رووداو دیجیتاڵ
پێش جەژن چەند دەستپێشخەرییەک بۆ کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی بۆ دەرچوون لە ناکۆکییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەبوون. تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی زیاتر بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم گرنگە و دەستپێشخەرییەکان لەمبارەیەوە بوون، بەڵام ئەوە هەفتەیەک بەسەر جەژندا تێپەڕی و هێشتا هیچ ترووسکاییەک بۆ کۆبوونەوە بەدی ناکرێت.
د. رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی ئەو بابەتانەی کرد.
لەبارەی پەیوەندییان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پەیوەندی هەیە، تەلەفۆنیش هەیە و قسەش دەکەین. من نا، لەڕاستیدا من ئەو کارە ناکەم، بەڵام کاک قوباد، هەڤاڵ دەرباز، پەیوەندییەک هەبێت شتێک هەبێت لەگەڵ ئەوان زیاتر دەکرێت".
رێواز فایەق هەروەها رایگەیاند، رێکخستنی فەلسەفەی حوکمڕانی گرنگە و بۆ ئەوەی ئەو فەلسەفەیە ببێتە کردار، پێویستە هەیکەلیەت هەبێت. گوتیشی:" ئێمە کێشەمان لەسەر دیدگەیە. دیدگە دوو بەشە؛ بەشێکی مادە، حوکم و بڕیارەکانە، بەشێکی دیکەشی ئەو هەیکەلییەتەیە کە ئەم دیدگەیە دەکاتە کردار. هێشتا رێککەوتن لەسەر ئەوە نەکراوە کە چۆن ئەو دیدگەیە لەناو هەیکەلییەتەکەدا جێ بکەیتەوە".
"گرفت لەسەر پۆستێکی دیاریکراو نییە"
لەبارەی ئەوەی کە ئایا گرفتی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر پۆستە؟ ئەگەر لەسەر پۆستە، کام لەو پۆستانە گرفتی گەورەی دروستکردووە؟ بەتایبەتی کە سەرنجی زۆر لەسەر وەزارەتی ناوخۆ هەیە، رێواز فایەق گوتی: "پۆستێکی دیاریکراو نییە. با یەک راستیت لەبارەی وەزارەتی ناوخۆ پێ بڵێم؛ لە هەرێمی کوردستاندا لە کوێ بڕیارەکان دروست دەکرێن؟ یان چی گرنگە؟ ئابووری گرنگە، ئاسایش گرنگە، پەیوەندییەکان، بێگومان پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوروبەریش. ئەمانە گرنگن".
"وەزارەتێکی داراییمان ناوێت کە سەرجەم داهاتەکان لە خۆیدا کۆنەکاتەوە"
لەبارەی وەزارەتی داراییش گوتی: "تەنیا وەزارەتی دارایی کێشەکە چارەسەر ناکات، ئێستا ئێمە هەموو رۆژێک گوێمان لەوە دەبێت، وەزیری دارایی چاوەڕوانی ئەو پارەیەیە. ئەو ئێستا نەماوە، هەموو چاوەڕوانی ئەو پارەیەن کە لە بەغداوە دێت. بەڵام وەزیری دارایی نازانێت هەموو داهاتی هەرێمی کوردستان چەندە. ئێمە وەزارەتێکی داراییمان ناوێ کە سەرجەم داهاتی هەرێمی کوردستان لەژێر سایەی خۆیدا کۆنەکاتەوە".
لەبارەی ئەو قسەیەی کە دەڵێ زاخۆ، سۆران و هەولێر داهات لە پرۆژەکانی خۆیاندا خەرج دەکەن و سلێمانی ئەمە ناکات، رێواز فایەق گوتی: "سلێمانیش دەیکات، ئەی بە چی پڕۆژەی کردووە تائێستا؟ لەو کابینەیەوە چی پڕۆژەیەک هەیە لێرەوە پارەی بۆ چووبێت؟هەمووی بڕگەی یەکەم بڕیارماندا بە تەرخانکردنی بڕی ئەوەندە، بڕگەی دووەم تەرخانکراوی ئاماژەپێدراوی سەرەوە لە داهاتی سلێمانی بێت، واتە دەبێت هەموو شتێک لە داهاتی خۆت بێت".
کورسییەکی یەکێتی هەر بە نهێنی ماوەتەوە
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەندین جار گوتوویەتی کە ئەوان بە 39 کورسییەوە دەچنە گفتوگۆ. ئەمە لەکاتێکدایە 38 کورسی دیارە کە 23ی یەکێتی و 15ی نەوەی نوێیە. رێواز فایەق لەبارەی ئەو کورسییەی دیکەوە گوتی:" ئەوە ئەگەر من بیڵێم، سحرەکەی بەتاڵ دەبێتەوە! پێویست ناکات".
سەبارەت بە رێککەوتن و گفتوگۆ لەگەڵ پەرلەمانتاران، رێواز فایەق گوتی: "ئێمە لەگەڵ پەرلەمانتار رێکناکەوین، نامانەوێت رەوشتی پەرلەمانتار تێکبدەین. بەڵکو لەگەڵ هێزی سیاسی قسە دەکەین. بابەتی ئەوەی کە بۆچی رایناگەیێنین؟ رێککەوتنمان لەگەڵ نەوەی نوێ راگەیاند. لەبەرئەوەی رێککەوتووین، خەریکی ئامادەکردنی نووسراوێکین و بەیەکەوە واژۆی دەکەین، ئەمە جیاوازیی هەیە".
لەکاتێکدا ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ دەکاتە 38، بافڵ تاڵەبانی باسی 39 کورسی دەکات و تاوەکو ئێستا بە روونی نازانرێت ئەو کورسییەی دیکە لەکوێوەیە!
د. رێواز فایەق پێداگر بوو لەسەر ئەوەی زانیاری لەمبارەیەوە نەدات و گوتی:"پێناچێت زۆر ئەمە گرنگ بێت. با ئێمە زۆر قسە لەسەر ئەوە نەکەین! رەنگە ژمارەکە لە 39ـش زیاتر بێت، پارتیش لە 39 زیاترە. قسەکە لەسەر ژمارە نییە، بەڵکو لەسەر بڕینی ئەو بیانووەیە کە پێتدەڵێت تۆ ئەوەندە کورسیەت هەیە، بۆیە من ئاوا مامەڵەت لەگەڵ دەکەم".
"لەگەڵ نەوەی نوێ رێککەوتووین؛ قسە لە کاک شاسوار وەردەگرین نەک پەرلەمانتار"
لەگەڵ نزیکبوونەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ، دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوایە تەواوی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لەگەڵ ئەو رێککەوتنە هاوڕا نین.
د. رێواز فایەق لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەوان قسە لە سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ وەردەگرن و گوتی:"ئەو دەڵێتب ە گەرەنتی 15 کورسیم هەیە. دواتر ئێمە بۆ پەرلەمانتار بانگ بکەین و بیکڕین؟ پەرلەمانتار ویستی خەڵکە و ئەو پەرلەمانتارەی ئامادەیە بچێت لەگەڵ خەڵک دانیشێت بیکڕن، تەنیا خیانەت لە حیزبەکەی ناکات، بەڵکو خیانەت لە ویستی ئەوانە دەکات کە دەنگیان پێیداوە. ئێمە و نەوەی نوێ دوو حیزبی سیاسین و بە شەفافی رێککەوتنمان کردووە. ئەمە سروشتییە، لە کات و بارودۆخێکی سروشتیدا کراوە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە ماوەی مانگ و نیوێکە باسی ئامادەکردن و واژۆکردنی ئەو نووسراوی رێککەوتنەی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ دەکرێت.
د. رێواز فایەق دەڵێ:"دۆخەکە وابوو، کاک شاسوار لە سلێمانی بوو و کاک بافڵ لە بەغدا، ئێستا کاک شاسوار لە سلێمانییە و ئەو لە دەرەوەیە، بەڵام بە شێوازێکی کردەیی ئێمە دەستمان بە جێبەجێکردنی نووسراوی رێککەوتنەکە کردووە".
"دوای ئازادبوونی کاک شاسوار، ئینجا یەکێتی و نەوەی نوێ رێککەوتنیان کرد"
هەروەها رەتیکردەوە رێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ لەوکاتەدا کرابێت کە شاسوار عەبدولواحید لە زیندان بووە و گوتی:" کاک شاسوار شەش مانگ حوکم درابوو، دوای ئەوەی تەمیز کرایەوە لە تێهەڵچوونەوە بووە پێنج مانگ، پێنج مانگەکەی خۆی تەواو کرد و هاتە دەرەوە، ئینجا لەگەڵ ئێمە رێککەوت. کابرا زیندانەکەی تەواو کرد، ئێمە بۆمان نەکردووەتە چوار مانگ و 29 رۆژیش، بەپێچەوانەوە فەقیرە هەندێک زیاتریش مایەوە؛ تاوەکو رێکارەکان تەواوکران، من پێموایە نەدەبوو ئەو دوو سێ رۆژەش دواکەوێت".
دوای ئەوەی تەواوی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە دەڵێن، یەکێتی بۆ زەوینەسازیی رێککەوتن، دۆسیەکانی دادگەیی سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێی داخستووە، د. رێواز فایەق گوتی: "ئەوانە دۆسیەن، ئەم دۆسیەیەش کە ئێستا لەسەری حوکمدراوە چوار پێنج ساڵ پێش ئێستا کرابووەوە. یەکێتی ناتوانێت دۆسیە بۆ کەس دابخات، دۆسیە سکاڵایە، سکاڵای خەڵکە، بەرپرسی تیمی یاسایی خۆی بریار دەدات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیانە بکات، بەڵام پەیوەندیدار بەو دۆسیەیەی کە حوکمدرا بوو، حوکمی خۆی تەواو کردووە، یەکێتی هیچی بۆ نەکردووە و هیچ خاتری نەگیراوە. هەر پێنج مانگ حوکم بوو پێنج مانگی تەواو کرد".
"یەکێتی و پارتی ئەگەر 51یش کۆبکەنەوە ناتوانن حکومەت پێکبهێنن"
لەبارەی ئاسایی بوون یان نەبوونی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی کە لێرە و لەوێ رەخنە لە یەکێتی دەگیرێت. د. رێواز فایەق گوتی:" ئێمە لەناو یاساکانی هەرێمی کوردستاندا دەقێکمان نییە وەکو عێراق، بڵێت کوتلەی یەکەم. هیچ دەقێک نییە لەناو یاسای کارپێکراوی هەرێمی کوردستاندا بڵێت بەس براوەی یەکەم بۆی هەیە لەگەڵ هێزەکان کار بۆ هاوپەیمانی بکات. هەر کەسێک 51ی پێ کۆببێتەوە دەتوانێت حکومەت دروست بکا. بەس ئێمە لەگەڵ واقیعێکی جیاواز مامەڵە دەکەین کە واقیعی هەرێمی کوردستانە، نە یەکێتی دەتوانێت ئەگەر 51ـیش دروست بکات حکومەت پێکبێنێت و نە پارتیش دەتوانێت حکومەتێکی تهندروست پێکبهێنێت ئەگەر 51یشی هەبێت".
"ئیدی یەکێتی باڵ و جەماعەتی نییە"
لەکاتێکدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زۆر جار رووبەڕووی باڵباڵێن و دابەشبوون، ئێستاش باسی ناکۆکییە نێوخۆییەکانی ئەو حیزبە ناوبەناو دەبێتە رۆژەڤ.
د. رێواز فایەق دەڵێ: "کۆنگرەمان کردووە، رێککەوتووین بەیەکەوە، رێککەوتووین لەسەر ئەوەی کە پێویست ناکات باڵ و جەماعەتمان هەبێت. ئەمە لە رابردوودا لاوازی کردین و یەکێکە لە هۆکارەکانی لاوازبوونمان. یەکێکە لە هۆکارەکانی دەرکردنی هەندێک بڕیار کە رەنگە ئەگەر ئێمە ئاوا نەبووینایە، دابەش نەبووینایە، هەندێک بڕیارمان نەدەدا کە نەدەبوو بیدەین. ئێستا ئێمە هەر قسەیەکمان هەبێت بەیەکەوە دادەنیشین و کۆدەبینەوە و قسەی لەسەر دەکەین. هەرکەس لە شتێکی دیاریکراو رایەکی جیاوازی هەیە دەریدەبڕێت ".
"خۆم بۆچوونی جیاوازم هەبووە و کاک بافڵ وەریگرتووە"
لەبارەی بوونی رای جیاواز و چۆنیەتیی مامەڵەی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ جیاوازییەکان، د. رێواز فایەق گوتی: "من خۆم دەیان جار بۆچوونی جیاوازم لەناو کۆبوونەوە هەبووە و وەریگرتووە. بیڵێیت وەریدەگرێت، نەشیڵێیت خۆ قابیلە لەناو دڵی ئێمەدا نییە! بەڵێ، شتی جیاوازمان گوتووە، بۆچوونی جیاوازمان گوتووە، هەڤاڵانی دیکەش بۆچوونی جیاوازیان گوتووە و وەریگرتووە. بەس تۆ هیچ نەڵێیت ئەو چۆن بزانێت لەناو دڵی ئێمەدا چی هەیە؟ راست بم لەگەڵت، پەیوەندی بەوەوە هەیە تۆ خۆت چی دەڵێیت. بۆچوونت چییە، دەتوانی بڕوا بە هاوڕێکانت بکەی، بە کاک بافڵیش بکەیت، بەڵام ئەگەر لۆژیکت بەهێز نەبوو، ناتوانی قەناعەت دروست بکەیت. یەک شت گرنگە: شتێک کە بووە بڕیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، من لەگەڵیشی نەبووبم، لە دەرەوە دەبێت بەرگری لێ بکەم، پێوەی پابەند بم. شتێک بووە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی، ئەوانەی کە دژیشی بوون، مادام بووە بڕیار و دەنگدرا و زۆرینە دەنگی لەسەردا، لە دەرەوە نابێت بێتە دەرەوە و بڵێت من دژم. لەڕاستیدا ئێستا شتی وا نییە، کە لە رابردوودا هەمانبوو".
"لە بردنەوەی کورسیی سەرۆککۆمار دڵنیا بووین"
وەها بڵاوبووەوە لە دوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی گوتبێتی کە گفتوگۆی پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لەگەڵ پارتی ناکەن.
رووداو ئەمەی وەکو پرسیار ئاراستە کرد و د. رێواز فایەق گوتی: "من قسەکانی مەکتەبی سیاسی ناهێنمە نێو راگەیاندن و باسی بکەم، بەڵام ئەوە راستییە، راستییەکە وایە. پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە جارێک زیاتر سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد. قسەیان لەگەڵ یەکدی کرد، دانوستاندن کرا، زۆر پێداگیریمان لەسەر ئەوە کرد کە لەپێناو یەکگرتوویی کورد، نە لەبەرئەوەی کە ئێمە ناتوانین بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان بیبەینەوە، چونکە دڵنیابووین هەر لە سەرەتاوە کە بەبێ یارمەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەندێک لە برادەرانی ئەوانیش لە عێراقدا ئێمە هەر دەتوانین کورسییەکە ببەینەوە. ئەمەمان لەپێناوی یەکگرتوویی کورد، لەبەرئەوەی کورد یەک بەربژێری هەبێت، بۆ ئەوەی وەک هەموو جارێک ئێمە بە دوو بەربژێر نەچینە ناو هۆڵی پەرلەمان، پێداگیریەکی زۆر کرا کە دۆسیەی هەرێمی کوردستان و عێراق پەیوەست بکەین بەیەکدییەوە، ئەوان لە یەکلاییکردنەوەی یەک بەربژێری کورد یارمەتیمان بدەن کە کەسێکی یەکێتی ببێتە سەرۆککۆمار، لە بەرامبەردا ئێمە لێرە هەندێک نەرمی بنوێنین لە چارەسەرکردنی گرێکوێرەکانی دروستکردنی ئەم حکومەتە. ئەوان بوون گوتیان نەخێر".
"کاراکردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم یەک پاکێجن"
یەکێکی دیکە لە تەوەرەکانی گفتوگۆکە کاراکردنەوەی پەرلەمان بوو. د. رێواز فایەق لەمبارەیەوە گوتی: "کاراکردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم یەک پاکێجن. رەنگە لە رابردوودا لەو جۆرە هەڵەیەمان کردبێت، بەڵام ئێستا نایکەین."
"کاراکردنەوەی پەرلەمان یانی بەڕێکەوتنی شەمەندەفەرەکە و لە هیچ شوێنێک ناوەستێت، واتا کە پەرلەمان بەڕێکەوت، ماوەیەکی زەمەنی دەستپێدەکات بۆ دانانی بەربژێر، بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم، بێگومان سەرۆکی هەرێم تەنیا لە خولی یەکەمدا پێویستی بە 50+1 هەیە، دواتر بە زۆرینەش دەردەچێت، دوای راسپاردنی بەربژێری سەرۆکی حکومەت و ناونانی لەناو پەرلەمان پێویستی بە 51 نییە. خۆی کە دەستی پێکرد، ناوەستێت، لە دوو پرۆسەدا پێویستت بە 51ـە. هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ کابینە، پێویستت پێیەتی. ئەویدی دیکە پێویستی بە 51 نییە. بۆیە ئێمە کە پەرلەمانمان کاراکردەوە، بە پارتی دەڵێین ها بڕۆ، قیتارەکە لێخوڕە".
"رەنگە بەیانی دۆخێک بێتە پێشەوە و رێکبکەون"
ئەگەر و مەترسیی رێکنەکەوتنی پارتی و یەکێتی هەمیشە ترسێکە و بیری لێ دەکرێتەوە. د. رێواز فایەق دەڵێ: "ئەمە شتێک نییە ئەزەلی بێت و بڵێیت هەرگیز رێکناکەون. رەنگە بەیانی هەندێک رووداو بینە پێشەوە رێکبکەون. زۆر جار تووشی ئەم دۆخە بووین. راستە ئەمە درێژترین حاڵەتە و رەنگە بۆ درێژبوونەوەکەشی بەشێکی پەیوەندیی بە عێراقەوە هەبێت، کە زۆر بە عێراقەوە سەرقاڵ بووین و لە ناوچەکەدا شەڕ هەبوو."
"بەڕاستی هەردوولا دەبێت نەرمی نواندنیان هەبێت، بەڵام پارتی دەبێت نەرمیی زیاتر بنوێنێت. چونکە ئەوانن پێداگرن لەسەر ئەوەی کە هەیە بەردەوام بێت. پارتی دەڵێت سەرۆکی هەرێمم دەوێت، سەرۆکی حکومەتیشم دەوێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیشم دەوێت، وەزارەتی ناوخۆشم دەوێت، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەشم دەوێت، ئەمانە جومگەکانن".


