رووداو دیجیتاڵ
سەردار یوکسەل، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا و هاونیشتمانیی بە رەچەڵەک خەڵکی باکووری کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێر رایگەیاند، سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەڵمانیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستان؛ هاوکات تیشکی خستە سەر کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دەڵێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵێکی گەورە لە هێورکردنەوەی ناکۆکییە هەرێمییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ ئێراندا دەگێڕێ.
سەردار یوکسەل، کە وەک ئەندامی شاندی یاوەری وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا سەردانی هەولێری کردووە، باسی لە دیداری شاندەکەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، "سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە تەواوی جیهاندا سیاسەتڤانێکی خاوەن رێزە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیی زۆر باشی لە واشنتنەوە تاوەکو ئەنقەرە و تاران هەیە. ئێمەش داوامان لێکرد لەم ململانێیەدا یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ پرسی ئێران."
ئەو پەرلەمانتارەی ئەڵمانیا پەیوەندیی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە فاکتەرێکی سەرەکی بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەبێ هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا، سەقامگیری لە عێراق و ناوچەکەش بەدینایەت.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: وەزیری [هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدانی] ئەڵمانیا دوای بەغدا، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد. سەردار، ئەمە یەکەمین جارە کە تۆ لێرە لە کوردستان لەگەڵ من ئەم هەڤپەیڤینە دەکەیت. زۆر دڵخۆشم. ئەمڕۆ هەستت چۆنە؟
سەردار یوکسەل: بەڵێ، من هەست دەکەم کە بە راستی گەڕاومەتەوە ماڵەوە. ئەمە 25ـەمین جارە کە دێمە کوردستان. بوونمان لێرە لەسەر ئەم قەڵایە، لە لانکەی کولتوور و شارستانییەت، شوێنێکی زۆر زۆر تایبەتە. ئێمە زۆر دڵخۆشین کە خاتوونی وەزیر ئەم سەردانەی ئەنجامدا و داوای لە ئێمەی پەرلەمانتارانیش کرد کە لەگەڵیدا بێین.
رووداو: لە کاتێکدا کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر ئاڵۆزە و لە رووی سیاسییەوە لە بەغدا و لە کوردستانیش کێشە و ئاڵۆزی هەن، سەرەڕای ئەمانەش ئێوە هاتن؛ دەتانەوێ بەم سەردانە چ پەیامێک بگەیێنن؟
سەردار یوکسەل: بێگومان دەمانەوێ لەم قۆناخە سەختەدا هاوسۆزی و پاڵپشتیی خۆمان پێشان بدەین. لەم چەند مانگەی دواییدا زیاتر لە 1500 هێرش بە مووشەک و درۆن کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە. ئێمە بەم سەردانەمان روونی دەکەینەوە کە سەرەڕای هەموو ململانێکانی جیهان، کوردستان بۆ ئەڵمانیا بایەخ و پێگەیەکی تایبەتی هەیە؛ دەمانەوێ پاڵپشتیی خۆمان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان دووپات بکەینەوە و سەیری ئەوە بکەین چۆن دەتوانین هاوئاهەنگیمان قووڵتر بکەینەوە و بیگەیەنینە ئاستێکی نوێ.
رووداو: ئەمڕۆ چاوتان بە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کەوت. ئەمە دیدارێکی گرنگ بوو، باسی چیتان کرد و لە گفتوگۆکەتاندا سەرنجی زۆر لەسەر چی بوو؟
سەردار یوکسەل: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی نەوەک تەنیا بۆ کوردستان، بەڵکو لە تەواوی جیهاندا سیاسەتڤانێکی خاوەن رێزە. نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لە هێورکردنەوەی ناکۆکییەکان، بەتایبەتی لەگەڵ ئێران، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە. سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پەیوەندیی زۆر باشی لە واشنتنەوە تاوەکو ئەنقەرە و تاران هەیە، ئێمەش داوامان لێکرد لەم ململانێیەدا یارمەتیدەر بێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ پرسی ئێران.
رووداو: بە دیاریکراوی ئەمڕۆ باسی چیتان کرد؟ گرنگترین تەوەرەکان چی بوون؟
سەردار یوکسەل: سەقامگیریی هەرێمی لە ناوچەکەدا. بێگومان دۆخی پێکنەهێنانی حکومەت لەم کاتەدا تەوەرێکی گفتوگۆکان بوو. ئێمە خواستی خۆمان دەربڕی کە سەرەڕای هەموو ناکۆکییەکان، دەبێت دوای هەڵبژاردن چارەسەرێک بۆ دۆخی کورد هەبێت و پێویستە حکومەتێکی سەقامگیر پێکبهێندرێ. ئەم داوایەمان لە سەرۆکوەزیران و لە سەرۆکی هەرێمیش کرد کە هەموو هەوڵێک بدەن، بە دڵنیاییشەوە ئەم داوایە ئاراستەی یەکێتیشە لە سلێمانی تاوەکو هاوکار بن بۆ چارەسەرێکی باش بۆ کوردستان، چونکە ئێستا کاتی ململانێی کەسی نییە، بەڵکو باسی چارەنووس و داهاتووی کوردستانە.
رووداو: ئایا لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداتان کرد؟ چونکە کۆمەڵێک پرسی چارەسەرنەکراو لەنێوانیاندا هەن.
سەردار یوکسەل: بەڵێ، ئێمە زۆر بە روونی بە سەرۆکوەزیران زەیدیمان گوت کە عێراق قەوارەیەکی دەوڵەتیی فیدراڵییە و دەبێت لە چوارچێوەی سیستمی فیدراڵیدا رێز لە خۆبەڕێوەبەریی کوردستان بگیرێ؛ نابێت هیچ کەمکردنەوەیەک لە پشکی بودجەی هەرێمی کوردستاندا رووبدات. پلان هەیە کە پشکی بودجەی 17% کەمبکرێتەوە، ئێمە ئەمەمان خستە بەرباس و هیواخوازین حوکمڕانییەکی باش و هاریکارییەکی پتەو لەنێوان بەغدا و هەولێردا هەبێت. لەو رووەوە نێچیرڤان بارزانی و زەیدی هەردووکیان رۆڵێکی باش دەگێڕن و پەیوەندییەکی باشیان هەیە، ئەمەش بۆ سەقامگیریی ناوچەکەیە، چونکە بەبێ هەولێر و بەغدا ناتوانرێ سەقامگیری لە دەرەوەی عێراقیش بەدەستبهێندرێ.
رووداو: ئێستا دوای کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا، سوپای ئەڵمانیا و هێزەکانی ناتۆ، ئەڵمانیا دەتوانێت چ رۆڵێک بگێڕێ؟ ئەڵمانیا چۆن دەتوانێت لە رووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە پاڵپشتی لە عێراق و کوردستان بکات؟
سەردار یوکسەل: گرنگ ئەوەیە باسی بابەتگەلی نوێمان کرد، لەنێویاندا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان. کوردستان ناوچەیەکی سەرنجڕاکێشە بۆ وەبەرهێنان. ئێمە بە دڵنیاییەوە دەمانەوێ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان بێنە ئێرە لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن. ئەوانەی ئێستا وەبەرهێنان دەکەن دەرفەت و ئیمتیازی تایبەت بە باجی وایان هەیە کە لە جیهاندا بە دەگمەن دەستدەکەوێ. ئێمە دەمانەوێ هاوئاهەنگیی ئابووری و لە سەرجەم ئاستەکانی کولتووری، زانستی و کۆمەڵایەتیدا هاوئاهەنگیمان قووڵتر بکەینەوە. ئەمە تەنیا پاڵپشتیی سەربازی نییە. ئێمە لە داهاتوویشدا بە راوێژکاری سەربازی لێرە دەمێنینەوە تاوەکو شارەزایی خۆمان بخەینە بەردەست هێزە سەربازییەکانی ئێرە.
رووداو: بڕیارە سبەی بەرنامەیەکی تەواو بە درێژایی رۆژ لە موسڵ ئەنجام بدەن. سەردانیکردنەوەی موسڵ چەندە گرنگە، لەوێ چاوتان بە کێ دەکەوێ و مەبەستتان چییە؟
سەردار یوکسەل: بەڵێ، موسڵ لە رابردوودا شارێکی کوردی بووە و نابێت ئەوە لەبیر بکرێ کە لە سەردەمانێکدا زیاتر لە یەک ملیۆن کورد لە مووسڵدا دەژیان. بەڵام کاتێک داعش موسڵی داگیرکرد، بووە هێمایەکی دڕندەیی. بێگومان بەرژەوەندیی ئێمە لەوەدایە لە دووەم گەورەترین شاری عێراقدا سەقامگیریی ئابووری و دۆخێکی لەبار دەستەبەر بکرێ تاوەکو خەڵک بە ئاشتی بژین. هەروەها دەمانەوێ ببینین پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە دوای ئەو وێرانکارییە چۆن بەرەوپێش دەچێت. ئەڵمانیا بە شێوەیەکی دارایی و ئابووری بەشدارییەکی زۆری لە موسڵدا کردووە، و بە پەرۆشەوە چاوەڕێم ببینم کاریگەری و تێڕوانینی سبەینێمان لە موسڵ چۆن دەبێت.
رووداو: خاتوونی وەزیر گوتی، "لە هەموو دۆخێکدا بە ئاوەدانکردنەوە پاڵپشتی لە عێراق دەکەن. ئایا کوردستانیش لەم هاوکارییە سوودمەند دەبێت؟
سەردار یوکسەل: بەڵێ بێگومان؛ کاتێک باسی عێراق دەکەین هەمیشە باسی کوردستانیش دەکەین. کوردستان لەم ناوچەیەدا دوایین شوێنە کە نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان بتوانن بە ئاشتی پێکەوە تێیدا بژین. ئەمە مۆدێلێکی زۆر باشە بۆ ناوچەکانی دیکەی ئەم جیهانە؛ هەر لەبەر ئەمەشە کوردستان زۆرترین سەرنج رادەکێشێت و شایەنی گەورەترین پاڵپشتییە چ لە ئەڵمانیا و چ لە ئەورووپاوە.


