رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک بارزانی، بە خەمبارییەوە بەشداریی لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی حەسۆ کانیەلنجی، هاوڕێ و هاوخەباتێکی کرد.
حەسۆ کانیەلنجی، ئەو پێشمەرگەیەی لە ساڵی 1961ـەوە چەکی کردە شان و لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان دا، تاوەکو شەڕی دژی داعشیش خەباتی کرد. ئەمڕۆ لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دواییکرد.
هاشم شێروانی، کەسوکاری کۆچکردووە و بە رووداوی گوت "خاڵە حەسۆ یەکێک بوو لەو پێشمەرگە قارەمانانەی، گاجووتی خۆی فرۆشتووە بۆ کڕینی چەک و بەشداریکردن لە شۆڕشی ئەیلوول. ئەو، لە هەموو شەڕەکانی شۆڕشی ئەیلوول لە دەڤەری بادینان بەشداریکردووە، بەتایبەتی لە داستانی زاوێتە، لۆمانا و بەرواریی باڵا."
حەسۆ کانیەلنجی ماوەی نزیکەی نیو سەدە لەپێناو مافەکانی گەلی کورد و کوردستان شەڕی کردووە، بەو هۆیەشەوە سەرۆک بارزانی مەدالیای بارزانیی پێبەخشیوە.
ئەشقی عارەب، هاوخەباتی حەسۆ کانیەلنجی بوو، دەڵێ "ئەو، چوار جار بریندار بوو، لە رووی خەباتیش لە داستانەکانی زاویتە و لۆمانان پێکەوە بووین."
هاوخەباتێکی دیکەی بەناوی نەزهەت سەلیم باسی رووداوێک دەکات کە تێیدا ئەو رێگریکردووە لە کوشتنی دیل، دەڵێ "مەقەر سریەی قوات خاسی عێراق هەبوو، پێشمەرگە چەند سەربازێکی لێ بەدیل گرتن. ئێمە دەمانگوت شەهیدمان داوە، بۆچی نەیانکوژین؟ حسۆ بەدیلگیراوەکانی لەپشت خۆی نا و گوتی وەرن من بکوژن، چۆن دەبێت دیل بکوژرێن."
حەسۆ مەحموود کە بە حەسۆ کانیەلنجی دەناسرا، لە ساڵی 1937 لە گوندی کانیەلنجی دەڤەری بارزان لەدایکبووە، لە شۆڕشی گوڵان ئامرهێز بووە و پلەی لیوا بووە لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە تەمەنی 88 ساڵیدا بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ