دەیڤد تەفووری: پێنەدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان زیانی بە هەموو کۆمپانیایەک گەیاندووە

18-05-2023
محەممەد شێخ فاتیح
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیڤد تەفووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکی – کوردستان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیڤد تەفووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکی – کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکی - کوردستان رایدەگەیێنێت، پێنەدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، زیانی بە هەموو کۆمپانیایەک گەیاندووە.
 
دەیڤد تەفووری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکی – کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە پێموایە ئەوە گرنگە کە کەرتێکی بانکیی بەهێزت هەبێت، ئەگەر ئەوە مەبەستەکەی تۆ بێت. ئەوە هەر زۆر گرنگە. ئەوە یەکێکە لەو شتانەی کارم لەسەر کردووە. لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کارم کردووە کە یاسایەکی نوێ دەربکەن تاوەکو بشێت لێرە لە هەرێمی کوردستان کاروباری دارایی دابین بکرێت.
 
رووداو: سەرەتا بەخێربێیت بۆ کوردستان. خۆشحاڵم کە رووبەڕوو دەتبینم.
 
دەیڤد: خۆشحاڵم کە دەتانبینم.
 
رووداو: سوپاس. گەشتەکەت چۆن بوو؟
 
دەیڤد: تائێستا گەشتێکی زۆر خۆش بووە. هەمیشە حەزم کردووە بێم بۆ کوردستان. هەمیشە حەزم لەوە بووە بزانم پێشکەوتنەکان چۆنن، هاوڕێکانم ببینم و چاوم بە هاوڕێی تازەیش بکەوێت. من وەکو سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا - کوردستان لێرەم. جا ئێمە رێکخراوێکی قازانجنەویستین و بارەگامان لە ئەمریکایە. رێکخراوێکی ئەندامێتییە. ئینجا ئەنجوومەنی کۆمپانیاکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی کردووە یان حەزیان لە وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان. ئێمە بە لایەنی کەمەوە ساڵی بە شاندی لەم جۆرە جارێک دێین بۆئەوەی لەگەڵ هاوڕێکانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بزانین کارەکان چۆن بوون، هەروەها بۆئەوەی چاومان بە گەورە بازرگانە کوردەکان بکەوێت و باسی ئەو وەبەرهێنانانە بکەین کە رێیان تێدەچێت، قسە لەسەر ئەو وەبەرهێنانانە بکەین کە هەن و بزانین چۆن لێرە لە هەرێمی کوردستان کەرتی تایبەت فراوان بکەین، تاوەکو هەلی کاری زیاتر بڕەخسێنین و ئابووری بەهێز بکەین.
 
رووداو: یەکەم جار کە سەردانی هەرێمی کوردستانت کرد ساڵی چەند بوو؟
 
دەیڤد: خۆی من لە ساڵی 2004ەوە دێم بۆ هەرێمی کوردستان. یەکەم جار کە هاتم بۆ ئێرە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەدا بووم. لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بەرپرسی بەش بووم و بۆ هەندێک پرۆگرام هاتمە ئێرە کە لەو سەردەمەدا بۆ پشتیوانیی هەرێمی کوردستان دەمانکردن.
 
رووداو: ئەو ساڵەی بۆ یەکەم جار هاتیتە هەرێمی کوردستان وەکو بازرگان هاتیت یان ... 
 
دەیڤد: بە شێوەیەکی سەرەکی وەکو بەرپرسێک لە وەزارەتی دەرەوە هاتم، واتە وەکو دیپلۆماتێک.
 
رووداو: دیدارەکەت لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندەکەیدا چۆن بوو؟
 
دەیڤد: بەڵێ، ئێمە چاومان بە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران کەوت. کاتێک بە شاندی بازرگانی دێین، ئەو هەمیشە بە رادەی پێویست لەگەڵمان میهرەبان بووە کە کاتمان لەگەڵ بەسەرببات. پێموایە زۆر بایەخ بە وەبەرهێنان دەدات لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە کە لە رێکخراوەکەماندا ئەندامن. لەبارەی گرفتە جیاوازەکانەوە زۆر قسەمان کرد. لەبارەی ئەوەیشەوە دواین کە خەمی سەرەکیی ئەندامەکانمان ئەوەیە دڵنیایی بدەن ناردنی نەوت بە بۆری لە عێراقەوە بۆ تورکیا دەستپێبکاتەوە بۆئەوەی جارێکی دیکە نەوت بچێت. هەندێک کۆمپانیای وزە هەن کە لە ئەنجوومەنەکەماندا ئەندامن و ئەوان بە شێوەیەکی سەرەکی بایەخ بەوە دەدەن دڵنیا بکرێنەوە کە بتوانن بەپێی گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا لە کار بەردەوام بن.
 
رووداو: بەڕێز تەفووری، بۆچی تۆ لە هەرێمی کوردستانیت؟ پلانت بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان چییە؟
 
دەیڤد: خۆی وەکو ئاماژەم پێ دا، ئێمە ژمارەیەک کۆمپانیای ئەنداممان هەیە کە لەگەڵ مندا لێرەن. جا ئەو کۆمپانیایانە بڕیاری کەسییانەی خۆیان لەبارەی وەبەرهێنانەوە دەدەن. هەروەها کۆمپانیاکانیش لە ژمارەیەک کەرتی جیاوازدان. باسی وزەیشم کرد، بەڵام کۆمپانیایشمان لە بواری بەرگری و ئاسایش و پەروەردە و دارایی و بیناکاری و میوانداریدا هەن. جا زۆرێک لەم کۆمپانیایانە لێرە وەبەرهێنان دەکەن و خەریکی کارن. هەندێکیشیان مۆڵەتی وەبەرهێنانیان هەیە. لە راستیدا هەندێکیشیان لەلایەن دەزگای دارایی گەشەپێدانی حکومەتی ئەمریکاوە پشتیوانیی داراییان پێ دراوە؛ بۆیە هیوادارن وەبەرهێنانیان فراوان بکەن و هیوادارن وەبەرهێنانەکانیان سەرکەوتوو بێت. بۆیە ئەوە بۆ ئێمە گرنگە کە چاودێریی ئەو پڕۆژانە بکەین و چاومان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشە بازرگانییەکانی ئێرەمان بکەوێت.
 
رووداو: زۆر باشە. بەڕێز تەفووری، کاتێک سەیری ئاماری دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، دەبینین کە وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە کەمە؛ بۆچی؟ ئایا هیچ پلانێکی تایبەتت هەیە کە ئەو رەوتە پێچەوانە بکەیتەوە یان نا؟
 
دەیڤد: خۆی لێرە لە هەرێمی کوردستان هەندێک لە یەکەمین مۆڵەتی وەبەرهێنان کە لێرە درا، درا بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش. جا زۆرێک لەو کۆمپانیا ئەمریکییانە هێشتا لێرەن و بۆیان دەرکەوتووە ئەزموونەکەیان لێرە زۆر قازانجهێن بووە و حکومەت توانیویەتی رازییان بکات. جا ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەو کۆمپانیایانە و ئەو سەرکەوتنانەیە بە دەستمان هێناون. کۆمپانیا ئەمریکییەکان خۆیان لە مەترسی دوور دەگرن. هەموو کۆمپانیا ئەمریکییەکان نایانەوێت بێن بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، بەڵام ئەوەی بۆم دەرکەوتووە، ئەوەیە کاتێک دەتوانین کۆمپانیای تازە بۆ ئێرە بهێنین کە چەند رۆژێک بەسەر دەبەن، هەرێمی کوردستان دەبینن و چاویان بە بەرپرسانی حکومیی ئێرە و هاوتاکانیان لە کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێت، هەمیشە دەرفەتی نوێ دەدۆزنەوە. هەمیشە بژارەکانی ئێرە لە لایەنی وەبەرهێنان و هاوبەشیکردن لەگەڵ کۆمپانیا نێوخۆییەکاندا سەرنجیان رادەکێشێت.
 
رووداو: ئایا هیچ داتایەکت لەسەر ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە هەیە کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن؟
 
دەیڤد: خۆی ئێمە ئەو داتایانەمان هەیە کە لە کۆمپانیا ئەندامەکانمانەوە بەدەستمان گەیشتوون. وەکو ئاماژەم بۆ کرد، ئەمانە ئەو کۆمپانیایانەن کە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی بەرچاو و گەورەیان کردووە کە تایبەتە بە کۆمەڵە داتای فراوانتری قەرزی وەبەرهێنانی بیانی لەلایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکان و کۆمپانیاکانی ئەمریکای باکوور و کۆمپانیا ئەوروپییەکانەوە. ئەوە بۆ دەستەی وەبەرهێنان جێ دەهێڵم. دەزانم ئەو زانیارییانە کۆدەکەنەوە و من بۆ ئەوانی لێ دەگەڕێم.
 
رووداو: باشە، کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە چ بوارێکدا کار دەکەن؟
 
دەیڤد: جا وەکو ئاماژەم بۆ کرد، لە بوارەکانی کەرتی ئاسایش و بەرگری، کشتوکاڵ، میوانداری، بیناکاری، دارایی، نەوت و گازدا کۆمپانیامان هەن. ئینجا ئەمانە کەمێک لەو بوارانەن کە ئەوان بە شێوەیەکی بەرچاو کاریان تێدا دەکەن.
 
رووداو: ئایا هیچ چەناڵێکی داراییتان بۆ باشترکردنی پەیوەندیی نێوان کۆمپانیا کوردییەکان و ئەمریکییەکان هەیە؟
 
دەیڤد: خۆی هەموو کۆمپانیاکانمان لێرە ... 
 
رووداو: بەڵام گرنگترین شت چەناڵی داراییە. ئایا لەگەڵم هاوڕایت یان نا؟
 
دەیڤد: خۆی پێموایە ئەوە گرنگە کە کەرتێکی بانکیی بەهێزت هەبێت، ئەگەر ئەوە مەبەستەکەی تۆ بێت. ئەوە هەر زۆر گرنگە. ئەوە یەکێکە لەو شتانەی کارم لەسەر کردووە. لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کارم کردووە کە یاسایەکی نوێ دەربکەن تاوەکو بشێت لێرە لە هەرێمی کوردستان کاروباری دارایی دابین بکرێت. کۆمپانیامان هەیە کە لەگەڵ بانکە ناوخۆییەکاندا کار دەکەن و ئەزموونی باشیان لەگەڵ بانکە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئەوەندەی من بزانم هیچ بانکێکی گەورەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەییەکی گەورەی نییە، بەڵام خۆشبەختانە کە کۆمپانیای زیاتر وەبەرهێنانیان کرد، کە ئابووری پێگەیشت، ئەوە دەگۆڕێت، دەبێتە بازاڕێک و بە لای بانکە گەورە ئەمریکی و ئەوروپییەکانەوە سەرنجڕاکێش دەبێت.
 
رووداو: با باسی ژینگەی بازرگانی بکەین. لەبارەی ژینگەی بازرگانی یان وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستانی عێراقەوە چی دەڵێیت؟ پێتوایە چ کەرتێک گونجاوە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی تێدا بکرێت؟
 
دەیڤد: خۆی، لەو کاتەوەی لێرەین، چاومان بە وەزیری کشتوکاڵ کەوتووە و بەڕاستی پوختەیەکی زۆر باشی لەبارەی ئەو پڕۆژانەوە ئامادە کردووە کە دەشێت وەبەرهێنانیان تێدا بکرێت. بەڕاستی ئەوە ناچارکەر بوو و پێموایە لە کەرتی کشتوکاڵدا هەندێک دەرفەتی گەورە هەن. دیارە ئێمە لە ئەمریکا کەرتێکی زۆر گەورەی کشتوکاڵمان هەیە. ئێمە گەلێک تراکتۆر و ئامێر دروست دەکەین کە دەتوانن لە فراوانکردنی کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا کاریگەر بن. بۆیە پێموایە ئەوە بوارێکە کە زۆر هیوابەخشە. پێم خۆشە کۆمپانیای ئەمریکیی زیاتر ببینم کە بێنە ئێرە و سەیری دەرفەتەکانی کەرتی کشتوکاڵ بکەن، بەتایبەتی سەیری ئەو دەرفەتانە بکەن کە وەزیری کشتوکاڵ بۆی ئامادە کردوون.
 
رووداو: باشە. بەڵام نزیکبوونەوەیەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیە. پەیوەندیی گەشەسەندوو لەنێوان هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت و گاز و بودجە هەیە. لەو بارەیەوە چی دەڵێیت؟
 
دەیڤد: خۆی، بەداخەوە، رێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا ساڵانێکی خایاند. جا کاتێک رێککەوتنێکی کاتی لە ئارادایە و هەندێک هیوای لێ دەبینرێت کە ببێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە نەوت لە بۆرییەکانەوە بڕوات و ببێتە هۆی ئەوەی بەشە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت. بۆچوونی کەسیی خۆم ئەوەیە کە دەبێت گۆڕانکاری لە یاسادا بکرێت بۆئەوەی ئەم رێکنەکەوتنانە چارەسەری درێژخایەنیان بۆ بکرێت. بەتایبەتی پێویستمان بەوەیە لە پەرلەمانی عێراق یاسای هایدرۆکاربۆن تێبپەڕێنرێت. دەبێت یاسای داهاتی هاوبەش هەبێت کە لە لایەنی دابەشکردنی داهاتی فرۆشی نەوتەوە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات.
 
رووداو: باشە، بەرەوپێشچوونە نوێیەکە بە شێوەیەکی تایبەت چۆن کاریگەریی لەسەر کۆمپانیاکانتان دەبێت؟
 
دەیڤد: ئێستا کاریگەریی لەسەر هەموو ئەو کۆمپانیایانە هەیە کە لێرە وەبەرهێنان دەکەن، نەک تەنیا کۆمپانیا نەوتییەکان. ئەوەی کە هەرێمی کوردستان داهاتی لە فرۆشی ئەو نەوتەوە پێ ناگات کە پێشتر لێیەوە دەستی دەکەوت و لە بەغداوە ئەو بڕە پارە پێویستەی پێ نادرێت کە پێویستییەکانی بودجەکەی پڕ بکاتەوە، بۆیە ئەوە کار لە کۆمپانیاکانمان دەکات، چونکە کاریگەریی لەسەر تەواوی ئابووری دەبێت. جا ئێمە زۆر هیوادارین و گەشبینین کە ئەوە زوو چارەسەر بکرێت. جا من دڵنیام کە بینەرانیشتان لە هەرێمی کوردستان زۆر هیوادارن کە ئەوە چارەسەر ببێت، چونکە ئێمە دەزانین ئەوە کار لە هەموو کەسێک دەکات کە لە هەرێمی کوردستان دەژی.
 
رووداو: بەڕێز تەفووری، دوایین پرسیارم ئەوەیە: ئایا ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت و ئامانجیانە لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانی عێراق هانیان دەدەن بۆ ئەوە؟
 
دەیڤد: بەڵێ، ئێمە ئامانجمانە پشتیوانیی ئەو سیاسەتانە بکەین کە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لێرە دەکەن، لە رێگەی ئازادیی یاساکان، ئاسانکاری بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا، ئاسانکاری بۆ خاوەندارێتیی زەوی و ئەو سەرمایەی دەتەوێت بۆ ئەوەی بازرگانییەکی سەرکەوتووانەت هەبێت، ئەوەیش بە داکۆکیکردن لە حکومەتی ئەمریکا کە لە رێگەی دەزگای دارایی گەشەسەندووەوە پارە دابین بکات تا وا لە کۆمپانیاکان بکات بتوانن لێرە وەبەرهێنان بکەن. هەروەها زۆر رێگەی دیکەیش. 
 
رووداو: بەڕێز دەیڤد تەفووری، سوپاس کە لەگەڵمان بوویت. سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
 
دەیڤد: سوپاس
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.