ئێران 57 قەڵای سەربازیی لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە و چەک و هێزیان بۆ دەبات

01-10-2021
بەختیار قادر
بەختیار قادر
دوو لەو قەڵا سەربازییانەی ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دروستیکردوون. وێنەکان: رووداو
دوو لەو قەڵا سەربازییانەی ئێران لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دروستیکردوون. وێنەکان: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە لووتکە چیای چیخی دەرێ، ئێران قەڵای سەربازیی دروستکردووە و رێگەی سەربازیشی بۆ دەبات. چیخی دەرێ لە زنجیرە چیای هەڵگوردە، بەرزیی لە ئاستی رووی دەریاوە سێ هەزار و 611 مەترە و چوار مەتر لە لووتکەی هەڵگورد بەرزترە. زنجیرە شاخەکە لە سنووری گوندی گوندەژۆری حاجی ئۆمەرانە، بە تەلبەندکردن و دروستکردنی قەڵا و لێدانی رێگە بووەتە سنووری گوندی زێوەی پیرانشار.
 
پێشتر گرووپەکانی شاخەوانی لە باشووری کوردستان سەردانی لووتکەکەیان دەکرد و ئێستا سنووری وڵاتێکی دیکەیە.
 
سالار ئیسماعیل، شاخەوان دەڵێت، "نەک شاخەوانی ناوخۆ، بەڵکو دەیان شاخەوانی بیانییش دەهاتن و داوای گەشتی شاخەوانییان بۆ چیخی دەرێ دەکرد، بەڵام دواجار ئێران داگیریکرد".
 
بە درێژایی زیاتر لە حەوت کیلۆمەتر رێگەکەی ئێران لەناو خاکی باشووری کوردستاندایە. بەڕێوەبەرایەتیی شارۆچکەی حاجی ئۆمەران نەخشەی ئەو خاڵ و سنوورانەی کێشاون کە ئێران لێی هاتووەتە پێشەوە و خاڵەکانی بەزاندنی سنووری دیاریکردووە.
 
عەبدولوەهاب مەحموود، بەڕێوەبەری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران رایگەیاند، "لە زۆر لاوە ئێران هاتووەتە پێش و سنووری بەزاندووە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەیە کە سنوورێکی بەرفراوان لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاسەوانی سنووری عێراقیدا نییە و ئێرانیش هاتووەتە لووتکە چیاکان و قەڵای لێ دروستکردووە".
 
پێداچوونەوەی سنوورەکانی نێوان عێراق و ئێران مژارێکی گەرمی شەش مانگی رابردووی نێوان پاسەوانی سنووری هەردوو وڵات بووە، ئەمساڵ چوار کۆبوونەوەیان کردووە.
 
تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، "ئەو بابەتە لەنێوان دوو وڵاتدایە، تەنیا پەیوەندیی بە نێوخۆی عێراقەوە نییە. ئێمە چاودێریی هەموو ئەو شتانە دەکەین کە روودەدەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوە وەزارەتی دەرەوەیە ئەرکی گفتوگۆی لەسەر ئەم بابەتە لەسەر شانە. بەردەوامیش کاری لەسەر دەکرێت، پەیوەندییەکی بەردەوام لەنێوانماندایە".
 
ئێران 57 قەڵای سەربازیی لە سنووری پشدەر، چۆمان و سیدەکان دروستکردوون، ژمارەیەک لە قەڵاکان دەکەونە خاکی باشووری کوردستان، لە گوندی وێزەی قەزای چۆمان، سێ قەڵای سەربازی لەناو خاکی هەرێمی کوردستان دروستکراون و بە رێگەیەکی 12 کیلۆمەتریش لە دیوی باشووری کوردستانەوە بەیەک بەستراونەتەوە.
 
ماوەیەکە ئێران بە چەکی قورس و مامناوەند سوپای پاسداران بەرەو قەڵاکان بەڕێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە