Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکان
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

دیمەنێکی بازاڕە سووتاوەکەی دهۆک، وێنە: بڵند تاهیر -رووداو

دیمەنێکی بازاڕە سووتاوەکەی دهۆک، وێنە: بڵند تاهیر -رووداو

کوردستان01-04-2024

نزیکەی 160 دووکان و 20 کۆگە لە بازاڕی چەلێی دهۆک سووتان؛ 'ئەوانەی دووکانیشیان نەسووتاوە زەرەرمەند بوون'

0:00
0:00
قەبارەی دەق
رووداو دیجیتاڵ

بڵاوکراوەتەوە لەلایەن

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی بڵاوکردنەوە

01-04-2024

بابەتی پەیوەندیدار

پارتی لە ساڵیادی دامەزراندنیدا پیرۆزباییەکی "گەرم" لە یەکێتی دەکات
کوردستان31-05-2026

پارتی لە ساڵیادی دامەزراندنیدا پیرۆزباییەکی "گەرم" لە یەکێتی دەکات

پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ 60 هەزار تۆن پەتاتە لە پارێزگای ورمێ بەرهەم بهێندرێ
کوردستان31-05-2026

پێشبینی دەکرێ ئەم ساڵ 60 هەزار تۆن پەتاتە لە پارێزگای ورمێ بەرهەم بهێندرێ

ئەحمەد کانی: بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ یەکێتی مامەڵە دەکەین؛ نەوەی نوێ پرسێکی جیایە
کوردستان31-05-2026

ئەحمەد کانی: بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ یەکێتی مامەڵە دەکەین؛ نەوەی نوێ پرسێکی جیایە

رووداو دیجتاڵ 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لەکاتی پارشێو ئاگر لە بازاڕێکی میللیی دهۆک کەوتەوە، بەهۆیەوە بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک نزیکەی 160 دووکان و 20 کۆگە سووتان، دووکاندارەکان ئەوانەی کەلوپەلەکانیان لە ئاگرەکە دوورخستووەتەوە، ئەوانیش دەڵێن زەرەرمەند بوون.
عەمید حەسەن خورشید، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک، ئەمڕۆ لەنێو بازاڕە سووتاوەکەی دهۆکدا قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند "ئاگرەکە 100٪ کۆنترۆڵ کراوە، ئەوەی ماوە تەنیا پرۆسەی ساردکردنەوەیە بۆ ئەوەی سەرهەڵنەداتەوە."
 
سەبارەت بە ئامارە سەرەتاییەکانی تایبەت بەو رووداوە، عەمید حەسەن گوتی "ئەو دووکانانەی سووتاون ژمارەیان لەنێوان 140 بۆ 160 دووکان دەبێت، لەگەڵ 20 کۆگە."
 
رووداوەکە تەنیا زیانی مادیی هەبووە، زیانەکانیش زۆرن بەهۆی ئەوەی دووکاندار و خاوەن کۆگەکان خۆیان بۆ جەژن ئامادەکردووە و کاڵای زۆریان هێناوە.
 
رووداوی ئاگرکەوتنەوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئەوانەی برینداریش بوون، تەنیا کەمێک تەنگەنەفەس بوون کە بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک "بریندارەکان برینەکانیان زۆر سووکە."
 
لەبارەی ئەو تیمانەی بەرگریی شارستانیی دهۆک کە لە چەند کاژێرێکدا توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، عەمید حەسەن گوتی "24 تیمی ئێمە کە 400 کەس بوون لە بازاڕەکە بەیەکەوە لە کاربوون بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و 1000 دووکان زیاتر لە بازاڕەکەدا هەبوون، کە توانیویانە بیانپارێزن."

 

  
سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان، ئەو هاونیشتمانییانەی قسەیان بۆ رووداو کردووە، باسی ئەوە دەکەن دەیان هەزار دۆلار زەرەریان کردووە. زیان تەنیا لەو کەسانە نەکەوتووە کە تەواو یان بەشێکی دووکانەکانیان سووتاوە، بەڵکو ئەوانەش کە کاڵاکانیان لە دووکانەکانیان دەرهێناوە بۆ ئەوەی لە سووتان بیانپارێزن، دەڵێن زەرەرمەند بوون.
 
عەمید حەسەن خورشید دەڵێ "بەگوتەی پاسەوانێکی بازاڕەکە، هۆکاری ئاگرەکە شۆرتێکی کارەبا بووە، بەڵام ئێمە بەدواداچوونی بۆ دەکەین و دواتر رایدەگەیێنین هۆکارەکە چی بووە."
 
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە یەکێک لە شەقامەکانی پشتەوەی بازاڕەکەوە گوتی "مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە کەم بووەتەوە، بەڵام هێشتا دووکەڵ لە دووکانەکان بەرزدەبێتەوە."
 
ئەو دووکانانەی نەسووتاون، کەرەستەکانی خۆیان هێناوەتە نێو شەقامی گشتی بۆ ئەوەی لە ئاگر دووریان بخەنەوە.
 
خاوەن دووکانێک کە کەلوپەلەکانی دەرهێناوە و لەسەر شەقام دایناون، دەڵێ بەمشێوەیەش هەر زەرەرمەندن بەهۆی ئەوەی "هەموو خەڵک بەسەریاندا رۆیشتوون و پێیان لێناون، هەمووی پیس بوون، جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەو کەسانەدا نییە کە دووکانەکانیان سووتاوە."
 
خاوەن دووکانێکی دیکە توانیویەتی دووکانەکەی بەتاڵ بکات بۆ ئەوەی لە ئاگر بیپارێزێت، دەڵێ بە بەهای سێ دەفتەر دۆلار کاڵا لە دووکانەکەیدا بووە، بەڵام "ئەوەی دووکانەکەشی بەتاڵ کردووە هیچ خێری لێ نابینێت، چونکە هیچ نەماوە."
 
ئەو هاونیشتمانییە کە دووکانی پەردەی هەیە، تۆپێک قوماشی پەردە نیشانی کامێرای رووداو دەدات کە لەسەر زەوی کەوتووە، دەڵێ "ئەو قوماشەی یەک کونیشی لێ بێت، واتا خەسار بوو."
 
 
 
 
چەند دیمەنێک لەدوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە سۆشیاڵ میدیای رووداوەوە: 
 
خۆی پێ ناگیرێت و دەگری؛ ئەم دووکاندارەی بازاڕی دهۆک دەڵێت، بۆ جەژن بە بەهای زیاتر لە 23 دەفتەر کەلوپەلی هێناوە و هەمووی سووتا.
 
 
 

 


 دووکاندارێکی بازاڕی چەلێ لە دهۆک دەڵێت، بۆ ئەم وەرزە بە بەهای زیاتر لە 23 دەفتەر دۆلار کەلوپەلی نوێی هێناوە، بەڵام هیچی بۆ دەرنەچووە

دووکاندارێکی بازاڕی چەلێ لە دهۆک دەڵێت، بۆ ئەم وەرزە بە بەهای زیاتر لە 23 دەفتەر دۆلار کەلوپەلی نوێی هێناوە، بەڵام هیچی بۆ دەرنەچووە. pic.twitter.com/Av5dbIrqFF

— Rudaw (@Rudawkurdish) April 1, 2024