بەربژێری دەم پارتی بۆ گەورە شارەوانیی ئامەد: گشتپرسی بۆ گەڕاندنەوەی ناوە کوردییەکانی شار و گەڕەکەکان دەکەین

13-03-2024
ماشەڵڵا دەکاک
ماشەڵڵا دەکاک
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەربژێری دەم پارتی بۆ پۆستی گەورە شارەوانیی ئامەد
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەربژێری دەم پارتی بۆ پۆستی گەورە شارەوانیی ئامەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەربژێری دەم پارتی بۆ پۆستی گەورە شارەوانیی ئامەد دەڵێت، هەر کاتێک دەسەڵاتیان لە شارەکە گرتەوە دەست، بایەخ بە زمانی کوردی دەدەنەوە. دۆغان هاتون بیرۆکەی ئەنجامدانی گشپرسی کە ماشاڵڵا دەکاک لە پرسیارێک دا بۆی دەخاتەڕوو بۆ گەڕاندنەوەی ناوی ئامەد و ناوە کوردییەکانی ناوچە و گوند و گەڕەکەکان بە "سەرنجڕاکێش" ناودەبات، بە هۆکاری ئەوەی دەستووری تورکیا رێگەی داوە گشتپرسی بۆ بابەتی لەو جۆرە بکرێت و دەڵێت، "لەگەڵ دەپرسین" بۆ ئەوەی بزانن چی دەوێت. 
 
ماشاڵلا دەکاک، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئامەدی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەڤپەیڤێنیک دا لەگەڵ دۆغان هاتوون، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد، ژمارەیەک پرسیاری پەیوەست بە ئامەد و کورد دەورووژێنێت.
 
دۆغان هاتون تەنیا بەربژێری ئەو پارتە نییە بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد، بەڵکو سەرا بوجاکیش بەربژێرە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو پارتە سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو دەکات. 
 
ماشاڵڵا دەکاک لە دۆغان هاتون دەپرسێت، ئەو سێ هۆکارە چین کە پاڵ بە هاونیشتمانیانەوە بنێت لە رۆژی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دا لە رۆژی 31-3-2024 دەنگ بە بەربژێرانی هاوپەیمانیی دەم پارتی بۆ گەورەی شارەوانیی ئامەد بدەن و ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، "یەکەم، ئێمە دەڵێین ئامەد پایتەختی ئێمەیە. پێویستە تاوەکو هەزار ساڵی دیکەش هەر پایتەختی کورد بێت. پێویستە زمانی بازاڕی ئەم شارە بە تەواوی بکەینە کوردی؛ ناوی کووچە و کۆڵانەکانمان بە تەواوی بکەینە کوردی. دووەم، ئەوان لەو هەشت ساڵەی رابردوودا زمانی کوردییان نەهێشت. دەبینین هیچ چالاکییەکی کولتووری و زمانی کوردی لەم شارە رێگەپێدراو نییە. سێیەمیش، ئێمە خۆشەویستی بۆ ئەم شارە دەگەڕێنینەوە. ئێمە یەکدیمان خۆشدەوێت."
 
دۆغان هاتوون لەبارەی زۆر بابەتی پەیوەست بە ئامەد پرسیاری لێکرا و ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداوی دایەوە.
 
ئەمەش دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداوە لەگەڵ دۆغان هاتوون:
 
رووداو: با یەکسەر لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەم. هەموو حیزبەکان بە یەک بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردن دا دەکەن، بەڵام دەم پارتی بە دوو بەربژێر، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سیستمی هاوسەرۆکایەتی هەیە. ئێوە چۆن ئەو سیستمە پەیڕەو دەکەن؟ هیچ کێشەیەک روونادات؟
 
دۆغان هاتون: لەراستی دا لە ساڵی 2014 دا پارتەکەمان سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو کرد، نەوەک تەنیا لە شارەوانییەکان، بەڵکو لە هەموو دامەزراوەکانی. ئەو سیستمە گونجاوە، ئەوەش بە بۆنەی رێکخستنی کاروباری ژنان و تێگەیشتنی پیاوان. فێربوون لە یەکتر شتێکی زۆر باشە. لەنێو کۆمەڵگەیشدا ئەم سیستمە وەک باش لێی دەڕوانرێت. جێبەجێکردنی ئەو سیستمە وادەکات رێکخستنی ژن بەهێزبێت و پیاویش زیاتر لە ژن تێبگات، واتە سیستمەکە وەک ژیانێکی هاوبەش دەبینرێت.
 
رووداو: هەر کامتان ببێتە سەرۆک شارەوانی، هیچ جیاوازییەک بۆ ئێوە دروست ناکات؟ چونکە لەم وڵاتەدا یاسا رێگە بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی نادات.
 
دۆغان هاتون: ئەم فەرمیبوونە تەنیا لای دەوڵەت هەیە و بۆ ئێمە گرنگ نییە؛ فەرمیبوون لای پارتەکەی ئێمە هیچ بایەخێکی نییە. ئێمە بە یەکسانی لە دۆخەکە دەڕوانین. من یان ئەو (سەرا بوجاک) یان هەر کەسێک ببێتە سەرۆک شارەوانی، بۆ ئێمە کێشەیەک نییە. ئێمە بەو سیستمە دڵخۆشین.
 
رووداو: کاتێک تۆ و سەرا بوجاک دەستبەکار دەبن، یەکەمین کارتان چی دەبێت؟
 
دۆغان هاتون: بەڕاستی ئێوەش دەزانن کە هەشت ساڵە شارەوانی لەدەست قەییووم دایە و ئەوەش نە لە خزمەتی گەل دا بووە و نە بە ویستی گەل بووە. کاتێک شارەوانی لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بوو، بۆ نزیکەی 15 ساڵ لە بوارەکانی زمان، کولتوور، هونەر و ژن و لە بوارە تەکنیکییەکانیشدا خزمەتێکی باشی شارەکە کرا و زۆر شت کران. ئەگەر بڵێی هەموو شت 100٪ تەواو بوو، نەخێر بەو جۆرە نەبوو. ئێمەش کەموکورتیمان هەبوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵ لە سەرەتاوە دەستمان پێکرد؛ لە ساڵی 1999ەوە تاوەکو ئێستا چیمان کردووە؛ چیمان نەکردووە؛ لە کوێدا کەوتینە بۆشاییەوە؛ چ کەموکورتییەکمان هەبووە؛ ئێـمە لەنێو خۆماندا رەخنەکانمان تاوتوێ کردن.
 
رووداو: ئێوە چوونەتە هەڵبژاردنەوە. ئەگەر سەربکەون، یەکەم کارتان چی دەبێت؟
 
دۆغان هاتون: مرۆڤ ناتوانێ بڵێت یەکەم، دووەم و سێیەمین کار ئەوە دەبێت، چونکە تۆ ناتوانی زمان، کولتوور و هونەر لە یەکدی جیابکەیتەوە؛ ئەوانە دەبێت پێکەوەبن. ئەو بەڵێنەمان بە خۆمان داوە کە ئەگەر نەتوانین زمان، کولتوور و هونەری کوردی لەم شارەدا جێگیر بکەین، بەڕێوەبردنی کاروباری شارەکە وەرنەگرین. ئەوە سیاسەتی بنچینەیی ئێمەیە، بەڵام کاری دیکەش هەن بیانکەین. بۆ نموونە، ئەو چڵک و بۆگەنە لادەبەین کە لە قەییوومەکانەوە ماوەتەوە. ئەمڕۆ چوومە چنگووش و کاسبکارێک کە گوێی لە گوتەکانم ببوو، هات و ئەم گسکەی بە دیاری پێدام کە ئێستا بەدەستمەوەیە و گوتی، بەمە قەییوومەکان راماڵە. ئەمە پەیامێکە لەلایەن گەلەکەمانەوە دەدرێتە ئێمە. ئەم گسکە تاوەکو 5 ساڵ دیاری دەبێت لە دەستی ئێمەدا بۆ ئەوەی ئێمەش پیس نەبین. 
 
رووداو: سێ هۆکارم پێ بڵێ کە بۆچی دەبێت خەڵکی ئامەد دەنگ بە تۆ و خاتوو سەرا بدەن؟
 
دۆغان هاتون: یەکەم، ئێمە دەڵێین ئامەد پایتەختی ئێمەیە؛ پێویستە تاوەکو هەزار ساڵی دیکەش هەر پایتەختی کورد بێت؛ پێویستە زمانی بازاڕی ئەم شارەش بە تەواوی بکەینە کوردی؛ ناوی کووچە و کۆلانەکانمان بە تەواوی بکەینە کوردی. دووەم، ئەوان لەو هەشت ساڵەی رابردوودا زمانی کوردییان نەهێشت؛ دەبینین هیچ چالاکییەکی کولتووری و زمانی کوردی لەم شارە رێگەپێدراو نییە. سێیەمیش، ئێمە خۆشەویستی بۆ ئەم شارە دەگەڕێنینەوە؛ ئێمە یەکدیمان خۆشدەوێ.
 
رووداو: گوتت زمانی کوردییان لەم شارە نەهێشت. گوتت بایەخ بە زمانی کوردی دەدەنەوە. بەنیازی چین؟ باخچەی منداڵان دەکەنەوە؟ گرووپی شانۆ دادەمەزرێنن؟ چالاکی، فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی کوردی ساز دەکەن؟ بەنیازی چین؟
 
دۆغان هاتون: 10 تاوەکو 12 رۆژ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن فیستیڤاڵێکی شانۆ هەیە. لەو فێستیڤاڵەدا چالاکییەکیی شارەوانی نییە، بەڵام لەوێوە گوێی خۆمان بۆ بیستنی زمانی کوردی دەکەینەوە. زمانی سەرەکیی چالاکییەکە کوردی دەبێت. پێویستە ئەوە بڵێم کە ئێمە دژی هیچ زمانێکی دیکە نین و بێگومان زمانەکانی تورکی و عەرەبیشی تێدا دەبێت. هەر کەس ئارەزوو دەکات بە هەر زمانێک قسە بکات، با بیکات، بەڵام لەم شارەدا زمانی سەرەکی کوردی دەبێت، لە باخچەی منداڵانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە زمانی نێو فیستیڤاڵ، قوتابخانە و بوارە تەکنیکییەکانیش. بە گشتی چالاکییەکانمان بە زمانی کوردی دەبن.
 
رووداو: ئێوە قوتابخانەی کوردی دەکەنەوە؟وەک قوتابخانەی فەرزاد کەمانگەر؟
 
دۆغان هاتون: بەڵێ، قوتابخانەکانی زمانی کوردی کە داخراون، دەیانکەینەوە، بۆ نموونە، قوتابخانەی فەرزاد کەمانگەر؛ قوتابخانە و باخچەی منداڵان لە هەر 17 گەڕەکەکەی ئامەد دەکەینەوە؛ ئەوە 100٪ بەڵێنە، بەڵام تەنیا بەڵێنیش نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییە؛ بەڕاستی ئەگەر منداڵ بە بچووکی فێری زمانی دایکی خۆی نەبێت، کە گەورە بوو درەنگ فێر دەبێت. بۆیە پێویستە منداڵ ئەوکاتەی کە زۆر بچووکە فێربوون لە زمانی دایکەوە دەست پێبکات. ئێمە خاوەندارێتی لە زمانی دایک دەکەین؛ خاوەندارێتی لە دایکان و منداڵەکانیشیان دەکەین. 
 
رووداو: زمانی خزمەتکردنتان چی دەبێت؟ 
 
دۆغان هاتون: ئێوەش دەزانن کە زمانی فەرمی بریتییە لە تورکی، بەڵام گوتوومانە کە دەبێت لەنێو گەل دا لانیکەم دوو زمان هەبن، ئەوانیش کوردی و تورکین. دەزانین کە ژمارەیەکی زۆر کەس لە ئامەد هەن بە زازاکیش قسە دەکەن؛ هەربۆیە شێوەزاری زازاکیش دەبووژێنینەوە. 
 
رووداو: ئایا کۆرسی زمان دەکەنەوە؟
 
دۆغان هاتون: بەڵێ دەیکەینەوە، نەوەک تەنیا بۆ شارەوانی، بەڵکو بۆ خەڵکیش؛ کۆرسی کرمانجی و زازاکی دەکەینەوە. 
 
رووداو: کاتێک باسی شارەوانی دەکەین، سەرەتا قەییووم دێتە بیری دەنگدەرانی دەم پارتی؟
 
دۆغان هاتون: قەییووم بە تەنیا نایەتە بیری دەنگدەرانی دەم پارتی، بەڵکو بیری ئەوانی دیکەش دەکەوێتەوە. ئاکپارتیش گوتبووی، "قەییوومان ناوێ"، واتە بیری ئاکپارتیش دەکەوێتەوە. 
 
پرسیار: ئایا دەتوانن ئەم جارە خۆتان لە قەییووم رزگار بکەن؟
 
دۆغان هاتون: راستە قەییووم لەبواری خزمەتگوزاری، هونەر و کولتووردا زیانێکی زۆری لە خەڵک و شارەکە دا ، بەڵام قەییووم لە ئێمە زیاتر زیانی بە ئاکپارتی و مەهەپەش گەیاند. چۆن زیانی بەوانیش گەیاند؟ چونکە قەییووم هیچ کات لە کوردستان دانەبڕاوە. دوای رووداوەکەی شێخ سەعید، پشکنەرانی گشتی دانران. ئەوان ئەوکات خەڵکیان دەربەدەرکرد. ئەو پشکنەرانە وەک قەییووم بوون. کاتێکیش لە ساڵانی نەوەتەکان دا گوندەکانیان سووتاند، پارێزگاری باری نائاسایی هەبوو. ئەویش وەک قەییووم بوو، واتە تەنیا ناویان دەگۆڕن، ئەگینا سیستم هەمووی یەکە. 
 
رووداو: کاتێک قەییووم هات، سەرەتا ناوی ئامەدی لەسەر تابلۆی شارەوانی لابرد. ئەگەر ئێوە بچنەوە سەر دەسەڵات، ئایا ناوی ئامەد دەخەنەوە سەر تابلۆی شارەوانی؟
 
دۆغان هاتون: ئەگەر ئەو کارەمان نەکرد، ئەوە بۆ ئێمە شەرمەزارییە. نەک تەنیا لەسەر تابلۆی شارەوانی، بەڵکو زۆر رێکخراومان هەبوون وەک ئەحمەدی خانی کە تابلۆکانیان لابردن. ویستیان ناوی جگەرخوێنیش بگۆڕن. لە گەڕەکەکانمان زۆر ناوی کەسانی پێشەنگ هەبوون کە گۆڕدران و یەکێکیان بریتی بوو لە پارکی ڤەدات ئایدین کە ناوەکەیان گۆڕی. لە کوێ دەرفەتمان هەبوو، لە کوێ شەقامێکی نوێمان کردەوە، ناوی کەسانی پێشەگەکامانمان لێیان دەنێین. دەکرێت ئەو کەسە نووسەرێک بێت، هەڵبەستڤانێک بێت یان هەر کەسێکی دیکە. کێ پێشەنگ بێت، ناوی سەرەکی دەبێت.
 
رووداو: ئایا بیر لەوە دەکەنەوە کە لە رێگەی گشتپرسییەوە ناوی ئامەد بگەڕێننەوە؟
 
دۆغان هاتون: کاتێک لە داوودەزگاکان کارمان دەکرد، هەرچەندە ناوە تورکییەکەی دیاربەکر بوو، بەڵام هەمیشە لە نێو خۆماندا ئامەدمان بەکاردەهێنا. پلاتفۆرمێکمان هەبوو و ئەویش ناوی ئامەد بوو. لەراستی دا وەک گشتپرسی هەرگیز بیرم لێنەکردبووەوە کە شتێکی زۆر سەرنجڕاكیشە، بەڵام پێویستە پێشەنگایەتی ئەم بابەتە بکەین، چونکە لە دەستووریش دا شتێکی وا هەیە کە گشتپرسی بکرێت. دەکرێت ناوی ناوچە و گەڕەکەکانیش بە ئەنجامدانی گشپرسی بگەڕێندرێنەوە. بۆچی نەکرێت؟ ئێمە دەبێت ئەوە بکەینە رۆژەڤ و ئەگەر گەلی ئێمەش وەک گشتپرسییەک ئەوەی ویست، ئەوا دەیکەین. ئێمە لەنێو رای گشتی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش لە گەل دەپرسین کە چییان دەوێ. ئەگەر شتێکی وەها هەبوو، ئەوا دەتوانین پێشەنگایەتی بکەین. 
 
رووداو: باشە، با پرسیاری ناوی شێخ سەعیدیش بکەم. شەقامێکی ئامەدیان بەناوی شێخ سەعید کرد و زۆر قسەی لەبارەوە کرا. هەڵوێستتان بەرامبەر شێخ سەعید و ناوی شێخ سەعید چییە؟ شێخ سەعید بۆ ئێوە چ واتەیەکی هەیە؟ ئایا لە چالاکییەکانتان دا گرنگی بە ناوەکەی دەدەن؟
 
دۆغان هاتون: شێخ سەعید پێشەنگی گەلی کوردە؛ ئامانجی ئەو، هەڵویستی ئەو، خەباتەکەی تاوەکو شەهیدبوونی؛ هێشتاش کە دەڕۆی بۆ ناوچە و زۆر لە گوندەکان، هەموو کەس دەڵێن، ئەو پێشەنگی گەلی کوردە. ئێمەش بەو کولتوورە گەورە بووین. کاتێک کەسێک پێشەنگی گەلەکەی لەبیر بکات، بەهای نامێنێ. پێویستە خاوەندارێتی لەو بکەین. ئێمە خاوەندارێتی لە هەموو پێشەنگەکانی گەلەکەمان دەکەین، نەوەک تەنیا شێخ سەعید. خاوەندارێتی هەمووان دەکەین. هەر کەسێک تەنانەت هەنگاوێکی بچووکیشی بۆ گەلی کورد هاوێشتبێت، ئێمە خاوەندارێتی دەکەین. شێخ سەعید نەک تەنیا هەنگاوێکی بچووکی نا، بەڵکو شۆڕشێکی کرد؛ شۆڕشێکی گەورە. هەر کەس هەر چییەک دەڵێت با بڵێت، ئەنجامەکەی مردنیش بێت، دیسانەوە خاوەندارێتی دەکەین.
 
رووداو: کاتێک دەڵێین ئامەد، پێویستە کەمێک باسی تەلارسازییەکەی بکەین، چونکە شارێکی زۆر دێرینە؛ باسی 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەکرێت. لە مەروانییەکانەوە بیگرە تاوەکو میتانی و میدیەکان، لە عوسمانییەکانەوە تاوەکو ئارتوکییەکان... ئێوە بە چ شێوەیەک درێژە بەم تەلارسازییە دەدەن؟
 
دۆغان هاتون: لەوانەیە لە 12 هەزار ساڵیش کۆنتر بێت. سەیرێكی باڵەخانە، شورە و قەڵاکەی بکە. لە ساڵی 2014 لە لیستی یۆنسکۆدا تۆمار کرا. کاتێک یۆنسکۆ ئەم جۆرە شوێنە مێژووییانە دەخاتە ژێر سەرپەرشتیی خۆییەوە، ئیدی شوێنەکە دەبێتە میراتی مرۆڤایەتی، دەبێتە میراتی هەموو جیهان. بۆیەش شورەکەی زۆر گرنگە. لە ساڵانی 2015-2016 شەڕ لەنێو شاردا هەڵگیرسا. ئەو کاتە دەبووایە ژمارەیەکی زۆر باڵەخانەی مێژوویی پارێزرابان، بەڵام دوای شەڕ هەموویان رووخێندران؛ هەموویان تۆمارکرابوون، بەڵام خاپووریان کردن. ئێستاش ئەگەر بیانەوێت دەتوانن چاکیان بکەنەوە، چونکە هەر بەردێک، هەر شوێنێکی مێژوویی، تەلارسازییەکەی و هەموو شتەکانی دیارن. وەزارەتی کولتوور لەوە بەرپرسە. ئەگەر لە دەستی شارەوانی دا بووایە، وڵات بە وڵات دەگەڕاین و پارەمان کۆ دەکردەوە و دروستمان دەکردەوە، بەڵام لە ژێر دەستی وەزارەتی کولتووردایە. من 8 ساڵ سەرۆکی ژووری ئەندازیاری و بیناسازی بووم. ئەم بابەتە باش ئاگادارم. ئەو کولتوورەی کە ئێمە لە ئەندازیاری و بیناسازی وەرمانگرتووە، زۆر گرنگە. لە هەر شوێنێک بەردێکی مێژوویی هەبێت، ئێمە خاوەندارێتی دەکەین.
 
رووداو: کاتێک لەگەڵ بەربژێرەکەی ئاکپارتی قسە دەکەیت، دەڵێت "ترام دەهێنم بۆ ئامەد؛ پڕۆژەی گەلی دیجلە جێبەجێ دەکەم". پڕۆژەکانی ئێوە چین؟
 
دۆغان هاتون: سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم؛ ئامەد هەشت ساڵە لە دەستی قەییوومدایە، بۆچی ئەو پڕۆژانەیان جێبەجێ نەکردن؟ هەشت ساڵە هەموو شت لە دەستی قەیوومەکاندایە، بۆچی نەیانکردن؟ ئەگەر باسی شەمەندەفەر و ترام بکەین، رێگەوبانی ئامەد پێویستی بەم پڕۆژانە هەیە. ئەوە کاری ئێمەیە. ئێمە باش لەو جۆرە شتانە تێدەگەین. ترام گرنگە و شارەکە جوان دەکات و کولتوورێکیش دروست دەکات. پڕۆژەمان بۆ دروستکردنی هەیە.
 
رووداو: ئەو پرۆژەیە لە سەردەمی بایدەمیریش هەبوو.
 
دۆغان هاتون: لە سەردەمی بایدەمیر، لە سەردەمی گوڵتان کشاناک و سەلچوک مزراکلیش هەبوو. ئەو کاتەی شارەوانی لە دەستی ئێمەدا بوو، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە پارە لە وڵاتانی دیکە وەرگیرا، بەڵام دەوڵەت رێگەی نەدا پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەوەی بتوانی لە دەرەوەی وڵات پارە بۆ پڕۆژەیەک بهێنیت، پێویستە وەزیرە پەیوەندیدارەکەی حکومەت ئەو پڕۆژەیە  پەسند بکات. تاوەکو وەزیر پەسندی نەکات، ناتوانی لە دەرەوە پارە وەربگریت.
 
رووداو: لە کاتی بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردوودا زۆر ماندوو بوویت. ئێستا دەبێ لە هەموو کەسێک زیاتر ئاگاداری راستییەکانی بوومەلەرزە بیت. چی دەکەیت بۆ ئەوەی خانووەکانی ئامەد لە بوومەلەرزەدا وێران نەبن؟ 
 
دۆغان هاتون: ئەو باڵەخانانەی لە شار دروست دەکرێن، تەنانەت ئەگەر یەک نهۆمیش بن، ئەگەر هەموو شتێکیان بەپێی تەکنیکی بوومەلەرزە نەبێت، رێگە نادەین دروست بکرێن؛ ناهێڵین تەنانەت یەک خانووش دروست بکرێت. دەزانی کە خانووەکەی منیش رووخا؟
 
رووداو: خانووی تۆش رووخا؟
 
دۆغان هاتون: بەڵێ، خانووی منیش رووخا.
 
رووداو: لە لایەن تۆکییەوە خانووت بۆ تەرخانکرا؟
 
دۆغان هاتون: نەخێر و ناشمەوێت. شتێکم لێیان ناوێت. دەزانم ئەو کەسانەی خانووەکانیان رووخان و زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، لە چ دۆخێکدان. لە دۆخی دایکیمەوە دەزانم، چونکە خانووی ئەویش رووخا. ئێمە بۆ گەلی خۆمان خانوو دروست دەکەین، ئەوەش بەپێی توانای بەردەستی شارەوانی. پڕۆژەی دروستکردنی خانوومان هەیە؛ سەرەتا دوو هەزار خانوو لە شاری ئامەد دروست دەکەین. بە پارتەکەی خۆشمان گوتووە کە دەبێت لە هەموو شارەکان خانوو دروست بکەین.
 
رووداو: باشە، پرسیاری کۆتایی؛ کاتێک دەستبەکار دەبن، ئایا ئێوەش وەک قەییوومەکان خەڵک لە کار دەردەکەن؟
 
دۆغان هاتون: ئەو کەسانەی خزمەتکارن، کرێکارن، کاری خۆیان دەکەن و بە ماندووبوونی خۆیان چوونەتە ئەو شوێنە، جێگەیان لەسەر سەر و سەر چاومانە. ئەگەر ئەوان بۆ گەل خزمەت بکەن و شایستەی مووچەکانیان بن، هیچ کەسێک دەرناکەین، بەڵام ئەو کەسانەی وەک بیرۆکرات کاریان کردووە، کاریان لەگەڵ قەییوومەکان کردووە، ستەمیان کردووە و بیرکردنەوەیان وەک بیرکردنەوەی قەییوومەکانە، ئەوانە پەسندکراو نین. لەو بڕوایەشدام ئەوان لەگەڵ ئێمە کار ناکەن. ئێمە لە چوارچێوەی یاسا و رێساکاندا دژی یەک بە یەکیان سكاڵا تۆمار دەکەین. بریاری دادگەکان گرنگە و پێویستە وەک بنەما وەریانبگرین، بەڵام رێگە نادەین ئەو گەندەڵانە لەگەڵمان کار بکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆڕەوی کوردانی ئێزدی لە ساڵی 2014.

نووسینگەی رزگارکراوانی دەستی داعش: حکومەتی عێراق یاسای رزگاربووانی ئێزدی بەتەواوی جێبەجێ نەکردووە

بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 579 کوردی ئێزدی رفێندراوی دەست داعش رزگارکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "حکومەتی عێراق یەک هەنگاوی بۆ هاوکاری ئێزدییەکان ناوە، ئەویشی جێبەجێ نەکردووە". لەکاتێکدا باس لە رێککەوتنێک لەگەڵ ئەڵمانیا دەکات و دەڵێ بە زیادیشەوە جێبەجێ کراوە.