رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر نرخی ئەمپێری موەلیدە دیاریکرا و بەرزترینیان دەگاتە 22 هەزار و 500 دینار. لە دهۆک ئەمپێری لە نێوان 19 بۆ 20 هەزارە و لە سلێمانی ناگات بە 20 هەزار.
رۆژی شەممە، یەکی ئاداری 2025، خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆ مانگی رابردوو نرخی یەک ئەمپێر لە نێو شاری هەولێر لە نێوان 14 هەزار و 500 دینار بۆ 22 هەزار و 500 دینار بووە و مانگی رابردوو تێکڕای رۆژانە، موەلیدەکان 14 کاژێری کاریان کردووە."
لەبارەی نرخی ئەمپێری موەلیدە لە قەزا و ناحیەکانی دەوروبەری هەولێر، خۆران خۆرانی گوتی: "نرخی یەک ئەمپێر لە نێوان 11 هەزار و 750 بۆ 20 هەزار دینارە".
لەنێو شاری هەولێر و دەوروبەری، زیاتر لە دوو هەزار و 400 موەلیدەی ئەهلی کار دەکەن. سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، "بەراورد بە مانگی رابردوو، نرخی هەر ئەمپێرێک دوو هەزار و 500 دینار زیادیکردووە، ئەویش لەبەر کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی".
هەکار هرووری، نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت، "مانگی رابردوو، بەهۆی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتمانی موەلیدەکانی پارێزگاکە نزیکەی 450 کاژێر کاریان کردووە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی ئەمپێری موەلیدەکان بەرزبێتەوە."
لە شاری دهۆک، 380 موەلیدە و لە تەواوی پارێزگاکەش هەزار و 800 موەلیدە هەن. نوێنەری موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک گوتی، "تاوەکو ئێستا نرخی ئەمپێری موەلیدەمان بۆ مانگی رابردوو رانەگەیاندووە، بەڵام لە نێوان 19 تاوەکو 20 هەزار دەبێت."
هاوکات گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا نرخی ئەمپێری موەلیدەکان لە پارێزگاکە دیارینەکراوە، بڕیارە سبەی یاخود دوو سبەی لیژنەکانی قایمقامیەت کۆدەبنەوە نرخەکەی رادەگەیێندرێت."
مانگی رابردوو بە گشتی کارەبای نیشتمانی لە هەموو هەرێمی کوردستان کەمی کردبوو. سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی گوتی، "هەر مانگێک کاژێری کارکردنی موەلیدەکان زۆر بێت بێگومان نرخی ئەمپێری موەلیدەکانیش بەرزدەبێتەوە، بەڵام لە سلێمانی هیچ مانگێک نەگیشتووە بە 20 هەزار باوەڕناکەم بۆ مانگی دووش بگاتە ئەو نرخە". لە سنووری شاری سلێمانی 610 موەلیدە هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ