رووداو دیجیتاڵ
ئۆلێکساندرا ماتڤییچوک، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند کە دەربڕینی هاوسۆزی بە تەنیا بۆ ئێزدییەکان بەس نییە، بەڵکو پێویستە حکومەتەکان بە کردەیی کار بۆ لێپرسینەوە لە تاوانباران بکەن. ماتڤییچوک رەخنەی لە بێدەسەڵاتیی سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنی مرۆڤەکان گرت و هۆشداری دا کە دەربازبوونی چەکدارانی داعش لە سزا، دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی کۆمەڵکوژی لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا.
ماتڤییچوک، کە وەک دادوەر لە لێژنەی نێودەوڵەتیی راستیدۆزی بۆ ئێزدییەکان لە بەرلین بەشدارە، باسی لە هۆکاری بەشداریکردنی کرد و گوتی: "من پارێزەری مافەکانی مرۆڤم و لەو جەنگەی رووسیا دژ بە وڵاتەکەم، ئۆکراینا هەڵیگیرساندووە تاوانەکانی جەنگ تۆمار دەکەم؛ بۆیە زۆر باش لە ئازاری مرۆڤ تێدەگەم و بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەسەر شانی خۆم دەبینم بۆ هاوکاریکردنی پێکهاتەی ئێزدی لە گەیشتن بە دادپەروەری."
ئۆلێکساندرا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمیسیۆنەکە راپۆرتێکی ورد و کۆمەڵێک راسپاردەی سیاسی ئامادە دەکات تاوەکو پێشکێشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکرێت، بەڵام رەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتان گرت و گوتی: "ئێستا لە دۆخێکی زۆر سەیرداین؛ بەشێک لە حکومەتەکان دان بە جینۆسایدی گەلی ئێزدیدا دەنێن، کەچی هیچ ناکەن بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن تاوەکو بگەن بە دادپەروەری."
لێکچوونی تاوانەکانی داعش لەگەڵ جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێکچوونی نێوان تاوانەکانی داعش و شەڕی ئێستای ئۆکراینا، ماتڤییچوک گوتی جەنگی رووسیا دژ بە وڵاتەکەی سروشتێکی جینۆسایدئامێزی هەیە، بەوپێیەی سەرۆکی رووسیا بوونی نەتەوە، زمان و کولتووری ئۆکراینی رەتدەکاتەوە. گوتیشی: "ماوەی 12 ساڵە بەڵگەنامە لەسەر ئەوە کۆدەکەینەوە کە چۆن ئەو قسانە بوونەتە کرداری تۆقێنەر لە ناوچە داگیرکراوەکاندا؛ ئێستا دەیان هەزار منداڵی ئۆکراینی لە خێزانەکانیان دابڕێندراون و رەوانەی کەمپەکانی پەروەردەکردنەوە لە رووسیا کراون و لەوێ پێیان دەگوترێت ئێوە رووسن، ئەمەش هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ سڕینەوەی تەواوەتیی ناسنامەی نەتەوەیەک."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردنت. با لە رۆڵی تۆ لەم کۆمسیۆنەدا دەستپێبکەین؛ بۆچی بڕیارت دا بەشداری لەم کۆمسیۆنەی دەرخستنی راستییەکاندا بکەیت و گوێ لە شایەتیی شایەتحاڵان بگریت؟
ئۆلێکساندرا ماتڤییچوک: من هەست بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەم کە بەشێکم لەم کۆمسیۆنە نێودەوڵەتییەی دەرخستنی راستییەکان. من پارێزەری مافەکانی مرۆڤم و لەم جەنگەی کە رووسیا دژی وڵاتەکەم، ئۆکراینا، هەڵیگیرساندووە تاوانەکانی جەنگ تۆمار دەکەم؛ بۆیە زۆر باش دەزانم ئازاری مرۆڤ چییە و هەر لەبەر ئەوەش بڕیارمدا بەشدار بم و هاوکاریی پێکهاتەی ئێزدی بکەم لە گەڕان بەدوای دادپەروەریدا.
رووداو: لە گێڕانەوەی رزگاربوواندا، چی زیاتر لە هەموو شتێک بە بەهێزی دەنگ دەداتەوە؟
ئۆلێکساندرا ماتڤییچوک: ئازایەتی و بەهێزیی مرۆڤەکان. ئەو رادەیە لە شەڕەنگێزی و خراپەکارییەی ئەوان ئەزموونیان کردووە باوەڕپێنەکراوە؛ بۆیە ئازایەتی و بەهێزیی ئەو کەسانەی کە بڕیاریانداوە باسی ئەزموونی خۆیان بکەن، شایستەی ستایش و رێزە.
رووداو: ئۆلێکساندرا، ئایا کۆمسیۆنەکانی دەرخستنی راستییەکان دەتوانن لە غیابی دادگاکاندا دادپەروەری بەدیبهێنن؟
ئۆلێکساندرا ماتڤییچوک: کۆمسیۆنی دەرخستنی راستییەکان خۆی بە تەنیا ناتوانێت دادپەروەری بەدیبهێنێت، بەڵام دەکرێت هەنگاوێکی زۆر بنەڕەتی بێت بۆ گەیشتن بە دادپەروەری؛ چونکە ئێمە لە ئەنجامی ئەم دانیشتنانەدا کار لەسەر ئامادەکردنی راپۆرتێک و کۆمەڵێک راسپاردەی داڕشتنی سیاسەت دەکەین. دواتریش دەتوانین ئەو راسپاردانە وەک بنەمایەک بۆ داکۆکیکردن بەکاربهێنین، تاوەکو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتەکان قایل بکەین بەوەی کە دەبێت چی بکرێت بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری، تەنانەت ئەگەر لە کاتیشدا دواکەوتبێت.
رووداو: پێویستە حکومەتەکان دوای بیستنی ئەم شایەتییانە چی بکەن؟
ئۆلێکساندرا ماتڤییچوک: ئێمە هێشتا راسپاردەکانمان رادەست نەکردووە، بەڵام ئەوەی لە سەرەتاوە بۆ من روونە ئەوەیە کە دەربڕینی هاوسۆزی بە تەنیا بەس نییە. ئێستا لە دۆخێکی زۆر سەیرداین؛ بە لایەنی کەمەوە هەندێک لە حکومەتەکان دان بە جینۆسایدی گەلی ئێزدیدا دەنێن، بەڵام هیچ ناکەن بۆ ئەوەی هاوکارییان بکەن تا بگەن بە دادپەروەری.
رووداو: بەپێی ئەزموونت لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چۆن دەتوانێت رێگری بکات لەوەی قوربانییان لەبیربکرێن؟
ئۆلێکساندرا ماتڤییچوک: وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە ئاسان نییە، چونکە ئێمەی ئۆکراینییەکانیش لە هەمان دۆخداین. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە سیستەمی ئاشتی و ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانێت خەڵک لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و شەڕ بپارێزێت و ناتوانێت دادپەروەریش دەستەبەر بکات. بۆیە ئەوەی لە ئەزموونی خۆمەوە دەیزانم ئەوەیە: کاتێک ناتوانیت پشت بە سیستەمی نێودەوڵەتیی ئاشتی و ئاسایش، یان هەندێک میکانیزمی یاسایی نێودەوڵەتی ببەستیت، هەمیشە دەتوانیت پشت بە مرۆڤەکان ببەستیت؛ هەر لەبەر ئەمەشە کە هەوڵەکان بۆ دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی نێودەوڵەتیی لەم شێوەیە بۆ دەرخستنی راستییەکان ئەوەندە بنەڕەتی و گرنگە.
رووداو: ئایا هیچ لێکچوونێک لەنێوان جینۆسایدی ئێزدییەکان و ئەوە دەبینیت کە ئێستا لە ئۆکراینا روودەدات؟
ئۆلێکساندرا ماتڤییچوک: نامەوێت بەراورد بکەم، چونکە ژیانی هەر مرۆڤێک گرنگە؛ بەڵام کاتێک باسی جەنگی دەستدرێژیکارانەی رووسیا دژ بە ئۆکراینا دەکەین، سروشتێکی جینۆسایدئامێزی هەیە. پووتین بە ئاشکرا دەڵێت: 'نەتەوەیەک نییە بە ناوی ئۆکراینا، زمانێک نییە بە ناوی زمانی ئۆکراینی و کولتوورێک نییە بە ناوی کولتووری ئۆکراینی.' ماوەی 12 ساڵیشە ئێمە بەڵگەنامە لەسەر ئەوە کۆدەکەینەوە کە چۆن ئەم قسانە بوونەتە کرداری تۆقێنەر لە ناوچە داگیرکراوەکاندا، چونکە رووسیا 20%ـی خاکی ئۆکراینای داگیرکردووە. بەڵێ، ئێمەش لە دۆخێکداین کە دەیان هەزار منداڵی ئۆکراینی لە خێزانەکانیان جیاکراونەتەوە و براونەتە کەمپەکانی 'پەروەردەکردنەوە' لە رووسیا؛ پێیانگوتراوە: 'ئێوە ئۆکراینی نین، ئێوە منداڵی رووسین، خێزان و دایکوباوکتان ئێوەیان رەتکردووەتەوە و لەلایەن خێزانی رووسییەوە هەڵدەگیرێنەوە تا وەک رووس پەروەردەتان بکەن.'
رووداو: دوایین پرسیارم، ئۆلێکساندرا: ئایا باوەڕت وایە کە هێشتا دەکرێت لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش بکرێت؟
ئۆلێکساندرا ماتڤییچوک: دەبێت ئەمە بکەین، پێویستە بیکەین؛ چونکە ناتوانین ئەم چیرۆکە بەبێ لێپرسینەوە کۆتایی پێبهێنین. ئەگەر وا نەکەین، دەبێتە هاندەرێک لە داهاتوودا تاوەکو تەواوی ئەم ترس و تۆقینە لە وڵاتێکی دیکەدا دووبارە ببێتەوە؛ دەبێت کۆتایی بە دەربازبوون لە سزا بهێنرێت. هیوادارم هەوڵە کەسییەکانی منیش بەشێک بن لە گەیشتن بەم ئامانجە زۆر گرنگە.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ کاتەکەت، زۆر سوپاس ئۆلێکساندرا.
ئۆلێکساندرا ماتڤییچوک: سوپاس بۆ بانگهێشتکردنتان.