رووداو - هەولێر
فاتیح یڵدز، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان فاکتەری گرنگە بۆ تورکیا و پەیوەندییەکانی هەردوولا بەردەوامدەبن.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، فاتیح یڵدز گوتی "ئێمە لە هەموو دۆستەکانمان نزیکین هەم لە عێراق هەم لە هەولێر. لە قۆناخی داهاتووشدا بەدڵنیاییەوە دیدار ئەنجامدەدرێت".
لەبارەی ئەگەری دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و تورکیا، کە زیاتر لە ساڵێکە راگیراوە، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق گوتی " ئەو هەڵوێستەی تورکیا هیچ کاتێک لەدژی خەڵکی سلێمانی نەبووە. چاوەڕوانیمان زۆرە لە سەرکردایەتی ناوچەی سلێمانی بۆ ئەوەی هەنگاوی گرنگ بنێن و ئەوانیش دەزانن چاوەڕوانییەکانمان چین. دڵنیام ئەم پرسە دەخرێتە رۆژەڤی سەرکردایەتیی تورکیا لەسەر ئاستێکی زۆر بەرز بەڵام نازانم کەی دەبێت، دڵنیام لە قۆناخی داهاتوودا دەبێت".
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بڕیاربوو وەزیری دەرەوەی تورکیا دوای بەغدا سەردانی هەولێر بکات. بەڵام سەردانەکە دواخرا، هۆکاری چێ بوو؟
فاتیح یڵدز: لە راستیدا سەردانەکە بەشێوەیەکی زۆرباش پلانی بۆ دانرابوو، بەپێی بەرنامەکە دوای بەغدا و نەجەف سەردانەکە بە هەولێر کۆتایی پێدەهات. وەزیر خۆیشی لە لێدوانێکدا باسیکردبوو کە لەبەرنامەیدابووە سەردانی هەولێر بکات، بەڵام سەرقاڵبوونی رادەبەدەر وەک دەزانن رۆژی 12ـی مانگ رۆژەڤ لە تورکیا زۆر چڕبوون و پێویست بەگەڕانەوە دەکرد. چونکە بەرنامەکانی رۆژی دواتر گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهات و دەبووایە بەیانی زوو کارەکانی دەستپێبکات. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، ئەمڕۆ لە میانی کۆبوونەوەشم لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران جەختم لەوەکردەوە کە زۆر گرنگە بۆ هەردوولایەن درێژە بەدیدار و گفتوگۆیەکانمان بدەین. تورکیا بەهەماهەنگی حکومەتی هەرێمی باکووری عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا درێژە پێدەدات چونکە حکومەتی هەرێمی باکووری عێراق فاکتەری گرنگە بۆ تورکیا. سەردانەکان زۆر گرنگن و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەم جۆرە سەردان و دیدارانە ئەنجامدەدرێن.
رووداو: بەمنزیکانە سەردانەکان بۆ هەولێر دەکرێت؟
فاتیح یڵدز: وەک دەزانرێت لەهەردوو لایەن حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت. هەم لە بەغدا هەم لە هەولێر و تورکیاش هەڵسەنگاندن بۆ پێکهاتەی هەردوو حکومەتەکە دەکات. پەنا بەخودا لە رۆژانی داهاتوودا ئەم هەڵسەنگاندنانە دەکرێن.
رووداو: پەیوەندییەکان لەگەڵ یەکێتی چۆنە، فڕۆکەخانەی سلێمانی تاوەکو ئێستا داخراوە؟
فاتیح یڵدز: ئێمە هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی بخەینە چوارچێوەیەکی دیاریکراو. ئەم ناوچەیە بەشێکی گرنگی پەیوەندییەکانمانە لەگەڵ عێراق. کاتێک سەیری سنوورمان دەکەین، بەرلەوەی روو لە بەغدا بکرێت، ناوچەکانی برایانی کورد دێنە بەردەممان هاوسنوورین. ئێمە هاوسەنگی دروستدەکەین لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق و هەرێمی باکووری عێراق. بۆیە قۆناخی داهاتوو کە هەردوولایەن سەرقاڵی پێکهێنانی حکومەتن و پێمانوایە بۆ تورکیا ئەرێنی دەبێت. بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەی سلێمانی و کایەی ئاسمانی تورکیا بۆ ئەم فڕۆکەخانەیە دووپاتمانکردووەتەوە و دەیکەین کە ئەم هەڵوێستەی تورکیا هیچ کاتێک لەدژی خەڵکی سلێمانی نەبووە. چاوەڕوانیمان زۆرە لە سەرکردایەتی ناوچەی سلێمانی بۆ ئەوەی هەنگاوی گرنگ بنێن و ئەوانیش دەزانن چاوەڕوانییەکانمان چین و پێمانوایە ئەو هەوڵەی دراوە کە گوایە تورکیا ئەم هەڵوێستەی دژ بەخەڵکی سلێمانی کردووە، هەنگاوێکی هەڵەبوو. ئەمە بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە خەڵکی سلێمانییەوە نییە، بەپێچەوانەوە سلێمانیش بۆ کایەی ئاسمانی تورکیا وێستگەیەکی زۆر گرنگە. دڵنیام ئەم پرسە دەخرێتە رۆژەڤی سەرکردایەتیی تورکیا لەسەر ئاستێکی زۆر بەرز بەڵام نازانم کەی دەبێت، دڵنیام لە قۆناخی داهاتوو دەبێت.
رووداو: باستان لە چاوەڕوانییەکانتان کرد، ئایا هیچکامیان خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە؟
فاتیح یڵدز: لەڕێگەی چەند کەناڵێکی دیپلۆماسییەوە گفتوگۆ کراوە و دەکرێت و چاوەڕوانییەکانمان دەبێ لە ئەرزی واقیعەوە ببینرێن واتە باس لە پێشهاتی بەرجەستەکراو دەکەین. لایەنی بەرامبەریش پێمانوایە لە هەستیارییەکانمان تێگەیشتوون. پێمانوایە پێشهاتی ئەرێنی دێنەئاراوە.
رووداو: بەمنزیکانە کونسوڵخانەی لە موسڵ و بەسرە دەکەنەوە، باس لە کەرکووکیش دەکرێت، کەی دەکرێنەوە؟
فاتیح یڵدز: لە بەرنامەی 100 رۆژی یەکەمی تەمەنی حکومەتی نوێدا کرانەوەی هەردوو کۆنسوڵخانە هەیە، بەڵام پێشهاتەکانی بەسرە و رەوشی ناوچەکە هۆکارن بۆ ئەوەی وادەی کرانەوەی کۆنسوڵخانەکەمان دیارنەبن. دواجار سەردانی موسڵم کرد بەدوای شوێنێک دەگەڕێین بۆ بینای کۆنسوڵخانە و هەندێک بژاردەمان لەژێر دەستدایە و پەنا بەخودا لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا هەموو رێکارەکان کۆتاییان پێدێن. لە بەسرە شوێنی خۆمان هەیە و پێویستی بەنۆژەنکردن و گەورەکردن هەیە. داواکاری زۆر هەیە بۆ کردنەوەی نووسینگە یان کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەمان لە کەرکووک. داواکارییەکان تەنیا لەلایەن برایانی تورکمان نییە، بەپێچەوانەوە کورد، عەرەب و کریستیانەکانیش داواکاری جیدیان هەیە لەمبارەیەوە. دوای کردنەوەی هەردوو قونسوڵگەری موسڵ و بەسرە، بەجددی لەگەڵ حکومەتی نوێی بەغدا دیدار و گفتوگۆمان دەبێت بۆ کەرکووک.
رووداو: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆتان لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران، بانگهێشتانکردووە بۆ سەردانی تورکیا؟
فاتیح یڵدز: کۆبوونەوەکە زۆر ئەرێنی بوو، 21 مانگە من لێرە وەک باڵیۆز دەستبەکاربووم. ئەمە یەکەم سەردانمە و یەکەم دیدارمە لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران. بۆ ئێمە دیدارێکی زۆر گرنگ بوو. ئەرێنی بوو، بە سەرۆکوەزیرانیشم راگەیاند کە چاوەڕوانی پێکهاتنی حکومەتی هەرێمی باکووری عێراقیش دەکەین و دواتر دڵنیام لێکنزیکبوونەوەی زیاتر دەبێت. بەتایبەتی دیدار و گفتوگۆی زیاتر دەکرێن هەم بەتێروتەسەلی باس لە کێشەکان دەکەین و هەڵسەنگاندن بۆ هەموو رەهەندەکان دەکرێت. بەتایبەتی زۆر رۆژەڤ هەن لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکرێ گفتوگۆی لەبارەیانەوە دەکەین. سەرەتا ئەم پرسە لەگەڵ بەغدا و دواتر لەگەڵ برایانمان لە هەولێر تاوتوێدەکەین.
رووداو: بانگهێشتکراوە بۆ تورکیا؟
فاتیح یڵدز: تاوەکو ئێستا پرسی بانگهێشتکردن لە ئارادانییە. بانگهێشتکردن لە عورفە دیپلۆماسییەکان زیاتر بۆ ئەو لایەنانە دەبێت کە لەیەکدی دوورن. ئێمە لە هەموو دۆستەکانمان نزیکین هەم لە عێراق هەم لە هەولێر و لە قۆناخی داهاتوودا بەدڵنیاییەوە دیدار ئەنجامدەدرێت.
داڕشتنەوە: هێمن عەساف
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ