رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنیت کە حیزبەکەیان سوورە لەسەر ئەوەی بەرهەم ساڵح نەبێتەوە سەرۆککۆماری عێراق.
نزیکەی پێنج مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کراوە، هێشتا سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردراوە و حکومەتی نوێیش پێکنەهێنراوە. پۆستی سەرۆککۆمار کە بۆ کوردە، پارتی و یەکێتی لەسەری ناکۆکن و هەریەکەیان بەربژێری خۆیی بۆی هەیە، کە ئەوەی پارتی رێبەر ئەحمەدە و ئەوەی یەکێتییش بەرهەم ساڵح.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لەسەر ئەوە سوورین کە د.بەرهەم نەبێتەوە سەرۆککۆمار، هۆکارەکەیش زۆر روونە: 1- چوار ساڵی خۆیی بەڕێکرد و ئەوەی هەیبوو پێشکەشی کرد. سەرەڕای ئەوەی ئێمە چەندین رەخنەمان لە کاری ئەو هەیە. 2- بۆچی شایستەیی هەڵبژاردن نەکەینە پێوەر؟ 3- بۆچی کەسایەتییەکی دیکە ناهێنن کە ئێمەیش کێشەمان لەسەری نەبێت و رێکبکەوین؟"
دوای ئەوەی ئەو 30 رۆژە بەسەر چوو کە بڕیار بوو تێیدا سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و دادگەی فیدراڵییش شیاوبوونی هۆشیار زێباری، بەربژێری پارتی بۆ ئەو پۆستەی رەتکردەوە، جارێکی دیکە بۆ سێ رۆژ دەرگای خۆبەربژێرکردن کرایەوە و پارتی رێبەر ئەحمەدی بەربژێر کرد.
ئێستا تانەیەک لە دادگەی فیدراڵییە بەو پاساوەی کە سێ رۆژە زیادکراوەکە بۆ کردنەوەی دەرگای خۆبەربژێرکردن نایاسایی و نادەستوورییە و بڕیارە رۆژی سێشەممە 2022/03/01 دادگەکە لەو بارەیەوە بڕیار بدات.
د. سەباح سوبحی گوتی: "لە دادگەی فیدراڵی هەموو ئەگەرێک رێیتێدەچێت، بەڵام ئەگەرێکی زۆری هەیە بە دەستووری و یاسایی بزانێت، لەبەر ئەوەی لە یاسای بەربژێرکردندا هیچ بابەتێک نییە کە دوای 30 رۆژەکە رێگر بێت لە خۆبەربژێرکردن. یاساکە نەیگوتووە کە نابێت دوای 30 رۆژ ماوەکە درێژ بکرێتەوە."
پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختی لەوە کردەوە، سەرۆککۆمار بەشی کوردە و پارتییش کە زۆرینەی دەنگی کوردی بە دەستهێناوە مافی خۆیەتی کە بەربژێرێکی دیکە بنێرێتە ئەو پرۆسەیە و "دادگە لەبارەی هۆشیار زێبارییەوە بڕیارێکی باشی نەدا"، لەسەر بەربژێرکردنی رێبەر ئەحمەد پێداگرن.
بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق بتوانێت سەرۆککۆمار هەڵبژێرێت، پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامەکانی ئامادەی کۆبوونەوەکە بن کە تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک نەگەیشتووەتە ئەو رێژەیە و نازانرێت ئاخۆ رۆژی هەڵبژاردنەکە ئەو رێژەیە تەواو دەبێت یان نا.
د. سەباح سوبحی گوتی: "ئێمە ناتوانین بڵێین کە هاوپەیمانێتیی سێقۆڵی گەیشتووەتە دوو لەسەر سێی پەرلەمان، بەڵام نزیکە لەو رێژەیە و خەریکە دەگاتە 220 پەرلەمانتار."
بەشێکی هاونیشتمانییان گلەیی ئەوە لە یەکێتی و پارتی دەکەن کە کێشەکانیان بە گفتوگۆ لەگەڵ یەکدیدا چارەسەر ناکەن و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان لە بەرچاو ناگرن.
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی: "لای ئێمە هەمیشە دەرگای گفتوگۆ و دانوستاندن کراوەیە، بەڵام ئەگەر لایەنێک لە لایەنەکان ئامادە نەبێت لەگەڵ ئێمەدا گفتوگۆ بکات و بەهیچ پێشنیازێکی ئێمە رازی نەبێت، ئەوا ئێمەیش کەرامەتمان قبووڵی ناکات لە پێناو لایەنێکدا بچین تەنازول بکەین، کە هیچ بەرژەوەندیی گشتی و هەرێمی کوردستان رەچاو ناکات. ئێمە هەردەم هیوامان ئەوە بووە لەناو ماڵی خۆماندا بسازێین."
د. سەباح گوتیشی: "ئەوە لای ئێمە قبووڵکراو نییە کە لایەنێک بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی کەسێکی دیاریکراو نەیەوێت گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن هەبێت. راستە ئێمە دەمانەوێت پۆستی سەرۆککۆمار بۆ پارتی بێت، بەڵام گوتوومانە ئەگەر هاتو لە دەرەوەی پارتی بێت، دەبێت کەسێک بێت کە ئێمە لەسەری رێکبکەوین."
ئەو پەرلەمانتارە ئەوەیشی خستەڕوو کە هیچ گفتوگۆیەکیش لەسەر ئەوە نەکراوە، کە کەسایەتییەکی جیا لە بەربژێرەکانی هەردوو حیزب ببێتە سەرۆککۆمار.
د. سەباح سوبحی گوتی: "یەکێتی بەهیچ شێوەیەک ئەم دەرگایەی بە رووی ئێمەدا نەکردووەتەوە، ئەوەیش لەبەر ئەوەی سوورە کە د. بەرهەم ببێتەوە سەرۆککۆمار."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ