رووداو دیجیتاڵ
سنووری گوندی چنارتوو لە ناحیەی ئاخجەلەری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی بە درۆن بۆردوومان کرا.
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر ئەمڕۆ دووشەممە 01-01-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کاژێر 08:15ـی ئەمڕۆ لە رێگەی درۆنەوە گوندی چنارتوو لە سنوورەکەمان بۆردوومان کرا."
هێمن بەهجەت گوتی، نازانن بۆردوومانەکە زیانی گیانی و مادی لێکەوتووەتەوە یان نا. گوتیشی، "لە شەوی رابردووەوە بە بەردەوامی درۆن بەسەر ناوچەکەماندا دەسووڕێنەوە."
لە ماوەی هەفتەیەکەدا چەند جارێکی دیکە سنوورەکە بۆردوومان کراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاخجەلەر گوتی، 28-12-2023 جارێکی دیکە گوندی چنارتوو بۆردوومانکرا، پێشتر و ئابی ساڵی رابردووش چنارتوو بۆردوومان کرابوو.
رۆژی 27-12-2023، نزیک کاژێر 6:00 و 8:00ـی بەیانی، پێنج جار فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی گوندی تووتەقەڵی لە سنووری هەمان ناحیە کرد کە دەکەوێتە سنووری قەزای چەمچەماڵەوە لە پارێزگای سلێمانی.
ساڵی 2021 تورکیا هەمان سنووری بۆردوومان کرد و بەهۆیەوە چوار کەس کوژران، کە دووانیان سڤیل بوون.
لە رابردوودا بە پاساوی هەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، تورکیا ناوچەکەی بۆردوومانکردووە. هێمن بەهجەت گوتی، بەگوێرەی ئەوەی لە رابردوو تورکیا ئەم سنوورەی بۆردوومان کردووە ئەوەی ئەمڕۆش لەلایەن درۆنی ئەو وڵاتەوە بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ