رووداو دیجیتاڵ
لە ئاهەنگی جەژنی ئەکیتۆ لە دهۆک، کەسێک بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر دوو کەسی دیکە و برینداریان دەکات. پارێزگاری دهۆک دەڵێت، "تاوانبار دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت".
رۆژی سێشەممە، 1ـی نیسانی 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کوردستان جێگەی پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانە، لەدوای ئەم رووداوە ناخۆشە، کە کەسێک ویستبووی زیان بگەیێنێت و تاوانی کوشتن بکات، راستەوخۆ تاوانبار دەستگیرکرا و ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەکرێت و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوە ئەنجامەکان رادەگەیێنین".
جەژنی ئەکیتۆ، یان جەژنی سەری ساڵی بابلی- ئاشووری، دەکەوێتە یەکەمین رۆژی مانگی نیسانەوە. لەو جەژنەدا وەکو نەریتێک ساڵانە فێستیڤاڵ و چالاکیی جیاواز بەڕێوەدەچن. ئەمڕۆ لە کاتی یادکردنەوەی ئەم جەژنە لە دهۆک، کەسێک هێرشی کردە سەر ژنێک و گەنجێک و هەردووکیانی بریندار کرد.
پارێزگاری دهۆک لەبارەی رووداوەکە گوتی، "بەتووندیی سەرکۆنەی ئەم رەفتارە نامرۆڤانەیە دەکەین، کە کەسێکی تاوانبار ویستوویەتی بەم شێوەیە پێکەوەژیان لە کوردستان کۆتایی پێبێنێت، بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت، چونکە پێکەوەژیانی هەموو خوشک و برا کریستیانەکان، ئێزدییەکان، ئەرمەنییەکان و عەرەبەکان هتد، رەگی لە دڵمان چەقیوە و وەکو چاومان پارێزگارییان لێدەکەین".
ساتی دەستگیرکردنی هێرشکارەکە
هاوکات مەتین ئەمین، گوتەبێژی تەندروستیی دهۆک بە رووداوی گوت، "تەندروستیی هەردوو بریندارەکە جێگیرە، کە ژن و گەنجێکن، هەردووکیان پێستی سەریان برینداربووە، بەڵام چارەسەریان وەرگرتووە و باشن".
لە سەرەتای رووداوەکە باس لەوە دەکرا کە تەندروستیی ژنە 65 ساڵەکە ناجێگیرە، بەڵام تەندروستیی دهۆک لەوبارەیەوە روونکردنەوەی داوە و دەڵێت: "بەهۆی برینەکەی تووشی خوێنبەربوون بووە، بەڵام پێویست بە نەشتەرگەریی ناکات و چاودێریی تەندروستی دەکرێت."
جەژنی ئەکیتۆ، کە بەلای ئاشووری و کلدانییەکانەوە جەژنێکی نەتەوەییە، مێژووەکەی بۆ 5,300 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە.
جەژنی ئەکیتۆ ماوەی 12 رۆژ دەخایێنێت، جگە لە سەما و هەڵپەڕکێ، هاوشێوەی جەژنی نەورۆز، گەشت و سەیرانیشی تێدایە. لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992ـەوە کریستیانەکان ئەو جەژنە پیرۆز دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ