رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی رابردوو بەغدا بڕیاری خەرجکردنی وەجبەی حەوتەمی پارەی گەنمی جووتیاران دا و پارەکە گەیشتووە، بەڵام بەهۆی رێکارە بانکییەکان ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو بەسەر جووتیاران دابەشبکرێت.
رۆژی دووشەممە 24ـی ئابی 2026، میران بەختیار، بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەغدا پارەکەی خستووەتە سەر هەژماری بانکی TBI و ئێمە کار لەسەر رێکارەکان دەکەین. دوای گەیشتنی پارەکە نووسراومان بۆ بانک کردووە و چاوەڕێی ئەوانین".
بەڕێوەبەری سایلۆی هەولێر گوتی، ئەم بڕە پارەیە ئەو جووتیارانە دەگەڕێتەوە کە تاوەکو 6 مانگی تەممووزی 2025 گەنمیان رادەستی سایلۆ کردووە، کە 814 جووتیاران و گوتیشی: "بە ئەگەری زۆرەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو رێکارەکان تەواو دەبن و ئێمەش دەست بە دابەشکردنی دەکەین".
لە لایەکی دیکەوە، نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ چەکی پارەکەمان بەدەست گەیشتووە کە دوێنێ لە بەغدا کارەکانی تەواو ببوو. چاوەڕێ دەکەین رێکارە بانکییەکانی تەواو بن، تاوەکو پارەکەمان بۆ خەرج بکرێت و دەست بە دابەشکردنی بکەین بەسەر جووتیاراندا."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە پارێزگای دهۆکیش پارەکە خراوەتە سەر هەژماری بانکی TBI، بەڵام هاوشێوەی هەولێر رێکارە کارگێڕییەکان ماون و بڕیارە دوای تەواوبوونی رێکارەکان لە هەفتەی داهاتوودا لەوێش دەست بە دابەشکردنی پارەکە بکرێت.
ئەم پارەیە بەشێکە لە وەجبەی 7ـەمی شایستە داراییەکانی ساڵی 2025ـی جووتیاران، کە 18ـی ئەم مانگە خەرجکرا و بڕەکەی 350 ملیار دینارە بۆ تەواوی عێراق. لەو بڕە پارەیە، 58 ملیار و 633 ملیۆن و 889 هەزار دینار بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە و بەم شێوەیە دابەش دەکرێت:
هەولێر: 19 ملیار و 726 ملیۆن و 203 هەزار دینار.
سلێمانی: 21 ملیار و 908 ملیۆن دینار.
دهۆک: 16 ملیار و 999 ملیۆن و 686 هەزار دینار.
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بە نرخی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک وەرگرت، کە بەهاکەی زیاترە لە 300 ملیار دینارە.
ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، ساڵی 2025 کەمیکردەوە بۆ 400 هەزار تۆن بە نرخی 800 هەزار دینار بۆ تۆنێک.



