رووداو کامپەینی ئەنتیتۆباکۆ رادەگەیێنێت

01-01-2025
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

رووداو بۆ چوارەم ساڵ کامپەینی ئەنتیتۆباکۆ رادەگەیێنێت، کەمپەینەکە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیارییە لەسەر جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان وەکو بەشێک لە کامپەینەکە، کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ لە هەولێر دەکرێتەوە.
 
ئامانجی کامپەینی ئەنتیتۆباکۆ پاراستنی هاونیشتمانییانە لە جگەرە، ڤەیپ و نێرگەلەکێشان.
 
لە کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ کە لە نەخۆشخانەی تایبەتی 'پار'ـە، پزیشکی پسپۆڕی سنگ و هەناسە، پزیشکی گشتی و تیمی پەرستاریی راهێندراو هەن، هەروەها ئامێرە پزیشکییە پێویستەکان بۆ پشکنین و چارەسەری بەشداربووان دابینکراون.
 
بۆ ئەوەی بەشداریبکەیت پێویستە لەم فۆڕمە ناوت تۆماربکەیت، یاخود پەیوەندی بە 07513233353 یان 07713233353 بکەیت.
 
''هەر شتێک زیان بە مرۆڤ بگەیێنێت لە شەرعدا حەرامە''
 
دکتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی، مامۆستای ئایینی لە رێوڕەسمەکەدا دەڵێت، ''هەر شتێک زیان بە مرۆڤ بگەیێنێت، لە شەرعدا حەرامە و پێغەمبەران بۆ ئەم مەبەستەش هاتوون''.
 
دەشڵێت: ئەوەی بە زانست و ئەزموون ئاشکرابووبێت کە زیانمەندە بۆ مرۆڤ، لە ئیسلامدا حەرامە، جگەرە و نێگەلەش بەشێکن لەوە.
 
دکتۆر سەید ئەحمەد پێنجوێنی لە وەسفێکیدا بۆ پزیشک و دکتۆرەکان ئەمەی گوت. ''ئێوە نوێنەری ئاسمان و فریشتەن''، مەبەستیشی لەو قسەیە ئەوە بوو؛ هەمیشە دەبێت پزیشکان پێشەنگ بن لە هۆشیارکردنەوەی تاک بۆ باشترکردنی تەندروستی و رێگەگرتن لە ئازاردانی.
 

''دەستخۆشی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکەین بۆ هاندانی خەڵک لە وازهێنان لە تووتن''
 
د. عامر بیبانی، بەرپرسی سیستمی تەندروستیی WHO لە عێراق لەبارەی پڕۆژەکەوە دەڵێت: ئەنتیتۆباکۆ پڕۆژەیەکی گرنگە بۆ وازهێنان لە تووتن و دەستخۆشی لە تۆڕی میدیایی رووداو دەکەین بۆ هاندانی خەڵک بۆ وازهێنان لە تووتن.
 
د. عامر بیبانی بە نوێنەرایەتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆی بە گرنگ زانی بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی و بە یەکێک لە دووپاتکردنەوەی مەرجەکانی رێکخراوەکەی دانا بۆ وازهێنان لە تووتن.
 
لە کۆتاییشدا گوتی، هەموو پاڵپشتییەکی تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن تاوەکو لە پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ سەرکەوتووبێت.
 

''دەبێت باج لەسەر جگەرە زۆر زیاد بکرێت''
 
د. کاوە خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە گوتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە رووبەڕووبوونەوەی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ کارێکی ئاسان نییە و پێویستە بە چاودێریکردن و دەرکردنی رێنوێنی و یاسا بێت.
 
د. کاوە خەلیل ئاشکرای دەکات، ''هاوردەکردنی ڤەیپ بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە و ئەوەی لە بازاڕدا هەیە، هەمووی قاچاخە''، تەنانەت بە پێویستیشی دەزانێت باجی سەر جگەرە زۆر زیاد بکرێت.
 
لەبارەی چاودێریی تەندروستییەوە دەڵێت: پێویستە نەهێڵدرێت لە هەر شوێنێکی داخراو جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ بکێشرێن، بەڵام نەشیشاردەوە ئەوە پێویستی بە بودجە و کارمەندی دیاریکراو هەیە، کە ئێستا بەهۆی خانەنشینبوونی کارمەندان و دانەمەزراندنی کارمەند؛ قەیرانی کەمیی کارمەندیان بۆ دروستبووە.
 

''سییەکان دیارییەکی بەنرخی خوای گەورەن، بەڵام بە دووکەڵ وێرانیان دەکەین''
 
د. رێباز هەمزە، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و لیژنەی زانستیی پڕۆژەی ئەنتیتۆباکۆ گوتی، یەکەم شوێنی وێرانکردنی ئەندامەکانی جەستە بەهۆی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ سییەکانن کە دیارییەکی بەنرخی خودان.
 
د. رێباز هەمزە دەڵێت ''لە کلینیکەکە هەرکەسێک ناوی تۆماردەکرێت، پەیوەندیی پێوە دەکرێت و لە کلینیکی ئەنتیتۆباکۆ پشکنین و چاودێریی دەکرێت، بە کەسەکەش دەڵێین تەمەنی سییەکانی چەندە بەراورد بە تەمەنی خۆی''.
 
ئەو روونی کردەوە، سەرەتا بەشداربوو خۆی تۆماردەکات و پشکنینی سەرەتایی بۆ دەکرێت و چارەسەریش وەردەگرێت، پاشان دوای مانگێک دەبیندرێتەوە، ئینجا پاش سێ مانگ دووبارە دەبیندرێتەوە، پاشانیش دوای سێ مانگی دیکە پشکنینی بۆ دەکرێت، واتە 7 مانگ، کەسی بەشداربوو کە وازی لە تووتن هێناوە چاودێری دەکرێت و ئەوانەی لە پشکنینەکان دەردەچن کە وازیان لە تووتن هێناوە، دەخرێنە نێو تیروپشک و لە 1-1-2026 براوەی خەڵاتەکە رادەگەیێندرێت.
 

''دیارییەکە ئۆتۆمبێلێکی جۆری تیگۆی 7 پڕۆییە''
 
شاڵاو حەسەن، رێکخەری بە بازاڕکردن و نوێنەری کۆمپانیای سەراب بۆ دابەشکاری سەرەکیی ئۆتۆمبێلەکانی شێری رایگەیاند، خۆشحاڵن لەم پڕۆژەیە دا بەشدارن و هەمیشە پشتگیریی پڕۆژەی لەم شێوەیە دەکەن.
 
روونکردنەوەی لەسەر جۆری ئۆتۆمبێلەکە دا و گوتی، ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل بەرزی جۆری 'تیگۆ 7 پڕۆ'ـی کۆمپانیای شێری سەرابە و دەکرێتە خەڵات بۆ براوەی ئەنتیتۆباکۆی ئەمساڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە