حاكم رەئوف : سەددام نووسیبووی چاوەڕێی ئەو دونیا دەكات

14-06-2013
رەنج سەنگاوی
A+ A-
حاكم رەئوف رەشید، دادوەری پێشووی دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق كە سزای لەسێدارەدانی بۆ سەددام حوسێن، سەرۆكی رژێمی پێشووی عێراق دەركرد، لەم هەڤپەیڤینەدا كە لە تەلەڤزیۆنی رووداوەوە بڵاوكرایەوە، باسی وردەكارییەكانی پشتی پەردەی دادگایی سەددام و سەرانی دەستگیركراوی بەعس دەكات كە بە یەكێك لە دادگاییە هەرە گەورەكان دادەنرێ لەمێژووی عێراق و جیهانیشدا.

هەڤپەیڤین: رەنج سەنگاوی

رووداو: ئەمریكییەكان ئەزیەتی سەددامیان دابوو لەكاتی دەستگیركردنی؟

حاكم رەئوف: خۆی باسی ئەوەی نەكرد، بەڵام گلەیی هەبوو كە مامەڵەی ئەمریكییەكان لەگەڵ ئەوانی دیكە باش نییە. ئێمە لەلایەن خۆمانەوە رێنوێنییەكمان دایە ئەمریكییەكان كە ئێواران بیهێننە دەرەوە و دەرفەتی خۆشووشتن و چوونە بەرهەتاوی پێبدەن. ئەوەشم لەبیرە كە داوای كرد رۆژنامەی بۆ ببەن، ئێمەش بڕیارماندا هەموو رۆژێ سێ رۆژنامەی بۆ ببەن.

رووداو: رۆژنامەیەكی دیاریكراو هەبوو سەددام داوای بكات و بەلایەوە گرنگ بێت؟

حاكم رەئوف: زیاتر داوای رۆژنامە عێراقییەكانی دەكرد، رۆژنامەیەكی دیاریكراوی داوانەكرد، هەروەها داوای رۆژنامەی لوبنانی كرد، ئێمە گوتمان رۆژنامەی لوبنانی نایەت، ئینتەرنێتیش رێگەپێدراو نەبوو، ئەمریكییەكان قبووڵیان نەدەكرد چونكە گیراوی ئەوان بوو، ئێمە هەر لەو كاتانە دەسەڵاتمان لەسەری هەبوو كە دەیانهێنایە هۆڵی دادگا و كە لە دادگا دەچووە دەرەوە ئیتر دەكەوتەوە دەستی ئەمریكییەكان.

رووداو: ئەمریكییەكان گوێیان بەو رێنماییە دا كە ئێوە دەرتانكرد؟

حاكم رەئوف: بەقسەیان دەكردین، بەڵام زۆرجار شكاتیان دەكرد و دەیانگوت رەفتاری توندە و قسەی ناشرین دەكات.

رووداو: جنێوی پێدەدان؟ 

حاكم رەئوف: بەڵێ بەگشتی رەفتار و شێوازی مامەڵەی توند بوو، هەرچەندە لە هۆڵی دادگا و لەبەر كامێرا پێدەكەنی، بەڵام بەگشتی رەفتاری توند بوو.

رووداو: لە چ ساتەوەختێكدا سەددام حوسێنت زۆر بەلاوازی بینی؟

حاكم رەئوف: وەڵڵاهی بڵێم چی.. مەسەلەی لاوازی پەیوەندی بەخودی مرۆڤەكانەوە هەیە، هەر مرۆڤێك لەرۆژێكدا لەوانەیە لاواز دەربكەوێ و لەرۆژێكی دیكەدا بەهێز ببینرێ. بەڵام لەو ساتەی كە بڕیاری حوكمەكەی خوێندرایەوە، چونكە شوێنەكەی من لەهی ئەو بەرزتربوو، تێبینیم كرد لەگەڵ خوێندنەوەی حوكمی دادگا یەكسەر دموچاوی تێكچوو، گرژ بوو، چاوی گۆڕا، ئەوەبوو دووسێ دروشمی لەسەر نەتەوەی عەرەب و حیزبی بەعس دا، ئەو هوتافكێشانە بەپێی زانستی دەروونی گوزارشت لە لاوازی دەكات.

  لەگەڵ خوێندنەوەی حوكمی دادگا یەكسەر دەموچاوی سەددام تێكچوو


رووداو: باوەڕی نەدەكرد كە رۆژێ لەرۆژان لەسێدارە دەدرێت؟

حاكم رەئوف: لەو شتانەی كە رۆژانە بۆخۆی دەینووسین بەچەند دێڕێك باسی شتێكی لەو بابەتەی كردووە كە چاوەڕێی ئەو دونیا دەكات. 

رووداو: تۆ وەكو دادوەرێك، كە دادگایی سەددام دەستیپێكرد پێشبینیت بۆ بڕیاری كۆتایی دادگا چی بوو؟ 

حاكم رەئوف: دادگاییەكە 41 دانیشتنی خایاند، بڕوا بكە تا دانیشتنی چلەمین و دانانی بۆ وردبینی لەلایەن دەستە و هەتا داواكاری گشتی و پارێزەرەكان موتالەعەی خۆیان خوێندەوە، ئێمە پێنج رۆژ لەگەڵ ئەندامەكان لە لێكۆڵینەوەو بەراوردی داواكەدا بووین، تا ئەوساتە بەئەمانەتی دادوەرێكەوە قسە دەكەم، كەسمان لەبیرمان نەبوو چ حوكمێك دەدرێ، چونكە وەك گوتم من دادوەری تاك و تەنیا نەبووم، ئێمە دەستەیەكی پێنج كەسی بووین و رای هەریەك لەئێمە كاریگەری لەسەر ئەوی دیكە هەبوو، هەرچەندە زۆرینەو كەمینە هەیە لە بڕیارداندا، بەڵام تا ئەوساتەی بۆ وردبینی دانرا و وردبینی تەواوبوو لە دەروون و فكری مندا نەبوو چ حوكمێك بۆ ئەو پیاوە دەردەچێ.

 كەیسی هەڵەبجە یەكێك بوو لەو كەیسانەی كە بەرەوڕووی من كرایەوە، بەڵام من لێی كشامەوە


رووداو: ئەمریكییەكان دەیانویست لەسێدارە بدرێت یاخود تاهەتایی بەند بكرێ ؟

حاكم رەئوف: بۆ ئەمریكییەكان نازانم، بەڵام سەبارەت بەخۆم وەكو دادوەرێك بەئەمانەتەوە دەڵێم ئەمریكییەكان دوور یان نزیك، سەبارەت بە ئێمە، شەخسی خۆم و دادوەرەكانی دیكە دەڵێم، نازانم بۆ ئەوانی دی، نە ئیحایەك نە ئاماژەیەكیان نەكردووە كە شتێكی لەو بابەتە بگەیەنێ. بەڵام دەبێ بزانین سەددام دوژمنی سەرسەختی ئەمریكییەكان بوو، ئەوان وڵاتەكەیان لەژێر دەستدابوو، بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش دەسەڵاتی داگیركەربوون، دیارە شتی خۆیان هەبوو بەرامبەری، بەڵام دوور یان نزیك پەیوەست نەبوو بەئێمەوە.

رووداو: سەددام قەت باسی سەركردە كوردەكانی لەگەڵ كردووی؟

حاكم رەئوف: بەڵێ.

رووداو: رقی لێیان بوو، یان یەكێكیانی خۆشدەویست؟

حاكم رەئوف: نەخێر بەحورمەتەوە باسی مەلا مستەفای رەحمەتی دەكرد، هەروەها بە رێزیشەوە باسی جەنابی مام جەلالی دەكرد.

رووداو: مام جەلال دژی ئەوە بوو ئیمزا لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانەكەی بكات، تۆ ئەوە چۆن هەڵدەسەنگێنی لەكاتێكدا بەڕێزتان بڕیاری لەسێدارەدانی ئەوتان خوێندەوە؟

حاكم رەئوف: نا ئەوە بەو شێوەیە نییە، من ئێستا ئەوە رووندەكەمەوە. جەنابی مام جەلال كاتی خۆی كە هێشتا لەقەڵاچوالان بوو لەسلێمانی و ئەوكاتە منیش لێپرسراوی رێكخراوی مافی مرۆڤ بووم لەسلێمانی، سەردانی مام جەلالم دەكرد، ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەرێگەی (هانیا موفتی)یەوە فۆرمی چوونەڕیزی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)یان هێنابوو، لەوانەش بۆ جەنابی مام جەلال. 

بەپێی پرەنسیپی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ لەسێدارەدان نییە، خودی جەنابی مام جەلالیش لەگەڵ نەهێشتنی بڕیاری لەسێدارەدانە، ئەمە روانگەی جەنابی مام جەلالە لەهەردوو رووی واقعی و تیۆریشەوە.

ئەوكات من هێشتا پارێزەر بووم و نەهاتبوومە دەسەڵاتی دادوەری، منیش چوومە ریزی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، بەڵام كە بوومە دادوەر نووسراوێكم بۆ (هانیا موفتی) رەوانە كرد كە ئەوكات لەبەیروت دادەنیشت، نووسیم لەبەر ئەوەی بوومەتە دادوەر و لێپرسراوی دەوڵەت و یاسا جێبەجێ دەكەم ئیتر پەیوەندیم لەگەڵ ئەمنستی نامێنێ، بەڵام جەنابی مام جەلال هەر بەردەوام بوو، بۆیە زۆر ئاساییە چ وەك شەخسی خۆی كە لەگەڵ لەسێدارەدان نییە، چ وەك ئەوەی پەیوەندی بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵەوە هەیە.

رووداو: وەكو دادوەرێكی كورد قەت لەگەڵ سەددامدا گفتوگۆت كرد سەبارەت بە كۆمەڵكوژی یاخود ئەو تاوانانەی دژ بە میللەتەكەت ئەنجامیداوە؟

حاكم رەئوف: لەدەرەوەی دادگا نەخێر.. چونكە لەدەرەوەی دادگا بۆ دادوەر ناشێ و دەبێ دادوەر لەبەڕێوەبردندا پەیوەست بێت بە رێسای دادگا، بەڵام لەدەرفەتی دیكەدا نەك هەر لەداوای دوجێل، بەڵكو لەداواكانی دیكەشدا كە سەددامی تێدا ئامادە دەبوو ئەو باسە كرا. بۆ نموونە باسی كۆمەڵكوژییەكەی هەڵەبجەو ئەنفالیش كرا، هەڵبەت ئەو دانی پێدانەدەنا، تەنانەت پرسیاری ئەوەشی لێكردم كە ئایا كەسوكارم بەركەوتوون، بەڵام من وەڵامم نەدایەوە.

رووداو: بۆچی وەڵامی ئەوەت نەدایەوە؟

حاكم رەئوف: لەراستیدا من وەكو دادوەرێك دەكەوتمە هەڵوێستێكەوە، دواتر پێویست بەوەش ناكات.



رووداو: ئەی هیچ جارێك لەكاتی گفتوگۆكاندا لەسەر كەیسی هەڵەبجە هەستی هەڵەبجەبوونت تێدا نەورووژا ؟

حاكم رەئوف: گوێم لێبگرە، من دادوەرم و سوێندم بەقورئانی پیرۆز خواردووە، ئەو سوێندە بەلای منەوە سوێندی كۆتاییە تا ئەوكاتەی دەمنێنە ژێرخاك، سەبارەت بەهەڵەبجە دەمەوێ بزانی زامی هەڵەبجە قەت لەدڵی مندا ساڕێژنابێ، كەیسی هەڵەبجە یەكێك بوو لەو كەیسانەی كە بەرەوڕووی من كرایەوە، بەڵام من لێی كشامەوە لەبەر ئەوەی گوتم من وەكو هەڵەبجەییەك ناتوانم لەنێوان یاسا و ویژدانی خۆمدا هاوسەنگی رابگرم، بۆیە كشامەوەو دۆسیەكە درایە كەسێكی دیكە. ئێستاش بەئەمانەتەوە دەیڵێم ئەوكاتەی كە دادگاییم دەكرد لەژێر حوكمی سوێندخواردنەكەدا بووم بەقورئانی پیرۆز و بەهیچ شێوەیەك، زەڕەیەك لە غایەلە بەدڵمدا نەهاتووە، یاساش لەوبارەیەوە رێگەی داوە بەهەر شێوەیەك غایەلەیەك بەدڵی دادوەردا بێت لەداواكە بكشێتەوە و وازبێنێ، وەك ئەوەی من لەكەیسی هەڵەبجە كشامەوە. 

رووداو: هیچ ساتێك هەبووە پەشیمان بیت یان بەخۆتدا چووبیتەوە لەوەی كە سزای لە سێدارەدانت بۆ سەددام دەركردووە؟

حاكم رەئوف: هەرگیز، چونكە ئەگەر وابێت مانای وایە من قەزاوەتم بەدروستی نەكردووە، من ئەركی یاسایی و دادوەریم ئەنجامداوەو بەلای منەوە گرنگ نەبووە تۆمەتبارەكە كێیە، سەددامە یان كەسێكی دیكەیە. دادوەر یاسا جێبەجێ دەكات، كەرەستەی دادوەر و ویژدانی دادوەر یاسایە.

رووداو: هەستدەكەی بكوژێكت لەسێدارەداوە یان شاعیرێك، چونكە وەك خۆت دەڵێی سەددام شاعیریش بوو؟

حاكم رەئوف: هەست بەهیچیان ناكەم، هەستدەكەم گومانلێكراوێك درایە دادگا و دوای 41 دانیشتن و پاش ئەوەی كە هەموو ئەوراقەكان تاوتوێكران و پاش ئەوەی كە بەڵگە هاتە بەردەستی دادگا و داواكاری گشتی رای خۆی گوت و دوای موتالەعەی پارێزەرەكانی و قسەی شاهیدەكان، من وەكو یەكێك لەدەستە پێنج كەسییەكە بەقەناعەتەوە ئەو بڕیارەم دەركرد.

رووداو: گوتت سەددام هەستی بە ترس كرد ئەوكاتەی بڕیارەكەت خوێندەوە، ئەی تۆ هەستت بەترس نەكرد كە لەبەردەم بڕیارێكی وا گەورە و گرنگدای؟

حاكم رەئوف: ترسی ویژدان جیایەو ئەو ترسەی كە تۆ مەبەستتە جیایە. دادوەر هەردەم لەویژدانیدا ترسی ئەوەی هەیە كە یاساو دادپەروەری وەكو خۆی پیادە نەكات و زیدەڕۆیی بكات. ئەو ترسەی تۆ مەبەستتە نەبوو، دەكرێ ترسی قەزایی هەبێت، ئەو ترسە لەدڵی هەر دادوەرێكی حەقدا هەیە، ئێستاش و ئەوساش و نموونەی زۆریشمان لە مێژووی ئیسلامیدا هەیە كە دادوەرەكان هەركاتێك بڕیاریان دەركردووە لەرز دایگرتوون. دادوەر دەبێ بترسێ، دەبێ لەوە بترسێ نەبادا ناحەقی بكات و هەواو مەیلی بۆ لایەنێكی كێشەكە بچێ و حەق و یاسا نەپێكێ.

رووداو: بەڵام هەندێ كەس پێیانوایە نەك تەجاوزی حەقتان نەكرد بەڵكو ئەدای ئێوە نەگەیشتە ئاستی ئەوەی هەموو حەقەكان نیشانی سەددام بدرێت و بهێندرێتەوە بەرچاوی كە چی كردووە. سەددام تاوانی زۆر گەورەی كردووە، بەڵام ئێوە نەتانتوانی بگەنە لانیكەمی ئەو سزایەی كە دەبوو سەددام وەریبگرێ؟

حاكم رەئوف: ئەوكەسانەی وا دەڵێن یەكەم بێئاگان، دووەم نەشارەزان لە مەسەلەكانی یاساو دادگا، یاخود مەرامێكیان هەیە. بۆ زانیاریتان كە كەیسێك دێتە بەردەمی دادوەر، بەرلەوەی دەستیپێبكات ئەگەر بەتەنیا بێت یاخود لەنێو دەستەیەكدا بێت لێكۆڵینەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ دەكات، دواتر لێكدانەوە بۆ رووداوەكانی دەكات. هەروەها سەیری دۆكیومێنتەكان دەكات. لەپاشان شایەتی وەردەگرێ، هەروەها رای داواكاری گشتی و پارێزەری ئەملاو ئەولاو پارێزەری دیكە هەیە. دوای ئەوانە داواكە ئامادەی مداوەلە دەكرێت. سەبارەت بە كەیسی دوجێل ئێمە هەفتەیەك راگۆڕینەوەمان تێداكرد، دواتر بڕیارەكە رای هەر پێنج دادوەری لەسەربوو، بەڵام لەكەیسی دیكەدا رای جیاواز هەبوو، من رام لەكەیسێكدا لەسەر شتێك بوو دەستەكە رایەكی دیكەیان هەبوو.

  رەوانەكردنم بۆ بەغدا پۆستێك نەبوو بۆ من، بەڵكو دوورخستنەوە بوو



رووداو: لەسەر پرسی هەڵەبجە ئەو حاڵەتە دروستبوو؟

حاكم رەئوف: لەسەر هەڵەبجە وەكو بیستم دروست بوو، من ئەو كەیسەم نەبینی. 
رووداو: بەڵام تۆ دادوەر وەك بێگوناهترین كەس وێنا دەكەی، زۆر باسی ئەوەت كرد كە دەبێ دادوەر ویژدانی هەبێت، عەدالەت پارێزبێت و ترسی خوای لەدڵدابێت و لەساتەوەختی بڕیاردەركردندا ئەژنۆی بێتەلەرزین و بترسێ، باشە ئەو دادوەرانەی لەدەستەكەدا لەگەڵتان بوون بۆچی لەسەر دوجەیل وەها ویژدانیان بۆ مرۆڤایەتی هاتبووە كوڵ، بۆچی بۆ هەڵەبجەو ئەنفال وەها نەبوون؟

حاكم رەئوف: خۆی گوزارشتێك هەیە هەرچەندە شیاویش نییە، بەڵام بەگشتی دەگوترێ بەتایبەتی شاعیران ئەوەیان گوتووە كە دادوەرێك لە بەهەشتە و دوو دادوەر لە دۆزەخ، قسەكەی تۆ ئەوە دەگەیەنێ ..

رووداو: قسەكەی من شیعر نییە، قسەكەی من باسی ئازار و ژانی میللەتێكە كە لەم پرۆسەی دادگاییەدا هەست بە بەشخوراوی دەكات..

حاكم رەئوف: ئاخر تۆ بێئاگای لە مەسەلەی یاسا و دادگا، بمبەخشە كە وا دەڵێم، من پابەندم بەو داوایەی كە هاتووەتە بەردەستم. من لەڕووی سوێندخواردن، پیشە، ویژدان و یاساوە پەیوەستم بەو داوایەی هاتووەتە بەردەمم، دوای ئەوە چی دەبێ و چی نابێ، دنیا چی بەسەردێ، ئەمە سەر بەكێیە و كێ نییە، پەیوەندی بە دادوەرەوە نییە.

رووداو: باشە لەدەرەوەی ئەدای ئێوە، خەڵك هەست بەناحەقییەك دەكات كە لەسەر كەیسێكی ئەمنی، سەرۆكی وڵاتێك لەسێدارە دەدرێ بەڵام هەموو كەیسە گەورەكانی لەگەڵدا یەكلاناكرێتەوە، ئایا ئەم حەقە بەخەڵك نادەی؟

حاكم رەئوف: ئێ خۆ ئەگەر بگەڕێینەوە سەر رووداوەكان دەبینین سەددام ئەو كاتە لەسێدارەدرا كە دۆسیەی دوجێل تەواو بوو چەندین دۆسیەی دیكە هاتنە پێشەوەو بڕیار دەركران لەبارەیانەوە، خۆ راستەوخۆ دوای دۆسیەی دوجیل لەسێدارە نەدرا.

رووداو: براوەی یەكەم لە لەسێدارەدانی سەددام كێ بوو؟

حاكم رەئوف: براوەی یەكەم دادپەروەرییە.


رووداو: كورد و شیعە و سوننە، كامیان لەو لەسێدارەدانە هەستیان بەئۆغژنێك و ئارامییەكی دەروونی كرد؟

حاكم رەئوف: ئەوە رای رۆژنامەنووس و سیاسەتوانە، رای دادوەر شتێكی دیكەیە، دادوەر پەیوەستە بەو داوایەی لەبەردەستیدایە، دوای ئەوە دونیا چی لێدێت ئەوە پەیوەندی نییە بەدادوەرەوە، ئەوە مافی خۆتە وەكو رۆژنامەنووس بپرسی بەڵام رای دادوەر لەسەرووی رای تۆیە.

رووداو: كەواتە دادپەروەری بەر لەهەر پێكهاتەیەك قازانجی كرد لە لەسێدارەدانی سەددام حوسێندا؟

حاكم رەئوف: حوكمی یاسا جێبەجێكرا، دادوەر بەپێی یاسا دادپەروەری لێكدەداتەوە، سیاسەتوان بەپێی مەسەلە سیاسییەكان لێكدانەوەی بۆ دەكات، میدیاكارێكی وەكو تۆش بەپێی ئەوە لێكیدەداتەوە كە چۆن پرسیارەكانی ئاراستە بكات.

رووداو: بەڵام هەندێ سیاسی وایان لێكدایەوە كە سەددام حوسێن بۆیە وا بەپەلە لەناوبرا چونكە پیاوی نهێنییە گەورەكان بوو، لەبەرئەوە لەدەرەوەی ئیرادەی دەسەڵاتی دادگای عێراق بڕیاری لەسەردرا، خۆ ئەگەر وا نەبووایە هەر لەبنەڕەتدا رەوانەی دادگای لاهای دەكرا..

حاكم رەئوف: كاكە من پێمگوتی دادوەر لەوكاتەی بڕیار دەردەكات ئیتر دەستی لەسەر داواكە هەڵدەگیرێ، حوكمەكە جێبەجێ دەكرێ ناكرێ ئەوە كاری ئەو نییە بەڵكو پەیوەندی بەدەسەڵات و سیاسییەكانەوە هەیە، باشتر ئەوەیە ئەو پرسیارە لەسیاسییەكان بكەی، لەوانەی ئەوكات ئیدارەی وڵاتیان دەكرد، لەوانەی بڕیاری حوكمەكەیان پەسەندكرد، ئەو پرسیارە لەوانە دەكرێ لە دادوەر ناكرێ.

رووداو: تۆ ئەم دادگاییەی سەددام حوسێن وەك دادگاییەكی رووت (مجرد) دەبینی كە هیچ رەهەندێكی سیاسی لەپشتەوە نییە؟

حاكم رەئوف: سەبارەت بەدەستەی دادگاو سەرۆكەكەی بەهیچ شێوەیەك هیچ رەهەندێكی نەبوو، پەیوەست نەبوو بەهیچ شتێكەوە. بۆنموونە ئێمە كە ئەو بڕیارەمان دەركرد تۆمەتبار درایە دەست لایەنی جێبەجێكار، جاری وا هەیە تۆمەتبارێك 10 ساڵ دەهێڵدرێتەوە بەهۆی ئەوەی تۆمەتی دیكەی لەسەرە، دادوەر حەقی بەسەر ئەوەوە نییە. سەبارەت بەسەددامیش ئێمە بڕیاری خۆمان دەركردو ئەوراقمان پێچایەوەو دادگای پێداچوونەوە بڕیارەكەی پەسەند كردو ئاراستەی وەزارەتی دادمان كرد، واتە دەستی ئێمە لەبڕیارەكە كێشرایەوەو نەما، ئیتر حكومەت جێبەجێی دەكات نایكات، پەلە دەكات یان نایكات ئەوە پەیوەستە بەسیاسەتەوە، دادوەر نەك هەر بەرپرس نییە بەڵكو گوناهە ئەگەر بەئەندازەی نووكە دەرزییەك بەرپرسیارێتی بخەیتە ئەستۆ.

رووداو: باشە وادیارە كە بەڕێزتان زیاتر پەیوەستن بە دادگاو مەیلی قەزاییتان زیاتر لەهەر رەهەندێكی میدیایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە، ئەی رای بەڕێزتان چییە كە دەڵێن هەر كاندیدكردنی تۆ و حاكم رزگار مەسەلەیەكی تەوافوقی نێوان یەكێتی و پارتی بوو، پارتی تۆی كاندید كرد بۆ ئەو دادگایە و یەكێتیش حاكم رزگار ئەمین؟

حاكم رەئوف: ئەوەی پەیوەستە بەمنەوە، كاك رزگاریش با وەڵامی خۆی بداتەوە، بەپێچەوانەوە دەڵێم ئەوكاتەی نێردرامە ئەوێ دوورخرامەوە. بۆ زانیاریشت ساڵانێكی زۆرە وازم لە پەیوەستی رێكخراوەیی بە هەر حیزبێكەوە هێناوە، لەڕووی رێكخستنەوە پەیوەستی هیچ پارتێك نیم، حیزبەكانیش ئەوە دەزانن چ پارتی چ یەكێتی. رەنگە دۆستی ئەو بم دۆستی ئەم بم، شتی باش بكەن خۆشحاڵ دەبم، پێمخۆشە لەبۆنەی ئەم و ئەودا ئامادەبم، پارتی سەركەوێ دڵم پێیدەكرێتەوە، یەكێتی سەركەوێ هەروا دڵم پێیدەكرێتەوە، بەڵام ئەوەی كە تۆ باسی دەكەی لە ئینتیمای حیزبی، من هێشتا پارێزەر بووم لەبەغدا دەستم لەكاری حیزبی كێشایەوەو پەیوەست نیم بەهیچ حزبێكەوە، ئەمە یەك .. دووەم

رووداو: بەڵام دەگوترێ لەبەرئەوەی پارتی دەزانێ تۆ سۆزت بۆیان هەیە لەجەنابت باشتریان دەستنەكەوت بۆ ئەو ئەركە؟

حاكم رەئوف: با وەڵام بدەمەوە، ئەوكاتەی نێردرامە بەغدا دوورخرامەوەو لێدرام. بۆ زانیاری ئێوەو هەموو خەڵكیش، لێرە جێگری سەرۆكی دادگای تێهەڵچوون (استئناف) بووم و سەرۆكی دادگای تاوانەكانی یەكەم بووم. پاڵێوراو بووم بۆ ئەندامێتی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم. لەپڕ منیان رەوانەی ئەوێ كرد، لەگەڵ تەواوی رێزم بۆ هەموو ئەو بەڕێزانەی لەگەڵ مندا ئەندام بوون لەدادگای تاوانەكان، ئەوە چەند ساڵێكە ئەوان بوون بەئەندامی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، من كە رەوانەی بەغدا كرام لە دادگای تاوانەكانەوە بۆ هەمان دادگای تاوانەكان، لە ماڵ و منداڵ دوورخرامەوە، باسی ئەوەش ناكەم كە رووبەڕووی ئەگەری چی دەبوومەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا مافم خورا.

رووداو: لەچیدا مافیان خواردی؟

حاكم رەئوف: من لێرە دادوەربووم تاوەكو ئێستا خانەنشینی دادوەرم نییە كە پێویستە وەكو هەموو دادوەرەكان خانەنشینی وەربگرم.

رووداو: ئەی خۆشحاڵ نیت بەوەی تۆ وەك دادوەرێكی كورد گەورەترین بڕیاری مێژووییت دەركرد و وەكو لەپێشەكییەكەدا باسمكرد سەرۆكایەتی یەكێك لەدادگا هەرە گرنگەكانت كردووە؟

حاكم رەئوف: تۆ لەلایەك تۆمەتبارم دەكەیت و لەلایەك دەڵێی دادگاییەكی گرنگ. من ئەركی یاسایی خۆمم بەجێگەیاندووە و منەت لەسەر كەس ناكەم، ئەگەر ئەركی یاساییم جێبەجێ نەكردایە دەبووایە ئەوكات بكەومە حوكمی (استنكاف) لەجێبەجێكردنی یاسا و دەكەوتمە بەر هەڕەشەی سزادان، من یاسام جێبەجێ كردووەو ویژدانی خۆم ئاسوودە كردووە، بەڵام لەڕووی پیشەییەوە رەوانەكردنم بۆ بەغدا پۆستێك نەبوو بۆ من، بەڵكو دوورخستنەوە بوو.. دوورخرامەوە و هۆكارەكەشی روونە.

بۆ بینینی هەڤپەیڤینەکە ئەو لینکەی خوارەوە بەکار بێنن :

http://rudaw.net/EpisodeDetails.aspx?pageid=233&EpisodeID=74

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە