کوردستان
کارمەندێکی بەرگریی شارستانی لەکاتی کوژراندنەوەی ئاگری بازاڕی لەنگەی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
رووداو دیجیتاڵ
کۆما جڤاکێن کوردستانێ (کەجەکە) لە راگەیێنراوێکدا رەخنەی تووند لە وەزارەتی نێوخۆی عێراق و "پارتی دیموکراتی کوردستان" دەگرێت و رەتیدەکاتەوە ئەندامانی پەکەکە دەستیان لە سووتاندنی هیچ شوێنێکدا هەبێت.
دوای ئەوەی ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، چەند بازاڕێکی باشووری کوردستان لەلایەن پەکەکەوە سووتێندراون، کەجەکە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە
لە راگەیێنراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: "لە میدیاکانەوە زانیمان کە وەزارەتی نێوخۆی عێراق بانگەشەی ئەوە دەکات، گوایە سووتانی چەند شوێنێکی شارەکانی هەولێر، کەرکووک و دهۆک لەلایەن گرووپێکی پەکەکەوە بووە. ئەو هەوڵانە رەتدەکەینەوە کە کۆمەڵگە دەزانێت. ئەو بانگەشانە هیچ پەیوەندییەکیان بە راستییەوە نییە و هەوڵێکن لە دژی بزووتنەوەکەمان".
کەجەکە هەروەها بانگهێشتی وەزارەتی نێوخۆی عێراقی کردووە و داوا دەکات بەگوێرەی رێنوێنییەکانی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) هەنگاو نەنێت و دەڵێت: "بانگهێشتان دەکەین ئەو کەسانەی دەستیان لە سووتاندنی ئەو ناوچانەدا هەبووە، ئاشکرا بکرێن و بزووتنەوەکەمان تۆمەتبار نەکرێت. هەروەها بانگهێشتی خەڵکی دیموکراسیخواز و تێکۆشەری عێراق دەکەین، هەڵوێستیان بەرامبەر ئەو جۆرە درۆیانە هەبێت".
کەجەکە لە راگەیێندراوەکەدا پەکەکەی بە هێزێکی خاوەن پرەنسیپ و تێکۆشەر ناوبردووە و دەڵێت؛ پەکەکە لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ جێی متمانەی خەڵکی کوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە و ئەمڕۆ لە دژی داگیرکاریی تورکیا شەڕ دەکات.
دەشڵێت: "سەربازانی سوپای داگیرکاری تورکیا لە زاخۆ، دهۆک و هەولێر بێڕێزی بە خەڵکی ئێمە دەکەن. هەروەها بە ئاشکرا درێژە بەو داگیرکارییە دەدەن کە بە نهێنی دەستیانپێکرد. سوپای داگیرکاری تورکیا لە خاکی عێراق بە رۆژی رۆشن رێگە دەگرن، پشکنین دەکەن، ناسنامە وەردەگرن، خەڵک دەگرن، گەڕان دەکەن، بە تۆپبارانەکانیان خەڵک شەهید دەکەن و ناچار بە کۆچیان دەکەن".
رۆژی دووشەممە، 01-07-2024 هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی رایانگەیاند، "پەکەکە لە پشت سووتاندنی بازاڕەکانی هەولێر، کەرکووک و دهۆکە، پلانیان هەبووە تاوانی دیکەش لەدژی بەرژەوەندیی خەڵک بکەن."
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا سێ تۆمەتبار نیشاندران، میقداد میرى، گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق گوتى: "ئەو تۆمەتبارانەى ئێستا لەبەردەمتاندان، سەر بە تۆڕێکى قەدەخەکراون، کە پەکەکەیە."
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان، ئەندامانى ئەو تۆڕە دانیان بە چەندین کارى سووتاندندا ناوە لەگەڵ هەوڵى دیکەى سووتاندن کە سەریان نەگرتووە.
لە کەرکووک دووجار هەوڵى سووتاندنى مۆڵى ئۆف کەرکووک ـیان داوە لە 10ـی تیشرینى یەکەمی 2023، هەروەها 7ـی نیسانى 2024، لەگەڵ سووتاندنى باڵەخانەى ئیسماعیل دەروێش لە 3ـی ئایارى 2024.
ئەو رووداوانەى ئاگرکەوتنەوە لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کە ئەندامانى تۆڕەکەى پێ تۆمەتبار دەکرێن بریتین لە: سووتاندنى بازاڕى لەنگەى هەولێر لە 27ـی شوبات، هەروەها جارێکی دیکەش لە 8ـی نیسانى 2024، سووتاندنى کۆمپانیایەک و کۆگایەک لە قەزاى قوشتەپە لە 27ـی ئادارى 2024، سووتاندنى بازاڕى نیشتیمان لە 23ـی نیسانى 2024 و، سووتاندنى بازاڕى قەیسەرى لە 5ـی ئایارى 2024.
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکان، ئەو گرووپە لە یەکى نیسانى 2024 بازاڕى چەلێ، کە بازاڕێکی قەرەباڵخ و میللیی سەنتەری دهۆکە، سووتاندووە.
هەر بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانى هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و حکومەتى فیدراڵى، زیانى ئەو ئاگرکەوتنەوانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ