لە بەشێکی قوتابخانەکانی پارێزگای سلێمانی بایکۆت دەستیپێکرد

01-12-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەرانی مامۆستایان لە پارێزگای سلێمانی دەڵێن، بەهۆی نەبوونی مووچە، لە چەند قوتابخانەیەکی سنوورەکە مامۆستایان بایکۆتیان دەستپێکردووە. سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانیش دەڵێت، ئاگادار کراونەتەوە ئەمڕۆ بەغدا پارە دەنێرێت.
 
دڵشاد میرانی، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سلێمانی، هەڵەبجە، رانیە، قەڵادزێ، پێنجوێن، بێتواتە، شارەزوور، کەلار و کفری بەشێکی مامۆستایان بایکۆتیان راگەیاندووە، ئەوەش بە هۆکاری نەبوونی مووچەی مانگەکانی رابردوو."
 
هەروەها ئاوات محەممەد، یەکێک لە نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە سلێمانی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەناچاری بەشێکی مامۆستایان بایکۆتیان کردووە، چونکە مامۆستای دەرەوەی شارمان هەیە کرێی کە هاتووچۆی پێ نییە." 
 
بایکۆتی بەشێکی مامۆستایانی گرێبەست و دامەزراو لەکاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق پارەی مووچەی بۆ مانگەکانی 10 و 11ـی هەرێمی کوردستان نەناردووە.
 
هەر ئەمڕۆ رێکەوت بەرزنجی، مامۆستای ناڕازی لە شارەزوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەیەک مامۆستا بایکۆتیان کردووە و نەچوونەتە دەوام، بەڵام گشتگیر نییە." 
 
هەروەها ئەمڕۆ ژمارەیەک مامۆستا لە قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا رایانگەیاند، "لە ئەمڕۆوە ناچینەوە قوتابخانەکان و بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە ناتوانین درێژە بە کارەکەمان بدەین." 
 
لەوبارەیەوە ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ بە رووداوی گوت، "ئێمە بە فەرمی لە بایکۆت ئاگادار نەکراوینەتەوە، بەڵام دەوامکردن بەبێ مووچەش ناکرێ. بەگوێرەی ئەوەی بە ئێمە گوتراوە، ئەمڕۆ حکومەتی عێراق پارە دەخاتە سەر هەژماری هەرێمی کوردستان و ئەگەریش لە شوێنێک بایکۆت هەبێت، ئیدی کۆتایی دێت." 
 
ساڵی رابردوو لەگەڵ دەستپێکی خوێندندا لە 13ـی ئەیلوول، لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە، مامۆستایان دژی دواکەوتنی مووچە بایکۆتیان کرد و بایکۆتەکەش تاوەکو 20ـی شوباتی ئەم ساڵ درێژەی کێشا.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی ورمێ.

پلاندانانی ورمێ: بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکان پێویستمان بە 262 ملیۆن دۆلارە

سەرۆکی رێکخراوی بەڕێوەبردن و پلاندانانی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکانی پارێزگاکە کە بەشی زۆریان راگیراون، پێویستیان بە زیاتر لە 262 ملیۆن دۆلارە.