رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە کابینەی نۆیەمدا 310 قوتابخانەی نوێ دروستکراون و زیاتر لە سێ هەزار قوتابخانەش نۆژەنکراونەتەوە. سەبارەت بە چارەنووسی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەستیش دەڵێ: "داواکاریمان پێشکێش کردووە کە سەرجەم مامۆستایانی گرێبەستی هەرێمی کوردستان بکرێنە هەمیشەیی، بەڵام ئەنجامەکەی پەیوەستە بە گفتوگۆکانی پرۆژەیاسای بودجەی نوێی حکومەتی عێراق".
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، لە کابینەی نۆیەمی حکومەت 43 هەزار منداڵ گەڕێندراونەتەوە بەر خوێندن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: خوێندن دەستی پێکردەوە. ئامادەکارییەکانی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەم ساڵ چین و لە کابینەی نۆیەمدا چەند قوتابخانەی نوێ کراونەتەوە؟
ئالان حەمەسەعید: لە ماوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 310 قوتابخانەی نوێ دروستکراون و 629 ژووری نوێی خوێندنیش لەنێو قوتابخانەکاندا زیادکراون. بە کۆی گشتی، 4,969 ژووری نوێی خوێندن دابینکراون کە بە ستانداردی 25 قوتابی بۆ هەر پۆلێک، شوێن بۆ نزیکەی 125,000 قوتابی زیاد بووە.
پڕۆژەکان جۆراوجۆرن؛ بەشێکیان لەسەر بودجەی وەزارەتی پەروەردە و بەشێکیان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بوون؛ هەروەها دەستەی وەبەرهێنان، سەرمایەداران، خێرخوازان و رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیش رۆڵیان هەبووە. بۆ نموونە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دەزگای روانگە و کوردستان فاوەندەیشن هاوبەشی سەرەکیی ئێمەن و لە هەموو کوردستان کاردەکەن.
بۆ نموونە، لەم ماوەیەدا 36 قوتابخانەی نوێ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراونەتەوە کە بەشێکیان لەسەر بودجەی حکومەت و بەشێکیان لەلایەن رێکخراوەکانەوە بووە. دەزگای روانگە قوتابخانەیەکی مۆدێرنی لە راپەڕین دروستکردووە و لە چەند رۆژی داهاتوویشدا قوتابخانەیەکی نوێ بۆ خوێندنی تورکمانی لە کفری دەکاتەوە؛ هەروەها سەرمایەداران رۆڵێکی گرنگیان بینیوە، بۆ نموونە، کۆمەڵگەیەکی پەروەردەیی گەورە لە هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە 8 ملیۆن دۆلار دروست دەکرێ.
جگە لە دروستکردنی قوتابخانەی نوێ، 3,175 قوتابخانەش لە هەرێمی کوردستان نۆژەنکراونەتەوە. بۆ نموونە، ئەم ساڵی خوێندن کوردستان فاوەندەیشن 100 قوتابخانەی نۆژەنکردەوە.
رووداو: گلەیی هەیە کە دابەشکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەتایبەتی دروستکردنی قوتابخانە، هاوسەنگ نییە و کەمتر خزمەتی سلێمانی و هەڵەبجە کراوە. ئەمە تا چەند راستە؟
ئالان حەمەسەعید: 100٪ دەتوانم بە داتا پێت بڵێم کە ئەوەی بۆ زاخۆ دەکرێ، بۆ هەڵەبجەش دەکرێ. لە ساڵی 2022، پشکی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان بەگوێرەی ستانداردی وەزارەتی پلاندانان دیاری کرد. گەرمیان و هەڵەبجە پێویستیی زیاتریان هەبوو. بۆ سلێمانی، رەزامەندی لەسەر 9 ملیار دینار دراوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکان و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان. بۆ هەولێر، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانیش بە هەمان شێوە.
ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردە بەشە بودجەمان بە دادپەروەرانە و بەگوێرەی پێویستی دابەشکردووە، بەڵام رەنگە ئاستی جێبەجێکردن و خەرجکردنی پارەکە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە جیاواز بێت، کە ئەوەش پەیوەندی بە بوونی سیولەی دارایی لەو ناوچانەدا هەیە.
رووداو: بڕیارە حکومەتی عێراق 7,000 قوتابخانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی چین-عێراق دروست بکات. پشکی هەرێمی کوردستان لەو پڕۆژەیە چییە و ئایا بەغدا هاوکار بووە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن؟
ئالان حەمەسەعید: نەخێر، ئەوان هێشتا کتێبی خۆیان چاپ نەکردووە، بەڵام ئێمە لە کوردستان 19 ملیۆن کتێبمان چاپ کردووە و گەیاندوومانەتە هەموو قوتابخانەکان. هیچ قوتابییەک بێ کتێب نابێت.
سەبارەت بە پڕۆژەی قوتابخانەکانیش، لە وەجبەی یەکەم کە 1,000 قوتابخانە بوو، پشکی هەرێمی کوردستان لانیکەم 140 قوتابخانە بوو، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا یەک قوتابخانەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە لە هەرێمی کوردستان دروست نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داوامان کردووە. تەنانەت داوامان کرد 10 ملیار دینار تەرخان بکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی کە قوتابی ئاوارەیان تێدایە و دۆخیان خراپە، بەڵام داواکە پەسند نەکرا.
لەگەڵ ئەوەیشدا، هاوئاهەنگی لە بوارەکانی دیکەدا هەیە. بۆ نموونە، شاندێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق سەردانی کردین بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونی ئێمە لە سیستمی تاقیکردنەوەکان وەربگرن. سیستمی ئێمە بە تەواوی دیجیتاڵییە و لە 24 کاژێردا ئەنجامەکان رادەگەیەنین، لە کاتێکدا ئەوان سێ هەفتەیان پێدەچێت.
رووداو: ئاست و کواڵیتیی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ستانداردە جیهانییەکان لە چ ئاستێکدایە؟
ئالان حەمەسەعید: ئەمە پرسیارێکی گرنگە. پێشتر نەماندەزانی ئاستی خۆمان چۆنە. بۆ یەکەمجار لە دوای 34 ساڵ، بە پشتیوانیی سەرۆکی حکومەت، چووینە ناو پرۆسەی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتیی رێکخراوی (OECD) کە سەر بە یەکێتیی ئەورووپایە. دەمانەوێ بزانین لە کوێین و بەرەو کوێ دەچین.
لە بواری فێربووندا، لەنێو 91 وڵاتدا، ئێمە تاکە هەرێم بووین کە بەشداریمان کرد. بۆ نموونە، لە بابەتی زانستدا لە پلەی 87 بووین. هۆکاری ئەمەش روونە، وەک قەیرانی کۆرۆنا و نەبوونی دەوام کاریگەری هەبووە. بەگوێرەی رێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، نەخشەڕێگای کواڵیتیی فێربوون لە هەرێمی کوردستان رادەگەیێنێن و بەرنامەیەکیش لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتییە دادەڕێژین.
رووداو: چارەنووسی دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست بە کوێ گەیشت؟
ئالان حەمەسەعید: ئەم بابەتە پەیوەندی بە کۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. ئێمە وەک حکومەت داوا دەکەین کە هەموو گرێبەستەکان، بەتایبەت ئەوانەی لەسەر داهاتی ناوخۆن، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابمەزرێن. ئێمە داواکاری و پلانی خۆمان پێشکەش کردووە، بەڵام ئەوەی لە کۆتاییدا جێبەجێ دەکرێ، پەیوەستە بە گفتوگۆکانی بودجەی فیدراڵی. بۆیە ناتوانم بڵێم گەشبینم یان رەشبینم، دەبێت چاوەڕێی ئەنجامی کۆتایی بین.
رووداو: رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان چەندە و هەوڵەکان بۆ بنبڕکردنی چی بوون؟
ئالان حەمەسەعید: نزیکەی 10 بۆ 12 ساڵ لەمەوبەر، رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان 24% بوو، بەڵام ئێستا بەپێی دوایین ئامارەکان بۆ 15% دابەزیوە. ئەم رێژەیە زیاتر لەنێو کەسانی بەتەمەن (45-50 ساڵ بەرەو سەرەوە) بەدیدەکرێ، کە پەیوەندی بە دۆخی سیاسی و وێرانکردنی گوندەکان لە ساڵانی رابردوودا هەبووە. رێژەی نەخوێندەواری لەنێو ئەو کەسانەی کە تەمەنیان گونجاوە بۆ خوێندن، زۆر زۆر نزمە.
رووداو: دیاردەی وازهێنان لە خوێندن (دەرچوون لە قوتابخانە) لە چ ئاستێکدایە و وەزارەت چۆن رووبەڕووی بووەتەوە؟
ئالان حەمەسەعید: وازهێنان لە خوێندن لە هەموو قۆناخەکاندا ئەگەری هەیە و مەترسیی کۆمەڵایەتی، ئابووری و ئەمنیشی هەیە. لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاریی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، توانیومانە 43,321 منداڵی خوار 18 ساڵ کە وازیان لە خوێندن هێنابوو، بگەڕێنینەوە بۆ قوتابخانە. ئەم ساڵیش هەڵمەتی "گەڕانەوە بۆ خوێندن" دەستپێدەکاتەوە و لە رێگەی وێبسایتی (backtolearning.krd) دەتوانن داتای ورد ببینن.


