رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق چارەسەرکردنی دۆخی خراپی سووریا بە پێویست دەزانێت، چونکە بە قسەی ئەو، کێشەی ئابووریی ئەو وڵاتە کاریگەریی لەسەر عێراقیش هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، هەوڵەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە 15-6-2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ''لەم رۆژانە شاندێکی تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و لەسەر ئاستی سیاسیش لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەردەوام دەبین و باسی ئەو مەسەلەیە (هەناردەکردنەوەی نەوت) دەکەین.''
فۆئاد حوسێن ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ماوەیەکی زۆر ئەوە یەکەمجارە لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی تورکیا دانیشتن دەبێت، ''با بزانین ئەوان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیە دەکەن ئەگەر کێشەکە چووە بواری سیاسییەوە، ئەوە دەستوەردان دەکەین.''
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
رووداو: ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارە و پەنابەرانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان لە عێراق و هەرێمی کوردستانن، چ هاوکارییەکیان دەکرێت؟
فوئاد حوسێن: ئەم هاوکارییانەی کە لەوێ کۆدەبێتەوە، بێگومان لە رێگەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەچێت و یەکێک لەو رێکخراوانە، (UNHCR)ـە و خۆی سەرپەرشتیی پەناخوازەکان یان کەمپی پەناخوازەکانی سووریا دەکات لە کوردستانی عێراق، مانای ئەوەیە یارمەتییەکە لە رێگەی ئەوانەوە دەگاتە پەنابەرەکان.
رووداو: عێراق لەگەڵ ئەوە بووە کە سووریا بگەڕێتەوە کۆمکاری عەرەبی و گەڕایەوە، ئێستا هەڵوێستی ئەم وڵاتانەی ئەوروپا ئەوەیە کە نابێت پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ سووریا بکرێتەوە، تێبینی ئەوەتان کردووە کە بارودۆخی سووریا بۆ قۆناخی داهاتوو بەرەو باشتر دەچێت لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی؟
فوئاد حوسێن: ئەوروپا بەشێک لەو هەڵوێستەی کە هەیانە، قسەی خۆیانە، بوونەتە دیلی قسەی خۆیان، چونکە هەندێک لە سەرکردەکانی ئەم وڵاتانە (ئەوروپا)، زۆر باسیان کردووە کە حکومەتی سووریا نابێ بمێنێت، رژێمی سووریا نەمێنێت، لابدرێت و دادگایی بکرێت، ئێستا خۆیان لە کێشە دان، کێشەکەشیان ئەوەیە نازانن چۆن مامەڵە لەگەل دۆخی سووریا بکەن، ئەم دۆخەی سووریا بەردەوام بێت، بۆ ئەمانیش خراپە.
مەسەلەی پەنابەری لە وڵاتەکەیاندا بووەتە کێشە و پەنابەرانیش هەر بەردەوام دەبن و دێن، چونکە دۆخەکە هەر خراپە، دۆخی خراپی سووریا وا دەکات لە وڵاتانی دیکەش پەنابەر بێن، چونکە کاریگەری هەیە، لەبواری ئەمنی و دۆخی ئابوورییەوە، دۆخی لوبنان یان وڵاتانی دیکە زۆر خراپە، ئەمانە ئێستا بۆ رێگەیەک دەگەڕێن کە چۆن ئەم رێگەیەی خۆیان بگۆڕن، چونکە لە پەرلەمانی خۆیان، لە میدیای خۆیان، لە نێو حیزبەکانی خۆیان، ئەم قسانەیان کردووە، ئێستا بۆیان ئەستەمە قسەکانی خۆیان بگۆڕن، بەڵام ئەمە کێشەی خۆیانە، کێشەی میللەتی سووریا ئەوەیە کە خەڵکی سووریا تێکشکاوە، هیچی نەماوە، نە نان هەیە، نە ئاو هەیە، نە کارەبا هەیە، نە پارە هەیە، نە قوتابخانە هەیە و نە تەندروستی.
بێگومان ئەم کۆمەڵگەیە کە وا بڕوات (کۆلاپس) دەبێت، کە کۆلاپسیش بوو، لەسەر عێراق کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی هەیە، ئێمە درواسێی سووریاین و ئەگەر کۆلاپس بێت، هەزاران سووری دێنە عێراق، کە ئێستاش دەستیان پێکردووە و دێن، نەک تەنیا مەسەلەی پەنابەری، بەڵام ناتوانن بژێوی خۆیان پەیدا بکەن لە وڵاتی خۆیاندا، ئێمەش باجەکەی دەدەین و خەڵکی سووریاش باجەکەی دەدەن، ئەمانیش سیاسەتەکەیان نازانم بەرەو کوێ دەچێت، سیاسەتێکی سەیریان هەیە لە ئەوروپا، ئێمە ناڵێین مامەڵە لەگەڵ رژێمی سووریا بکەن، بەڵام شێوەیەک بدۆزنەوە بۆ چارەسەری هەندێک کێشەی خەڵکی سووریا.
ئێمە لە گەنگەشەداین، من ئەمڕۆ هەم لێدوانێکم هەبووە، هەم دانیشتنم لەگەڵ جۆزێف بۆرێل و بەرپرسانی دیکەش کۆبوونەوەم هەبووە، سبەی دەڕۆم بۆ پاریس و دانیشتنم لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هەیە.
پێویستە ئەم سیاسەتەیان بگۆڕدرێت، ئێستا یەکێک لەم کێشانە لە عێراق هەیە کە مەسەلەی مادەی هۆشبەرە، عێراق بووبووە رێڕەوی (مەمەڕ) مادەی هۆشبەر بۆ دەوڵەتەکانی دیکە، بەڵام ئێستا لە عێراق مادەی هۆشبەریش بەکاردەهێنن، لەکاتێکدا سەرجەم مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتانی دەوروبەرەوە دەهێنرێت، یەکێک لەو وڵاتانەش سووریایە، ئەمە مەترسییە بۆ کۆمەڵگەی عێراقی، بۆ گەنجانی عێراق و بۆ میللەتی عێراق، بۆیە پێویستە ئێمە کار لەسەر مەسەلەی سووریا بکەین، من ناڵێم چارەسەر دەبێت، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو ئیدارەی ئەم قەیرانە بکرێت و ئیدارەی قەیرانی سووریا بە تەنیا ناکرێت، دەوڵەتی جۆراوجۆری پێویستە، دەوڵەتی هەرێمی دەوێت و لەسەر ئاستی دنیاش دەوڵەتی پێویستە.
رووداو: ئێستا شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران لە سووریاوە دەستیپێکردووە کە پێشتر هەندێک خاوتر بوو!
فوئاد حوسێن: من پێی ناڵێم کۆچبەران، بەڵام خەڵکی سووریا کۆچ دەکەن، ئەوە راستییە، ئەمجارە بۆ کار کۆچ دەکەن، کۆچ دەکەن شوێنێک بدۆزنەوە، بەڵام یەکێک لەو شوێنانەی کە ئێستا کۆچی بۆ دەکەن، عێراقە، چونکە دۆخی ئابووریی عێراق هەرچی بێت، زۆر زۆر باشترە لە سووریا، خەڵک دێن بۆ کار، بژێویی خۆیان پەیدا دەکەن، بۆیە تۆ ناتوانی دەرگەیان بەسەردا دابخەیت، ئەوان لە برسێتی رادەکەن. بێگومان کۆچ دەکەن بەرەو وڵاتانی جۆراوجۆر، بەڵام ئێستا بەرەو عێراقیش دێن.
رووداو: لایەنی عێراقی و تورکی هەوڵدەدەن جارێکی دیکە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەم پرسە بە کوێ گەیشتووە؟ بەم نزیکانە گوێمان لێ دەبێت کە دەستپێدەکاتەوە یان نا؟
فوئاد حوسێن: ئەوە نازانم، چونکە ئەوە بڕیارێکە پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە، بەڵام ئەوەی دەزانم لەم رۆژانەدا شاندێکی نەوتیی تورکیا دێن بۆ بەغدا، لەبارەی ئەو مەسەلەیە قسە دەکەن، بەڵام بە هەرحاڵ ئێمە بەردەوام دەبین لە دوای ئەو شاندەش بزانین چی دادەڕێژن، ئەگەر وا نەبێت، ئێمە لەسەر ئاستی سیاسیش لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا باسی ئەو مەسەلەیە دەکەین.
رووداو: گرێکوێرەکە لە کوێیە؟
فوئاد حوسێن: ناتوانم بە ناوی تورکیاوە قسە بکەم؛ چونکە دەبێت تورکیا بڕیارەکە بدات، ئێستا دوای ماوەیەکی دوورودرێژ یەکەمجارە دانیشتن دەبێت لە نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی تورکیا، با بزانین ئەوان چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشەیە دەکەن، ئەگەر کێشەکە چووە بواری سیاسییەوە، ئەوە دەستوەردان (تەداخول) دەکەین.


