رووداو دیجیتاڵ
لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ حەسەن کەعبیە، گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، باس لە تێڕوانینی وڵاتەکەی دەکات بۆ بۆ پرسی کورد و هەروەها دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی لەدوای رێککەوەتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین. ئەو رێوشوێنانە چی بوون کە بوونە هۆکاری گەیشتن بەو رێککەوتنە؟ دەرەنجامەکانی ئەو رێککەوتنە لەسەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو چی دەبن؟ تێڕوانینی وڵاتەکەی بۆ کاردانەوەی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چییە بۆ رێککەوتنەکە؟ بەتایبەت کاردانەوەکانی وڵاتانی تورکیا و ئێران.
رووداو: چۆن دەڕواننە هەڵوێستی حكومەتی عێراق لەسەر دروستكردنی پەیوەندییەكانتان لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین. مستەفا كازمی لە لێدوانێكی رۆژنامەڤانیدا گوتی رێككەوتنی ئیمارات و ئیسرائیل پەیوەندی بە ئیماراتەوەیە. ئەو هەڵوێستە چۆن بوو بەلای ئێوەوە؟
پەیوەندیمان لەگەڵ مەغریب هەیە و هیوادارین وەك رابردوو رابگەیێندرێتەوە
حەسەن كەعبیە: سەرەتا سڵاو لە كەناڵەكەتان، سوپاستان دەكەم بۆ میوانداری كردنم لە كەناڵەكەتان. سەبارەت بە رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ دەوڵەتی ئیمارات و دەوڵەتی بەحرەین، ئەمە دەسكەوتێكی مەزنە و رۆژێكی مێژووییە رۆژێك لە رۆژان لە كتێبەكانی مێژوودا باس دەكرێت. نەك تەنیا بۆ ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین، بەڵكو بۆ تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لەبەرئەوەی ئەم رێككەوتنە دەبێتە مایەی گۆڕانكاریی گەورە، تەنیا بۆ ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو نا وەك گوتم، بگرە بۆ گشت وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە عێراقیشەوە. ئەم رێككەوتنە بەشدارییەكی گەورەی دەبێ لە بەدیهێنانی ئاشتی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و ئێمە دەزانین ئاشتی و راوەستاندنی شەڕ و كوشتار چەند گرنگە. ئێوە رۆژانە بە چاوی خۆتان ئەمە لە ناوچەكەدا و لە عێراق و كوردستانیشدا دەبینن. هەروەها رێخۆشكەر دەبێت بۆ هاكاری لەگەڵ وڵاتانی دیكەش. هەمووان لەم ساتەوەختە مێژووییە و لەم رێككەوتنانە و لە ئاشتی سوودمەند دەبن چونكە گەشە بە ئابووری دەدات و بەشداری لە رووبەڕووبوونەوەی ئالنگاریی هاوبەشی گەورەی زۆر وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەكات. چاومان لە رێككەوتنی دیكەی ئاشتییە لەگەڵ وڵاتانی دیكەش.
رووداو: باستان لەوە كرد كە رێككەوتنەكە دەبێتە هۆی گۆڕانكاری گەورە لە ناوچەكەدا. ئەو گۆڕانكاریانە چین كە لە ناوچەكەدا روودەدەن لە دوای ئەم رێككەوتنەوە؟
هیوادارین دوای وەرگرتنی متمانەی سەرۆكی سوودان رێككەوتنی نێوان سوودان و ئیسرائیل واژبكرێت
حەسەن كەعبیە: داخی گرانم… دوو ئاراستە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەن، ئاراستەیەك دەیەوێت، نەك تەنیا دەیەوێت بەڵكو لەڕێی میلیشیاكانییەوە دەكوژێت و هەندێ وڵاتی عەرەب داگیر دەكات. ئاراستەیەك ئاشتی دەوێت و خوازیاری ژیانی ئاشتییانەیە و مەبەستیەتی لە سایەی ئاشتیدا بژی لەپێناو گەشەپێدانی ناوچەكە و لەپێناو نەوەكانی داهاتوو و راوەستاندنی ململانێ و شەڕ كار دەكات. بەڵام من هیوام زۆرە بەوەی ئەم ئاراستەیە، كە ئاراستەیەكی ئاشتیخوازە كار بۆ گۆڕانكاری لە شوێنی دیكەش دەكات، لەوانەش عێراق. ئێمە دەستی خۆمان درێژ دەكەین، ئیسرائیل دەستی خۆی درێژ كردووە و هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی لەگەڵ گشت دراوسێیەكانی دەدات، ئەو دراوسێیانەی هاوسنوورین و وڵاتانی دیكەش كە سنووری هابەشمان لەگەڵیاندا نییە، وەك ئیمارات و بەحرەین و، وڵاتانی دیكەیش هەن دێن و ئاساییكردنەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا دەكەن و رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ دەكەن و هیچ سنووری هاوبەشیان لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە. بەڵێ ئێمە ئاشتیمان بەدیهێنا. گەلی ئیسرائیل ئاشتی دەوێت. ئاشتیمان بەدیهێنا. لەگەڵ میسر لە سەردەمی سادات و بیگن لە 1979دا، لەگەڵ ئوردن لە سەردەمی هەردوو خوالێخۆشبوو شا حوسێن و سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیل ئیسحاق رابین رێككەوتنی ئاشتیمان واژۆكرد. ئەمەیە ئاشتی راستەقینە لەگەڵ دراوسێیەكانمان.
رووداو: ئێوە ئەمساڵ باڵیۆزخانەیەكی ئەلیكترۆنیتان لە عێراق كردەوە، مەبەستتان لەو هەنگاوە چییە؟
چاومان لە رێككەوتنی دیكەی ئاشتییە لەگەڵ وڵاتان
حەسەن كەعبیە: ئەمە باڵیۆزخانەی ڤیرچوەڵ نییە وەك لە راگەیاندن دا باسی كراوە. ماڵپەڕێكە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل دایمەزراند و ناومان نا بە شێوەزاری عێراقی. چونكە سامیای ئایز، زۆر عێراقی هەن زۆربەشیان لە كوردستانن، بەپێی بەدواداچوونەكانمان، پەیوەندیمان پێوە دەكەن لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە. لەوانەش فەیسبووك و تویتەر. بە ملیۆنان گەنج پەیوەندیمان پێوە دەكەن. لەبەرئەوە ئەم ماڵپەڕەمان دامەزراند كە تایبەتە بە عێراق و بە گەنجانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن. ئەوان پرسیار دەكەن و ئێمە وەڵام دەدەینەوە، دەیانەوێت زیاتر بزانن و ئیسرائیل باشتر بناسن. ئەمەش دەسكەوتێكی گرنگە بۆ ئەوەی یەكتر بناسین، واتە هەردوو گەل، گەلی عێراق و كوردستان و گەلی ئیسرائیل. ئەم ماڵپەڕە تەنیا بۆ گفتوگۆ و یەكترناسینە. هەندێك كەس پێیدەڵێن باڵیۆزخانەی ڤیرچوەڵ، جا با وابێت، لاریمان نییە.
رووداو: بابگەڕێنەوە سەر پرسی رێككەوتنەكەی نێوان ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی. ترەمپ گوتی پێنج وڵاتی دیكەی عەرەبی ئامادەن بۆ داننان و پەیوەندی دروستكردن لەگەڵ ئیسرائیل، ئایا راستە سێ لەو وڵاتانە بریتین لە مەغریب، عومان و سودان؟
حەسەن كەعبیە: ئەمە نهێنی نییە. با چەند ساڵێك بگەڕێینە دواوە، باڵیۆزخانەیەك لە مەغریب هەبوو و پەیوەندی دیپلۆماسیش هەبوون. هێشتا پەیوەندی ماوە. هەزاران گەشتیاری ئیسرائیلی ساڵانە سەردانی مەغریب دەكەن و هەروەها مەغریبییش هەن كە سەردانی ئیسرائیل دەكەن. من خۆم نزیكەی پێنج یان شەش شاندی رۆژنامەڤان و ئەكادیمیم بۆ سەردانی ئیسرائیل و ناسینی ئیسرائیل هێناوە. ئاشتی هەیە، ئاشتییەكی بەردەوام، ئاشتییەكی رانەگەیێندراو، پەیوەندییش هەیە و زۆر بەهیوام جارێكی دیكە وەك جاری جاران ئاشكرا و راگەیێندراوبێت.
وڵاتانی دیكەش هەن دێن و پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست دەكەن
سەبارەت بە سوودان، ئەوەش نهێنی نییە. سەرۆكوەزیران، بەڕێز بنیامین نەتەنیاهۆ، كاری زۆری لەپێناو ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا كرد. وەك پەندە عەرەبییەكە دەڵێت "هێشتا ماوە". زۆر وڵات دێن و ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەنجام دەدەن، ئەوەش هەمووی لە سایەی سەرۆكوەزیران بەڕێز بنیامین نەتەنیاهۆوەیە. سەرۆكی سوودان چاوپێكەوتنێكی گەرموگوڕی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆ ئەنجامدا و هیوا هەیە كە سوودان لە ماوەی كەمتر لە یەك مانگدا، كاتێك سەرۆكی سوودان متمانە وەردەگرێت، ئەمە بكرێت. لەبەرئەوەی ئەم حكومەتەی ئەمڕۆ لە سوودان هەیە حكومەتێكی راگوزەرە و دەسەڵاتی واژۆكردنی رێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا نییە، بەڵام زۆر بەهیوام كە سەرۆكی سوودان رێككەوتنێكی ئاشتی واژۆ بكات. چونكە ئێمە شەڕمان لەگەڵ سوودان نییە و سنووری هابەشیشمان نییە، بەڵكو لێكتێگەیشتن و دڵی كراوەمان بەڕووی ئاشتیدا هەیە. وڵاتی دیكەیش هەن لەم پێشهاتانەی دوایی دەكۆڵنەوە كە ئیمارات و بەحرەین تیایاندا پێشەنگ بوون، پێشەنگییەكی دانایانە و ئازایانەیان كرد. بەهیوام كە وڵاتانی دیكەش رێگەیەكی هاوشێوەی ئەوەی ئیمارات و بەحرەین هەڵدەبژێرن.
رووداو: بەپێی هەندێ زانیاری، ئەمریكا لە رێگەی دوایین شاندی رووسیا بەسەرۆكایەتیی وەزیری دەرەوەی رووسیا داوای لە دیمەشق كردووە بۆ دەستپێكردنی پرۆسەیەكی سیاسی بۆ چارەسەركردنی كێشەی سووریا، دەبێ دیمەشق دان بە ئیسرائیل دابنێت و پەیوەندی لەگەڵ دروست بكات. ئایا ئێوە هیچ زانیارییەكتان لەوبارەیەوە هەیە؟
بە ملیۆنان گەنج لە عێراقەوە پەیوەندیمان پێوە دەكەن
حەسەن كەعبیە: بەداخێكی زۆرەوە شەڕ لە سووریا ساڵانێكی درێژە بەردەوامە. بە ملیۆنان ئاوارەی سووری هەن كە روویان لە وڵاتانی ئەوروپا یان وڵاتانی دراوسێ كردووە. هەزاران ماڵ وێرانكران. منداڵان لە شەقامەكاندا بە بێكەسی دەژین. زۆر بەداخەوە، هۆكاری هەموو ئەمە سەركردایەتییەكی شكستخواردووە، هۆكارەكە ئەوەیە بەشار ئەسەد دەستی بە كورسی دەسەڵاتەوە گرتووە و بەرینادات. بەداخەوە گێژاوی شەڕ لە سووریا بەردەوامە و سوورییەكان خۆیان قوربانی هەموو ئەم كێشانەن.
سەبارەت رووسیا و دەستوەردانی لە سووریاش، ئێمە دەستی ئاشتی بۆ سووریا و بۆ گشت دراوسێیەكانمان درێژ دەكەین. با ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە چەند ساڵێك لەمەوبەر گفتوگۆمان لەگەڵ سەركردایەتی سووریا هەبوو، بەڵام تەواو نەكرا. بەڵام من دەڵێم ئەمڕۆ خاكی سووریا بەیەكدا چووە و لەلایەن حیزبوڵڵای لوبنانەوە داگیر كراوە و ئێرانیش لەلایەكی دیكەوە هێزی لەوێ هەیە. میلیشیای دیكەیش هەن مەگەر خوا بزانێت سەر بە كێن و پاشاگەردانی لە سووریا هێشتا لەوپەڕیدایە. ئێمە وەك ئیسرائیل رێگەمان بە هیچ یەكێك لەو میلیشیا تیرۆریستانە نەداوە دەستدرێژی بكەنە سەر گەلی ئیسرائیل و خاكی ئیسرائیل. ئێمە توانای بەپەرچدانەوەی هەموو دەستدرێژییەكمان بۆ سەر خاكی خۆمان هەیە.
رووداو: ئیسرائیل چۆن سوود لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین وەردەگرێت؟ ئایا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیی و كشتوكاڵی و پرۆژە ئابوورییەكان بەگشتی چۆن دەتوانێت هەژموونی ئابووری خۆی بسەپێنێت؟
حەسەن كەعبیە: سامیای هاوڕێم، ئیمارات و بەحرەین و ئیسرائیل وڵاتانێكی زۆر پێشكەوتوون لە گشت بوارەكاندا. ئاشتی تەنیا لە بەرژەوەندی ئیسرائیل نییە بەڵكو لە بەرژەوەندی هەموو وڵاتانە، بەتایبەتیش ئیمارات و بەحرەین كە رێككەوتنی ئاشتیمان لەگەڵیان واژۆكردووە. بەڵام ئەمە نهێنی نییە، بەڵێ ئێمە لە ئیسرائیل زۆر بوارمان هەن كە دەتوانین تێیاندا یارمەتی ئیمارات و بەحرەین بدەین، لەوانەش ئەو پرسانەی بە بەبیابانبوونەوە پەیوەستن. ئیسرائیل زۆر پێشكەوتووە لە بواری كشتوكاڵدا و كۆمپانیای خاوەن تەكنۆلۆژیای باڵای هەیە. هەروەك راگەیێندراوە، ئێمە لەگەڵ ئیمارات دەستمان بە كاركردن كردووە. ئەوەتا پەیمانگەی وایزمەن لە ئیسرائیل و زانكۆی شێخ زاید لە ئیمارات دەستیان بە هاوكاری لە بواری تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كردووە. چەندین بواری دیكەی كولتووری و پەروەردەیی هەن.
رووداو: چۆن دەڕواننە هەڵوێستی ئێران بەرامبەر رێككەوتنتان لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین؟
حەسەن كەعبیە: یەكەم من دەمەوێت بە هەموو دۆستانمان بڵێم ئێمە خوازیاری ئاشتیین و دەكرێت هەنگاوە بەرپرس و داناكانی ئەم ناوچەیە لەمەدا بەشدار ببن. سەبارەت بە ئێرانیش، ئێمە هیچمان لە ئێران گوێ لێ نەبووە ئەوەندە نەبێت هەموو رۆژێك بەیانی و ئێوارە دەڵێن كە دەیانەوێت ئیسرائیل فڕێبدەنە نێو دەریا. منیش بە ئێرانییەكان دەڵێم، بێگومان مەبەستم حوكمڕانەكانیانە، چونكە گەلێكی ئێرانی تێگەیشتوو و لێبووردە هەیە كە مەبەستیەتی لە سایەی ئاشتیدا بژی.
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە ركابەریی ئێران لەگەڵ چەند وڵاتێكی عەرەبیی كەنداودا چەند هاندەربوو بۆ ئەو وڵاتانە كە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دروستبكەن؟
ئیسرائیل لە زۆر بواردا دەتوانێ یارمەتی ئیمارات و بەحرێن بدات
حەسەن كەعبیە: سەرەتا دەمەوێت قسەكانم لەسەر ئێران تەواو بكەم. ئێران لە ناوچەكەدا مەترسیدارە. چەند پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا پێشبكەون، ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتیی ئیسرائیل بەهێز دەبێت. دەمویست بە سەركردایەتی ئێران بڵێم ئیسرائیل هێزی پێویستی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر كەسێك دەستدرێژی بكاتە سەرمان.
ئێران لە ناوچەكەدا مەترسیدارە
رووداو: لەوباوەڕەدان دوای ئەو رێككەوتنە، ئیمارات و بەحرەین پارێزراوتر دەبن لە ركابەری و هەڕەشەكانی ئێران؟
حەسەن كەعبیە: ئێمە ئاشتیمان لەگەڵ ئیمارات و لەگەڵ بەحرەین بونیات نا. نەك تەنیا لە بواری ئاسایشدا، بگرە بواری ئاسایشمان بۆ دوایین قۆناخ هێشتەوە. بەڵام زۆر بوار هەن لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بۆ بووژاندنەوەی هەموو ناوچەكە كاریان لەسەر دەكەین. پێموایە ئەگەرەكانی هاوكاری نێوانمان زۆر زۆرن. وەك گوتم تەكنۆلۆژیا و تەندروستی و زانست و بێگومان ئاویش، هەروەها بازرگانی و فڕۆكەوانی و گەشتیاری هاوبەش هەن، كە ببینین ئیماراتییەكان و بەحرەینییەكان سەردانی تەل ئەڤیڤ و قودس و هەموو شارەكانی ئیسرائیل دەكەن. هەروەها وەك ئێوە ئاماژەتان بۆی كرد، رێككەوتنەكە یارمەتیدەرمانە بۆ چارەسەر، ئەوەتا ئالنگاری هاوبەش رووبەڕووی وڵاتانی كەنداو و هەروەها ئیسرائیل دەبنەوە، ئەگەر بەیەكەوە بین ئەو ئالنگارییانە باشتر چارەسەر دەكرێن، چ لەڕووی ئەمنییەوە بێت و چ لەڕووی سەقامگیری لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
رووداو: چۆن دەڕواننە هەڵوێستی توركیا لە رێككەوتنەكانتان لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن؟
ئیسرائیل هێزی پێویستی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر كەسێك دەستدرێژی بكاتە سەرمان
حەسەن كەعبیە: وەك بیستم توركیا سەركۆنەی كرد. لێدوانەكانی سەركردەكانی توركیا سەركۆنەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداویان كرد. لێرەدا دەمەوێت ئەوە بەبیر بینەرانمان لە كوردستان بهێنمەوە كە ئێمە پەیوەندی گەرموگوڕمان لەگەڵ توركیا هەیە و ئیسرائیل باڵیۆزخانەی لە ئەنقەرە و كونسوڵخانەی لە ئیستەنبووڵ هەیە. پەیوەندی باشمان لە چەندین بواردا لەگەڵ توركەكان هەیە، گەشتیاری و بازرگانی لەنێوانانماندا هەیە. سوپاس بۆ خوا كار لەگەڵ توركیا بەباشی بەڕێوە دەچێت.
رووداو: بەشێوەیەكی گشتی ئیسرائیل چۆن دەڕوانێتە كێشەی كورد لە توركیا، ئێران، سووریا و عێراق؟
پەیوەندی گەرموگوڕمان لەگەڵ توركیا هەیە
حەسەن كەعبیە: لێدوانێكی كۆنی سەرۆكوەزیان نەتەنیاهو هەبوو. پڕم لە هیوا بەوەی كوردستان لە گشت تەوەرەكاندا، لە سووریا و عێراق توركیا سەربەخۆیی بەدەستبێنن و بە شكۆوە بژین. هەر ئەوەندەم پێدەگوترێت.
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە دەبێ چۆن داواكاری و كێشەكانی كورد لە عێراق چارەسەر بكرێن؟
حەسەن كەعبیە: دەمەوێت بە وریاییەوە وەڵامی ئەمە بدەمەوە. گەلی كوردستان خاوەن پەیوەندی قووڵە، ئەمە لە دوێنێوە نییە و لە پار و پێراریشەوە نییە، بەڵكو ساڵانێكی دوور و درێژە. گەلی كوردستان گەلێكی پەسەندە لای دەوڵەتی ئیسرائیل. هیوام زۆرە خوا یاربێت رۆژێك بێت شادی گشتگیر هەموو گەلانی ناوچەكە بگرێتەوە و شەڕ و ململانێ راوەستێت.
رووداو: باشە سەبارەت بە كورد لە سووریا لە رۆژئاوای كوردستان، بەبڕوای ئیسرائیل دەبێ رۆڵی كورد و مافەكانی كورد لە سووریای داهاتوودا چۆن بن؟
گەلی كوردستان گەلێكی پەسەندە لای دەوڵەتی ئیسرائیل
حەسەن كەعبیە: وەك گوتم، وەڵامم دایەوە كە هەموو پرسی كوردستان لە گشت وڵاتەكان نەك تەنیا لە سووریا. لە سووریا ململانێ لەگەڵ چەندین لایەن هەیە، لەوانە ئێران و رژێمی سووریا و توركیا. هیوادارم پرسی كوردستان چارەسەرێكی دادوەرانەی وەها بكرێت كە گشت گەلانی ناوچەكە و بەتایبەتی كوردستانییان لە هەموو لایەنەكاندا دڵخۆش بكات.


