خەسرەو گۆران: یەک بازنەی هەڵبژاردن لە عێراق لە قازانجی کوردە

01-08-2020
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پێشوەختە عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانی عێراق 6ـی حوزەیرانی 2021ی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکردووە، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە مەرج پشتیوانی دەکات و سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، یەک بازنەی هەڵبژاردن لە عێراق لە قازانجی کوردە.
 
خەسرەو گۆران، سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هێشتا یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو نەبووە و بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. بۆیە یەکبازنەیی لە قازانجی کوردستانییانە و دەنەگەکانی کورد لە دەرەوەی کوردستان یان لە بەغدا و رومادی و شوێنەکانی دیکە کۆدەبنەوە، ئەوەش وادەکات دەنگی کورد بەفیڕۆ نەچێت".
 
سەرۆکی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی ئاماژەی بەوە دا، بوونی یاسا بنەمای هەڵبژاردنەکانە. وەکو کورد باشترە عێراق یەک بازنە بێت و "بۆ نموونە لە هەڵبژاردنەکانی 2005 تاوەکو 2010دا کە عێراق یەک بازنە بوو، ئەو کاتە دۆخی کورد باشتربوو و 77 بۆ 80 کورسیی پەرلەمانی هەبوو، بەڵام لەدوای 2010وە کە عێراق کرایە 18 بازنەی هەڵبژارد و هەر پارێزگایەک بووە بازنەیەک، کورسییەکانی کورد بۆ 58 بۆ 60 کورسی دابەزیون".
 
لە کۆی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان ئێستا خاوەنی 25 کورسیی پەرلەمانی عێراقە و براوەی هەرێمی کوردستان و پێنجەمی سەر ئاستی عێراقە.
 
سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆنەکەی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی باسی لەوە کرد، "داواکردنی هەڵبژاردنی پێشوەختەکە هەڵدەسەنگێنین و دوایی وەکو پارتی هەڵویستی خۆمان لەو بارەوە دیاری دەکەین. ئێمە بەشێکین لە عێراق و هەر بڕیارێک لە حکومەت و پەرلەمانەوە دەربچێت ئەوە دەوەستێتە سەر ئەوەی چەندە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن. بۆ ئەمەشیان دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە بۆچوونی لایەنەکان و کۆمیسیۆن چەندە ئامادەیی تێدایە".
 
خەسرەو گۆران دەڵێت، "یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق تەواو نەبووە و بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. ئەو سیستەمی بازنەبوونەی هەر پارێزگایەک یان پارێزگاکان بۆ سەر چەند بازنەیەک دابەش دەبێت، ئەوانە یەکلایی نەبوونەتەوە. پارێزگا هەیە یەک ملیۆنە و پارێزگاش وەکو بەغدا رەنگە شەش بۆ حەوت ملیۆن بێت، بۆیە ئەمانە هێشتا یەکلایی نەبوونەتەوە. هەیە دەیەوێت عێراق فرەبازنە بێت، هەیە داوا دەکات قەزایەک بازنەیەک بێت".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە