رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان داوا لە جووتیاران دەکات، فۆڕمی جووتیاری "راستەقینە" پڕبکەنەوە و زانیاری لەبارەی رووبەر و بڕشتی زەوییەکەیان بنووسن بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ بەغدا. بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت، دەیانەوێت ساڵی داهاتوو گەنمی جووتیاران هەمووی وەربگیرێت و رووبەڕووی زیان نەبنەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ 1ـی تشرینی دووەمی 2023، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوا لە جووتیاران دەکات، بۆ وەرزی چاندنی 2023-2024 لەماوەی 45 رۆژدا فۆڕمی "جووتیاری راستەقینە" پڕبکەنەوە کە ئاماژە بە ناوی جووتیار، رووبەری زەوی داچێندراو و بڕشتی زەوییەکەی تێدا بکرێت.
پڕکردنەوەی فۆڕمەکە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات و تاوەکو 15ـی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت. وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، ئامانجی هەڵمەتەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە و بۆ کاتی وەرگرتنی گەنمەکەیانە لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی وەرگرتندا بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراق و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، سەرجەم فەرمانگەکانیان بە هاوئاهەنگی لقەکانی یەکێتیی جووتیاران و ئەنجوومەنی گوندەکان، لیژنەی مەیدانی پێکدەهێنن و سەردانی زەوییەکانی جووتیاران دەکەن و زانیارییەکان لە فۆڕمێکی ئامادەکراودا تۆمار دەکەن.
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو جووتیاران بەرپرسیارن لە نێوەڕۆکی زانیارییەکانی فۆرمەکە، چونکە ئەو فۆرمە دەبێتە بنەمای مامەڵەکردن لەگەڵ جووتیاران لەکاتی ناردنی لیستی ناوی جووتیارانی راستەقینەی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتەکانی بارزگانی و کشتوکاڵی عێراق.
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە، (01-11-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بابەتەکە بۆ ناسینەوەی جووتیاری راستەقینەیە؛ نامانەوێت جووتیاران رووبەڕووی زیان ببنەوە. دەمانەوێت ئەم ساڵ هەموو بەرهەمەکانیان لەلایەن سایلۆکانەوە وەربگیرێت، پێچەوانەی ساڵی رابردوو کە بەرهەمی بەشێکی زۆری جووتیاران لەلایەن سایلۆکانەوە وەرنەگیرا."
راگەیێندراوەکە دوای ئەوە دێت، ئەم ساڵ حکومەتی عێراق تەنیا 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت و بەشێکی زۆری جووتیاران گەنمەکەیان لێ وەرنەگیرا و ناچاربوون بە نرخی کەمتر لە بازاڕەکاندا بیفرۆشن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ