چوار هاووڵاتی چینی لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەگەڕێندرێنەوە

01-02-2020
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
نیشانەکردن کۆرۆنا
A+ A-
رووداو-هەولێر

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ هاووڵاتی چینی کە لە دوبەیەوە هاتبوون رێگەیان پێ نەدراوە لە فڕۆکەخانەوە دەربازی نێو هەرێمی کوردستان بن و گەڕێندراونەتەوە، دواتریش هاووڵاتییەکی دیکە بەهەمانشێوە گەڕێنرایەوە.
 
رزگار فەرزەندە ئەفەندی، بەرپرسی هۆبەی پاسپۆرتی فڕۆکەخانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ هاووڵاتیی چینیمان لە فڕۆکەخانەوە گەڕاندنەوە ئیمارات، ئەوەش بە مەبەستی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا".
 
رزگار فەرزەندە ئەفەندی، بەرپرسی هۆبەی پاسپۆرتی فڕۆکەخانەی هەولێر هەروەها گوتی: "ئەمڕۆ ئێوارە هاووڵاتییەکی دیکەی چینی دەگەڕێندرێتەوە و بەبڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەر هاووڵاتییەکی چینی بێتە هەرێمی کوردستان دەگەڕێندرێتەوە".
 
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە بۆ فڕۆکەخانەکانی ناردووە بڕیاریداوە، هاتنەژوورەوە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کەسە بیانییانەی کە لە 14-1-2020 ـەوە سەردانی چینیان کردووە قەدەخەیە. 
 
نووسراو و هۆشدارییەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە تاوەکو دێت ژمارەی ئەو وڵاتانە زیاتر دەبێت کە کۆرۆنا تێیدا بڵاودەبێتەوە. ئەگەرچی حکومەتی عێراق لەبارەی بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە عێراق رایگەیاندووە، هیچ کەسێکی عێراقی نە لە نێوخۆ و نە لە دەرەوەش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە