رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی نێوان چوارقوڕنە - رانیە ئۆتۆمبێلێکی لاندکروزەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج. سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا نازانن کە ئۆتۆمبێلەکە هی کێیە، بەڵام قوربانی هەیە.
رووداوەکە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 1-8-2022 لە رێگەی نێوان چوارقوڕنە - گوندی قوڕەگۆی رانیە روویداوە. هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، " ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندکروزەر کراوەتە ئامانج، هێزە ئەمنییەکان لە شوێنی رووداوەکەن و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە."
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دەشڵێت، کەسێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا برینداربووە.
د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پشتڕاستکردەوە و گوتی "لەو رووداوەدا کەسێک برینداربووە و لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت، بەڵام جارێ دیارنییە کە برینداری دیکە هەیە یاخود نا."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین گوتیشی، ئەو کەسەی برینداربووە تەمەنی لەنێوان 40 بۆ 45 ساڵە و تەندروستیی جێگیرە.
ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە شوێنی رووداوەکە گوتی، هێزە ئەمنییەکان ئۆتۆمبێلەکەیان لە شوێنی رووداوە لابردووە. لە رووداوەکەشدا دوو کەس برینداربوون "یەکێکیان لە نەخۆشخانەی رانیە چارەسەر دەکرێت و ئەوەی دیکەش دوای برینداربوونی رایکردووە و نازانرێ لەکوێیە."
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، یەکلایی بووەتە کە ئەو دوو کەسەی لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون "گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوون و برینداربوون."
هاونیشتمانییەکی خەڵکی رانیە کە باخی هەیە لەسەر ئەو رێگەیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "سێ رۆژ بوو فڕۆکە بە ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا دەسووڕایەوە.."
ئەو شوێنەی رووداوەکەی تێدا روویداوە رێگەی نێوان ناحیەی چوارقوڕنە - گوندی قوڕەگۆیە لە سنووری قەزای رانیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ