عەلی باپیر: مافی خۆمانە ئەگەر پارە لە یەکێتی یان پارتی وەرگرین و پێمانبدەن سوپاسیان دەکەین

27-05-2021
هەوراز گوڵپی @Hawrazgulpi
هەوراز گوڵپی و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری
هەوراز گوڵپی و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری
نیشانەکردن عەلی باپیر کۆمەڵی دادگەریی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی رێککەوتن و وەرگرتنی پارە لە یەکێتی، شەڕی فەڵەستین و ئیسرائیل و هەڵوێستی حیزبەکەی لەو شەڕە، بوونی پەکەکە لە باشووری کوردستان و هۆکارەکانی لێکردنەوەی پاشگری ئیسلامی لە ناوی حیزبەکەی دەکات.
 
رووداو: ژمارەیەک لە کادیری کۆمەڵ لە دوای کۆنگرە زویر ببوون، توانیتان ئەو کادیرانەتان ئاشت بکەنەوە؟
 
عەلی باپیر: شتێکی ئاساییە لەدوای هەر کۆنگرەیەک، کۆبوونەوەو کۆنفرانسێک هەندێک خەڵک هەندێک شتیان بەدڵ نەبێت. لەنێو هەموو لایەنە سیاسییەکانیش هەروایە، ئێمە کە هەندێک گۆڕانکاریمان کردن، هەم ناوی حیزبمان گۆڕی لە کۆمەڵی ئیسلامییەوە بۆ کۆمەڵی دادگەری، ناونیشانی کەسی یەکەم لە ئەمیرەوە گۆڕا بۆ سەرۆک، لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاری دیکەشمان لە پەیکەری حیزبدا کرد. هەندێک لە ئەندامانمان پێیانوابوو کە ئەو گۆڕانکارییانە لە شوێنی خۆیاندا نین، یان پێیانوابوو کە کاتیان نەهاتووە، بەمەش تۆزێک نیگەران ببوون. بەڵام سوپاس و ستایش بۆ خودا پێم شک نایە هیچ کامیان مابن کە دڵیان چاک نەبووبێتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەوێ هەندێک روونکردنەوەمدا، دواتریش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا و هەم لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی پەیام و دوایی لەگەڵ NRT، روونکردنەوەماندا و بەرچاوی خەڵکمان بە گشتی و ئەندامانی خۆمان خوشک و برایانمان بە تایبەتی روونکردەوە، کە مەبەست لەو گۆڕانکارییانە زیاتر باوەش فراوانکردنی کۆمەڵە بۆ لەخۆگرتن و نزیکی لە خەڵکی زیاتر و لابردنی نێوان و سێوانێکی وەهمی لەنێوان ئێمە و خەڵکدا، کە خەڵک وانەزانێت ئەو ناونیشانە چوارچێوەیەکی قوڕقوشمییە بە دەوری خۆماندا دامانکوتاوە.
 
رووداو: هەر بە رژدیی ئەو ناوە (کۆمەڵی ئیسلامی) رێگر بوو لەوە؟
 
عەلی باپیر: پێموابوو کە جۆرێک لە بەربەستی دروستکردبوو بەڵێ، ئەگەر سەیر بکەن هەندێک لە لایەنە ئیسلامییەکان ئەوانەی کە ناونیشانی ئیسلامیان لەسەرە، کاتی خۆی لە جەزائیر، میسر و ئەملاو ئەولا هەندێک مومارەسەیان بووە بە بۆچوونی ئێمە و بە پێوەری شەرع هەڵەیە، بە تێپەڕاندن و پەڕگیری لە قەڵەم دەدرێن، بەهۆی ناونیشانەکەوە ئەو مومارەسە هەڵانەی ئەوان دەکەوتنە سەر ئێمەش. واتە ئێمە وەکو کوردەواری خۆمان دەڵێن، دەبووینە نەخواردووی لە سمێڵان مەییوو، باجی هەڵەی کەسانێکمان بەهۆی ناونیشانەکەوە دەدا، ئەوە سەبارەت بە دەرەوە. سەبارەت بە نێوخۆمانەوە دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆمەڵی ئیسلامیدا، کە کاتی خۆشی خۆمان ئەو ناوەمان لەخۆمان نابوو، بۆمان هەبوو چاو بەخۆماندا بگێڕینەوە و ناوێکی دیکە لەخۆمان بنێین و ناونیشانێکی دیکە هەڵبژێرین کە پێمانوایە لەگەڵ ئەو هەل و مەرجەدا گونجاوترە، هەر بەهەمان نێوەڕۆکی جارانەوە.
هەروەها خەڵکێکی دیکەش لەسەر ئاستی دەوڵەتان و لەسەر ئاستی هەندێک لە رێکخراوەکان و کەسایەتییەکانی بیانی، سەیر نەبوو کە لەناوەکەمان بسڵەمنەوە. چونکە لێکچوونی هەیە لەگەڵ ناوی خەڵکی دیکە. پاشان ئێمە میللەتەکەشمان کە میللەتێکی موسڵمانە زۆرجار دووچار یان رووبەڕووی ئەو پرسیارە دبووینەوە کە باشە میللەتێکی موسڵمانن، ئێوە وەکو لایەنێکی ئیسلامی چۆنە و بۆچی خۆتان جیاکردووەتەوە؟ جۆرێک لەخۆ جیاکردنەوەی تێدا هەبوو.. جێی خۆی بوو ئێمە دوای ئەو هەلومەرجەی کە کاتی خۆی ئەو ناونیشانەی بۆخۆمان هەڵبژارد، تێپەڕیوە. ئێستا لەبەر رۆشنایی واقیعی ئێستاماندا، چ واقیعی نێوخۆمان و دەرەوەمان ناونیشانێکی دیکە هەڵبژێرین.
دوای ئەوەی ئەو برا و خوشکانەمان کە جۆرێک لە بەرچاو لێڵییان بۆ دروست ببوو یان گومانێکیان بۆ دروست ببوو، کە رەنگە ئێمە دەستبەرداری کاری پرۆژەی ئیسلامی خۆمان ببین، کە چۆن ناونیشانمان گۆڕیوە نێوەڕۆکەکەشی بگۆڕن، دوای ئەوەی کە دڵنیامان کردنەوە کە نەخێر نێوەڕۆ بەو واتەیە کە ئێمە پابەندین بە ئیسلام و شەریعەت و قورئان و سوننەت، بەڵام شێوەی مامەڵەمان لەگەڵ کۆمەڵگە و خەڵکدا گۆڕیوە.
 
رووداو: واتە هیچ شتێکی نێوەڕۆکی لە کاری کۆمەڵی دادگەریدا ناگۆڕێت؟
 
عەلی باپیر: جارێ نەگۆڕدراوە، دەگونجێت بیگۆڕین ئەوەی کە شەریعەت رێگەبدات، لە شەریعەتدا نەگۆڕەکان و گۆڕاوەکانیشمان هەن، نەگۆڕەکان ئەوانەن کە خوای گەورە دایناون و نابێت دەستکاری بکرێن (الحلال بين والحرام بين)، ئەمە لە هەموو رەهەندەکان هەروایە، بەڵام هەندێک شت گۆڕاون، بەپیی گۆڕانی هەل و مەرجەکان دەبێت ئەوانە بگۆڕیت، ئەگەرنا  لە واقیعەکە بەجێ دەمێنیت. پێغەمبەریش (د.خ) وایکردووە، بۆ نموونە دەفەرمووێت: " كُنْتُ نَهَيْتُكُمْ عَنْ زِيَارَةِ الْقُبُورِ، أَلا فَزُورُوهَا، فَإِنَّهُ تُذَكِّرُ الآخِرَةَ". دەفەرمووێت سەردانی گۆڕستانم لێ قەدەخە کردبوون، بەڵام ئێستا پێتان دەڵێم سەردانی گۆڕستان بکەن، چونکە رۆژی دواییتان دەخاتەوە یاد. پێشتر بۆیە لێی قەدەخەکردوون، لەسەردەمی نەفامی و کوفر و شیرکەوە نزیک بوون، نەوەک بچن لە قەبرەکان بپاڕێنەوە و تووشی شیرک ببن. بەڵام دوای ئەوەی کە ئیمان و تەوحید لە دڵیاندا چەسپاوە فەرمووی ئەوجا بچن. چەند شتێکی دیکەش لە ژیانیدا هەبووە کە پێشتر رێی لێگرتوون، بەڵامی دواتر بواری پێداون.
ئەمە لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ واقیعدا، زانایانی ئیسلام دەڵێن، لە بواری هەڵسوکەوتەکاندا بناخە بریتییە لە هێنانەدی بەرژەوەندی چەسپاندنی دادگەری لە بواری هەڵسوکەوتەکاندا. (الأصل في المعاملات الإباحة) رەواییە، بەڵام ئەسڵ لە عیبادەتدا بریتییە لە رێ لێگیران، دەبێت پابەندبیت بە شەریعەتەوە، خودا چۆنی داناوە دەبێت ئاوا مامەڵە لەگەڵ خودا بکەین، بەڵام بۆ مامەڵەی نێوخۆمان دەستمان ئاوەڵاو کراوەیە، گرنگ ئەوەیە بەرژەوەندی بێتەدی و دادگەری بچەسپێت.
 
رووداو: ئامانجی ئێوە وەکو کۆمەڵی دادگەری چییە؟ دەتانەوێت دەوڵەتێکی ئیسلامی لە کوردستان و عێراق دابمەزرێنن؟
 
عەلی باپیر: لەو کۆنفرانسەی کە بۆ دەستوور کرابوو لەلایەن زانکۆی کوردستانەوە، گوتم من ئێستا نامەوێت حکومەتێکی ئیسلامی دابمەزرێنم. جارێ من ئەسڵەن پێموایە دەوڵەتەکەی کە پێغەمبەریش (د.خ) دایمەزراندووە، ناونیشانی ئیسلامی لەسەر نەبووە، ئەو قەوارە سیاسییەی کە پێغەمبەر(د.خ) بونیادی ناوە، لەکوێ بونیادی ناوە؟ لە کۆچکەران و پشتیوانان و پێکهاتەکانی دیکەی کە لە مەدەینەدا بوون، کە هەندێک لە هاوبەش بۆ خوا دانەرەکان بوون تا ئەوکاتیش هەر موشریک بوون، هەندێکیان چووبوونە حاڵەتی نیفاقەوە، خۆیان بە موسڵمان پیشان دەدا، بەڵام هەر موشریک بوون، لە سێ تیرە سەرەکییەکەی جولەکە بە بەنی نوقاع، بەنی نەزیر و بەنی قوڕەیزە، پێغەمبەر(د.خ) قەوارەیەکی سیاسی لێ بونیادنان لەسەر بناخەی سەحیفە وەسیقەیەک کە لەجێی دەستووری ئێستایە.
واتە قەوارەی سیاسی یەکەم کە پێغەمبەر(د.خ) بونیادی نا، بە زاراوەی ئەمڕۆ قەوارەیەکی سیاسی پرۆلار-هەمەجۆر-فرە پێکهاتە بوو، ئەو قەوارە سیاسییەش هیچ ناوێکی نەبوو، هەر قەوارەی سیاسی بوو. دواییش لەسەردەمی چوار خەلیفەکەی راشدین، ئەبوبەکر، عومەر، عوسمان و عەلی خودا لێیان رازی بێت، دوایی حەسەنی کوڕی عەلی خوا لێی رازیبێت، دیسان ئەو قەوارەیە هەر قەوارەیەکی سیاسی بوو، بەڵام دواتر مێژووە دەینووسێت دەوڵەتی نەبەوی یان دەوڵەتی خیلافەتی راشیدە، بەڵام خۆیان هەر قەوارەیەکی سیاسی بوونە.
بەڵێ ئێمەش کار بۆ ئەوە دەکەین، ئامانجی دوورو ستراتیژیمان ئەویە، بە هاوکاری لەگەڵ خەڵکەکەمان سەرئەنجام شەریعەت بکەینە کاڵای باڵای وڵاتەکەمان، خەڵک و کۆمەڵگەکەمان.
 
رووداو: ئێستا وانییە؟
 
عەلی باپیر: بەدڵنیایی وانییە، ئێستا هەندێک لە درووشمەکانی خواپەرستی و دینداری هەن ئەوانەی پەیوەندییان بە تاکەکان و کۆمەڵگەوە هەیە، بەڵام بێگومان لە بواری سیاسی، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و پەیوەندییەکان ناگەڕێنەوە بۆ شەریعەت.. هەندێک شت هەیە کە دەرهاویشتەی ئەوەیە خەڵکەکە بۆخۆی موسڵمانە، بەڵام دەسەڵاتە سیاسییەکە، ئەسڵەن چینە سیاسییەکەمان ئێمە دەچین بۆ کۆبوونەوە دوای هەندێکمان هەڵدەستین بە غەریبی نوێژەکەی خۆمان دەکەین، بەڵام برادەرانی دیکە یان ئەگەر خوشکانیشیان لەگەڵدا بێت خۆیان بە بەرپرسیار نازانن نوێژەکەمان لەگەڵدا بکەن. هەر لە نوێژەوە بیگرە تا هەموو شتکەکانی دیکە، کە شتی شەخسین، بەڵام لە رەهەندەکانی دیکەش لە بازاڕی ئێمە ماددە سەرخۆشکەرەکان دەفرۆشرێن، لە وڵاتی ئێمە زۆر شتی ناشەرعی هەیە، زوڵم و ستەم هەیە، لە رووی ئابوورییەوە قڕی و پڕی و چینایەتی هەیە.. زۆر کەس وادەزانێت شەریعەت پیادە بکرێت تەنیا سەرپۆشان بۆ ئافرەتان زیاد دەکرێت، ئەگەر شەریعەت پیادە بکرێت پێش ئەوە ملی ملیاردێرەکان دەگرێت لە حیزب و خزم، دەڵێ وەرە ئەو هەموو پارەو ئیمکانیەتەتان بۆ بەسەر یەکەوە ناوە لەسەر حیسابی رەش و رووتکردنی خەڵک؟ پاشان ملی ئەو دەسەڵاتە سیاسییە دەگرێت و دەڵێ وەرە تۆ بۆچی کەسانێک کە دەیانەوێت رەوشتی خەڵک داڕووتێنن و بڕووخێنن رێگایان پێدەدەی، کەناڵیان بۆ دەکەیەوە و پاڵپشتیان دەکەی و پارەیان پێدەدەی، بەڵام بۆچی کەسێک کە رەخنەت لێدەگرێت زیندانی دەکەی و سیناریۆی بۆ دروست دەکەی؟ واتە ئیسلام بە زوڵم زۆر قەڵسە، ستەمی سیاسی بێت، ئەمنی بێت، ئابووری بێت، کۆمەڵایەتی بێت. لە رووی ژێرخانی ئابوورییەوە هەموو کەس دەزانێت کە ئەم هەرێمە بووەتە بازاڕی ساخکردنەوەی کاڵای وڵاتانی دیکە.
ئێمە 30 ساڵە خاوەنی ئەو قەوارە سیاسییەین، باشە بە 30 ساڵ، ئەو هەموو ئیمکانیەتە، ئەو هەموو ملیار ملیارانە هاتوونەتە دەستی ئێمە، ئەگەر بەدەستێکی ئەمینەوە بوونایە، ئەگەر ئەو سەرەوەت و سامانەی کە دەهات بەشێوەیەکی دەستپاکانە مامەڵەیان لەگەڵدا کرابووایە، ئایا بایی ئەوەی نەدەکرد ئێمە ئێستا ژێرخانێکی ئابووریمان هەبێت؟ جادەو رێگاوبانمان، لە رووی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری، لە رووی کارگە و بەرهەمی خۆماڵی خۆمان هەبێت، گەنج و لاوەکانمان بێکار نەبن لەبەر بێکاری بچنە دەرەوە و سەری خۆیان هەڵبگرن. واتە لە زۆر رووەوە زوڵم و ستەم و بێدادی هەیە، ئەگەر شەریعەت پیادە بکرێت پێش هەموو شتێک لەوە دەپێچێتەوە، چونکە لە ئەنجامی هەبوونی ستەم خەڵک پەنا دەباتەبەر بەکارهێنانی ماددە سەرخۆشکەرەکان کە قەدەخەن و نابێت رێگایان پێبدرێت، بەڵام نێرگەلەکێشان و جگەرەکێشان و ئەوانە شەریعەت ئامۆژگاری خەڵک دەکات و دەبێت خەڵک بەرچاوی رۆشن بێتەوە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتە سیاسییەکە خەڵک پەروەردە ناکات و خەم لە خەڵک ناخوات پەروەردەیان بکات لە رووی ئیمانی، روحی، رەوشت، رەفتار، زانیاری و مەعریفی کە خەڵک بەرچاوڕوون بێت و شارەزابێت.
مەبەستم ئەوەیە کە باسی بونیادنانی قەوارەیەک دەکرێت، مەرج نییە ناونیشانی ئیسلامی لەسەر بێت، بەڵام دەبێت نێوەڕۆکەکەی بریتی بێت لە پابەندی بە شەریعەت، کە باسی پابەندیی شەریعەتیش دەکرێت، نابێت یەکەسەر بیر بکەینەوە لەسەر کۆشی ئافرەتان و رێگرتن لە مەی خۆری و هەندێک شتی دیکە، بەڵکو پێش ئەوانە دەبێت بیر بکرێتەوە لەوەی دادگەری بچەسپێت و زوڵم و ستەم نەمێنێت، زوڵم و ستەمی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، ئازادی فەراهەم ببێت، نەک ئەو ئازادیەی کە چۆن رەوشتی خەڵک تێکدەدی تێکیدە.. بەڵام رەخنە لە دەسەڵات مەگرە، نەخێر پێش هەموو شتێک ئازادی بەرامبەر بە دەسەڵات.
 
رووداو: ئەو دەوڵەتەی جەنابت باسی دەکەی، پێتوایە تا ئەوکاتە حەزرەتی مەهدی دێتە خوارەوە بێتەدی؟
 
عەلی باپیر: بەڵێ، من پێموایە ئەگەر ئیرادە هەبێت، ئەگەر راست بکەین لەگەڵ درووشمەکانی خۆمان، ئەو چینە سیاسییەی کە ئێستا هەیە لەو وڵاتەدا، ئەگەر راستدەکات لەگەڵ ئەوەی کە باسی مافی مرۆڤ، ئازادی بیروڕا و دیموکراسی دەکات، ئەگەر لەگەڵ ئەو درووشمانە راست بێت، بەڵێ ئیرادە و هاتنە دەری دەوێ لەو قاوخ و قەپێلکە بچووکانەی خۆمان تێخزاندوون و دەست و پێیان بەستووین، دەبێت لەو قاوخ و قەپێلکانە بێینە دەر و بێینە نێو فەزای فراوانی نێو کۆمەڵگە و نیشتمان، هەروەها مرۆڤبوون و هاووڵاتیبوون بە پێوەر وەربگیرێت، نەک حیزبیبوون و ئینتمای حیزبی و سیاسی. کە ئەمانە هەمووی لە ئەلف و بێی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤن بە زاراوی ئەو خەڵکە. لە راستیدا شەریعەتیش هەرچی فەرمانی پێکردووە لەبەرژەوەندی خەڵکدایە و هەرچی قەدەخەی کردووە لە زەرەری خەڵکدایە، بەڵام هەموو ئەوە دەبێت خەڵکی بۆ پەروەردە و بەرچاوڕوون و ئامادە بکرێت و دەبێت زەمینەسازی بۆ بکرێت.
من پێموایە دروستکردنی قەوارەیەک کە شەریعەت پیادە بکات، بە بڕیارێکی فەوقی و یەک تەکان نابێت، بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەنە دەبێت بە تەدریج پلە بە پلە خەڵک ئامادە بکرێت، چینە سیاسییەکە و بڕیاربەدەستەکانیش دەبێت لەگەڵ درووشم و شیعارەکانی خۆیان راست بکەن و خۆیان بپارێزن لەوەی قسەی چاک بۆ خەڵک هەن، بەڵام کردەوەی خراپیان پیشان بدەن.
 
رووداو: پەیوەست بە شەڕی فەڵەستین و ئیسرائیل، لە شەقامی کوردی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا مشتومڕێک لەسەر ئەو شەڕە دروستبوو، هەیە هاوسۆزی بۆ لایەنی فەڵەستینی پیشانداوە هەشە هاوسۆزی بۆ لایەنی ئیسرائیلی پیشانداوە بەو بیانووەی کێشەی قودس و فەڵەستین، کێشەی ئێمەی کورد نییە. چۆن لەو تێگەیشتنە دەڕوانن؟ ئایا کێشەی قودس و فەڵەستین کێشەی ئێمە نییە وەکو کورد؟
 
عەلی باپیر: سوپاس بۆ خودا ئاگربەست راگەیێندرا، ئەویش پێموایە دوای ئەوەی قەوارەی زایۆنی فشارێکی زۆری کەوتەسەر، نەک هەر فشاری نێودەوڵەتی.. لە ئەنجامی ئەو مووشەکانەی کە حەماس و جیهادی ئیسلامی ئاراستەیان دەکردن، فشارێکی زۆریان کەوتەسەر. بەهەرحاڵ ئێستا ئاگربەست راگەیێندراوە ئەگەر دووبارە تێهەڵنەچێتەوە. ئەمە جێگەی دڵخۆشیبوو هەم بۆ ئێمە و ئەو خەڵکانەی ئەو شەڕەیان بە ماڵوێرانکەر دەزانی، بەتایبەت کەرتی غەززە بۆ خۆی لەڕووی جوگرافییەوە 40 بە 12 کیلۆمەترەو پانتاییەکی بچووکی هەیە ئەو هەموو ئاگر و ئاسنەشی بەسەردا دەبارێندرا، کە وێرانکارییەکی زۆر و ئاوارەیەکی زۆری لێکەوتەوە وێڕای کوژرانی 200-300 کەس خودا بە شەهیدی وەرگرتبن لەگەڵ چەند هەزار بریندارێکیش.
بە نیسبەت ئەوەش کە دەگوترێت ئەو شەڕە پەیوەندی بە گەلی کوردەوە نییە، من ئەو بۆچوونەم پێ هەڵەیە لە دوو سێ رێگەوە. یەکەم لەو رووەی کە ئایا فەڵەستینییەکان مرۆڤ نین؟
 
رووداو: خۆ جووەکانیش مرۆڤن؟
 
عەلی باپیر: دەزانم، بەڵام هەمیشە ئیسلام لەگەڵ مرۆڤە مەزڵوومەکاندایە و دژی مرۆڤە زاڵمەکانە، هەموو کەس دەزانێت قەوارەی زایۆنی لە ساڵی 1948 لەلایەن بزووتنەوەی زایۆنیزمەوە کە کاتی خۆی (تیۆدۆر هێرتزل) دایمەزراند لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم، ئەو قەوارە دروستکرا بە دەست لەپشتدانی ئەمریکا و فەرەنسا و دواتر بەریتانیا و یەکێتی سۆڤیەت.
کەواتە ئەو قەوارە سیاسییە لە بنەڕەتدا بە شێوەیەکی ناڕەوا دروستکرا لەسەر خاکی گەلێکی دیکە. ئێمە دەڵێین گەلی جوولەکە وەکو هەر گەلێکی دیکە مافی خۆی هەیە، ئەگەر ئەوان کاتی خۆی پێش ئەوەی قەوارەکە دروست بکرێت 12٪ی خەڵکی فەڵەستینیان پێکدەهێنا، هەرچەندێک بن مافی خۆیانە لەو وڵاتەدا بژین، بەڵام نەک قەوارەیەک دروست بکەن لەسەر حیسابی خەڵکی دیکە.
یەکەم، کەواتە ئێمە فەڵەستینییەکان بە مرۆڤی مەزڵووم دەزانین لەڕووی مرۆڤایەتی دەبێت لەگەڵیاندابین، ئەگەر لەگەڵ درووشمەکانی مرۆڤ راست دەکەین. دووەم، وێڕای ئەوەی فەڵەستینییەکان موسڵمانن و هاودینمانن. سێیەم، کاتی خۆشی سەر زەمینی فەڵەستین ئەیوبییەکان، سەلاحەدینی ئەیوبی بە هاوکاری میللەتانی دیکەش کە لە ریزی سوپاکەی سەلاحەدیندابوون، ئازادکراوە.
پاشان گەلی فەڵەستین بەپێی ئاگاداری و زانیاری من، زۆربەی سەرکردەکانی خەباتی رزگاریخوازی کورد چ باشوور، چ باکوور و چ سووریا تا راددەیەک رۆژهەڵاتی کوردستانیش کەم و زۆر کۆنتاکت و پەیوەندییان هەبووە لەگەڵ سەرکردایەتی فەڵەستین بە هەموو بەشەکانییەوە، چونکە هاوخەم بوونە، وەکو چۆن کورد نیشتمانەکەی داگیرکراوە، فەڵەستینییەکانیش نیشتمانەکەیان داگیرکراوە.
 
رووداو: بەڵام ئەوەی ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک خەڵکیش لە شەقام باسی دەکات، ئەوەیە بۆ نموونە لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو هێرشانەی کراونەتە سەر خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رابردووشدا ئەو ستەم و هێرشانەی کە کراونەتە سەر کوردان لە باشووری کوردستان لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراقەوە، فەڵەستینییەکان هەڵوێستێکی لەو شێوەیە یاخود هاوسۆزییەکیان وەک ئەوەی ئێستا لە کوردستانەوە هەیە بۆ فەڵەستینییەکان، ئەوان نەیانبووە؟
 
عەلی باپیر: ئەگەر نەیانبووبێت کەمتەرخەم بوون، بەڵام من بیستووشمە کە هەڵوێستیان هەبووە، وەکو چۆن کەسێک کە دەتوانێت بەڵگە بهێنێتەوە بڵێت نەخێر نەبووە، بەڵام گرتە ڤیدیۆش هەیە ئەوانیش هەڵوێستیان هەبووە. تۆ دەبێت بارودۆخی ئەوانیش لەبەرچاو بگریت، بارودۆخی ئەوان، بزانیت تا چ راددەیەک دەستیان کراوە بووە و دەرفەتیان هەبووە، دەبێت ئەمانە هەمووی بخوێنییەوە، بەڵام گریمان هیچیشیان نەکردبێت، خۆ بە دەنگەوە هاتن لەسەر یەکدی و مەزڵووم نەبەستراوەتەوە بەوەی ئەو مەزڵوومە دوێنێ هاوکاری منی نەکردووە، منیش ئەمڕۆ قسەیەکی هەقی لەبارەوە ناکەم.. من پێموایە چاکە بە بەرامبەر ناکرێت، دەبێت بە بەهاکانەوە پابەند بین. پاشان ئێمە خەڵکێکی موسڵمانین خوای گەورە چیمان پێ دەفەرمووێت، لە (سورة النساء)دا دەفەرمووێت: " وَمَا لَكُمْ لَا تُقَاتِلُونَ فِي سَبِيلِ اللَّهِ وَالْمُسْتَضْعَفِينَ". بۆچی لەپێناوی خودا جەنگ ناکەن و لەپێناوی چەوسێندراواندا؟ نەیفەرمووە چەوسێندراوی موسڵمان، هەر چەوسێندراوێک.
ئەگەر فەڵەستینییەکان ستەمیان لە جوولەکەکان کردبا، من هەر بەرگریم لە مەزڵووم دەکرد با جوولەکەش بێت، چونکە ئایاتەکە وا دەفەرمێت.
ساڵی رابردوو ئەو رەشپێستەی لە ئەمریکا کوژرا پێیان لەسەر دانا تاوەکو گیانی دەرچوو، خەڵک هەمووی لەگەڵیدا هاوسۆز بوو، چونکە مەزڵووم بوو ئێمەش دەبێت لەگەڵ مەزووڵمدابین. بەهاکان نابێت جیاکاریان لەنێواندا بکرێت، ئێمە دەبێت لەگەڵ مرۆڤە مەزووڵەمەکاندابین، لەگەڵ مافی هەر خاوەن مافێکدابین و دژی ستەم بین. 
 
رووداو: ئێوە دەڵێن قودس و فەڵەستین داگیرکراون، ئەی کوردستان داگیرکراو نییە بە هەرچوار پارچەکەیەوە؟
 
عەلی باپیر: با، سەتان جار گوتوومانە و ئێستاش دووبارەی دەکەینەوە، بەڵی کوردستان لەمێژە داگیرکراوە، بەڵام لەلایەن کێوە داگیرکراوە؟ وەکو چۆن قودس و فەڵەستین لەلایەن جۆڵانەوەی زایۆنیزمەوە داگیرکراوە بە دەست لەپشتدانی ئەمریکا و زلهێزان، کوردستانیش داگیرکراوە لەلایەن سایکس پیکۆوە، پەیمانی سایکس پیکۆ کە لە ساڵی 1916 لە نێوانی فەرەنسا و بەریتانیا و رووسیا بەسترا، دوایی ئەو کوردستانە دابەشکراوەیان هەر پارچەیەکیان لکاند بە وڵاتێکەوە، بەشێکی بە تورکیاوە باکوور، بەشێکی بە ئێرانەوە، بەشێکی بە عێراق و بەشێکیشی بە سووریاوە. کەواتە راستە کوردستانیش داگیرکراوە، بەڵام لەلایەن کێوە داگیرکراوە؟ لەلایەن زلهێزانەوە، دراوە بە کێ؟ بەو چوار دەوڵەتە. ئەو چوار دەوڵەتەی گلەیی ئەوەیان لێدەکرێت کە بۆچی تەکریسی ئەو واقیعە زاڵمانەیان کرد؟ بەڵام ئەسڵی گلەییەکە لە زلهێزانی ئەوکات دەکرێت. بەڵێ کوردستانیش دابەشکراوە وەکو گۆشتی خێر بەخشراوەتەوە، من کتێبێکی تایبەتم لەوبارەیەوە نووسیوە بەناوی (سۆزی نەتەوایەتی و بیری ناسیۆناڵیزم لە رووانگەی ئیسلامەوە)، نامیلکەیەکیشم هەیە لەسەر ئەوەی کوردستان بۆ داگیرکرا و چۆن داگیراکرا و چۆن رزگار دەکرێت؟ راستە ئەو ستەمەی کە لە کورد کراوە من بە فەڵەستینییەکانیشم گوتووە، ئەو ستەمەی کە لە کورد کراوە گەورەترە لەو ستەمەی لە ئێوە کراوە. جەنابی خالید مەشعەل و رەمەزان شەلەح و ئەوانەم بینیوە، گوتوویانە چۆن؟ گوتوومە ئێوە بەشێکن لە گەلی عەرەب و نەتەوەی عەرەب، ئەگەر ئێرەتان لێداگیرکراوە دەتوانن بچن بۆ وڵاتانی دیکە، بەڵام کورد کە نیشتمانەکەی داگیرکراوە هیچ شوێنێکی دیکەی نییە بۆی بچێت، بۆیە ئەو ستەمەی لە ئێمە کراوە لە هەموو نەتەوەی کورد کراوە، بەڵام ئەو ستەمەی لە ئێوە کراوە لە بەشێک لە نەتەوەی عەرەب کراوە. هەڵبەتە دۆزی فەڵەستین یەک رەهەندی دینیشی هەیە، کە پەیوەندی بە هەموو ئومەتەوە هەیە، ئەویش ئەوەیە لە فەڵەستین مزگەوتی ئەقسای لێیە قودسی لێیە، مزگەوتی ئەقسا پێی دەڵێن (اولى القبلتين و ثالث الحرمين)، یەکەمین رووگەی موسڵمانان و پێغەمبەر(د.خ) بەر لەوەی روو بکاتە کەعبە رووی دەکردە بەیت مەقدیس، دوایی رووی پێ وەر سووڕێندرا بەرەو کەعبە، پاشان سێیەمین حەرەمە کە پێغەمبەر(د.خ) دەفەرمووێت نوێژێک لە مزگەوتی حەرام بە 100 هەزار نوێژە، واتە خێری 100 هەزار نوێژی هەیە، نوێژێک لە مزگەوتی من بەرامبەر بە هەزارە، نوێژێک لە مزگەوتی ئەقسا بە 500ـە. لە فەرمایشتی پێغەمبەر(د.خ)دا هاتووە کە بە نیەتی عیبادەت تەنیا بۆ ئەو 3 مزگەوتە دروستە توێشەبەرە تێکبنێیت و گەشت بکەیت، چونکە لەو سێ مزگەوتەدا خواپەرستی پاداشتی زیاترە، کەواتە لەو رەهەندە دینییەوە ئەو ئەقسا و قودسە قەزیەی هەموو موسڵمانانیشە.
 
رووداو: بۆچی لە ئەدەبیات و راگەیاندنی خۆتاندا دەڵێن فەڵەستینی داگیرکراو، بەڵام ناڵێن کوردستانی داگیرکراو؟
 
عەلی باپیر: قیادە عەلمانییەکە ئەوەندە شەرم دەکات، یان ئەوەندە دەیەوێت ماستاو بکات بۆ زلهێزان کە پێی عەیبە پێشیان بڵێت ئێوە وڵاتی ئێمەتان داگیرکردووە، ئێوە دابەشتان کرد و وەکو گۆشتی خێر بەشتانکردووە لەسەر فارس و عەرەب و تورک، پێیان عەیبە ئەوەش بڵێن، کە لە ئەسڵدا سایکس پیکۆ کێ واژۆی کرد؟ کە ئەوکات عەرەب و فارس و تورکیش لەژێر رەحمی زلهێزاندابوون. هەموو نیشتمانی ئیسلامی دابەشکرا لەنێویدا نیشتمانی کوردیش، بەڵێ کوردستان زەوتکراوە دابەشکراوە، بەڵام لای کێوە؟ لەلایەنی زلهێزانەوە دراوە بەو میللەتە دراوسێیانەمان کە بەداخەوە ئەوانیش تەکریسی ئەو واقیعە زاڵمانەیان کردووە، کە لەوەدا ئەوان گوناهبار و تاوانبارن، کە مافێکی کەمیش بەو بەشەی کوردستان نادەن کە لکێندراوە بە وڵاتەکەی ئەوان. ئۆتۆنۆمییەکی راستەقینە، فیدراڵییەک، بەو شێوەیەی کە خەڵکەکە داوای دەکات پێویستە لە رێی دانوستان و وتوێژەوە لەگەڵیان بگەنە لێکتێگەیشتنێک نەک پەنا ببەنە بەر ئاگر و ئاسن کە بەداخەوە تاوەکو ئێستا بەو شێوەیە بووە.
 
رووداو: پەیوەست بە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پەسندکردنی بودجە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە. چۆن دەڕواننە جێبەجێ نەبوونی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بودجە، کە تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە؟
 
عەلی باپیر: راستیەکەی من لەسەرەتاوە پێشبینی ئەوەم دەکرد کە گرفت و کۆسپی تێبکەوێت. ئەگەرچی بە وردی لێم نەکۆڵیوەتەوە، بەڵام من پێموایە کە لە هەرێمەوە پێویستە پابەندیی باش هەبێت، حیسابی ئەوە بکرێت کە ئەگەر لێرە ئێمە راست و دروست مامەڵە نەکەین، پێمانوانەبێت ئەوان بێزانیارین.
من ئەوکاتە مەترسیی ئەوەم هەبوو، بەپێی زانیاریی من شتی قاچاخ ئێستاش زۆر دەهێندرێت، نازانم ئێستا رێژەکەی چەندە، بەڵام شتی قاچاخ لە سنوورەکانەوە دەهێندرێت. من کە ئەو زانیاریانەم هەبێت کە کاری من نییە، تۆ بڵێی ئەوان خەڵکێکی تایبەتیان دانەنابێت بۆ ئەو مەبەستە.. کاتێک ئەو شتانە بە قاچاخی دەهێندرێن مانای ئەوەیە ناخرێتە سەر ئەو حیسابەی کە ئەوان دەڵێن دەبێت نیوەی داهاتی گومرگ و باج بدرێتەوە بە بەغدا یان ئەوێی لێ ئاگادار بکرێتەوە. ئەوەش وەکو گرفت و کەموکوڕی خۆمان لە کوردستان، لەوێش بە تەئکید کەسانێک هەن کە کەیفیان بەوە نایێت ئەو هەرێمە ئۆقرەیی و ئارامی هەبێت و بێ گرفت و کێشە بێت، ئەمە گومانی تێدا نییە خەڵکی لەوێش هەیە. بەڵام ئێمە دەبێت ئاگامان لە هی خۆمان بێت.
پێموایە ئەگەر بە رێکوپێکی مامەڵە بکرێت، سنوورەکان و گومرگەکان کۆنترۆڵ بکرێن و شتی قاچاخیان لێوە نەهێدرێت و رێگە لە باندەکان بگیرێت. کە رۆژێک گوێم لە بەرپرسێکی ئەو وڵاتە بوو دەیگوت دەبێت لیژنەیەک دابنێین بۆ رێگرتن لە شت بە قاچاخ هێنان، منیش گوتم جا ئەوە پێویست بە لیژنەدانان ناکات، هەر بەرپرسانی ئەو وڵاتە قاچاخی نەکەن کەس نایکات، بۆ پێتوایە خەڵکێکی هەژار دەچێت قاچاخی دەکات، یان برای بەرپرسێکە یان خزمی بەرپرسێکە، یان حیزبی بەرپرسێکە، ئەوانەن دەتوانن دەست بگەیێننە شتی قاچاخ و لە سنوورەکان بیهێنن. بۆیە لێرەوە دەبێت تۆ دۆخەکەی خۆت رێکبخەیەوەو چاکی بکەی و بێ عەیبی بکەی، ئینجا بچی بەبێ منەتی قسە لەگەڵ بەغدا بکەی، بڵێی کاکە فەرموو ئەوە حیساب و کتابی من، فەرموو ئەوەی لەسەر تۆشە تۆش ئەدای بکە. بەڵام من پێموایە تا ئێستا لێرە کەموکوڕی هەیە بە دانپێدانانی بەرپرسانی ئەم وڵاتە هی هەردوو دەڤەرەکەش ئێستاشی لەگەڵدابێت رۆژانە شتی قاچاخ دەهێندرێت، هەندێک کەس هەیە رەنگە بە چەند ملیۆن دۆلار پارە بچێتە باخەڵییەوە یان باخەڵی حیزبەکەی و باندەکەی. دیارە بەغدا لەوبارەیەوە بێ زانیاریی نییە، وەکو گوتم خەڵکێکیشان هەیە کینەی لەدڵدا هەیە و کەیفی بەوە نایێت ئەو هەرێمە بێ گرفت و کێشە و ئارام بێت و پێویستی بە بەغدا نەبێت.
لەو کۆنفرانسەی لەبارەی دەستووریش بەسترا باسی ئەوەم کرد، کە حەیفە بۆ وڵاتێکی وەکو هەرێمی کوردستان کە ئەو هەموو نەوتە دەفرۆشین و ئەو هەموو داهاتە نێوخۆییەمان هەیە، ئەو هەموو باج و خەراجە کۆدەکەینەوە، لەسەر سنوورەکان ئەو هەموو شتە دەهێندرێت، کەچی ئێمە شاند بنێرین چەند مانگ لەوێ چاوەڕێ بکەن چاو لە لووتف و مەرحەمەتی بەغدا بکەن، دەبوایە ئیمکانیەتی ئەو وڵاتە بە دەستێکی ئەمینەوە بێت و پێداویستییەکانی خەڵکی ئەو وڵاتەی پێ جێبەجێ بکرێت، نەک هەندێک خەڵکی پێ بکرێتە ملیاردێر و خەڵک و کارمەندان و مامۆستایان رەش و رووت بێت، سەرئەنجام ناچاربین بچین لەبەر بەغدا بپاڕێینەوە.
 
رووداو: پەیوەست بە بابەتی هێرشە مووشەکییەکان بۆسەر هەولێر لە ماوەی رابردوودا، کە تاوەکو ئێستا چوارجار هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر بنکەی ئەمریکییەکان لە شاری هەولێر، چۆن لەو بابەتە دەڕوانن؟
 
عەلی باپیر: بڕوا بکەن زانیارییەکی وردم لەوبارەیەوە نییە، نازانم ئەگەر کەسێک زانیاریی هەبێت. دیارە پەنجەی تۆمەت بۆ حەشدی شەعبی درێژ دەکرا، هەندێکجار بۆ ئێران و بۆ ئەملاو ئەولا. لە راستیدا من زانیاریی وردم نییە، بەڵام بێگومان هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی ئەمریکا لەنێو هەرێمی کوردستان بە زیانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت، بۆیە پێویستە هەرێمی کوردستان قسەی زۆر جیددی بکات، لەگەڵ ئەو هێزانەی کە سەر بە حکومەتی ناوەندین دەبێت کۆتایی پێبهێندرێت، چونکە ئەمە زیانی زۆر بە سومعەی و ئیعتباری هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت، بە سەقامگیرییەک کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بە متمانەیەک کە بەو هەرێمی کوردستانە کراوە. ئەو هەموو کۆنسوڵگەری و نێوەندە نێودەوڵەتییانەی لە هەرێمی کوردستان و بە تایبەت لە هەولێر هەن، بێگومان نیشانەی پرسیاری زیاتر دەخەنە سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە هەرێمی کوردستان پێویستە ئەو قەزیەیە زۆر بە جیددی وەربگرێت و قسەی جیددی بکات، لەگەڵ حەشدی شەعبی، لەگەڵ حکومەتی ناوەند، لەگەڵ ئێران و هەر کەسێک هەیە کە پێیوایە دەست لە پشت ئەو مووشەکبارانەوە وەیە.
 
رووداو: پێتوایە دووبارە دەبنەوەو بەردەوام دەبن؟
 
عەلی باپیر: هیچ گرەنتییەک نییە دووبارە نەبنەوە، وەک چۆن لە رابردوودا هەبووە، چوار جار ئەو هێرشانە کراون رەنگە ببێتە پێنج و شەشیش.
 
رووداو: دۆخی کورد لە ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان زۆر خراپە، بۆچی ئێوە لەو ناوچانە بێدەنگ و بێ چالاکین؟
 
عەلی باپیر: نەدەبوو بێ دەنگ و بێ چالاکی بین، بەڵام دیارە دەنگ و چالاکییەکە هی کەسانێکە کە دەسەڵاتیان هەیە هەژموونی سیاسی و یاسایی و سەربازییان هەیە و هێزیان بەدەستەوەیە. نابێت بێدەنگ بین، راست دەفەرمووی من پێموایە هەندێک لە ناوچە دابڕێندراوەکان بوونە قوربانی و کوشتەی کێبڕکێی سیاسی نێوانی پارتی و یەکێتی، کە هەندێک شوێن رەنگە پارتی بە هی یەکێتی بزانێت و هەندێک شوێنیش یەکێتی بە هی پارتی بزانێت، کە ئەوە دەردێکی لەمێژینەی ئێمەیە.
 
رووداو: هۆکاری بێدەنگبوونەکەتان چییە؟
 
عەلی باپیر: بێدەنگ نەبووین، بەڵام وەکو گوتم ئێمە قسەکەمان کەم بڕوشتی هەیە، وەکو گوتم ئەوە بە کەسێک چارەسەر دەکرێت کە هێزی سەربازی و سیاسی و یاسایی و حکومەتی بەدەستەوەیە. بەڵام نابێت بێدەنگی لێبکرێت، ئەوەش دەگەڕێتەوە ئەو ناتەبایی و ناکۆکییەی نێوانی پارتی و یەکێتی کە هەندێک شوێن وەکو گوتم لە ئەنجامی ئەوەی رەنگە پارتی بە هی یەکێتی بزانێت لێی بێدەنگ بن یان هەر کامێکیان لەوەی دیکە بێدەنگ بێت، بۆیە بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخە و پرسی مووشەکبارانکردنی هەندێک شوێنی هەرێم و بۆ کۆتاییپێهێنانی بۆمبارانکردنی هەندێک لە سنوورەکان لەلایەن تورکیاوە هەندێکجار لەلایەنی ئێرانەوە، پێموابێت هەموو دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر تۆکمەبوون و تەبایی نێوان پارتی و یەکێتی کە هەرێمەکەمان یەک ئیدارە و یەک حکومەتی هەبێت، ئەویش بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ پارتی و یەکێتی دوایی هەموو لایەنە سیاسییەکانی دیکەش هەر کەسە و بەقەدەر خۆی، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە حکومەتدا بەشدارن، هەر کامێک لەوانە بەرپرسیاریێتی دەکەوێتە سەرشانی ئێمەش وەکو ئۆپۆزسیۆن، دیارە ئەرکمان لەسەر شانە، ئەرکی ئەوەی کە رەخنە بگرین پێیان بڵێین و هۆشدارییان پێ بدەین، کە ئەوەشمان کەم و زۆر کردووە.
 
رووداو: باسی هێرشەکانی سەر سنوور و تورکیات کرد، ماوەی مانگێکە هێرشێکی زۆر فراوان لە ناوچە سنوورییەکان بۆ نێو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە دەستیپێکردووە بۆ سەر پەکەکە. چۆن لەو هێرشە دەڕوانی و ئاییندەی ئەو شەڕە بۆسەر هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
 
عەلی باپیر: بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو خەڵکانەی کە لەو ناوچانەن، کەمن خەڵکێکی زۆریان لێدەناسم لە رەوەندەکان و لەوانەی کە مەڕو ماڵیان هەیە دەیبەن بۆ کوێستانەکان، هەیە هەر خەڵکی ئەوێیە و دێهاتیان لەوێ هەیە لە ناوچەی بادینان و ناوچەکانی دیکەی قەندیل و زۆر شوێنانی دیکە، ئەوانە زۆر کەوتوونەتە سەخڵەتییەوە. پێموایە هەرێمی کوردستان هەم لەگەڵ بەغدا زۆر بە تووندی لەسەر هێڵ بێت، کە لەراستیدا ئەمە ئەرکی سەرەکی بەغدایە کە سنوورەکانی خۆی بپارێزێت، ئەویش بە لێکتێگەیشتن لەگەڵ تورکیا و ئێران، هەروەها لەگەڵ پەکەکەش. پەکەکەش نابێت وابکات تۆ سەخڵەت بکات و بیانوو بەدەستی تورکیا و ئێرانەوە بدات کە بێنە ئەو سنوورانە و تۆپباران و بۆردوومانی ئەو ناوچانە بکات.
من پێموایە هەرێمی کوردستان لەلایەکەوە دەبێت لەگەڵ بەغدا زۆر بە جیددی لەسەر هێڵ بێت، لەلایەکی دیکەوە لەگەڵ تورکیا بە ئەندازەی خۆی، ئەگەرنا ئەرکەکە ئەرکی حکومەتی ناوەندییە، لەگەڵ ئێران و پاشان لەگەڵ پەکەکەش لەسەر هێڵ بێت. بەڵێ پەکەکەش لایەنێکی سیاسیی کوردییە و خەبات دەکات، بەڵام خۆ لەسەری نەسەپێندراوە هەر لەنێو خاکی باشووری کوردستان خەبات بکات سەرئەنجام ئەو خەڵکە بەر بەڵا بێت. پاشانیش ئەو شوێنانەی کە ئەو دەسەڵاتی لێی هەیە بۆخۆی قۆرخ بکات و ناو لێبنێت هەرێمی میدیا و رێگەش بە خەڵکی دیکە نەدات، بەڕاستی ئەوەش شتێکی ناحەقە کە پەکەکە بیکات و بیانوو بەدەستەوەدانی تورکیاشە. پێویستە پەکەکە رەچاوی بەرژەوەندی باشووری کوردستان ئەو قەوارە سیاسییەی هەرێمی کوردستان بکات و هەر لەسەر بەرژەوەندی خۆی نەبێت، واقیعێک کە هەیە نەیگۆڕێتەوە بە شتێک کە لە خەیاڵیدا هەیە.
دەزانم خەڵکی باکووری کوردستان مافی خۆیانە مافی چارەنووسی خۆیان بە دەستی خۆیان بێت، ئەگەر ئۆتۆنۆمیەکی راستەقینە بێت ئەگەر هەرێمی فیدراڵی بێت، بەو شێوەیەی کە بۆیان دەگونجێت مافی خۆیانە. دەوڵەتی تورکیاش نابێت چیدیکە هەر لە فیکری ئەوەدابێت کە بە زەبری ئاگر و ئاسان لەگەڵیان مامەڵە بکات. بیستوومە چەندین جار پەکەکە و ئەوانەی باکووری کوردستان ئامادە بوونە لەسەر مێزی گفتوگۆ پێکەوە دابنشین.
 
رووداو: پێتوایە بۆ ئەو هێرشانە لەلایەن عێراقەوە گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرسابێت؟
 
عەلی باپیر: یان گڵۆپی سەوزیان بۆ داگیرسێندراوە، یان ئەوەتا حکومەتی عێراق بێچارەیە، ئەگەر بێچارەییە دەبێت رایبگەیێنێت کە من دەسەڵاتم نییە و بێچارەم. ئەگەر شتێک لە هەرێمی کوردستان دەکرێت پێویستە لەگەڵیاندا هاوکاربێت، من هەرگیز لەگەڵ شەڕی کورد کوژیدا نەبوومە نەک ئێستا کاتی خۆشی. من پێموایە کورد میللەتێکی ستەملێکراوە پێویستە هەرگیز بیر لەوە نەکاتەوە چەک بەرامبەر بە یەکدی رابگرین، بەڵکو دەبێت گوێ بۆ یەکدی بگرین، دەبێت هەر کامێکیان چۆن بەرژەوەندی خۆی دەبینێت بەرژەوەندی ئەوەی دیکەش ببینێت، بە تایبەتی کە ئەمە هەرێمی کوردستان سیادەیەکی هەیە، کۆمەڵێک بەرژەوەندی هەن کە دەبێت لایەنە سیاسییەکانی دیکەی رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوای کوردستان واقیعی هەرێمی کوردستانیان لەبەرچاوبێت و کارێک نەکەن کە ئەم هەرێمە زیاتر بکەوێتە ژێر نیشانەی پرسیارەوە. ئێمە واقیعێکمان لێرە هەیە و هەمووشیان لێی بەهرەمەندن. پێویستە ئەولەویەت بە پارێزگاریکردنی ئەو قەوارە سیاسییەی هەرێمی کوردستان بدرێت.
 
رووداو: پەیوەست بەهەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، چۆنبوو لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان رێککەوتن بۆ ئەو هەڵبژاردنە؟
 
عەلی باپیر: نا، ئێمە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان لێکتێگەیشتنمان کردووە نەک رێککەوتن.
 
رووداو: لێکتێگەیشتنەکەتان لەسەر چییە؟
 
عەلی باپیر: ئێمە وەکو کۆمەڵی دادگەری بەنیازبووین لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانیی هیوا ئەو هاوپەیمانییە تەبەنی بکەین، بەڵام بەدەستمانەوە نەهات.
 
رووداو: هۆکارەکەی چی بوو؟
 
عەلی باپیر: وردەکاریی هەیە لەوانەیە پێویست نەکات بچمە نێوی. دوایی بەنیازبووین لەگەڵ یەکگرتوو بە دوو قۆڵی هاوپەیمانییەک بکەین، ئەویشمان بۆ نەگونجا لەهەندێک شوێن لێمان ئاڵقا.
 
رووداو: بۆچی یەکگرتوو و کۆمەڵ کە چەندینجارە دەتانەوێت بەرەیەکی ئیسلامی پێکبهێنن بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ناگەنە ئەنجام. بەربەستەکان لەناوخۆن یان دەستی لایەنی دیکە و دەرەکی تێدایە؟
 
عەلی باپیر: ئەوەی من بزانم لەنێو خۆماندایە، ئێمە لەسەر بەربژێر بۆ نموونە بۆ هەڵەبجە و هەندێک شوێن رێک نەکەوتین، شاندی دانوستاندکار کە ناردبوومان نەگەیشتنە ئەنجامێک. بەرەی ئیسلامی شتێکی دیکەیە، بەڵام بۆ ئەو هەڵبژاردنە ئێمە کە نەمانتوانی هاوپەیمانییەک پێکبهێنین، مانای وا نییە کە هیچ قسە و باس و لێکتێگەیشتنێکمان پێکەوە نییە. لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیش ئێمە هەر لێکتێگەیشتنمان هەیە تاوەکو هاوکاری یەکدی بین، لە راستیدا هاوپەیمانیێتیمان نییە، بەڵام جۆرێک لە لێکتێگەیشتنمان هەبێت لە بازنەکانی هەڵبژاردن لە هەولێر و سلێمانی و چەند شوێنێکی دیکە. 
 
رووداو: جۆری هاوکارییەکە چییە؟
 
عەلی باپیر: بەو واتایەی کە ئێمە لە شوێنێک بەربژێرێکمان هەیە، هەرچەندە ئەوەش بە تەواوەتی جێبەجێ نەکراوە چونکە ئەوانیش بەربژێرییان هەیە، بەڵام بە دیاریکراوی لەو بازنەیەی کە ئێمە بەربژێرمان هەیە، گوتبێتمان ئێوە لە بازنەیەکی دیکە بەربژێرتان هەبێت، واتە لێکتێگەیشتنەکە لەو چوارچێوەیەدایە. لەوەدانییە هاوپەیمانیێتیمان پێکەوە هەبێت هەموو دەنگ بدەین بە بەربژێری یەکدی، ئەگەر وابووایە راماندەگەیاند.
جۆرێک لە هاوکاریی ناڕاستەوخۆ، بۆ نموونە هەردوولا رێگە بگرین لەوەی کە ساختەکاریمان لێبکرێت یان لە شوێنێک کە بەربژێرێکی ئێمەی لێیە ئەوان لە پەنای ئەو بەربژێرەی ئێمە بەربژێریان نەبێت.
 
رووداو: چۆن بوو ئەو لێکتێگەیشتنە لەگەڵ یەکێتی دروستبوو، بۆ نموونە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دروست نەبوو؟
 
عەلی باپیر: یەکێتی زیاتر لە ئێمە هاتنە پێش، هەر کەسێکیش زیاتر لێت بێتە پێش تۆ زیاتر لێی دەچیە پێش، بەداخەوە ئێمە نەمانتوانی لەگەڵ پارتی (قسەبکەین)، نە پارتی باس و خواسی لەوبارەوە هەبوو..
 
رووداو: ئارەزووتان دەکرد؟
 
عەلی باپیر: مەرج نییە حەزیشمان کردبێت، گومانی تێدا نییە جۆرێک لە ساردیمان هەیە لەگەڵ پارتی، بەڵام یەکێتی چەندجار هاتوونەتەپێش و قسەمان بە یەکەوە کردووە، نەک هەر ئەوە لە هەندێک شتی دیکەشدا رەنگە جۆرێک لە لێکتێگەیشتنی زیاترمان لەگەڵ یەکێتی هەبێت. پێمان باشە پارتیش وا مامەڵە بکات، لەگەڵ ئێمەش و لەگەڵ یەکگرتوو و گۆڕان، خۆ ئێستا گۆڕان و یەکێتی پێکەوە هاوپەیمانیێتیان هەیە، ئێ خۆ باشە گۆڕان لە حکومەتدایە کە پارتی پێکیهێناوە، ئێ بۆ دەچێت بۆ هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێتی هاوپەیمانیێتی دەکات؟ مانای ئەوەیە یەکێتی بەشێوەیەکی کراوەتر مامەڵە دەکەن، پێمخۆشە پارتی سیاسەتەکەی خۆی بگۆڕێت، چیتر وا مامەڵە نەکات لەگەڵ خەڵک کە خەڵک هەمووی بە قسەی ئەو بکات و بچێت لەو نزیک ببێتەوە، نا تۆش لە خەڵک نزیک ببەوە، کراوە بیت بەڕووی خەڵک و لایەنە سیاسییەکاندا، چونکە ئەو شێوە مامەڵەکردنە کە تۆ هەر خۆت ببینی، یان بۆ نموونە لە بەغدا پارتی نەچێت بەتەنیا لەگەڵ بەغدا تەیاری سەدری و کێ و کێ دانوستاندن بکات، ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا نین؟ ئەی بۆ کە شتێک دێتە پێش کاکە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەموومان پێکەوە بین، ئێ باشە کە تۆش دەچی دانوستاندن دەکەی راوێژ بکە بە خەڵکی دیکە، بە یەکێتی بە ئێمە و ئەولا و ئەولا.. ئێمە بە تەئکید هێز و پێزمان لە بەیەکەوەبوونماندایە، بەڵام کاتێک لایەنێک حیساب ناکات بۆ خەڵکی دیکە، خەڵکی دیکەش حیسابی بۆ ناکات. 
 
رووداو: ئەمە گەلەکۆمە نییە لە پارتی؟
 
عەلی باپیر: نەخێر پارتی بۆخۆی ئینفراد دەکات، پارتی تاوەکو ئێستا تاکڕەوی کردووە و حیسابی بۆ خەڵکی دیکە نەکردووە، کاتێک حیساب بۆ خەڵکی دیکە نەکات لە لایەنە نزیکەکەی کە حکومەتی لەگەڵ پێکهێناوە کە گۆڕانە، کاتێک کە گۆڕان متمانەی پێنەکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو لە ئەنجوومەنی نوێنەران و هیچ شتێکی نەبێت، ئێ گلەیی چی لە خەڵکی دیکە دەکرێت؟
 
رووداو: بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەتانە، دەگوترێت دوو کورسیتان بەردەکەوێت. ئەمە راستە؟
 
عەلی باپیر: مەرج نییە، ئێمە باسی کورسیمان نەکردووە، ئێمە 5 بەربژێرمان هەیە و هەوڵیش دەدەین هەر پێنج بەرەبژێرەکەمان سەر بخەین.
 
رووداو: بەپێی ئەو یاسا تازەیەی هەڵبژاردنەکان پێشبینی دەکەن چەند کورسی بەدەستبهێنن؟
 
عەلی باپیر: 5 بەربژێرمان هەیە، بۆ ئەوە بەربژێرمان کردوون بە گاڵتەمان نییە و بە رژدیمانە دەمانەوێت ئەو پینج بەربژێرەمان ئومید بەخوا سەربخەین بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
 
رووداو: بەپێی زانیاریی کەسانی نێو کۆمەڵ ئێستا یەکێتی پارە بە ئێوە دەدات، ئایا ئەمە پارە پەیداکردنێکی دروستە بۆ حیزبێکی وەکو کۆمەڵ؟
 
عەلی باپیر: ئێمە داهاتی ئەو وڵاتە بە هی پارتی و یەکێتی نازانین، پێمانوانییە میرات بێت و بۆ ئەوان بەجێمابێت، بەڵکو هی هەموو خەڵکە. کاتی خۆی ئێمەش و یەکگرتوو، سۆسیالیست و هەموو لایەنە سیاسییەکان لە بودجەی هەرێمی کوردستاندا پشک و بەشمان هەبووە، هەرچەند ئەوکاتەش کەمتریان پشکیان بە ئێمە دەدا، بەڵام وەکو حەقی خۆمان وەرماندەگرت، ئێستاش ئێمە ئەگەر یەکێتی، ئەگەر پارتی، ئەگەر هەر لایەنێکی دیکە بەبێ بەرامبەر هاوکارییەکمان بکات سوپاسی دەکەین و بە حەقی خۆشمانی دەزانین.
 
رووداو: ئەگەر پارەی قاچاخچیێتیش بێت؟
 
عەلی باپیر: نا نەخێر، ناڵێم پارە قاچاخی. پارەی ئەم وڵاتە کە لەبەردەستیاندا هەیە. پارە قاچاخیەکە بۆ باندەکان و کەسەکانە، بەڵام پارەیەک لەم وڵاتە دێتە بەردەست یان پارەی نەوتە یان ئیماکانیاتی نێوخۆیە کە کۆدەکرێتەوە، ئێمە خۆمان تێیدا بە خاون پشک و بەش دەزانین، جا کە پێمان نادرێت زوڵممان لێدەکرێت، ئەگەرنا وەکو لایەنێکی سیاسی وەکو چۆن کاتی خۆی پشک و بەشمان هەبوو لە بودجەی هەرێمی کوردستان، ئەو پشک و بەشەمان هەیە، بەس کە پێمان نادرێت لە راستیدا پێمانوایە زوڵممان لێدەکرێت. بۆیە بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان ئێمە بەشێک لەو حەقەمان دەستکەوێت بەڵام بەبێ بەرامبەر ئێمە بە حەقی خۆمانی دەزانین.
 
رووداو: لەسەر چ بنەمایەک؟
 
عەلی باپیر: ئێمە بەشێکین لەو هەرێمی کوردستانە.
 
رووداو: چۆن دەکرێت حیزبێک پارە بداتە حیزبێکی دیکە بێ بەرامبەر.. شتی وا بووە؟
 
عەلی باپیر: ئەگەر گریمان ئەو زانیاریە وابێت، ئێمە چ لە یەکێتی چ لە پارتی و چ لە هەر کەسێک بێ بەرامبەر، بەڵێ دەگونجێت. من خۆم بە خاوەن ماف دەزانم بەڵام تۆ ئەو مافەم بە شێوەیەکی ئاشکرا و فەرمی وەکو جاران پێنادەیت، ئێستا بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان بەشێک لەو مافەمان دەستبکەوێت، بۆ خۆمانی بە رەوا دەزانین، چونکە ئێمە بەشێکین لە خەڵکی ئەو وڵاتە و ئێمەش خەڵکێکی زۆرمان تێئاڵاوە وەکو کۆمەڵی دادگەری، میدیامان هەیە، خەرجیمان هەیە، پێداویستیمان هەیە، ئێ خۆ بەهەوا بەڕێوەناچین، یان بە هاوکاریی خێرخوازانە یان بە لێبڕینی خەڵکیمانە کە مووچەیەکی هەیە، ئەگەر وەزیرێکە، پەرلەمانتارێکە یان هەر شتێکە، یان ئێوە وەکو لایەنێکی سیاسی هاوکارییەکمان بکەن لە داهاتی ئەو وڵاتە خۆمان بە خاوەن حەق دەزانین.
 
رووداو: لە کۆتاییدا ئەگەر شتێکتان ماوە دەتوانن باسی بکەن..
 
عەلی باپیر: هیوادارم ئەو وڵاتە چیدی بەو شێوەیە نەمێنێتەوە، کە کەمێکی پڕ بێت و زۆربەی قڕ بێت لە رووی ئابوورییەوە. لە رووی ناسنامەوە چیدی ئەم وڵاتە وا نەمێنێتەوە کە دەستوورەکەی ئەگەر بۆنێکی ئیسلامیەتی و موسڵمانیەتی لێبێت سەت حیکایەت بکرێن، ئێمە میللەتێکی موسڵمانین لە وڵاتێکی موسڵمانداین بەشێکین لە ئومەتی پێغەمبەر (د.خ) جێی خۆیەتی شانازی بە ئایینی ئیسلامی خۆمانەوە بکەین. لە رووی کۆمەڵایەتییەوە پێویستە چیدیکە ئەو دابڕانە نەبێت کە هەندێک لە بورجی عاجیدا بێت و هەندێکیشی دیکەش بەشێوەیەکی دیکە 100 مەتر دووجای دەستنەکەوێت، ئەوەی دیکەش خاکی ئەم وڵاتە بۆخۆی بکاتە ڤێللا. پێویستە کۆتایی بەو بارودۆخە نا هەموارە بهێنین کە بە دەسەڵاتی سیاسی و چینی سیاسیش هۆشداریان پێدەدەم، کە پێیانوانەبێت ئەو دۆخە دەگونجێت بەردەوام بێت، خەڵکێکی زۆر رۆژبەڕۆژ تووڕەیی و بێزاری و نیگەرانی زیاد دەکات، بترسێین و پەند وەربگرین لە وڵاتانی دراوسێ کە سەرئەنجام رق و تووڕەیی خەڵکیان لە بەرامبەردا تەقییەوە، دواییش شتەکە لە دەستی هەمووان چووە دەر.
 
سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە