رووداو دیجیتاڵ
میلان جاف، هاونیشتمانی و ڤڵۆگەری کورد، تۆمەتەکانی دادگەی فینلاند رەتدەکاتەوە و دەڵێ، ئامادەیە بچێتە دادگە؛ داواش لە حکومەت دەکات هاوکاری بکات بۆئەوەی ژمارەیەک کەسایەتیی بەناوبانگ بهێنێتە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بە جیهانی دەرەوە باشتر بناسرێ.
رۆژی دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، میلان جاف لەکاتی بەشداریکردنی بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی پێشکێشی دەکات، لەبارەی چەند تۆمەتێک کە لە دادگەی فینلاند رووبەڕووی کراونەتەوە گوتی: "بە فەرمی ئاگاداری ئەو دۆسیەیانە نیم لە دادگە لەبارەی من کراونەتەوە، داوام لە پارێزەرەکەم کردووە بچێتە دادگە و پەڕاوی دۆسیەکان وەربگرێ. ئامادەم بۆ هەر دۆسیەیەک بچمە دادگە، چونکە هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی تاوانێکم ئەنجام دابێت".
میلان جاف یەکەمجار وەک سەرکردەی گرووپێکی مافیایی ناوبانگی دەرکردبوو، کە تۆمەتی تووندووتیژی و تاوانی پەیوەست بە مادەی هۆشبەری درایە پاڵ. لە ساڵی 2022 دادگەی ناوچەی هیلسنکی فینلاند سزای 10 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئەو هاونیشتمانییەدا سەپاند، دوای ئەوەی تاوانی "هەوڵدان بۆ کوشتن"ـی بەسەردا ساخکرایەوە. لە ساڵی 2023، دادگەی تێهەڵچوونەوە سزاکەی کەمکردەوە بۆ شەش ساڵ و دوو مانگ. لە دۆسیەیەکی دیکەدا میلان جاف بە تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر ژنێک تاوانبار کرا. بەو هۆیەوە میلان جاف سزای دوو ساڵ و 8 مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا. بە لەبەرچاوگرتنی سزاکانی پێشووی، ئەم سزایانە وایانکرد چەندین ساڵ لە زینداندا بمێنێتەوە.
میلان جاف لەبارەی تازەکردنەوەی دۆسیەکەی دەڵێ: "دۆسیەکەی من لە فینلاند بە سیاسی کراوە. من لەسەر خواستی خۆم و بە شێوەیەکی فەرمی هاتوومەتەوە کوردستان. ئێستا هەندێک لایەن دەیانەوێ لە رێگەی دۆسیەکەی منەوە دژایەتی کۆچبەران بکەن و سۆزی خەڵکی فینلاند بۆ خۆیان رابکێشن".
دەقی هەڤپەیڤینی میلان جاف
رووداو: ئەو تۆمەتانە چین کە لە دادگەی فینلاند ئاراستەی تۆ کراون؟
میلان جاف: بابەتەکە ئەوە نییە کە وەک لە میدیاکان گەورەکراوە، راستڕۆکان کە ئێستا دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە، ئێستا دۆسیەکەی منیان کردووەتە سیاسی و هەر رووداوێک روودەدات، دەیدەنە پاڵ پەنابەران. ئەو دۆسیەیەی من حەوت ساڵ پێش ئێستا بووە و شیاوی تازەکردنەوە نییە.
رووداو: بۆچی دۆسیەکە تازە کراوەتەوە؟
میلان جاف: من تاوەکو ساڵی 2025 لە فینلاندبووم، هیچ بە من نەگوتراوە و خۆم بە فەرمی داوام کردووە بگەڕێمەوە کوردستان و هیچ کێشەیەکم نەبووە. ئێستاش چەند رۆژنامەڤانێکی فینلاند دەیانەوێ دۆسیەکە بەلاڕێدا بەرن بۆئەوەی بینەریان دەستبکەوێ، چونکە کاتێک باسی من ئەکەن، ئەو بابەتە دەبێتە ترێند.
رووداو: ئامادەی بچیتە دادگە؟
میلان جاف: بەڵێ ئامادەم بچمە دادگە، هیچ کێشەیەکم نییە، رۆژانە ڤیدیۆ دەکەم و ڤڵۆگ دەکەم و باسی جوانی کوردستان دەکەم. ئێستا ئەوان دەزانن من لە کوێم، من لە رێگەی پارێزەرەکەمەوە داوای پەڕاوی دۆسیەکەم کردووە بۆ ئەوەی بزانم دۆسیەکە چییە، ئامادەیی ئەوەیشم هەیە بچمەوە فینلاند بۆ دادگە؛ هیچ کێشەیەکم نییە.
رووداو: ئەو ڤیدیۆ و ڤڵۆگانەی لە کوردستان دەیانکەیت، وایانکردووە خەڵك لە فینلاندەوە بێتە کوردستان؟
میلان جاف: بەڵێ، چەندین کەس بەهۆی ڤیدیۆکانی منەوە لە فینلاندەوە هاتوونەتە کوردستان. یەکێکیان رۆژنامەڤانێکە بە ناوی مارتن، کە بەهۆی ڤیدیۆی منەوە هاتووەتە کوردستان. فینلاندییەکان هەرکاتێک باسی کوردستان و عێراق دەکرێ، هەر وایانزانیوە شەڕ و ئاڵۆییە، بەڵام کاتێک ڤیدیۆکانی منیان بینی، زانیان دۆخەکە وانییە، چونکە ئەو ئارامییەی لە کوردستان هەیە لە فینلاند نییە. ئەو بۆچوونە هەڵانەش هی ئەوەیە کە لە میدیاکانەوە تەنیا باسی شەڕ و کێشەکانی ئێرە کراوە، بۆیە ئێستا کاتێک فینلاندییەکان ڤیدیۆکانی من دەبینن سەرسامن بە ناوچەکە. ئێستا پێم دەڵێن، وڵاتەکەتان هێندە خۆشە بۆچی هاتوویتە فینلاند؟ هاوڕێ رۆژنامەڤانەکەم مارتن، کاتێک بردمە بازاڕی دۆلارەکە و پارەی بینی تووشی سەرسوڕمان بوو و دەیگوت چۆن ئەم هەموو پارەیە بە کاش لێرەیە و نادزرێ، لە کاتێکدا ئەگەر لە وڵاتێکی ئەورووپی بێت، دز و باندەکان دەچنە سەر بازاڕەکە و پارەکە دەبەن. بەڵام من پێم گوت، لێرە دۆخەکە ئارامە، ئەو ئاسایشەی لێرە هەیە لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە، چونکە زۆرینەی خەڵکەکەش مسوڵمانن و پابەندی کولتوورن، بۆیە کاری هەڵە لێرە کەمتر دەکرێت.
رووداو: ئێستا راستڕۆکان لە ئەورووپا دژی پەناخوازانن، ئەوە بە هۆکاری سەرەکی دادەنێیت بۆ ئەوەی دۆسیەکەت سەرهەڵبداتەوە؟
میلان جاف: ئێستا زۆر هەوڵدەدرێ کێشەکان بخرێنە پاڵ پەناخوازان لە ئەورووپا، دەەیانەوێت کێشەیەک بدۆزنەوە لەبارەی پەنابەران و بەکاریبهێنن بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک و دەنگدەران. راستڕۆکانی فینلاند دەبوو لە دوو ساڵی دەسەڵاتیاندا 200 هەزار هەلی کاری نوێ بڕەخسێنن. بەڵام نەک ئەوە نەکراوە، بەڵکو نزیکەی 100 هەزار کەس کارەکانیان لەدەستداوە. هیچ کاتێک وەک ئێستا دۆخی حکومەت خراپ نەبووە، ئێستا دەیانەوێ پرسی پەنابەران بەکاربهێنن بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک.
رووداو: ئێستا تۆ پێت وایە دۆسیەکەت بە سیاسی کراوە؟
میلان جاف: دۆسیەکەی من لە سەرەتا تاوەکو کۆتایی بە سیاسی کراوە. من لە 16 ساڵیدا چوومە ئەورووپا، ئەو کات چەند هەڵەیەکم کرد، دانم بە هەڵەکاندا ناوە و چەند ساڵێک زیندانی کرام و سزاکەیم وەرگرت.
رووداو: تازەکردنەوەی دۆسیەکەت بە ناحەقی دەزانیت؟
میلان جاف: بەڵێ، ئێستا دۆسیەکەم بە ناحەقی تازە کراوەتەوە، میدیای فینلاند دەرفەتی ئەوەیان نەداومەتێ راستییەکان باس بکەم، چونکە زۆرینەیان دژە پەنابەرن.
رووداو: تۆ لە فینلاند تۆمەتبارکراویت، بەڵام هیچ دەرفەتێکت پێ نەدراوە تۆمەتەکان رەتبکەیتەوە؟
میلان جاف: نەخێر، هیچ دەرفەتێکم نەدراوەتێ. دۆسیەکە تازەیە؛هیچ وردەکارییەک بە من نەدراوە، ئێستا داوام لە پارێزەرەکەم کردووە، بچێتە دادگە و پەڕاوی دۆسیەکە وەربگرێ. پارێزەرەکەم دەڵێت دۆسیەکە هیچ نییە. منیش زۆر شارەزای یاسای فینلاندم. هیچ بەڵگەیەکیان لەسەر من نییە، ناتوانن بمکەنە تاوانبار، بەڵام سیاسییەکان دۆسیەکەی من بۆ مەبەستی خۆیان بەکاردەهێنن، ئەگەر کێشەیەکم هەیە، بۆچی لە حەوت ساڵی رابردوودا دۆسییەکانیان نەجوڵاندووە.
رووداو: هیچ بەڵگەیەک لەسەر دۆسیەکەت نییە؟
میلان جاف: نەخێر، هیچ بەڵگەیەکیان نییە.
رووداو: تۆ لە فینلاند کاری هونەریت دەکرد و بینەرت زۆر بوو؟
میلان جاف: من هەواداری زۆریم لە فینلاند هەیە، خەڵکێکی زۆر سەیری ڤیدیۆ و ڤڵۆگەکانم دەکەن، تەنانەت پەرلەمانتاری فینلاند هەبووە قسەی لەسەر ڤیدیۆکانم کردووە کە لێرە لە کوردستان کردوومە، تەنانەت گوتوویەتی کە کوردستان هێندە خۆشە بۆچی، خەڵک لە کوردستانەوە کۆچ دەکەن؟ بۆچی پەنابەرانیان وەربگرین؟ ئێستاش کە گۆرانیم بڵاوکردووەتەوە، بینەری زۆرم هەیە. ئێستا کە دەمەوێ گۆرانی دیکە بڵاوبکەمەوە، دەیانەوێ من بشکێنن و خەڵک سەیری بابەتەکانم نەکەن. جگە لەوەش، من ئێستا پڕۆژەیەکم هەیە بۆ ئەوەی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی فینلاند بهێنمە کوردستان، ئەو کەسانەی لە سۆشیاڵ میدیا بەناوبانگن بێنە کوردستان و ڤیدیۆ و ڤڵۆگ بکەن. ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیم بکات، کارێکی باش دەکەین بۆئەوەی کوردستان بناسێنین و خەڵك لە ئەورووپا بزانن کوردستان چەند شوێنێکی جوان و ئارامە.
وڵاتی خۆمان هەر چوار وەرزی ساڵی هەیە، وڵاتانی سکەندەنەیڤیا بەو شێوەیە نین، بۆیە کاتێک هاوڕێکانم لە فینلاندەوە دێنە کوردستان، دەیانبەم بۆ ناوچە جیاوازەکان. بەشێک لە هاوڕێکانیشم پێیان خۆشە سەردانی گەرمیان بکەن، بۆیە هاوڕێکانم بردوونەتە دەربەندیخان و دووکان و سلێمانی.
رووداو: تازەکردنەوەی دۆسیەکانت وادەکەن لە کارکردن بووەستیت؟
میلان جاف: نەخێر، من بەردەوام دەبم لە هونەر و ناساندنی کوردستان بە خەڵکانی بیانی، دەمەوێ حکومەت سپۆنسەری کارەکانم بێت و کەسایەتییە بەناوبانگەکان لە فینلاند و ئەورووپاوە بهێنمە کوردستان.

