رووداو دیجیتاڵ
مەهدی شوشتەری، كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی لە هەڤپەیڤینێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە پەیوەندییە سیاسی و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کرد و ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندییەکی زۆرباشیان لەگەڵ حیزبەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە. هەرەوەها لەبارەی تۆپبارانکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی، "لەو ناوچانەوە هێرشمان دەکرێتە سەر و ئەو تۆپبارانانە بۆ پاراستنی سنوورەکانمانە" و جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بە بەشێك لە ئاسایشی خۆیان دەزانن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم ئێوە وەكو كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سلێمانی كۆنسوڵخانەیەكی گەورەتان هەیە، بۆ رێگیریكردن لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا چیتان كردووە؟
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان. سڵاو و رێزم بۆ ئێوە و بینەرانی بەڕێزی تەلەڤزیۆنی رووداو هەیە. لە وەڵامی پرسیاری ئێوەدا دەبێت بڵێم كە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی كۆرۆنادا لە ئێران، هەرێمی كوردستان و عێراق كۆنسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی رەچاوی تەواوی پرۆتۆكۆلە تەندروستییەكانی كردووە، چ ئەو رێنماییانەی لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دران و چ ئەو بڕیارانەی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە دەركراون. ئێستا لە كۆنسوڵخانەی ئێران لە سلێمانی تەواوی فەرمانبەران و ئەوانەی سەردان دەكەن دەبێت دەمامک بەكاربهێنن و بەبێ دەمامک رێگە بە كەس نادرێت بێتە نێو كۆنسوڵخانە. هەروەها كاری دیكەی وەك رشاندنی دژە ڤایرۆس و رێكاری دیكە بەردەوام دەگرێنەبەر. سوپاس بۆ خوا تاوەكو ئێستا لەو بارەوە هیچ كێشەیەكمان نەبووە و ئینشائەڵڵا ناشمانبێت.
رووداو: دەمەوێت بزانم تێڕوانینی ئێوە لەبارەی هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستانەوە لەم كاتەدا بۆ وەستاندنی هاتووچۆ لەگەڵ ئێران چییە؟
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: ڤایرۆسی كۆرۆنا بووە ڤایرۆسێكی جیهانی و هەموو شوێنێكی گرتەوە. لە پێنج-شەش مانگی رابردوودا تەواوی وڵاتان هەندێك رێكاریان بۆ پێشگرتن لە سەردان و گەشتی خەڵكی بیانی بۆ وڵاتەكانیان دانا. عێراق، هەرێمی كوردستان و هەموو وڵاتان ئەو رێكارانەیان دانان. ئێرانیش ئەو كارەی كرد و هاووڵاتیی وڵاتانی دیكە بە تەواوی پابەندبوون بەو رێكارانەی كە دانران. ئێران گەشتكردنی هاووڵاتییانی عێراقی بۆ وڵاتەکەی قەدەخە كرد.
هەڵبەت لەم دواییانەدا كە هەموو وڵاتان بەرەو كرانەوە چوون و ئاسانكارییان بۆ سەردانی گەشتیاران كردووە، كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش زیاتر لە مانگێكە رێگە بە بەشێك لە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەدات بە وەرگرتنی ڤیزە سەردانی ئێران بكەن. لەنێویاندا خوێندكارانی هەرێمی کوردستان هەن كە لە زانكۆكانی ئێران دەخوێنن و پێویستییان بەوە بوو بۆ بەدواداچوونی كاروباری خوێندنیان گەشت بكەن. ئەوان مۆڵەتی مانەوەی یاساییان لە ئێران هەیە.
هەروەها بازرگانان كە بەهۆی پەیوەندیی قووڵ و فراوانی بازرگانی لەنێوان ئێران و عێراق یان ئێران و هەرێمی كوردستان پێویستییان بەوە بوو كە بتوانن گەشت بكەن. هەروەها كۆمەڵێك نەخۆش هەبوون كە لە رابردوودا لە نەخۆشخانەكانی ئێران و لەلای پزیشكانی ئێرانییەوە چارەسەریان وەرگرتبوو و دووبارە پێویستییان بەوە بوو كە بچنەوە ئێران.
بەشێكی دیكەش ئەو كەسانەن كە هاوسەرگیرییان لەگەڵ هاووڵاتیی ئێرانی كردووە. كەسانێك هەبوون كە هاوژین و منداڵەكانیان لە ئێران بوون و چەند مانگ بوو لە یەكتر دوور كەوتبوونەوە. ئێران ئاسانكاریی بۆ ئەو كەسانە كرد تاوەكو بتوانن گەشت بۆ ئەو وڵاتە بكەن. لە بەرامبەردا یەك-دوو هەفتەیە كە هەرێمی كوردستانیش هەندێك ئاسانكاریی بۆ هاتنی هاووڵاتییانی ئێرانی كردووە؛ بۆ ئەو کەسانەی لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتی نیشتەجێبوونیان هەیە یان پرۆژەی ئاوەدانكردنەوەیان هەیە. زۆر كۆمپانیا هەبوون كە لێرە چالاكبوون. ئاسانكاری كراوە بۆ ئەوەی كە ئەوان بتوانن بگەڕێنەوە و ئێستا رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە.
رووداو: تاوەکو ئێستاش هاوردەكردنی كاڵای ئێرانی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوامە، چ رێكارێك گیراوەتەبەر بۆ دووربوون و بە تەندروست مانەوەی ئەم كاڵایانە كاتێك لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێن؟
ئاسانکاریی بۆ گەڕانەوەی قوتابیان و بازرگانان بۆ ئێران کراوە
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: بە خۆشحاڵییەوە سنوورەكانی ئێمە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەو سنوورە دەگمەنانە بوون كە لە سەردەمی كۆرۆناشدا بە رێككەوتنی بەرپرسانی هەردوولا دانەخران. ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە سێ دەروازەی فەرمیی ئێمە بەردەوام بوو. دەروازە نافەرمییەكانیش كە ژمارەیان چوار دانەیە، دوای دوو مانگ داخران، چالاكییەكانیان دەستیپێكردەوە.
خاڵێك كە دەبێت جەختی لەسەر بكەمەوە ئەوەیە كە ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییانە بە رەچاوكردنی تەواوی رێنماییە تەندروستییەكان لە بازاڕچە و شوێنە گومرگییەكانی سنوورەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان دەکرێن. بەردەوام لەلای هەرێمی کوردستان و لەلای ئێران رۆژانە ماددەی دژەڤایرۆس بە شوێنەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا دەڕشێنرێت. بارهەڵگرەكان پاكدەكرێنەوە و پشکنین بۆ تەندروستیی شۆفێرەكان دەكرێت.
ئەم كارانە بوونەتە هۆی ئەوەی دڵنیا ببینەوە كە ئەو كەلوپەلە ئێرانییانەی دێنە نێو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە تەندروستن و لێیان دڵنیایین و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە ئاسوودەیی دەتوانن ئەو كەلوپەلانە بكڕن و بەكاریانبهێنن.
رووداو: دەمەوێت هەر لەبارەی ئەو كاڵایانەوە بپرسم. دەزانیت قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران ساڵانە نزیكەی شەش ملیار دۆلارە، بەڵام لە راستیدا دەتوانین بڵێین هەرێمی كوردستان لە ناوچەكەدا بۆ ساخكردنەوەی كاڵای ئێرانی یەكێكە لە باشترین شوێنەكان. بەڵام بەڕێز شوشتەری، هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان دەڵێن: "كاڵاكانی ئێران زۆرباش نین، كوالێتیان زۆر باش نییە"، بۆچی تاوەکو ئێستا كوالێتیی كاڵاكانتان لە هەرێمی كوردستان باش نەكردووە؟
دڵنیاین ئەو كەلوپەلە ئێرانییانەی دێنە نێو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان تەندروستن
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: لە هەموو جێیەكی جیهان كەلوپەلەكان كوالێتیی جیاوازیان هەیە. كەلوپەلی هەر وڵاتێك كە لەبەرچاو بگرن، جۆری جیاوازی وەك پلە یەك و دوو و سێی هەیە. ئەوە بازرگان و كڕیارانن كە جۆری ئەو كەلوپەلانە هەڵدەبژێرن كە دەیانەوێت بیكڕن و بیبەن بۆ ئەو بازاڕانەی كە ئامانجیانە. سرووشتییە و لە ئێرانیش بەهەمان شێوەیە، بەڵام هەوڵی ئێمە وەك حكومەت ئەوەیە كە باشترین و بەكوالێتیترین كەلوپەلەكانمان هەناردەی بازاڕی وڵاتانی دراوسێ و لەنێویاندا بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بكەین.
بە خۆشحاڵییەوە لە تەواوی سنوورەكانماندا لەلای هەرێمی کوردستان كۆمپانیای باوەڕپێكراوی هەڵسەنگاندن بۆ كوالێتی چالاكن و كۆنترۆڵی تەواوی ئەو كەلوپەلانە دەكەن كە لە رێگەی فەرمییەوە لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێن و هەڵسەنگاندن بۆ رێژە، كوالێتی و رواڵەتی بەرهەمەكانمان دەكەن و لەو رووەوە هیچ كێشەیەكمان نییە، بەڵام هەوڵی ئێمە ئەوەیە كە باشترین جۆری كەلوپەلی ئێران بهێنین.
ئێمە ساڵی رابردوو لە سلێمانی بە ئامادەبوونی 120 كۆمپانیا پێشانگەی تایبەتی بەرهەمەكانی ئێرانمان بەڕێوەبرد كە 70 كۆمپانیای هەناردەكاری نموونەیی ئێران بوون. لە پێشانگەكەدا كەلوپەلی زۆر باشمان خستەڕوو و بازرگان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان كە سەردانی پێشانگەكەیان كرد، دانیان بەوەدا دانا كە باشترین پێشانگە بووە كە لە ساڵانی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە.
هیوادارین بەو هەوڵانەی لە هەردوو لایەنەوە دەدرێن و بە چالاكیی ژوورە بازرگانییەكانی هەردوولا بتوانین كوالێتیی كەلوپەلەكانمان زۆر باش بكەین. ئێستاش ئەو بۆچوونەی ئێوە پشتڕاست ناكەمەوە كە ئێمە كەلوپەلی بەكوالێتیمان نییە. زۆر ماركەی ئێرانی لە بازاڕەكانی هەرێمی کوردستان و لە تەواوی ماركێتەكاندا دەستدەكەون و خەڵكیش پێشوازیی باشیان لێدەكەن.
رووداو: لەنێوان ساڵانی 2006-2007 دەوروبەری 140 كۆمپانیای ئێرانی لێرە هەبوون كاریان دەكرد، بەرامبەر بەوە كۆمپانیا توركییەكان 20 دانە بوون، بەڵام ئێستا كۆمپانیاكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان 1380 كۆمپانیان بەرامبەر بەمە كۆمپانیا ئێرانییەكان تەنیا 250 كۆمپانیان. هۆكاری سستبوونی كاری كۆمپانیاكانی ئێران لە هەرێمی كوردستان چییە؟
ئەو بەرهەمە ئێرانیانەی هەناردەی وڵاتان دەکرێن کوالێتییان بەرزە
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: چالاكیی كۆمپانیا ئێرانییەكان لە بازاڕی هەرێمدا بەرەو زیادبوونە. ئێستا ئێمە دەوروبەری 400كۆمپانیای تۆماركراومان لە هەرێمی کوردستان هەیە. كۆمپانیاكانمان لە هەرێمی كوردستان چالاكن و لە هەر چوار پارێزگاكەیدا كەلوپەل و خزمەتگوزارییەكانیان دەخەنەڕوو.
لە روانگەی ئێمەوە كوالێتیی خزمەتگوزاری و كەلوپەل لە ژمارە گرنگترە. زۆر گرنگی بەوە نادەین كە ژمارەی كۆمپانیاكانمان زیاد بكەین، بەبێ ئەوەی كوالێتیی باشیان هەبێت. ئێمە بەدوای ئەوەین كە چ لە بواری كەلوپەل و چ كۆمپانییەكانی تەكنیكی و ئەندازیاریمان كە دێن پرۆژەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێدەكەن، كۆمپانیای بەكوالێتی بن و كارەكانیان ستانداردی زۆر سەرەوەیان هەبێت.
ئێمە لە بواری تەكنیكی و ئەندازیاریدا لە ناوچەكەدا قسەی یەكەم دەكەین و ئەو پرۆژانەی وەك تونێل، بەنداو، پرد و رێگەوبان كە لە ساڵانی رابردوودا جێبەجێمان كردوون، بە دانپێدانانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە زۆر سەركەوتوو و باشەكان بوون.
رووداو: بڕیار بوو دوو ناوچەی ئازاد لە هەردوو دەروازەی سنووریی پەروێزخان و باشماخ بكرێنەوە، تاوەکو ئێستا نەكراونەتەوە و تەنیا بە قسەو نووسراوی سەر كاخەز ماونەتەوە. كێشەكە لەلایەن عێراقەوەیە یان ئێران یان هەرێمی كوردستان؟
رێنوێنیی بازرگانانی خۆمان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەكەین لە گرێبەستەكاندا بە تەواوی بنەما یاساییەكان لەبەرچاوبگرن
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: هەروەك ئێوە ئاماژەتان پێدا، بەرپرسانی دوو وڵات لەبارەی كردنەوەی ناوچەی ئازاد یان شارۆچكەی پیشەسازی لە سنوورەكانی نێوان ئێران و عێراق رێككەوتوون. ئێمە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو رێككەوتننامەیەمان كردووە، بەڵام سرووشتییە كە جێبەجێكردنی پرۆژەیەكی گەورەی بەو شێوەیە پێویستی بە دانوستاندنی تەكنیكی و پسپۆڕانە هەیە.
ئێمە لە كۆماری ئیسلامیی ئێران ماوەیەكی زۆرە ئامادەیی خۆمان بۆ حكومەتی ناوەندیی عێراق و حكومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە كە ئامادەین بۆ دەستپێكردنی دانوستاندنی تەكنیكی. منیش كە ساڵێكە لە هەرێم دەستبەكار بووم، لە دیدارەكانم لەگەڵ بەرپرسانی بازرگانی و سیاسیدا رامگەیاندووە كە ئامادەیین و كارە سەرەتاییەكانمان لە هەردوو سنووری پەروێزخان و باشماخ بۆ كردنەوەی ناوچەی ئازاد كردووە. كارە یاساییەكانیشی لە ئێران تەواو كراون و تەنانەت بودجەكانیشی پەسەندكراون. هیوادارین كە لە داهاتوویەكی نزیكدا كارەكە دەستپێبكات و جێبەجێبوونی ئەو رێككەوتننامەیە ببینین كە بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندیی هەردوولایە.
رووداو: بەرێز شوشتەری، كێشەی متمانە لەنێوان بازرگانانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە، بۆ نموونە، لە ساڵی 2011وە تاوەکو ئێستا پارەی بەشێك لە بازرگانان و دەوڵەمەندانی هەرێمی كوردستان وەرنەگیراوەتەوە. ئێوە وەك كۆنسوڵی كۆماری ئیسلامیی ئێران لێرەن، چ هەنگاوێكتان ناوە بۆ وەرگرتنەوەی مافی ئەم بازرگانانەی هەرێمی كوردستان؟
لە چەند مانگی رابردوودا چەند چالاكیی تیرۆریستی لە خاكی هەرێمی كوردستانەوە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران کراون
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: ئاستی بازرگانی 5 و 6 ملیاری كە ئێوە ئاماژەتان پێكرد، خۆی دەرخەری ئەوەیە كە متمانە لەنێوان هەردوولادا هەیە. ئەگەر متمانە نەبووایە، نەماندەتوانی بە بڕی 5-6 ملیار ئاڵوگۆڕی كەلوپەل بكەین. بەشێوەیەكی گشتی پێتان رادەگەیێنم كە بە دڵنیاییەوە متمانە هەیە و بەرەو زیادبوونیشە.
هەر ئەم رۆژانەش كە كۆماری ئیسلامیی ئێران ڤیزا دەدات، ژمارەیەكی زۆر لە بازرگانان خەریكن بۆ گرێبەست و كڕینی كەلوپەل سەردان دەكەن. بۆیە متمانە هەیە، بەڵام لەو ئاستە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی سرووشتییە كە هەندێك ناكۆكییش لەنێوان بازرگانانی هەردوولادا رووبدات.
ئەو خاڵەش كە ئێوە ئاماژەتان پێدا، پێچەوانەكەی راستە. ئێمە چونكە هەناردەكارین و بازرگانانی ئێمە كەلوپەل دەنێرن، دەبێت پارە لەلایەن بازرگانانی هەرێمەوە بدرێتە بازرگانانی ئێران و ئەو داواكارییانە زیاتر داواكاریی بازرگانانی ئێرانین. سەرەڕای ئەوەش، ئێمە بەردەوام رێنوێنیی بازرگانانی خۆمان و بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەكەین كە لە گرێبەستەكاندا بە تەواوی بنەما یاساییەكان لە بەرچاو بگرن و گرێبەستی قورس و قایمی یاسایی بنووسن. ئەگەر ناكۆكییەكیش روویدا، ئێمە ناوەندی دادوەریمان لە ژووری بازرگانیی سلێمانی و لە ژوورە بازرگانییەكانی سنە و كرماشاندا هەیە. دوولایەن ئەگەر بە هەر هۆكارێك تووشی ناكۆكی بوون، دەتوانن بچنە ناوەندەكانی دادوەریی ژوورە بازرگانییەكان. ئێمەش وەك كۆنسووڵخانە بەردەوام ئاسانكاریمان بۆ ئەو كارە كردووە.
رووداو: ئێستا كێشەی گەورەی بازرگانانی هەرێمی كوردستان هاوردەكردنی كاڵاكانیانە لە بەندەرعەباسەوە. دەڵێن هاوردنی كاڵاكانیان لە بەندەرعەباس زۆر خاوە، هەروەها دەڵێن ئێران تاوەكو كاڵاكانی خۆی نەنێرێت رێگە نادات بە ئاسانی كاڵاكانمان بۆ هەرێمی كوردستان بنێرین. چیتان بۆ ئەم كێشەیەی بازرگانانی هەرێمی كوردستان كردووە؟
مافی هەر حیزبێكە كە رێبەرانی خۆی هەڵبژێرێت
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: بە راستی ئێستا هیچ كێشەیەكمان لە سنوورەكاندا نییە. تەواوی رێوشوێنە گومرگییەكان بۆ كەلوپەلی هەناردەكراوی ئێران یان كەلوپەل و باری ترانزێتی كە بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی دیكە كڕیویانن و لە بەندەرعەباسەوە بەشێوەی ترانزێت دەیانگوازنەوە، جێبەجێدەكرێن. هیچ كێشەیەكمان لەوەدا نییە.
ئەو حاڵەتەش كە ئێوە باستانكرد، تەنیا بۆ ماوەی چەند رۆژ بوو لە سەردەمی كۆرۆنا. هۆكارەكەشی ئەوە بوو كە زۆربەی سنوورەكان داخرابوون. سنوورە نافەرمییەكان و بازاڕچەكانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا داخرابوون و تەنیا هەرسێ دەروازەی باشماخ، پەروێزخان و حاجی ئۆمەران چالاكبوون و جەنجاڵییەکی زۆر قورس لەپشت سنوورەكانەوە هەبوو. لە هەندێك شوێن بارهەڵگرەكان بە درێژایی 15-20 كیلۆمەتر لەپشت دەروازەكان ریزیان بەستبوو.
بەشێوەیەكی سرووشتی، بەرپرسانی گومرگی ئێران بۆ رێكخستنی كاروبارەكان و ئەوەی كە بارهەڵگرەكان كەمتر لەپشت سنوورەكان بمێننەوە، كاتیان بۆ ناردنی بارەكانی ترانزێت دانابوو. ئەو زۆریی قەرەباڵخییەش تەنیا چەند رۆژی خایاند و بەو ئاسانكارییەی كە لە هەردوولاوە كرا و بەو رێككەوتنانەی كە كران و سنوورەكانی دیكەش كرانەوە، ئێستا كاروبارەكان بە رێكوپێكی بەڕێوەدەچن و هیچ كێشەیەك لەو بارەوە نەماوە.
رووداو: هۆکاری تۆپبارانەکانی ئێران لە هەندێک سنووری هەرێمی کوردستان چییە؟
لەگەڵ پارتی، یەكێتیی نیشتمانی، گۆڕان و حیزبەكانی دیكە پەیوەندیمان هەیە
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: ئێمە وەك كۆماری ئیسلامیی ئێران، گرنگی بە دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەدەین. ئێمە ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی عێراق بە بەشێك لە ئاسایشی خۆمان دەزانین و بۆ دابینكردنی ئاسایش لە سنوورەكان، تەواوی هەوڵی خۆمان دەدەین.
ئەو كارانەی ئێوە ئاماژەتان پێدان، وەڵامە بۆ چالاكیی تیرۆریستیی هەندێك گرووپی ناسراو كە بەداخەوە خاكی هەرێمی کوردستان بەكاردێنن بۆ هێرشكردنە سەر ناوچە سنوورییەكانی ئێمە و شار و گوندە سنوورییەكان و هەندێك جار هێزەكانی پاسەوانی سنوورمان.
لە چەند مانگی رابردوودا چەند چالاكیی تیرۆریستی لە خاكی هەرێمی كوردستانەوە دژی كۆماری ئیسلامیی ئێران کراون. ئاسایش بۆ هەر وڵات و حكومەتێك هێڵی سوورە و ئێمە لە وەڵامی ئەو چالاكییە تیرۆریستییانە و وەك مافێكی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی كە مافی بەرگریكردنە، كۆماری ئیسلامی ئێرانیش كاردانەوەی هەبووە.
رووداو: بۆچوونی ئێوە لەبارەی هەڵبژاردنی لاهوور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی وەك هاوسەرۆكانی تازەی یەكێتی چییە؟
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: ئێمە دەستێوەردان لە كاروباری نێوخۆیی هیچ وڵات و حیزبێكدا ناكەین. ئەوە مافی هەر حیزبێكە كە رێبەرانی خۆی هەڵبژێرێت و ئێمەش رێز لەو هەڵبژاردنە دەگرین؛ هەر حیزبێك بێت.
ئێمە لە سەردەمی خوالێخۆشبوو مام جەلالەوە پەیوەندییەكی زۆر باشمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەبووە. ئەو دامەزرێنەری پەیوەندیی باشی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و ئێران و عێراق بوو. ئێمە پیرۆزباییمان لە رێبەرانی نوێی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان كرد و هیوای سەركەوتنمان بۆیان هەیە.
هەڵبەت پەیوەندییەكانی ئێمە لە پەیوەندی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیدا سنووردار نییە، چەند دەیەیە لەگەڵ تەواوی حیزبەكان، بەتایبەت حیزبە گەورەكانی وەكو پارتی، یەكێتیی نیشتمانی، گۆڕان و حیزبەكانی دیكە پەیوەندیمان هەیە. زۆربەی رێبەرانی ئەو حیزبانە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە ئێران میوانی ئێمە بوون، بۆیە پەیوەندیی زۆر باشمان هەیە و شانازی بەو پەیوەندییانەوە دەكەین. پەرەش بەو پەیوەندییانە دەدەین و پشت بە خوا بە هەوڵی رێبەرانی هەردوولا پەیوەندییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان پتەوتر دەبن.
رووداو: ئێستا پەیوندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران لە بواری سیاسی و ئابووری و ئەمنی و بوارەكانی دیكەدا چۆنە؟
كۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: بە خۆشحاڵییەوە پەیوەندییەكانی ئێمە بەهۆی ئەو هەموو خاڵە هاوبەشەی كە هەمانە زۆر باشە. مێژوو، شارستانییەت، فەرهەنگ، زمان و ریشە زمانییەكانمان هاوبەشن. پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە یەك بواردا سنووردار نەكراون و لە تەواوی بوارەكاندا پەیوەندیی زۆر باش و پەرەسەندوومان هەن، چ لە بواری سیاسی و ئەمنی و چ لە بوارەكانی ئابووری و بازرگانی كە ئەمڕۆ قسەی زۆرمان لەسەر كرد. هەروەها لە بواری فەرهەنگی و زانكۆكانیشدا. ئێستا ژمارەیەكی زۆر لە خوێندكارانی هەرێمی کوردستان لە ئێران دەخوێنن. پەیوەندییەكانمان هەمەلایەنەن و بۆ پەرەپێدانیان هەوڵدەدەین و پلانیشمان بۆیان هەیە.


