خەلیل شیرغولامی: نێچیرڤان بارزانی وەکو دەنگێکی دانایی لە کوردستان و عێراق دەبینین

23-04-2024
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خەلیل شیرغولامی، جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خەلیل شیرغولامی، جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، "نێچیرڤان بارزانی وەکو دەنگێکی زۆر گرنگی ژیری و دانایی لە کوردستان و تەواوی عێراق دەبینین. کەسایەتییەکەی، ژیری و داناییەکەی، هەستە مرۆییە گرنگ و ناوازەکەی بەڕاستی جێگەی سەرنجە."
 
خەلیل شیرغولامی، جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا لەبارەی زۆر بابەتی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان، عێراق، ئێران و ناوچەکە قسەی کرد.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ خەلیل شیرغولامی، جێگری سەرۆکی ئینستیتیوتی توێژینەوەی سیاسیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
 
رووداو: ئەگەر لە گوتارەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە دیداری سلێمانی دەستپێبکەین، بە دڵنیاییەوە گوێتان لێ بوو باسی لە فەلەستینی کرد و گوتی، هەرێمی کوردستانی عێراق پشتیوانی لە دەوڵەتێکی فەلەستینی دەکات. ئەم هەڵوێستەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی چۆن دەبینیت؟
 
خەلیل شیرغولامی: بەر لە هەر شتێک، دەمەوێت سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ بەڕێز سەرۆک د. بەرهەم ساڵح دەربڕم بۆ بانگهێشتەکەی و رێکخستنی میواندارییە ناوازەکەی لەم کۆنفرانسه زۆر نایابەدا. ئەمە زەوینەیەکی باشە بۆ کۆبوونەوە و قسەکردن لەگەڵ یەکتردا سەبارەت بە بابەتە زۆر گرنگەکان لە کاتێکی زۆر گرنگدا. لەبارەی گوتەکانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، بەر لە هەر شتێک دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێمە نێچیرڤان بارزانی وەکو دەنگێکی زۆر گرنگی ژیری و دانایی لە کوردستان و تەواوی عێراق دەبینین. کەسایەتییەکەی، ژیری و داناییەکەی، هەستە مرۆییە گرنگ و ناوازەکەی بەڕاستی جێگەی سەرنجە. حەز دەکەم جەخت لەو راستییە بکەمەوە کە ئێمە لە ئێران بەڕێز بارزانی بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی دەناسین. ئەو لەنێو رای گشتیی ئێران و سیاسەتڤاناندا زۆر بەنێوبانگە. ئەوە لە سەرەتاوە دەبێت جەختی لێ بکرێتەوە. ئینجا سەبارەت بە گوتارەکەی و ئەو بەشەی لەسەر پرسی فەلەستین؛ دەزانیت پرسی فەلەستین بۆ هەموو موسڵمانان جێی نیگەرانییە. زیاتر لە حەوت دەیەیە و لەو رۆژانەی سەرەتاوە کە فەلەستین لەلایەن رژێمی زایۆنییەوە داگیر کرا، جێگەی نیگەرانی بووە و برینێکی خوێناوییە بۆ هەموو موسڵمانان لە هەر شوێنێک و لەنێویشیاندا عێراقییەکان و ئێرانییەکان، لە هەموو شوێنێک. دەزانیت ئەزموون ئەو راستییەی سەلماندووە تاوەکو مافە سەرەتاییەکانی گەلی فەلەستین نەپارێزرێن، هیچ چارەسەرێک بۆ ئەم قەیرانە درێژخایەنە نابێت کە ئەوە هۆی بنچینەیی چەندین ناسەقامگیری و ململانێیەکانی ناوچەکەمانە. ئینجا ئەم رۆژانە، دوای ئەوەی لە 7ی ئۆکتۆبەردا روویدا و هەروەها دوای خوێنڕێژی و کارە دڕندانەکانی رژێمی زایۆنی لە غەززە، ئەوە بزاوتێکی نوێی لەنێو گەلەکانی ئێمەدا بە دۆزی فەلەستین بەخشی. راستییەکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستیمان بەوەیە بیر لە دۆزی فەلەستین بکەینەوە و پێویستە یارمەتی فەلەستینییەکان بدەین تاوەکو بتوانن ئەوە بەدەستبێنن کە شایەنیانە، ئەوەش شتێکی زۆر سەرەتاییە و بنەمای بیرکردنەوەیە لە هەندێک شت بۆ دانانی چارەسەر بۆ ئەم قەیرانە درێژخایەنە. دەزانی، بەربەست لەبەردەم دەوڵەتی فەلەستیندا خودی فەلسەفەی سیاسیی زایۆنیزمە، کە وەکو مرۆڤ سەیری فەلەستینییەکان ناکات و هیچ مافێک بۆ ئەو خەڵکە بە رەوا نابینێت، لە کاتێکدا خاکەکەیان داگیر کردوون و رۆژانە دەیانکوژن. هیچ مافێکیان بۆ بە رەوا نابینن. ئینجا تاوەکو ئەم جۆرە دۆخانە و ئیدارەیەکی جووی تووندڕۆمان لە تەلئەڤیڤ هەبێت، کە هانی ئەوە دەدات دۆزی فەلەستینییەکان و سەرهەڵدانیان وەلابنرێت، هیچ چارەسەرێک لەسەر زەوی نابێت. ئەمەش ئەو شتەیە کە لە هەموو شوێنێکی ناوچەکەماندا پێی دەگەین. ئینجا ئەوەی لە گوتارەکەی بەڕێز بارزانییەوە بیستم و تێیگەیشتم هەمان جەختکردنەوەیە لە مافە بنەڕەتییەکانی گەلی فەلەستین.
 
رووداو: کاتێک سەرۆک نێچیرڤان بارزانی باسی ئێرانی کرد، گوتی ئێران دراوسێیەکی دۆستە و ئێرانی بە دۆستی هەرێمی کوردستان ناوبرد. ئێستا پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران چۆنە؟
 
خەلیل شیرغولامی: دەزانی، ئێمە هەمان نەتەوەین و ساڵەهای ساڵە رەگ و ریشەمان لە مێژوودا داکوتاوە و زۆر شتی هاوبەشمان هەیە. زۆر نەریت و لایەنی فەرهەنگیی هاوبەشمان هەیە. چێژمان بینیوە لە پەیوەندییەکی زۆر باش لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق. ئینجا ئێمە نەتەوەی براین و هاوکاریی یەکدیمان کردووە، لە زۆر کێشەدا یارمەتیی یەکترمان داوە لە زۆر سەردەمی گرنگی مێژووەکەماندا. ئەوە راستییە و هۆی ئەوەیش کە هەندێک جار بەرزی و نزمی لە پەیوەندییەکانماندا دەبێت، دەکرێت کێشەی بچووک بن یان هەڵەتێگەیشتن بێت لە پەیوەندییە زۆر ناوخۆیی و دۆستانەییەکانمان. ئێمە پێویستیمان بەوەیە سەرنج بخەینە سەر ئەو بوارانەی دۆستایەتی و برایەتی نێوان هەردوو نەتەوەمان. ئەمە زۆر گرنگە. هەروەها هەوڵبدەین لە رێگەی دانوستاندن و داناییەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو بوارانە بدرێت کە هەندێک جار ناکۆکی بچووکیان لەسەر دروست دەبێت. ئەمە زۆر گرنگە. ئێمە لەگەڵ برایانی کوردمان لێرە لە کوردستان هاوسۆزین. هەمان هاوسۆزیی ئەرێنیمان بەرامبەریان هەیە. وەکو دەزانن، زۆر کەناڵی هاوکاریمان هەیە. گەلی ئێمە و گەلی ئێوە زۆر کەناڵی پەیوەندیکردنیان هەیە. هەندێک جار هەمان خێزانیان هەیە. هەندێک جار زۆر بواری پەیوەندیکردنیان هەیە. ئینجا دۆخەکە لەو لایەنەوە زۆر ئەرێنییە. بۆیە گرنگە ئەم پەیوەندی و دۆستایەتییە بەرز بنرخێنرێت و هەوڵبدرێت لە لایەنە جیاوازەکانەوە پەیوەندییەکان بەهێز بکرێن، لەنێویشیاندا قووڵتر لە یەکتر تێگەیشتن، ئەوە زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی لێکتێگەیشتن کرۆکی مامەڵەکردن و کرۆکی هاوئاهەنگییە. بەدیاریکراوی پێویستیمان بەوەیە یارمەتی نەوەی نوێمان لە ئێران و کوردستان بدەین تاوەکو یەکدی بناسن بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە مامەڵە بکەن. ئەوە زۆر گرنگە. وەک ئەوەی ئێستا هەیە. ئەوەی پێویستمانە ئەوەیە ئەم پەیوەندییانە بە باشی بەهێز بکەین.
 
رووداو: وەکو گوتت، هەندێک جار لەم پەیوەندییانەدا بەرزی و نزمی دەبێت. ئێمە لە بەرزییەکەداین یان لە نزمیەکەدا؟ لەبەرئەوەی رەنگە ئێستا پەیوەندییەکە لە باشترین دۆخدا نەبێت کە هەردوولا دەیانەوێت. پرسیارەکەم ئەوەیە ئێستا بەربەستی بەردەم پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران چییە؟ ئەو هاوڕانەبوون و بەربەستە چییە؟
 
خەلیل شیرغولامی: دەزانیت، لە لایەنی ئێرانەوە هەندێک نیگەرانیی ئەمنی لەبارەی هەندێک چالاکیی هەندێک گرووپی تیرۆریستی هەیە، کە هەندێک جار دزە دەکەنە نێو ئێران و هەندێک چالاکیی نایاسایی یان کردەی تیرۆریستی لەنێو وڵاتەکەمان دەکەن. ئەمە چەند جارێک بابەتی پەیوەندیی نێوان بەرپرسانی ئێرانی و بەرپرسانی کوردستان بووە. من باوەڕی تەواوم هەیە کە دەتوانین چارەسەر بۆ ئەمە بدۆزینەوە. رەنگە لێکدانەوەی جیاوازمان بۆ کێشەکە هەبێت. لە هەمان کاتدا شتێکی باش دەبێت کە هەوڵبدەین نیگەرانییەکان و نیگەرانییە ئەمنییەکانی یەکتر بڕەوێنینەوە. هەروەک چۆن بۆ زۆر کێشەی دیکە بە هەمان شێوە بووە. دەزانی، هەندێک هەڕەشەی هاوبەشی ئەمنی لەسەر کوردستان و ئێران هەبوون، بەتایبەتی داعش. خۆت ئاگاداری ئەزموونە مێژووییەکەی هاوکاری و هاریکاری نێوان هەردوو گەلمانن لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا. بۆیە پێموایە دەتوانین لە رێگەی مامەڵەی پەیوەندیکردن و هەوڵدان بۆ قسەکردن لەگەڵ یەکتردا  ئەنجامی باش بەدەستبێنین. ئەوە شتێک نییە کە بتوانێت رێگە لە پەیوەندییەکانمان بگرێت. پێم وایە ئەوە شتێکە دەتوانرێت لە رێگەی دانوستاندن و مامەڵەی قووڵتری نێوان هەردوولاوە چارەسەر بکرێت.
 
رووداو: بۆچوونی تۆ لەبارەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەوە لە رێگەی دانوستاندنەوەیە. راستییەکەی من هەمان بۆچوونیشم لە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانەوە بیستووە. پرسیارەکەم ئەوەیە، لە کاتێکدا هەردوو لایەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانی عێراق هەمان بۆچوونیان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان و هەڵە تێگەیشتنەکان هەیە و وەکو گوتت هەندێک جار لێکدانەوەی جیاواز هەیە بۆ نیگەرانییەکان، بۆچی هەندێک جار دانوستاندن سەرناگرێت و سەر دەکێشێت بۆ ئامرازی دیکەی وەکو هێرش و بەکارهێنانی هێزی سەربازی؟
 
خەلیل شیرغولامی: ئێران هەرگیز هێزی سەربازیی دژی دۆستە کوردەکانمان بەکارنەهێناوە. خاڵەکە ئەوەیە.. بەڵێ، وەک پێم گوتی، رەنگە بەڵگەی جیاواز لای هەردوولا هەبێت، بەڵام ئەوەی لە پێشوودا روویداوە هەڕەشەی نزیک لە روودان بوون دژی ئێران لەلایەن هەندێک فاکتەری دەرەکییەوە کە مەرج نییە لە سوودی هەرێمی کوردستانیش بووبێت. بۆیە ئێران دۆستەکانمانی نەکردووەتە ئامانج، مەبەستم حکومەت و خەڵک لێرە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام خاڵەکە ئەوەیە کە دەکرێت و دەبێت هەندێک بنەمای لێکنزیکبوونەوە هەبن کە ببنە بابەتی دانوستاندنی نێوان هەردوولامان، لەنێویاندا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان ئێران و عێراق. لەوانەیە بتوانین لەسەر بنچینەی ئەو  رێککەوتنە ئەمنییە هەرێمی کوردستانی عێراقیش بابەتێکی هاوکارییەکان بێت. پێموایە دەکرێت ئەوە ببێتە خاڵی دەستپێک و وەرچەرخانی دانوستاندنەکانمان و هەوڵدان بۆ تێگەیشتن لە نیگەرانییەکانی یەکدی و هەوڵبدرێت کێشەکانی ئێستا چارەسەر بکرێن. من تەواو متمانەم هەیە کە ئەمە شتێک نییە هاوکارییەکانمان لەداهاتوودا سنووردار بکات، لەبەر ئەو راستییەی کە دۆستایەتیمان هێندە رەگی لە مێژوودا داکوتاوە و زۆر بواری بەرژەوەندی هاوبەش و بەهای هاوبەشمان هەیە کە بە ئاسانی دەتوانین ئەم دۆخە تێپەڕێنین.
 
رووداو: گوتت کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نایەوێت عێراق ببێتە گۆڕەپانی جەنگ، بەڵام رەنگە کەسێک لە هەرێمی کوردستان بپرسێت بۆچی ئێران لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندینجار هێرشی کردە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەگەر ئێران نایەوێت ئەم هەرێمە و ئەم وڵاتە ببێتە گۆڕەپانی شەڕ؟
 
خەلیل شیرغولامی: بەڵێ، زۆر گرنگە لە لایەنەکەی دیکەشەوە تێگەیشتن بۆ ئەم بابەتە هەبێت. دەزانیت من باسی ئەو راستییەم دەکرد کە لەنێو عێراقدا هەندێک جووڵەی نێوخۆیی وداگیرکاری هەن. سەرچاوەی زۆر لە کێشەکان لە ناوچەکەماندا دووداگیرکارین. یەکەمیان، داگیرکردنی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلییەکانەوە. دووەمیشیان کە زۆر بێزاری لە ناوچەکەمان بە تایبەت لە عێراقدا دروست دەکات، هەبوونی ئەمریکییەکانە لێرە لە عێراق و لە هەندێک شوێنی ناوچەکە کە سەرچاوەی ئاسایش و سەقامگیری نییە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەی ناسەقامگیری، کاتێک کە لێی دەڕوانین.. بۆیە لەسەر بنەمای ئەوە، پێم وایە سەرەتا پێویستە لە داینامیکی بنەڕەتی نێو هەر وڵاتێک سەبارەت بە دیاردە سیاسییەکان تێبگەین. بۆ نموونە، لەنێو عێراقدا زۆر بیانوو دژی ئێران هەن لەبارەی دروستکردنی گرووپی بەرهەڵستکاری و بەرەنگاربوونەوە (موقاوەمە)، کە ئەمەش بەو جۆرە نییە، لەبەر ئەو راستییەی کە ئەوە رەگی لەنێوداینامیکی ناوخۆیی و خۆجێیی کۆمەڵگەی عێراقدایە. سەیری هەندێک لەو شتانە بکە کە بەهۆی سەرهەڵدانی داعشەوە بەسەر عێراقدا هاتن و ئەوەی دژی گەلی عێراق کردی کە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بوو بۆ هەموو عێراقییەک. لەسەر ئەو بنەمایە، عێراقییەکان بڕیاریاندا بەرەنگاری ببنەوە و سنوور بۆ ئەو هەڕەشە راستەخۆیە دابنێن کە خەریکبوو کاریگەری لەسەر هەموو شوێنێکی عێراق دابنێت، تەنانەت لە کوردستانیش وەک دەزانیت. بۆیە ئەمە ئەو راستییەیە کە هەندێک داینامیکی نێوخۆیی لەنێو عێراقدا بۆ هەبوونی ئەو کەسانە هەن کە تێڕوانینی خۆیان لەبارەی کێشە و ئاڵنگارییەکانی وەک داگیرکاری یان هەبوونی هێزی دەرەکی لەم ناوچەیەدا هەیە. سەبارەت هەرێمی کوردستان، وەک پێم گوتی، ئێمە تێڕوانینی خۆمان هەیە و هەندێک بەڵگە هەن و لەلایەنی ئێرانەوە هەندێک نیگەرانی رژدی ئەمنی هەبوون سەبارەت بە ئیسرائیلییەکان کە دەیانەوێت لەم هەرێمەدا کاریگەری دابنێن و هەندێک شت دژی ئێران بکەن کە هەندێک بەڵگە و دۆکیۆمێنت لەوبارەیەوە هەن. بۆیە پێموایە باشترین رێگە بۆ چارەسەری هەموو ئەم کێشانە لە رێگەی دانوستاندن و هەڵوێستی ئەرێنی هەردوولاوەیە، متمانەی زۆریشم هەیە کە دەتوانین بە دانایی هەردوولا ئەم رێگەیە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان بگرینەبەر.
 
رووداو: ئایا ئێران ئەو بەڵگەنامانەی داوەتە عێراق یان کوردستان کە بەلای ئێوەوە پاساوی هێرشەکانی دەسەلمێنن؟
 
خەلیل شیرغولامی: من لەو پێگەیەدا نیم، چونکە، وەکو دەزانیت، ئەمە بابەتێکە دەبێت ئەو کەسانەی بەرپرسیارن قسەی لەسەر بکەن و روونی بکەنەوە. من لەو پێگەیەدا نیم، بەڵام دەتوانم ئەوەتان پێ بڵێم کە زۆر گەڕی پەیوەندیکردن لەنێوان هەردوولادا هەبوون. وەک پێم گوتی، رەنگە لێکدانەوەی جیاوازمان بۆ دۆخەکە هەبێت. ئەگەر ئەمە بەم جۆرە بێت، واتای ئەوە نییە کە ناتوانین هیچی دیکە بکەین. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بەشداری ئەرێنیی خۆمان لە پەیوەندی دۆستانەدا هەبێت و هەوڵبدەین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین. پێم وایە ئەوە شتێکە کە دەکرێت لە رێگەی کەناڵی هەمەچەشنی پەیوەندی نێوان هەردوو گەلەکەمانەوە چارەسەر بکرێت، وەک کەسانی ئەمنی و سیاسەتڤان و هەروەها کەسانی دیکەشەوە.
 
رووداو: رێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان ئێران و عێراق هەیە و هەرێمی کوردستانیش لەو رێککەوتنە ئەمنییەدا بەشدارە. ئایا هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی عێراق بە تەواوی پابەندی ئەو رێککەوتنەن؟
 
خەلیل شیرغولامی: عێراق وەکو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەر و سەربەخۆ، مەبەستم ئەوەیە وەکو دەوڵەتێکی نیشتمانی، گشتگیرییەکی هەیە. لەسەر ئەو بنەمایە، بێ گوێدانە سیستمی سیاسی و سیستمی فیدراڵی و هەموو شتەکانی دیکە، ئەمە پابەندێتیی حکومەتی عێراقە. ئەوە رێککەوتنێکی دوو قۆڵییە. بێ لەبەرچاوگرتنی هەموو وردەکارییەکان یان بوارەکانی ناکۆکیی نێوخۆی عێراق، ئێمە حکومەتی عێراق وەک هاوبەشی ئەو رێککەوتننامەیە دەبینین. هەروەها حکومەتی عێراقیش هەر جۆرە ناکۆکی و گرژییەکی نێوخۆیی عێراق لە رێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر دەکات و هەوڵدەدات ئەوە لەنێو وڵاتەکەدا سەربگرێت. ئێمە وا بیر دەکەینەوە.
 
رووداو: ئایا عێراق پابەندی ئەم رێککەوتنەیە؟ وەکو ئەوەی تۆ ئەم رێککەوتنە هەڵدەسەنگێنیت، کاتێک باسی رێککەوتن دەکەین، لەنێوان دوو لایەندایە و دەبێت هەردوولا پابەندی بن. ئایا تا ئێستا عێراق پابەند بووە؟
 
خەلیل شیرغولامی: حکومەتی عێراق چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە پابەندە. هاوکات هەندێک کێشەی تەکنیکی لە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەدا هەبوون لەلایەن عێراقەوە. لە راستیدا ئەوە بابەتی دانوستاندنی نێوان هەردوو وڵاتە و کاتێک حکومەتی عێراق دەڵێت و جەخت دەکاتەوە کە پابەندی ئەو رێککەوتنەیە، ئەوا پێم وایە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە یان بۆ جێبەجێکردنی هەموو وردەکارییەکانی رێککەوتنەکە دەتوانین پێکەوە کار بکەین و هەوڵبدەین ئەو کێشە تەکنیکییانە چارەسەر بکەین کە هەمانن.  
 
رووداو: لە دوایین هێرشی ئێراندا بۆ سەر هەولێر بازرگانێک کوژرا، هەروەها هاوڕێیەکی و کچە تەمەن یەک ساڵانەکەی. حەز دەکەم هەڵوێستی تۆ لەوبارەیەوە بزانم. ئایا نوێنەرەکانتان لە هەولێر، لە کۆنسوڵخانەی ئێران، سەردانی ئەو خێزانەیان کردووە؟
 
خەلیل شیرغولامی: دەزانی، خاڵەکە ئەوەیە کە ئێمە پێویستە لە هەڵوێستی یەکتر تێبگەین، کاتێک لە هەر دیوێکەوە سەیری دۆخەکە دەکەین. تۆش دەتوانیت سەیری ئەوە بکەیت کە لە کرمان لە ئێران روویدا، بەپێی هەندێک بەڵگە هەندێک لایەنی دەرەکی تێوەگلاون، زیاتر لە 100 کەسی بێتاوان کوژران، لە کەمتر لە کاژێرێکدا. بۆیە ئەمانە ئەو خاڵانەن کە دەکرێت ببنە بابەتی دانوستاندن و مامەڵەکردن لەنێوان هەردوولادا. تێدەگەم کە تێڕوانین هەیە. تێڕوانینی هەڵە هەیە و هەندێک جاریش هەڵەتێگەیشتن هەیە. دەکرێت ئەوە هەندێک لێکەوتەی کردەیی نەرێنیشی لای هەردوولا هەبێت، بەڵام ئەوە گرنگە زۆر بە رژدی و بە هەڵوێستێکی ئەرێنییانەوە بیر لە نیگەرانییەکانی هەردوولا بکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی ئەم مامەڵەیەوە بگەینە چارەسەرێک. ئەمە شتە گرنگەکەیە بۆ داهاتووی پەیوەندییەکان.
 
رووداو: بۆ من تۆ لایەنەکەی دیکەیت، چونکە من لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەواڵەکان دەبیستم. پەیوەندیی نێوان ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان چۆنە؟
 
خەلیل شیرغولامی: دەزانی، ئەوە پرسێکی ئاڵنگاریی هەڵگر بوو، لەبەر ئەو راستییەی کە بابەتی ناکۆکی هەیە، بابەتی جیاوازی هەیە، بەڵام ئەوەی ئێمە بەگشتی بەرامبەر کوردستان بیری لێدەکەینەوە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان گەلێکی دۆستە، گەلێکی دۆستی ئێرانییەکان و ئێمەش هەمان هاوسۆزی و هەڵوێستی ئەرێنیمان بەرامبەریان هەیە. بۆیە پێم وایە بەبێ گوێدانە دابەشکارییە جیاوازەکان، ئێمە پێویستە سەیری کۆی گشتیی بابەتەکە بکەین، واتە رێبازی گشتگیرانە بەرامبەر یەکدی، چونکە لە رێبازی گشتگیرانەدا زۆر لایەنی گرنگی لێکنزیکبوونەوە و بابەتی هاوبەشمان هەیە کە ئەم رێبازە دەتوانێت یارمەتی چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک بدات، نەوەک ئەوەی سەرنج بخرێتە سەر بابەتی جیاوازییەکان. بابەتی جیاوازییەکانیش لای هەر لایەک گرنگە، بەڵام رێگەی دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان هەمیشە ئەوە نییە زەقبکرێتەوە، بەڵکو ئەوەیە هەوڵی گرتنەبەری کەناڵیکی گونجاوی پەیوەندیکردن لەنێوان هەردوولادا بدرێت تاوەکو هەوڵبدەن لێیەوە بگەنە ئەنجامێکی باش.
 
رووداو: بەگشتی کێشەکە ئەوەیە کە دەنگدانەوەی هەر کێشەیەک زۆر گەورەترە لە دەنگدانەوەی هەموو شتە هاوبەشەکان.
 
خەلیل شیرغولامی: وایە. دەزانیت ئەوە هەمیشە بۆ هەموو بابەتە سیاسییەکان وایە.
 
رووداو: دەتوانیت یەک کێشەی سەرەکیم پێ بڵێیت کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا لەسەری ناکۆکن؟
 
خەلیل شیرغولامی: دەزانی، من ناچمە نێو وردەکارییەکانەوە لەبارەی بابەتی جیاوازییەکانەوە، چونکە هەروەک ئەوەی هەوڵدەدەم بۆتی روون بکەمەوە، ئێمە بەنیاز نین جەخت لەسەر بابەتی جیاوازییەکان بکەینەوە. با هەوڵبدەین ئەرێنی بین. با هەوڵبدەین ئەرێنییانە بیر بکەینەوە و بۆ داهاتوومان بە رێگە ئەرێنییەکەدا بڕۆین.
 
رووداو: ئەمە بۆ بینەرانم گرنگە، من وەک خۆم لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت لە عێراقیش ئەمە زۆر دەبیستم، کەسانێکی ئەکادیمی و سیاسی دەڵێن، "ئێران دژی هەرێمی کوردستانی عێراقە"، "ئێران حکومەتی عێراقی کۆنترۆڵ کردووە و لە رێگەی حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵیی عێراقەوە هەوڵدەدات دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمەکە لاواز بکات"، لەوبارەوە چ دەڵێن؟
 
خەلیل شیرغولامی: ئەمە پەیوەندی بە زانیاریی ناڕاست و هەڵمەتی زانیاریی هەڵەوە هەیە کە هەندێک جار هەندێک لایەنی دەرەکی دەستیان تێیدا هەیە. با لە ناخی دڵمەوە پێت بڵێم، ئەمە بەو جۆرە نییە. ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە لە زۆر لایەنەوە، وەک بابەتە سیاسی، ئەمنی، ئابووری و هەروەها مامەڵەی گەل لەگەڵ گەل. هەروەها ئێمە وەک ئاسایشی خۆمان لە ئاسایشی هەرێمی کوردستانی عێراقمان روانیوە. ئێوە ئاگاتان لە چیرۆکی داعشە کە چۆن ئێران ئەرێنییانە بەشداری کرد تاوەکو بەرەنگاری ئەو ئاڵنگارییە ببێتەوە لە تەواوی عێراق و لە هەرێمی کوردستانیشدا هەبوو. ئەوە لەنێو ئەو سەردەمە زۆر گرنگەدایە کە خەڵکی کوردستان پێویستی بە یارمەتیمان بوو و ئێمەیش یارمەتیمان دان، چونکە ئێمە وەک گەل و خەڵکی خۆمان سەیریان دەکەین. ئەمانە هەندێک تێڕوانینی هەڵەن، چونکە عێراق بۆ ئێران زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی دراوسێی نزیکمانە. هەر کێشەیەک لە عێراق راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ئێرانیش دەبێت. لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنە، لە لایەنی ئێرانەوە پێمان وایە هەر کێشەیەک لە هەر لایەکی عێراقەوە دەکرێت ببێتە کێشە بۆ ئێرانیش. بەداخەوە، لە چوار- پێنج ساڵی رابردوودا، چەند ساڵێکی وا، هەڵمەتی پڕوپاگەندەی دژ بە ئێران و عێراق هەیە، نەوەک تەنیا لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە دیوە عەرەبییەکەی عێراقیش. ئاگاداریت چی روویدا پێشتر کە هەندێک لایەن هەوڵیاندا هێرش بکەنە سەر کۆنسووڵخانەکەمان لە کەربەلا و لە نەجەف. ئەو ماوەیەت بیرە، ئەوە پەیوەندی بە لایەنی دەرەکییەوە هەیە کە هەوڵدەدات کاریگەری دابنێت و هەوڵدەدات کاریگەرییەکی رووخێنەری لەسەر پەیوەندییە زۆر باشەکەمان هەبێت. بۆیە پێم خۆشە جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێمە هاوسۆزی زۆرمان بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها بۆ ئیدارەکەی لێرە لەم هەرێمە، ئەوە شتێکە کە هەندێک کێشەی بچووک ناتوانێت کاریگەری زۆری تێبکات. بۆیە ئەمانە زانیاری هەڵە و هەڵەتێگەیشتنن. لەبەرئەوە پێویستمان بە پەیوەندی و تیکەڵاوی زیاترە لە کەناڵی هەمەچەشنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.