رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشیی دەمووکە (لۆرانتووس) مەترسی لەسەر بەشێکی زۆری دارستانەکانی زنجیرەچیای زاگرۆس دروستکردووە؛ لەبەرامبەردا کۆمەڵێک لە ژینگەپارێزانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوازێکی زانستی و خۆبەخشانە کەوتوونەتە پاککردنەوەی دارەکان لەو نەخۆشییە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمەڵێک لە چالاکڤانانی ژینگەیی لە شارەکانی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی مەیدانیدا بۆ رێگری لە وشکبوونی دارەکان بەهۆی نەخۆشیی دەمووکە، روویان لە ناوچەی (ژریژە و کۆلیژە) لە بناری چیای شاهۆ لە نزیک شاری سەوڵاوا لە پارێزگای سنە کردووە.
ژینگەپارێزان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکی زۆری داربەڕووەکانی دارستانی زاگرۆس تووشی دەمووکە بوون، بۆیە لە رێگەی بڕین و پاککردنەوەی ئەو لق و پۆپانەی نەخۆشییەکەیان لێدراوە، هەوڵی رزگارکردنی دارەکان دەدەن پێش ئەوەی بە تەواوەتی وشک ببن.
بە گوتەی چالاکڤانانی ژینگە، باشترین وەرزی ساڵ بۆ لێکردنەوە و بڕینی دەمووکە لە مانگی جۆزەردان تاوەکو خەرمانانە (هاوین)، بەڵام لە پاییز و زستانیشدا بە چەند رێکارێکی تایبەت دەتوانرێت کارەکە بکرێت، بە مەرجێک ئەو بەشە بڕدراوانەی دارەکە کە توانای بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی تۆویان هەیە، لە شوێنێکی دوور لە دارەکان بە شێوازێکی دروست لەناوببرێن تاوەکو لە رێگەی با و باڵندەکانەوە سەرلەنوێ تەشەنە نەکەنەوە.
دەمووکە رووەکێکی مشەخۆر و نیمچە ژەهراوییە، تۆوەکەی لە رێگەی باڵندەکانەوە دەگوازرێتەوە و خۆی بە قەد و لقی دارەکانەوە، بەتایبەتی داری بەڕوو دەلکێنێت. ئەم رووەکە بۆ مانەوە و گەشەکردنی، پێویستی بە بڕێکی زۆر ئاو و ماددەی خۆراکی هەیە کە راستەوخۆ لە قەدی دارەکە دەیمژێت، ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازبوون و لە کۆتاییشدا وشکبوونی تەواوەتیی داربەڕووەکە.
دارستانەکانی زنجیرەچیای زاگرۆس، کە سییەکانی سروشتی رۆژهەڵاتی کوردستانن، جگە لەم نەخۆشییە رووبەڕووی چەندین هەڕەشەی دیکەی مرۆیی و ژینگەیی بوونەتەوە؛ لەوانەش: ئاگرکەوتنەوەی بەردەوام، وشکەساڵی و بڕینەوەی بەکۆمەڵی دارەکان لەلایەن قاچاخچییەکانەوە بە مەبەستی خەڵووزکردن و فراوانکردنی زەویی کشتوکاڵی.




