رووداو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی زرگان سەر بە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی تەقینەوەی مینێک لەنێو حەوشەی قوتابخانەیەکدا، قوتابییەکی تەمەن 12 ساڵان گیانی لەدەستدا و 19 کەسی دیکەش بریندار بوون.
د. کاوە خدر، بەڕێوەبەری تەندروستیی حەسەکە لەبارەی رووداوەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەقینەوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 4-11-2026 لەنێو حەوشەی قوتابخانەیەکدا لە شارۆچکەی زرگان روویداوە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی حەسەکە گوتی: "بەهۆی تەقینەوەی ئەو مینەوە، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵان دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و 19 کەسی دیکەش بریندار بوون کە تەمەنیان لەنێوان 9 بۆ 14 ساڵیدایە."
سەبارەت بە دۆخی بریندارەکان، د. کاوە خدر ئاماژەی بەوە کرد کە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی رەوانەی نەخۆشخانەکانی تل تەمر و حەسەکە کراون، برینی زۆربەشیان لە بەشی قاچیاندایە و تیمە تەندروستییەکان بۆ بەهاناوەچوونیان لە ئامادەباشیدان.


.jpg&w=3840&q=75)
