه‌حره‌م دێته‌ لامان، بیانووش بۆ تاوانه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی گرنگیی پێنه‌داوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ قسه‌ی زۆربه‌ی ژنه‌كانه‌، هه‌روه‌ها تۆڵه‌كردنه‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌ هاوژینه‌كانیان ناپاكییان له‌گه‌ڵ كردوون".
 
لانه‌ ئامانج ده‌ڵێ له‌ڕووی یاساییه‌وه‌ ئه‌وانه‌ى په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ مه‌حره‌مدا هه‌یه‌ سزایان قورستره‌ له‌ ناپاكیكردن له‌گه‌ڵ كه‌سی نامه‌حره‌م كه‌ هه‌ندێكجار تا پێنج ساڵ به‌ندكردنیش ده‌ڕوات، زۆر جاریش كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت كوشتنشی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر ژنه‌كان".  لانه‌ گوتیشى: "له‌ دوو ساڵى رابردوودا 18 دۆسیه‌ی ناپاكی له‌گه‌ڵ كه‌سی مه‌حره‌م له‌ رێكخراوه‌كه‌مان تۆمار كراوه‌".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە