رووداو دیجیتاڵ
وەزیری پێشمەرگە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، راگەیاندنی یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە بە "وەرچەرخانێکی مێژوویی" ناودەبات و رایدەگەیێنێت، ئیتر پێشمەرگە هێزی حیزب نییە و ملکەچی فەرمانی سەربازیی نیشتمانییە؛ هاوکات هۆشداریش دەدات کە بەپێی یاسا کاری حیزبی لەنێو پێشمەرگەدا قەدەخەیە و سزای لەسەرە.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، لە بەرنامەیەکی تایبەتدا لەگەڵ رەنج سەنگاوی، تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکان و گوتی: "لەمڕۆ بەدواوە هێزی پێشمەرگە هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی، متمانەپێکراو و لەژێر سیستمێکی سەربازیی دیاریکراودایە. ئەم یەکگرتنەوەیە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ پارتی و یەکێتیش کە سەلماندیان حیزب ئامرازە نەک ئامانج، ئامانجی سەرەکی پاراستنی کوردستانە."
سەبارەت بە دەنگۆی مانەوەی پێکهاتەی یەکەکانی 70 و 80 لەژێر ناوی "دەڤەری یەک و دوو"، وەزیری پێشمەرگە رەتیکردەوە هیچ دەسەڵاتێکی جیاواز بمێنێت و گوتی: "سنووری دەڤەری یەک و دوو هەموو کوردستانە؛ لە خانەقینەوە تاوەکو زاخۆ و لە زاخۆوە تاوەکو گەرمیان. فەرماندەی یەکەکانی 70 و 80 ئێستا لەنێو هەیکەلی وەزارەتدان و ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان دەبێت لەژێر یەک فەرماندەییدا. دەسەڵاتی 70 و 80 وەرگیراوەتەوە و هەموو چەک و تەقەمەنییەک تاوەکو 20 ساڵی دیکەش لەسەر ئەستۆی وەزارەت تۆمار دەکرێت." جەختیشی کردەوە کە هیچ هێزێکی سەربەخۆ لە دەرەوەی بڕیاری حکومەت نامێنێت.
سەبارەت بە هێزەکەی محەممەدی حاجی مەحموود، وەزیری پێشمەرگە گوتی: "هیچ جیاکارییەک نییە، ئەو هێزەش سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هێزی سەربەخۆ نییە."
وەزیری پێشمەرگە ئاشکرای کرد، لە یەکەم مانگی دەستبەکاربوونییەوە ئابوونەی حیزبی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا قەدەخە کردووە و گوتی: "پێشمەرگە خوێن بۆ نیشتمان دەبەخشێت، نەک ئابوونە بداتە حیزب؛ لەسەر ئەم بڕیارە رووبەڕووی کێشە و سەرئێشەی زۆری شەخسی بوومەوە، بەڵام سارد نەبوومەوە. بەپێی ماددەی 47ـی یاسای ژمارە 38، کاری حیزبی و سیاسی لەنێو پێشمەرگەدا بەتەواوی قەدەخەیە و رووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە. فەرماندە دەبێت فەرماندەی نیشتمان بێت نەک حیزب."
سەبارەت بە جووڵەی هێزەکانیش، دڵنیایی دا کە پێشمەرگەی هەورامان لە زاخۆ و پێشمەرگەی دهۆک لە هەورامان ئەرک دەبینن و هیچ ئاستەنگێک نامێنێت، هەروەها پۆشاک و کەلوپەلی سەربازیش بەتەواوی یەکدەخرێن.
شۆڕش ئیسماعیل روونیکردەوە کە ئەم یەکگرتنە پێگەی کورد لە دانوستاندنەکانی بودجە لەگەڵ بەغدا زۆر بەهێز دەکات: "ئێستا سەربازێکی عێراقی دوو هێندەی پێشمەرگەیەک مووچە وەردەگرێت، ئەم یەکگرتنە وا دەکات بە دەستێکی پڕەوە شەڕی ماف و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە بکەین کە بەپێی دەستوور دەبێت یەکسان بێت."
لەبارەی هاوکاریی ئەمریکاشەوە گوتی: "رێککەوتنی یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ پێنتاگۆن بۆ چوار ساڵ بوو؛ ساڵانە هاوکارییە داراییەکە بە رێژەی 25٪ کەمیکردووە و لە ساڵی 2026 بەتەواوی کۆتایی دێت. ئەمەش پەیوەندی بە هیچ سزایەکەوە نییە، بەڵکو وادەی رێککەوتنەکە تەواو دەبێت و ئێستا لە رێگەی تیمی هاوبەشەوە لەگەڵ بەغدا لە گفتوگۆداین بۆ داڕشتنی رێککەوتنێکی نوێ."
وەزیری پێشمەرگە ئاشکرای کرد، کاتێک دەستبەکار بووە وەزارەت زیاتر لە 100 ملیار دینار قەرزدار بووە: "لە قۆناخی یەکەمدا سەرجەم شایستە داراییەکانی شەهیدان، 10 هەزار برینداری شەڕی داعش و ئەوانەی کەمئەندام بوون، بە بەهای زیاتر لە 60 بۆ 70 ملیار دینار پاکتاو کران؛ هەروەها خۆبەخشانی شەڕی داعشیش ئەوانەی شەهید بوون وەک شەهیدی فەرمی تۆمارکراون و دەرگای وەزارەتیش بۆ بریندارەکانیان کراوەیە."
سەبارەت بە قەرزی کۆمپانیاکانیش گوتی: "دۆسیەی 46 کۆمپانیا کە کەلوپەل و پێداویستییان دابینکردبوو ساخکراوەتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی 26 ملیار دینار بۆ 44 لەو کۆمپانیایانە و مافی کەس نافەوتێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بینەرانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش. سڵاوتان لێبێت. دیارە هەمووتان دەزانن ئەمڕۆ لە رێگەی ماسمیدیای کوردستانەوە بینیتان لە مەراسیمێکی شایستەی شکۆداردا راگەیاندنی هێزی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کرا، کە ئەمە رووداوێکی زۆر زۆر گرنگە. رووداوێکی زۆر زۆر مێژوویییە. دڵی هەموو دڵسۆزانی کوردستانی شاد کرد. بۆیە ئەمشەو ئەم پرۆگرامە تایبەتەتان پێشکەش دەکەم لەگەڵ جەنابی کاک شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە. سڵاو و رێزم بۆت هەیە و زۆر زۆر سوپاس و زۆر زۆر پیرۆزباییت لێدەکەم.
شۆڕش ئیسماعیل: زۆر زۆر سوپاس. کاکە رەنج، هەمیشە هەر گەشاوە بن و هەمیشە ئاوا پڕبەرھەم و پڕ دەسکەوت بن و بتوانن ئەو دەسکەوتانە، ئەو هەڵکەوتە مێژووییانەی کە گەلی کوردستان پێی دڵخۆش دەبێت، ئێوە راستەوخۆ بیگەیەنن بە خەڵکی کوردستان. بێگومان ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویییە. بەخێرهاتنی جەنابت و تیمی رووداو دەکەم بۆ وەزارەتی پێشمەرگە. هەر لێرەشەوە سڵاو و رێز دەنێرم بۆ خەڵکی کوردستانی خۆشەویست و بۆ هێزی پێشمەرگەی قارەمان و فیداکاری کوردستان.
رووداو: دووبارە سوپاست دەکەم. بینەرانی بەڕێز، دیارە لەبەر ئەوەی کە وەکو گوتم ئەم رووداوە بەڕاستی رۆحی شەهیدانیش ئینشائەڵڵا شاد دەکات و چاوەڕوانی لە مێژینەی خەڵکی کوردستانە... بۆ خۆتان دەزانن کە کورد رووبارێک خوێنی رشتووە لە پێناوی ئەم رۆژەدا، لە پێناوی ئەوەی کە سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانی هەبێت، کە بەرگری لە خەڵک و خاکی کوردستان بکات. دیارە بۆ خۆتان دەزانن کە حیزبیش ئامرازێکە بۆ خزمەتکردنی نیشتیمان. بەڵام لە کوێ پێشمەرگە هی حیزب بێت، لە کوێ پێشمەرگە هی کوردستان بێت! لەبەر ئەوە بەر لەوەی لەگەڵ جەنابی وەزیر دابنیشم، بەر لەوەی کە دەست بکەم بە قسەکردن و ئاراستەکردنی پرسیارەکان بۆ جەنابیان، بە پێویستی دەزانم چەند ساتێک بە بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان بوەستین، ئێمە و ئەم پێشمەرگە گیانفیدا و قارەمانانەی کە لێرەن. جەنابی وەزیر، جارێکی دیکە پیرۆزە. سەرکەوتوو بیت.
شۆڕش ئیسماعیل: زۆر سوپاس، کاکە رەنج. جارێکی دیکەش بەخێرهاتنت دەکەم.
رووداو: بەر لەوەی من بچمە ناو پرسیارەکانەوە، راستە ئەمڕۆ وتارێکت هەبوو بەڵام لەناو وەزارەتی پێشمەرگە و لەم کەشوهەوا پێشمەرگانەیەدا... لەسەر یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان چی دەفەرمووی بۆ کەسوکاری شەهیدان، بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتی، بۆ پێشمەرگەکانی سەربە وەزارەتەکەت؟
شۆڕش ئیسماعیل: دەتوانم بڵێم ئەمڕۆ رۆژێکی مێژوویییە و دەسکەوتێکی نەتەوەیی بوو بۆ خەڵکی کوردستان، بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان. چونکە لەمڕۆ بەدواوە هێزی پێشمەرگە هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانی، باوەڕپێکراو، متمانەپێکراوە، کە ژێر سیستم و یاسایەکی دیاریکراوی سەربازییە. بەشێک دەبێت، پێشتریش بەپێی دەستوور هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەشێک بووە لە سیستمی بەرگری عێراقی. ئێستا بەم یەکگرتنەوەیە هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەکو ئاوێنەیەکی گەش دەتوانێت هەموو داواکارییەکانی، مافەکانی، شایستە داراییەکانی خۆی لە دەوڵەتی عێراق وەربگرێت بەوەی کە لە عێراقدا بەپێی دەستوور جیاوازی نابێت بێت لە نێوان پێکهاتەکان، لە نێوان یەکە سەربازی و ئەمنییەکاندا. ئێستا سەربازێکی عێراقی دوو هێندەی پێشمەرگەیەکی کوردستان مووچەکەیەتی، بۆیە ئێستا هەر نوێنەرێکی ئێمە لە پەرلەمانی بەغدا، نوێنەرانی ئێمە کە دەچنە بەغدا بە دەستێکی پڕ و متمانەیەکی گەورەوە داوای مافی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتووی کوردستان دەکەن.
رووداو: کەواتە بۆ داواخوازییەکانی پێشمەرگەش ئەو یەکگرتنەوەیە زامنی مافەکانی پێشمەرگە دەکات لە چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا.
شۆڕش ئیسماعیل: بە دڵنیاییەوە نەک کوردستان، لە هەموو دونیا شتێک نەماوە بە ناوی هێزی حیزبەوە، دەمەوێ ئەوە بڵێم ئەمە دەسکەوتی گەورەیە بۆ هەردوو حیزب، بۆ پارتی و بۆ یەکێتیش چونکە ئەوان لە پێناوی کوردستانا خەباتیان کردووە، دەریایەک خوێنیان رشتووە، ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان و دنیا دەخوازێت کە هێزی پێشمەرگە هێزی سوپای یەکگرتوو بێت لەژێر چەتری دامەزراوەیەکی سەربازی یەکگرتوودا.
رووداو: هیچ هێزێک دەمێنێتەوە لە دەرەوەی ئەم یەکگرتنە؟
شۆڕش ئیسماعیل: نەخێر.
رووداو: کەواتە هەر یەکێتی و پارتی و حیزبەکانی دیکەش دەبێت دەستخۆشی و سوپاسیان بکەن؟
شۆڕش ئیسماعیل: بەدڵنیاییەوە حیزبەکانی دیکەش، رەنگە ئەوان هێزیان نەبێت بۆ پاراستنی بنکە و بارەگاکانی خۆیان، ئەگەر لایەنێکیش هێزێکی بچووکی هەبێت، کە زیاتر لەسەر کاکە حەمە قسە دەکەن، کاکە حەمە خۆی پێشتر یەکێکە لە شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە و فەرماندە و سەرکردەیەکی دیار بووە. هیچ ئیستسنایەک نییە، ئەگەر هێزێک هەبێت ئەویش هەر سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
رووداو: ئەوەی من بزانم ئەویش هێزەکەی خستووەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە؟
شۆڕش ئیسماعیل: هێزی سەربەخۆی نییە، سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
رووداو: لەگەڵ ئەوەی کە من لە پێشەکییەکەشمدا گوتم، جەنابی سەرۆکی هەرێم فەرمووی، جەنابی سەرۆکی حکومەت فەرمووی، جەنابت فەرمووت، کاک شێخ جەعفەر فەرمووی. یەک یەکگرتنە، یەکگرنتێکی شکۆمەندە، بەڵام بەڕاستی بۆ خۆت دەزانی لێرە و لەوێش دەنگێک خۆی بەیان دەکات... دەڵێن ئەمە دەڤەری یەک و دوو هەر حەفتا و هەشتاکەیە، ئایا ئەمە وایە؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئەو یەکگرتنەوەیە، ئێمە بە چاودێری هاوپەیمانان لەسەروو هەموویانەوە ئەمریکا، هەموو ئەو خەڵکە بە ئەزموون و ئەفسەرە باڵایانەی ئەمریکی، بەریتانی، ئەڵمانی، ئەو وڵاتانەی دیکە بەشدار بوون. هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵمان بوون بۆ ئەو رێکخستنەوەیە.
رووداو: باشە ئەم پەیکەرە، ئەم پەیکەرەی ئێستا هەیە، ئەوان پێشنیاریان کرد یان ئێوە؟
شۆڕش ئیسماعیل: پێشنیارەکە ئێمە ئەو پەیکەرەی کە ئێستا هەیە پەیکەرێکە تەقریبەن لەسەر شێوەی سوپای عێراقییە، بەڵام پێشنیارەکە پێشنیاری ئەوانە، ئەوان پێداگرییان کردووە کە دەبێت هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە لە یەکەی سەربازی یەکگرتوودا.
رووداو: باشە، لەبەر ئەوەی کە ناوی دەڤەری یەک و دوو هاتووە، من بۆ خۆت دەزانی پرسیارەکانم هەمیشە بۆ ئاراستە دەکەم کە زۆرترین زانیاری وەربگرم بۆ بینەرەکانم. دەکرێ بزانم سنووری دەڤەری یەک کوێیە و سنووری دەڤەری دوو کوێیە؟
شۆڕش ئیسماعیل: سنووری دەڤەری یەک لە خانەقینەوە تاوەکو زاخۆیە، و دەڤەری دووش لە زاخۆوە هەتا خانەقین و گەرمیانە. لەبەر ئەوە هیچ سنوورێکی دیاریکراو نییە. عەمەلیاتی عەسکەری لە هەر کوێیەک بێت بۆ پاراستنی خاکی کوردستان سنووری ئەو هێزانەیە.
رووداو: باشە، کەواتە کاری کاک نەجات عەلی، بەرپرسی یەکەی 80، و کاک عومەر ساڵح، بەرپرسی یەکەی 70، کاک عومەر ساڵح بەرپرسی یەکەی 70 چی دەبێت؟ دێنە ناو وەزارەت؟
شۆڕش ئیسماعیل: لەناو وەزارەتن، ئێستا بەشێکن لە پەیکەری وەزارەت و بەشێکن لە سیستەمی وەزارەتی پێشمەرگە، لە هەیکەلی وەزارەتی پێشمەرگە، و بەرپرسیارێتی گەورەی پاراستنی هەرێمی کوردستان لەسەر دەڤەرەکان و وەزارەتی پێشمەرگە دەبێت، پێکەوە یەک قیادەی عەمەلیاتی موشتەرەکیان دەبێت، یەک فەرماندەی سەرپەرشتی هەمووی دەکات.
رووداو: ئێستا بۆ خۆت دەزانی گفتوگۆیەکی گەرم لە ئارادایە، ئەویش مەسەلەی گەڕانەوەی هاوپەیمانان و ئەمریکا و ئەوانە کە لە عێراق دەکشێنەوە. ئایا ئەو راوێژکار و شارەزا هۆڵەندی و ئەمریکی و فەرەنسی و ئەڵمانیانەی کە کاریان بۆ چاکسازی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد، هاوکار بوون وەکو خۆت فەرمووت لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا، ئەوان بەجێتان دێڵن؟ دەکشێنەوە؟
شۆڕش ئیسماعیل: پێموایە ئەوە رێککەوتنێکە کە عێراق بە فەرمی تەبلیغی هەموو ئەو هێزانەی کردووە، ئەو وڵاتانەی کردووە کە دەبێت لە 30ی ئەیلوول بە شێوەیەکی فەرمی عێراق بەجێبهێڵن. بەڵام ئەم یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ئەم یەکڕیزیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بۆ خۆی بنەمایەکی ئەساسییە بۆ رێکخستنی نێوماڵی کوردیش، پەیامێکی گرنگە بۆ هاوپەیمانەکانمان، بۆ ئەو وڵاتانەی کە پێشتر هاوشان و هاوبەشمان بوون، کە بە چاوێکی دیکەوە سەیری هێزی پێشمەرگەی کوردستان بکەن و بە شێوەیەکی جیاوازتر هاوکار و پشتیوان و یارمەتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بدەن. هەتا عێراقیش، کە ئێستا هێزی پێشمەرگەی یەکیگرتووەتەوە، من دڵنیام ئەمەش پەیامێک دەبێت بۆ بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق و بۆ حکومەتی عێراقیش کە دەستکراوەتر بەرامبەر هەم هێزی پێشمەرگە لە رووی پاڵپشتی لۆجستی و هەموو ئەو داراییەوە، هەم دابینکردنی شایستە داراییەکانی.
رووداو: کاک عەلی زەیدیش پیرۆزبایی لێکردن؟
شۆڕش ئیسماعیل: بەڵێ، کاک، بەڕێز قاسم ئەعرەجی، بەڕێز... چەند بەڕێزێکی دیکەش پیرۆزباییان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
رووداو: هەر لەسەر مەسەلەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و ئەوە و مەسەلەی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، یەعنی ئەمەوێ بزانم لە کاتی یاداشتی لێکتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەمریکادا بە ئێوەیانگوت کە یەکەمجار چاکسازی و یەکخستنەوە بکەن، دوایی یارمەتیی سەربازی و چەکتان پێدەدەین؟
شۆڕش ئیسماعیل: نا، هەر ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە کە لە نێوان ئێمە و وەزارەتی جەنگی ئەمریکادا بوو، بۆ خۆی چەند خاڵێکی تێدا بوو کە هەندێکی پەیوەست بوو بە ئەوان جێبەجێی بکەن و بەشێکی ئێمە جێبەجێی بکەین. ئێمە هەموو ئەو خاڵانەی کە ئەرک بوو لەسەر شانی وەزارەتی پێشمەرگە جێبەجێمان کردووە، ئەوانیش هەموو خاڵەکانیان 95٪یان جێبەجێ کردووە.
رووداو: سەبارەت بە هاوکاریی دارایی، هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام دەبێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئێمە هەر لەو رێککەوتنەی چوار ساڵەی نێوان ئێمە و ئەمریکایە، بۆ چوار ساڵ بووە. واتە ئەو پارە، ئەو یارمەتییە داراییەی تەرخانیان کردبوو بۆ هێزی پێشمەرگە کە بیدەنێ، ساڵی یەکەم ئەگەر لە 100٪ بوو بێت، ساڵی دووەم لە 25٪ـی کەمکردووە، ساڵی سێیەم 50٪، هەموو ساڵێک لە 25٪ـی کەمکردووە، ساڵی 2026، 25٪کەش نامێنێ.
رووداو: نامێنێ؟
شۆڕش ئیسماعیل: نامێنێ. واتە پێشتر رێککەوتنمان لەسەر ئەوە کردووە. من لێرەوە بە هەموو خەڵکی کوردستان دەڵێم واتە ئەمە پەیوەندی بە هیچ شتێکەوە نییە، پەیوەندی بەوەیە ئێمە ئەم رێککەوتنەمان بۆ چوار ساڵ کردووە و چوار ساڵەکە کۆتایی هاتووە. ئێمە چاومان لەوەیە بە شێوەیەکی دیکە جۆرە رێککەوتنێکی دیکە بکرێت، چونکە ئێستا ئێمە بەشێکین لەو دیالۆگە ستراتیژییەی، کە لە نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا هەیە، ئێمە بەشێکین لەو تیمەی عێراق کە دەبێت لەو رێککەوتنە نوێیەی ئەمریکادا بەشی شایستە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دابین بکرێت.
رووداو: کەواتە ئەگەری هەیە، بۆ نموونە، ئەم یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەوەی ئەسڵەن فەندەکە دیسان گەرم ببێتەوە، بگەڕێتەوە؟
شۆڕش ئیسماعیل: کاریگەریی زۆری هەیە و هێزی زیاتر دەدات بە داواکانمان.
رووداو: دەکرێ بزانم دوای یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە، لە زاری جەنابی وەزیرەوە، چی دەگۆڕێت؟ شتە جەوهەری و جەوهەرییەکان؟
شۆڕش ئیسماعیل: زۆر شت دەگۆڕێت. لەکوێ هێزێک پەرشوبڵاو بێت، لەکوێ هێزێک لە دامەزراوەیەکی سەربازی مۆدێرندا کۆبکرێتەوە و یەکگرتوویی هێزەکە نیشان بدات. لەم قۆناخەدا ئێمە بە دەستێکی پڕەوە دەتوانین داوای هەموو ماف و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە بکەین، ئێمە دەتوانین بە دەنگێکی بەهێزتر، بەرزترەوە داوای دابینکردنی ژیانی پێشمەرگە بکەین، داوای هەموو ئەو پێویستییانەی کە پێشمەرگە هەیەتی. دوای ئەم رێککەوتنەش ئێمە لە قۆناخێکەوە دەچینە قۆناخێکی دیکە، کە رەنگە پێویست نەکات لێرەدا... پێویستە ئەم هێزە بەم شێوەیەی کە ئێستا بوو بە هێزێکی یەکگرتووی کوردستان، ئیدی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، و پشتیوانانی نێودەوڵەتی و عێراقیش چاوی لەوەیە کە ئیتر تواناکانی هێزی پێشمەرگە بە ئاستێکی هاوشان و هاوبەش لەگەڵ هێزە عێراقییەکان بەرز بکاتەوە.
رووداو: بۆ خۆت دەزانی تەمەنێک پێشمەرگە لەناو بۆتەی حیزبدا توێنراوەتەوە، واتە رەنگی لۆگۆی حیزبەکانیانی گرتبوو. یەکەم شت چی کراوە بۆ ئەوەی کە ئیدی وردەوردە رەنگەکان هەموویان ببنە رەنگی ئەم ئاڵایەی کوردستانی پشت سەری جەنابت؟ واتە لەگەڵ رێزمدا بۆ رەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان، رەنگە زەردەکەی، رەنگە سەوزەکەی یەکێتی، مۆرەکەی گۆڕان، سپیی ئیسلامییەکان، شینەکەی کاکە حەمە، بەڵام بۆ خۆت دەزانی ئاڵای کوردستان چەتری هەموو رەنگەکانە. چیتان کرد بۆ ئەوەی کە لە حیزبەوە بڕۆین بۆ ناسنامەی کوردستانیبوون؟
شۆڕش ئیسماعیل: من حەز دەکەم بە جەنابیشت و بە خەڵکی کوردستانیش بڵێم: من روئیایەک و ئامانجێکی دیاریکراوم هەبوو ئەو رۆژەی کە هاتوومەتە ناو هێزی پێشمەرگە و دڵنیا بووم هێزی پێشمەرگە تاوەکو یەکگرتوو بێت، توانای بەهێزتر دەبێت لە مەیداندا. لەبەر ئەوە یەکەم مانگی دەستبەکاربوونم لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئابوونەم لەناو هێزی پێشمەرگەدا بە فەرمانی وەزاری قەدەخە کرد.
رووداو: ئێستا ئابوونەی حیزب نەما لەناو هێزەکاندا؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئابوونەی حیزب کە من پێشم گوتوون، رەنگە هەبوو بێت، دژی ئەوە بوو بێت، پێمگوتوون پێشمەرگە خۆی گیان دەبەخشێت بە کوردستان، بە نیشتمان، ئابوونەی چی با؟ عابوونە بۆ یەکێکە کە لە دەرەوەی شەو لەناو ماڵ و منداڵی خۆیدا دەخەوێت، بەڵام پێشمەرگەی کوردستان دەبێت ئێمە هەموو یارمەتییەک و دەستکراوەییەکمان بەرامبەری هەبێت، چونکە ئەو ئەو کەسەیە کە خاکی کوردستان و خەڵکی کوردستان دەپارێزێت. بۆیە نابێت ئابوونە بە هیچ شێوەیەک هەبێت، تووشی زۆر کێشەی شەخسی و سەرئێشە بوومەوە...
رووداو: لەسەر ئەوەی ئابوونەت نەهێشت؟
شۆڕش ئیسماعیل: بەڵێ، ئەمە کۆن بووە.
رووداو: دیارە برینداری کردووی سەرەتا، زۆر ئازاریان داوی؟
شۆڕش ئیسماعیل: زۆر ئازاریان دام، بەڵام ئەم ئامانجە پیرۆزە، منی خاو نەکردەوە، ئەم شتانە، ئەو کێشە شەخسییانەی کە بۆم دروستکرا، ئەو گرفتانەی هاتنە پێشەوە خاوی نەکردوومەتەوە، بێ ئومێدی نەکردووم.
رووداو: بەڵام بەڕاستی کاک شۆڕش، وەک پێشمەرگەیەکی سەرەتایی کوردستان، بۆ تۆ هەستێکی خۆشیش نییە کە لە سەردەمی تۆدا ئەم راگەیەندراوە بڵاوکرایەوە، کە هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان یەکدەگرن؟ چ شکۆ و شانازییەکە لەناو هەستەکانی خۆتدا؟ دەکرێ باسی ئەو حاڵەتەم بۆ بکەیت؟
شۆڕش ئیسماعیل: خەونێک و شانازییەکی گەورەی منە کە هاتووەتە دی. من ئەمڕۆ دەتوانم بڵێم پەنجا ساڵی رێکە پێشمەرگەم و لە سەنگەری میللەتەکەمدا خەبات دەکەم، فیداکاریمان کردووە، دەیان و سەدان هاوڕێم لە تەنیشتمەوە، لەملا و لەولامەوە، خۆم سەدان جار لە مەرگ گەڕاومەتەوە، چەند جارێ بە قورسی بریندار بووم، ئەمڕۆ کە دەبینم وا دەزانم یەک سەعات هیلاک نەبووم، کە دەبینم بەری رەنجی خۆم و هەموو تێکۆشەرانی کوردستان، هەموو پێشمەرگە قارەمانەکان هاتووەتە دی کە ئێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێزێکی یەکگرتووە. من دڵنیام ئەوەی ئەمڕۆ رامانگەیاند بناخەیەکی بەهێز و پۆڵایینە، کە دەکرێ لە داهاتوودا شتی زۆر فراوانتر و گەورەتر و بەهێزتر و دڵنیاکەرەوەی تری لەسەر دابنرێت.
رووداو: ئەڵبەتە من لە دوێنێ پرۆمۆیەک، ریکلامێکم کرد بۆ بەرنامەکەم باسی کتێبی بیرەوەرییەکانی کاک شۆڕشم کرد. بەڕاستی من بیرەوەرییەکانیم بۆی ناردبووم خوێندمەوە، چێژێکی زۆرم لێ بینی. بمبوورە، لەوانەیە پرسیارێکی هەستیت لێ بکەم: لەناو بیرەوەرییەکانتدا زۆر باسی دایکت دەکەیت، لێرەوە دوای راگەیاندنی ئەمە، چی دەڵێی بۆ چاوەچاوەڕوانەکانی دایکت؟ ئەو رۆژانەی وەکو دایکی پێشمەرگەیەک بۆنی ئەوەی دەکرد رەنگە پێشمەرگە بگەڕێنەوە ناو شار، ئەمڕۆ یەکگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستانتان راگەیاند، چی بە روحی برا شەهیدەکانت و هەموو براکانی ترت دەڵێیت؟
شۆڕش ئیسماعیل: خۆی بەڕاستی دایک، من دایکم خۆش ئەوێ، هەموو دایکێکیش، هەموو کەسێکیش بۆ دایکی خۆی وایە. من دایکێکی مەزنم هەبووە. دایکەکەم باوک و سەرکردەی راستەقینەی ئەو قۆناخە سەختانە بووە کە فێری خۆڕاگری و فێری پشوودرێژی کردووین، فێری بەخشینی کردووین. چونکە دایکم گەنج بوو هاوسەرەکەی کوژراوە لە 63ـدا، دوای ئەوە دایکم بەهۆی ئەوەی ئێمە پێشمەرگە بووین، من بوومە پێشمەرگە چالاکییەکی گەورەمان لە سلێمانیدا کرد. گرووپێکی ئیستخباراتی سەر بە رژێم کە دەستیان سوور بوو بە خوێنی گەنجی شارەکەم، بە رۆژی نیوەڕۆ لە تووی مەلیک کوژران، برایەکم لە شاردا مابوو، ئەویشیان بە رۆژی نیوەڕۆ لەبەر مزگەوتی گەورەدا گوللەباران کرد. لەبەر ئەوە دایکم ئەوەندە خۆڕاگر بوو، ئەوەندە خۆڕاگر بوو، کێوێک بوو لە ورە، کێوێک بوو لە تەنیایی، تەنیایی فێری کردبوو چۆن خۆڕاگر بێت، چۆن نەهێڵێ خەڵک فرمێسکەکانی ببینێ، چۆن نەهێڵێ ئەو تەنوورەی کە لە دەروونیدا بەردەوام گڕی دەسەند و ناوەوەی دەخوارد، کاریگەری لەسەر ئێمە هەبێت کە من، بەختیاری برام، وەستا حەمە، سێ کوڕەکەی پێشمەرگە بوو، هەر کە ئێمەی دەدی، هانی دەداین و ئەوە دوژمن وا دڕندەیە و بڕوای پێ مەکەن و متمانەی پێ مەکەن.
رووداو: کەواتە لێرەوە پرسیارەکەم ئەوە بوو: چی بە روحی دایکت و دایکانی شەهیدان دەڵێیت کە هەم کوڕەکەی ئێستا وەزیری پێشمەرگەیە و لەسەر فەرشێکی سوور دانیشتووە و بە خەڵکی کوردستان دەڵێت ئیتر پێشمەرگە، پێشمەرگەی حیزب نییە، پێشمەرگەی کوردستانە؟
شۆڕش ئیسماعیل: من پێی دەڵێم: بە دایکیشم و دایکیشم دەیزانی ئێمە... من خۆم رام وابوو بە پێشمەرگەی کوردستان بووم. حیزب میکانیزمێکە، حیزب پەروەردەی کردین بۆ ئەوەی فیداکاری بۆ نەتەوە و نیشتمان بکەین. لەبەر ئەوە ئێمە لە سەرەتاوە بۆ کوردستان و بۆ نیشتمان خۆمان بەکوشت داوە، بۆیە توانیمانە بەرامبەر دڕندەیی و توانای زەبەلاحی بەعس بوەستینەوە. بۆیە لێرەوە بە دایکی خۆم و هەموو دایکە شەهیدەکان، ئەوانەی رۆڵەیان شەهید بووە، هاوسەریان شەهید بووە، ئەوە بەری رەنج و خوێنڕشتن و ئامانجی رۆڵەکانتانە کە ئەمڕۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان بووەتە هێزێکی یەکگرتووی نیشتمانیی کوردستانی. بۆیە دەبێت هەم دایکم و دایکەکانی دیکە کە بەو دڵە پڕ لە تەنوورەیەوە سەریان نایەوە، ئاسوودە بن لە گۆڕەکانیاندا، کە کوردستان هێزێکی یەکگرتوو و سوپایەکی کوردستانی هەیە، کە دەتوانێت جارێکی دیکە وەک جاران کە بەعس بە پۆستاڵی گڵاوی کوردستان و چی لوتکە و گرد و گردۆڵکە هەبوو پیسی کردبوو، ئێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان هەیە کە جارێکی دیکە داگیرکەر ناتوانێت، دوژمن و داگیرکەر ناتوانێت خاکی کوردستان پیس بکات.
رووداو: ئەمڕۆ جەنابی سەرۆکی هەرێم، کاک نێچیرڤان بارزانی، لە وتارەکەیدا زۆر جەختی لەوە کردەوە کە پێشمەرگە، پێشمەرگەی کوردستانە و بەس. کاک مەسروور بارزانی، وەکو سەرۆکی حکومەت، بە هەمانشێوە گوتی دەبێت وابەستەیی حیزبی لەناو پێشمەرگەدا بگۆڕێت بۆ وابەستەیی کوردستانی. ئایا ئەگەر فەرماندەیەک، سەرلەشکرێک، ئەفسەرێک، حیزبایەتی بکات، لەمەودوا سزای دەبێت لەناو هێزی پێشمەرگە؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئەو قسانەی ئەو بەڕێزانە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، لە مەراسیمێکی فراواندا گوتیان، ئەوە بڕیارە و من لێرەوە بە هەموو فەرماندە سەربازییەکان دەڵێم: دەبێت پەیوەست بن بە سەرکردەکانی خۆیانەوە. لەپاڵ ئەوەدا، ئێمە بەپێی یاسای 38، ماددەی 47، کاری سیاسی و حیزبایەتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا، لەناو هێزی پێشمەرگەدا قەدەخەیە. هەموو هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی کوردستان دەبێت بزانێت کوردستان لە حیزب گەورەترە، و پێش. کوردستان ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێت فیداکاری بۆ بکات، خوێنی بۆ ببەخشێت، هەموومان دەبێت کوردستان لە هەموو شتێکی دیکە بە گەورەتر بزانین و پێشمەرگەی کوردستان بین. بۆیە هەموومان دەبێت لەوە تێبگەین کە ئەو بەڕێزانەش گوتیان، حیزب ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانج. ئامانج کوردستانە. ئەوەی کە دەتوانێت کوردستان بپارێزێت هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.
بەپێی یاسا ئەوانەی کە ئەو کارانە دەکەن، ئێمە رووبەڕووی یاسایان دەکەینەوە.
رووداو: کەواتە ئەگەر یەکێتییەک، پارتییەک، حیزبایەتی بکات لەناو لەناو لیواکەدا، لەمەودوا بۆی نییە؟ لەمەودوا سزایشی لەسەرە؟ چونکە جەنابی سەرۆکی هەرێم بۆ خۆت دەزانی لە هەمانکاتدا جێگری سەرۆکی گەورەترین حیزبی کوردستانە، سەرۆکی حکومەت نوێنەری حیزبێکی گەورەیە، جەنابی کاک قوباد بۆ خۆت دەزانی نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەوەندە کورسییەیە، ئەوان سەرکردەکانیانن، و لە هەمان کاتدا قانوونەکەش پاڵپشتی قسەی سەرکردەکانیانە، یان قسەی سەرکردەکانیان با بڵێین پاڵپشتی قانوونەکەیە. لەمەودوا کەواتە بڤەیە؟
شۆڕش ئیسماعیل: بە دڵنیاییەوە. ئێمە پێشتریش کە ئابوونەمان قەدەخە کرد، کۆڕ و کۆبوونەوەی حیزبیمان قەدەخە کرد، بە فەرمانی وەزاری سەنگەرگواستنەوەمان راگرت، کۆمەڵە شتی ترمان راگرتووە. پێشمەرگەی کوردستان خۆیان بەم بچووکییە نابینێتەوە دابەزێت بۆ ئەوەی، کوردستانێکی گەورە هەیە، کە دەبێت لەم جوگرافیایەی کە ئێمە تیایدا دەژین، ئەو هێزەی لەبەردەستیدایە پەروەردەی بکات بە رووحێک کە ئینتیمای بۆ نیشتمانەکەی خۆی هەبێت، ئینتیمای بۆ ئاڵای کوردستان هەبێت. چونکە ئاڵای کوردستان خیانەتی لێ ناکات، خاکی کوردستان لە هەموومان گەورەترە. وەزارەتەکە خۆی کۆمەڵە یاسا و رێسا و دروشم و لێپێچینەوەیە، لەبەر ئەوە دەبێت هەموومان...
رووداو: خۆت حیزبایەتیت کردووە لە چوارچێوەی وەزارەتەکەتدا؟
شۆڕش ئیسماعیل: من نا، من هەر لەناو هێزی پێشمەرگە لە شاخیش، رەنگە سکاڵایان لێکردووم ئەو کاتە من سەرتیپی 47ـی پیرەمەگروون بووم، یەکێک بوو لە تیپە هەرە چالاکەکان، ئەو کاتە ژمارەی پێشمەرگەکانی زیاتر لە 500 پێشمەرگە بوو، چوون شکاتیان لێ کردبووم لای رەحمەتی کاک نەوشیروان و گوتبوویان: وەڵڵا شۆڕش رێگەی داوە کەسانی ناکۆمەڵە و لایەنەکانی دیکە لە ناو تیپەکەدا هەبێت.
رووداو: بەڵام بیستوومە لە شاریش، لە وەزارەتیش هەر دیسان لێت نیگەران بوون رەنگە حیزبەکەت پێیوابووبێت وەکو پێویست حیزبایەتیت نەکردووە؟
شۆڕش ئیسماعیل: من بە رێگەی دیکە حیزبایەتی دەکەم، بەو رێگەیە نایکەم کە جاران ئێمە چپەچپمان دەکرد لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێکی داگیرکەر دەسەڵاتی بەسەر کوردستاندا هەبوو. ئێستا حیزبایەتی کۆمەڵگا رێکدەخات، ئیشی لە شوێنێکی دیکەیە، دەبێت لە وەزارەتی پێشمەرگە و لە پێشمەرگە دوور بخەنەوە.
رووداو: باشە، کەواتە ململانێ، ئەگەر لە نێوانی حیزبەکاندا هەبێت، لەمەودوا دەبێت ئەم پێشمەرگانەی کە گوێیان لێتە و زۆریان فەرماندەن و ئەفسەرن و رائیدن، لەمەودوا لە ململانێی حیزبەکاندا رۆڵی پێشمەرگە دەبێت چۆن بێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: فەرماندەکان دەبێت سەرکردە بن لە مەیداندا. چۆن سەرکردەی شەڕن دەبێت سەرکردەی ئاشتیش بن، چۆن سەرکردەی شەڕن سەرکردەی پەروەردەکردنی هێزەکەیانن. لەبەر ئەوە کە ئەم شتانە دەبینن، توانای پێشمەرگە کەم دەکاتەوە، توانای سەربازی کەم دەکاتەوە، توانای ئینتیمای کەم دەکاتەوە. لەبەر ئەوە بە هیچ شێوەیەک نابێت، تۆ لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە لە گەڕەکەکەی خۆت، لە ماڵەکەی خۆت، لە شوێنەکەی دیکە، حیزبایەتی دەکەی، حەز دەکەی بە عەیاری نازانم چەند بیکە، بەڵام مەهێڵە ئەمە بێتە ناو هێزی پێشمەرگە، چونکە توانای پێشمەرگە دەکوژێت.
رووداو: پرسیارێکم لێکردی بینەرانی بەڕێز، سەرەتای دەستپێکردنم بە قسەکان لە جەنابی وەزیرم پرسی، سنووری دەڤەری یەک کوێیە و سنووری دەڤەری دوو کوێیە، گوتی سنووری دەڤەری یەک هەموو کوردستانە و سنووری دەڤەری دووش هەموو کوردستانە. کەواتە دەمەوێ بزانم بە دڵنیاییەوە پرسیاری ئێوەشە، ئایا پێشمەرگەیەکی دهۆکی دەلال دەبینین لەمەودوا لە هەورامان واجبی هەبێت؟ پێشمەرگەیەکی هەورامان دەبینین لە زاخۆ واجبی هەبێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: بە دڵنیاییەوە، هیچ رێگرییەک نابێت بۆ ئەمە. بە دڵنیاییەوە، هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە یەک بوو، خاکی کوردستان دابەش نەبووە، یەک خاکمان هەیە، یەک نیشتمانمان هەیە، پێشمەرگە پێشمەرگەی کوردستانە، لە هەر کوێیەک ئەو پێشمەرگەیە پێویست بوو لەوێ ئەرک و واجب بوو کارەکانی دیکە جێبەجێ دەکات.
رووداو: باشە فەرمووت هیچ هێزێک نامێنێتەوە لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی و هێزی پاسەوانی هەر لەسەر وەزارەتی ناوخۆ دەمێننەوە یان دەگۆڕێن و دێنە لای ئێوە؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئێمە وەزارەتی پێشمەرگە میلاکاتی خۆمان بۆ دیاریکراوە. لەو میلاکاتە پێموانییە بتوانین هیچ هیچ هێزێکی دەرەوەی دیکە وەکو زێرەڤانی... ئەوان ساغ بوونەتەوە لەسەر وەزارەتی ناوخۆن و ئەرکیان راستە لە زۆر کاتدا ئەرکی پێشمەرگە و پاراستنی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئێستا ئەو میلاکەی وەزارەتی پێشمەرگە کە دیاریکراوە، زیاتریش بوو، بەڵام وردەوردە بەهۆی خانەنشینبوون ئەم هێزە وردەوردە دەگاتە ئەو میلاکە دیاریکراوەی کە ئێمە رێکمانخستووە لە 11 فیرقە و دوو پشتیوانی، پشتیوانی یەک و دوو، لەگەڵ ئامریەی کۆماندۆ، لەگەڵ دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە. بێگومان لەو رۆژەوە ئێمە پێویستمان بە چاکسازی دیکە دەبێت، ئینجا ئێمە قۆناخی نوێتر و پێم وانییە هیچ قۆناخێک لە قۆناخی یەکەم سەختتر بووبێت.
رووداو: ئەمەی یەکەم سەخت بوو؟ زۆر سەخت بوو؟
شۆڕش ئیسماعیل: زۆر زۆر سەخت بوو.
رووداو: ئەمڕۆ کاک شێخ جەعفەر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، فەرمووی ئەمە هەنگاوی یەکەمە. دەکرێ بزانم جەنابی وەزیر، هەنگاوە گرنگەکانی دوای یەکەم چیدیکەتان بەدەستەوەیە؟
شۆڕش ئیسماعیل: خۆی هەموومان دەزانین هەنگاوی یەکەم قورسە، هەنگاوی یەکەم سەختە. من دەمەوێ بەڕێزت پێم، ئێمە کاتێ هاتینە وەزارەتی پێشمەرگە رێک رووبەڕووی کۆمەڵێ کێشەی گەورە بووینەتەوە، هەم کێشە کەڵەکەبووەکانی وەزارەتی پێشوو ئەو چەند ساڵە، هەم ئەو هەنگاوانەی کە ئێمە دەستمانپێکرد بە پڕۆسەی چاکسازی و گرفتە گەورەکان دەهاتنە پێشەوە. من پێم وانییە رۆژێکی دیکە ئەمە ببینین، من کە باسی یەکەی ژمێریاریم دەکرد، یەکەی ژمێریاری یەکگرتوو، دەیانگوت: شۆڕش ئیسماعیل خائینە کە باسی یەکەی ژمێریاری یەکگرتوو دەکات، کەچی یەکەی ژمێریاری یەکگرتووشمان کرد و ئەمە دەستکەوتە بۆ پێشمەرگە و پێشمەرگە. جاران کە دەهاتینە وەزارەتی پێشمەرگە، پێشمەرگە بە فەردە پارەی بۆ دەڕۆیشت و حیساب و کتابات هەمووی لەسەر وەرەقە بوو، ئێستا قۆناخی یەکەم رێکمانخست بە چەک لە بانک دەچوو وەریدەگرت، قۆناخی دووەم ئەم «هەژماری من»ـە هاتووەتە پێشەوە. واتە سەرەتا و یەکەم هەنگاوی قورس بوو، ئینجا وەرە قورسەکانی دیکە دەستپێبکات. ئێمە لە ماوەی ئەم 7 ساڵەدا بە پشتیوانی ئەم هەموو جوامێرانە، توانیمان ئەم بناخە پتەوە دابنێین، بێگومان چاکسازی لەناو هێزی سەربازیدا قورسترە لە چاکسازی لە شوێنێکی وەکو تەندروستیدا، لە پەروەردەدا، شوێنێکی دیکە گرفتەکان لەگەڵ چەک و هێز و دەسەڵات و کۆمەڵە یاسا و رێسای دیکە کە کاریگەری لەسەر توانای سەربازییەکان نەبێت. لەبەر ئەوە دەبێت زۆر بە وریاییەوە هەنگاوی دیکە بنێی. ئێمە ئەمانەمان تێپەڕاند کە ئەمە دەستکەوتێکە، بەڵام ئومێدم وایە لە داهاتوودا ئەو کەسانەی کە توانایان هەیە، وەک ئەمڕۆش دیتم روئیایەکی نیشتمانی روونیان هەیە، بێن هاوکار بن، بێن ئەم ئەرکە نیشتمانییە جێبەجێ بکەن. چونکە ئێمە کە ئەمەشمان کردووە، ببوورن تۆزێ درێژەم پێدا، ئێمە سەرەڕای ئەوە ئەو هەموو پشتیوانییە، لەناو وەزارەتیشدا تیمێکی یەکگرتوومان هەبووە. ئێمە قۆناخێک لەگەڵ فەریق جەمال سەرەتا دەستمانپێکرد، کە ئێستا ئەو خانەنشین بووە، دواتر لەگەڵ فەریق عیسا عوزێر، کە ئەو سەرۆکی ئەرکان بوو لەگەڵ بریکاری وەزیر، بەتایبەتی لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەرکان کە سوپاسالاری پێشمەرگە بوو، کەسێکی لێهاتوو، بەتوانا و ئەکادیمی بووە، واتە زۆربەی زۆری گرفتی گەورەمان چارەسەر کردووە. ئەو هاوکاری روحی، لێکتێگەیشتنە نەبووایە کە ئەویش روئیایەکی نیشتمانی فراوانی هەبوو، ئێمە نەماندەتوانی ئەم رێگایە خۆش بکەین.
رووداو: شتێکی دیکە گرنگە، دەکرێ بزانین میلاک و ژمارەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان چەندە؟
شۆڕش ئیسماعیل: خۆی من دەمەوێ هەموو راستییەک بە خەڵکی کوردستان بڵێم، چونکە خەڵکی کوردستان شایستەی ئەوەیە هەموو شتێک. وەکو چۆن ئێمە چەند ساڵێکە هەر دەڵێین رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، ئەمڕۆ ئەنجامەکەی بوو، بەڵام رەنگە بۆ ئێستا من ژمارەکە بڵێم رەنگە هەر لەبەر رووە ئەمنییەکەی بێت، بۆ ئەوەی بڵێن ژمارەی پێشمەرگە ئەوەندەیە، بەڵام لە عێراقدا سەلمێنراوە و عێراق رەزامەندی داوە لەسەر ئەو میلاکەی ئێمە، بەڵام بۆ ئێستا رەنگە پێویست نەکات بڵێم ئەوەندە هەزار پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا رێکخراوە. ئێمە دەتوانین سوپاسی گەلەکەمان بکەین بە خۆڕاگری، سوپاسی هەموو فەرماندە قارەمانەکان بکەین، سوپاسی هێزی پێشمەرگە بکەین کە خۆڕاگر بوون، سوپاسی هەموو ئەو فەرماندەی دەڤەری یەک و دوو بکەین کە هاوکار بوون و رێگەخۆشکەر بوون
رووداو: بەڵام من وەکو رەنج دڵم خۆشتر دەبوو ئەگەر دەڤەری یەک و دووش، ئەو دوو وشەیەش نەبووایە!
شۆڕش ئیسماعیل: ئەمە شتێکی زۆر زۆر سەرەتاییە.
رووداو: کاک شۆڕش، تۆ سەری برایەتی، دەڤەری یەک و دوو شکڵییە، یا هەر 70 و 80کەیە؟
شۆڕش ئیسماعیل: من نامەوێت بگەڕێمەوە بۆ 70 و 80 چ دەسەڵاتێکیان هەبووە، ئێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان، راستەوخۆ لە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێمدایە.
رووداو: کەواتە دەسەڵاتی 70 و 80 وەرگیراوەتەوە بۆ کوردستان؟
شۆڕش ئیسماعیل: بەڵێ، بەڵێ، بەو شێوەیە. ئێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان ملکەچی یاسا سەربازییەکانە.
رووداو: واتە هەر بەرپرسێک تۆزێ لێ ناباتەوە؟
شۆڕش ئیسماعیل: نا، نا. ئێستا ئیدی لە فیشەکێکی ئەم وەزارەتەوە، ئەوانەی کە پێشتر هی 70 بووە هی 80 بووە، هەمووی ئەوەی کە وەزارەت داویەتی، ئەوەی هاوپەیمانان بۆیان هێناوین، ئەوەی من ئێستا ئەگەر سەیارەیەکم لابێت، تفەنگێکم لابێت، هەمووی تۆمارکراوە لەسەر ئەستۆی وەزارەتی پێشمەرگە. هەر رۆژێ لێرە نەمام، دەبێ هەمووی تەسلیم بکەمەوە. فیرقە و لیوا و فەوج و شتەکانیش، ئەو چەکەی لەبەردەستیاندایە 20 ساڵی دیکە لە ئەستۆی دەبێت و دەبێت بیپارێزێت.
رووداو: ماف و ئیمتیازات، بوونی چەک، پۆشتەیی، هەموو پێشمەرگەی کوردستان وەک یەک دەبێت و سەرتاپاگیر دەبێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: وەک یەک دەبێت و دادپەروەری تێدا دەبێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان واجبێتی کە هەموو ئەو پێویستییانەی بۆ دابین بکات، چ لە رووی شایستە داراییەکان و مافەکانییەوە بێت، چ لە رووی توانا سەربازییەکانییەوە بێت. واتە ئەمە جدییە و دەبێت، من دڵنیام حکومەتیش خۆی ئیشی جدی لەسەر ئەمە دەکات.
رووداو: باشە، پێشمەرگەی تازە وەردەگرن؟ خانەنشینی دەستپێدەکاتەوە؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئێستا پێشمەرگە وەرناگیرێت، چونکە ژمارەکەمان زیاترە. واتە من رەنگە قسەی دیکەم هەبێت بۆ ئەوەی ئەم هێزە چۆن رێکبخەینەوە بۆ قۆناخی دووەم.
رووداو: ناکرێ ئەو قسانەی کە هەتە ئاماژەی پێ بکەیت؟
شۆڕش ئیسماعیل: رەنگە ئێستا لێرەدا پێویست نەکات من، چونکە رەنگە شتێک بێت زیاتر پەیوەستە بە کاری سەربازی ناو وەزارەتەوە..
رووداو: تێگەیشتم، تێگەیشتم، زۆر باشە.
شۆڕش ئیسماعیل: من دڵنیام رەوشوێنی گونجاومان هەیە و لە ئەنجوومەنی بەرگری وەزارەتدا گفتوگۆمان لەسەر کردووە، کە ئێمە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیمان هەیە هی تاک و خۆبەخشەکان وەکو تەجنیدی جاران، ئومێدەوارین لە ئایندەدا بتوانین ئەم هێزە بە شێوەیەک نوێ بکەینەوە، گەنجی بکەینەوە، هەموو پێویستییەکانی بۆ دابین بکەین.
رووداو: بەر لە 16ـی ئۆکتۆبەر هەندێک لیوای هاوبەش هەبوون، لە ئەنجامی ناکۆکی لەت بوون. ئەمجارە ئەوە روونادات ئەگەر خیلافی سیاسی خوانەخواستە دروست ببێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: هیوادارم شتی وا دروست نەبێتەوە و بڕوا ناکەم، چونکە پێموایە هەموومان دەرسێکی گەورە و وانەیەکی مێژوویی گەورەمان لەوە وەرگرتووە کە ئەو لەتبوونە هیچ خێر و بێرێکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە و میللەتەکەمانی تێدا نەبووە. بە شێوەیەکی گشتیش بەشێکی زۆری ئەو هێزانەی ناو وەزارەت مانەوە. واتە کەمیان دابڕان، زوو ئەو هێزە یەکی گرتەوە. پێموایە زەحمەتە، تەسەور ناکەم، ئێمە بەرەو شتی گەورەتر و هەنگاوی جددیتر و بۆ ئامانجی گەورەتر دەڕۆینە پێشەوە. نە هێزی پێشمەرگە رێگا دەدات ئەو رۆژەی دروست بێت، فەرماندەکان، سەرکردە سەربازییەکان لە ئاستێکدان، بۆیە ئەگەر ئێمە هەموومان کوردستان بە گەورەیی خۆمان بزانین، ئاڵای کوردستان بە گەورەیی خۆمان بزانین، تووشی هیچ شکستێک نابین لە ئایندەدا.
رووداو: ئەمڕۆ بۆ کوردستان لە چ شتێک دەکات لە دوێنێ ناچێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: لە یەکگرتوویی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە.
رووداو: بۆ پێشمەرگە خۆی ئەمڕۆ چ شتێک لە ژیانی بڕیارە بگۆڕێت، کە لە دوێنێی نەچێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: لەبەر ئەوەی لەمڕۆوە هێزی پێشمەرگە هێزێکی یەکگرتووی یاساییە، لەژێر چەتری حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندایە، کە لەمڕۆوە هەم پەرلەمانی کوردستان ئومێدموایە دەستبەکار بێت، هەم کابینەی دێ بەمزووانە دەستبەکار بێت، هەم نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراقە دەبێت پێداگری و شەڕ بکەن ئێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک دەزانن بەڕێز سەرۆکوەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لەم هەنگاوە کردووە...
رووداو: ئەگەر زیاتر حکومەت دوا بکەوێت، پێتوایە لەمەودوا پێشمەرگەی کوردستان قبووڵی بکات لە حیزبەکان؟
شۆڕش ئیسماعیل: قبووڵیشی بکات، واتە بەم وەزعەوە هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەنگە زەحمەت بێت بتوانێت پێویستییەکانی، مافەکانی، شایستەکانی داوا بکات، چونکە ئەگەر حکومەتی کوردستان یەکگرتوو بێت، دەنگی بەهێزتر دەبێت لە بەغدا، بە دەنگی بەهێزەوە داوای ماف و شایستە داراییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستانیش دەکات. بۆیە هیچ پاساو و بیانوویەک نەماوە، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچی زووە پێکبهێنرێت. من هەمیشە گوتووشمە: ئێمە سازش بۆ یەک بکەین باشترە، سازش بۆ یەکدی واتە، سازشکردنە بۆ کوردستان، نەک سازشکردن بۆ ناحەزان. سازش بکەین بۆ کوردستان، کوردستان دەبەینەوە، ئایندەی نەوەکانمان دەپارێزین، ئایندەی نەوەکانمان دەچەسپێنین. جارێکی دیکە ئەنفال رووناداتەوە، ئێمە دەمانگوت ئەنفال رووناداتەوە، بەڵام لە شەڕی داعشدا ئێزیدییەکان تووشی ئەنفال بوونەوە. ئێمە دەوڵەتێک نین بڵێین مەترسیمان کەمتر لەسەرە، من ناڵێم مەترسی هەیە، بەڵام ئێمە ئەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکگرتووتر بێت، واتە حکومەتی کوردستانیش پارێزتراو دەبێت.
رووداو: خۆی لە هەموو لایەنێک وەکو فەرمووت گرنگە، بەڵام کاک شۆڕش، سەبارەت گیرفانی ئەو پێشمەرگانەوە، ژیانی منداڵەکانیانەوە، مووچەکانیانەوە، ئێوە هەر مژدەی یەکگرتنەوە رادەگەیێنن یان ئەمە مژدەی هەوڵدانە بۆ بەرزکردنەوەی... لانیکەم مووچەکانیان لە بەغدا وەکو خۆت سەرەتا گوتت زۆر کەمە، چی دەگۆڕێت لە ژیانی خودی ئەوان، لە ژیانی منداڵەکانیان، لە کرێنیشینبوونیان، لە گەرمکردنەوەی گیرفانیان.
شۆڕش ئیسماعیل: ئەمە ئەو رێگایەیە کە بەرەو ئەو ئامانجانەمان دەبات کە ئەوەی باسمان کرد، بۆ دڵخۆشی و دڵئارامی هەم پێشمەرگە، هەم خێزانەکانیان، هەم منداڵەکانیان، کە دەمانگەیەنێتە بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە، لەم رێگە یەکگرتووەوە، بە سەربەرزی و شانازییەوە، بە دەنگی بەهێزەوە دەتوانین داوای ماف و شایستە داراییەکانیان بکەین.
رووداو: کەواتە ئینشاڵڵا مووچەیان زیاد دەبێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: بە دڵنیاییەوە دەبێت بەرز ببێتەوە، من پێشتریش ئەوەم گوت، پەرلەمانی کوردستان دەبێت، نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەبێت بە دەنگی بەرز، کە ئێستا باسی بودجە لە پەرلەمانی عێراقدا دەکرێت دەبێت پێداگری بکەن، چونکە ئەوە ئێمە ئەم مژدە مێژوویەمان داوە بە خەڵکی کوردستان و بە ئەوان.
رووداو: بەغدا بە تەمایە 14.14 بکاتە 12.68.
شۆڕش ئیسماعیل: بەغدا دەرفەتی هێناوە لەو لەوەی ئێمە نێوماڵی کورد یەک نییە. ئەگەر نێوماڵی کورد یەک بێت، عێراق لەو دۆخەدا نییە کە بتوانێت بەم شێوەیە تەعامول لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات. دەبێت یەکێتی و پارتی ئەم قۆناخە تێپەڕێنن بە هەر نرخێک بێت. کێ زۆرترین سازش بکات، زۆرترین گەورەیی دەنوێنێت لە کوردستاندا.
رووداو: هەست دەکەی یەکێتی و پارتی سازشیان بۆ یەکدی کرد لە پێناوی یەکگرتنی هێزەکانی پێشمەرگە؟ بە دڵت بوو؟
شۆڕش ئیسماعیل: بەڵێ. بەڵێ. چونکە ئەگەر ئەوان رێگر بوونایە ئەم یەکگرتنەوە و ئەم دەستکەوتە مێژووییە ئەمڕۆ نەدەهاتە دی. سەلماندیان کە حیزب میکانیزمە. من باسی لایەنێک ناکەم، بەس یەکێتی و پارتی ئەمەیان سەلماند کە ئەوان ئامانج نین، ئامرازن بۆ ئەوەی ئەم کوردستانە یەکگرتوو بێت، پارێزراو بێت، نەوەکانی داهاتووشمان لەم جوگرافیایەدا پارێزراو بێت.
رووداو: یەکێتی و پارتی تێگەیشتنەکەیان خەمڵی بوو، یا لەژێر گوشاردا ئەم یەکگرتنەوەیان کرد؟
شۆڕش ئیسماعیل: خەمڵی بوو.
رووداو: خەمڵی بوو؟ مەبدەئیەن خەمڵی بوو؟
شۆڕش ئیسماعیل: مەبدەئیەن خەمڵی بوو.
رووداو: دەزانن دەبێت ئەمە هەم ژیانی گشتی دەکەوێتە مەترسییەوە.
شۆڕش ئیسماعیل: بەڵێ، چونکە ئەمڕۆ لە قسەکانیاندا گوێت لێ بوو. من پێم وایە قسەکانیان هەمووی ئەوەیە کە دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە بیکات بە بەرنامەی کار لە کاری رۆژانەیدا بۆ ئەوەی جێبەجێی بکات، یەکێتی و پارتی لە هەموو بۆنەکاندا نەیانشاردووەتەوە ئەم ئەم روئیا ئیستراتیجییە نیشتمانییەیان گەیاندووە.
رووداو: لەمەودوا بە جلەکانیاندا مەسەلەن خەڵک نەڵێت: وەڵا ئەوە هی پێشمەرگەی پارتییە، وەڵا ئەوە هی یەکێتییە. جل دەکرێت؟ یەکپۆشی دەکرێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: هەموو ئەو شتانە دەکرێت، لەژێر چەتر و سێبەری ئەم یەکخستنەوە و یەکڕیزییە هەموو شتێک دەکرێت، و ئێمە هەر ئەمڕۆ کە لەوێ گەڕاینەوە هەندێ قسەمان لەو بارەیەوە کردووە کە ئیتر قۆناخێکی نوێیە، دەبێت ئەرکی نوێ لە نەخشەیەکی نوێدا دیاری بکەین، نەخشەی دیاریکراو و ئامادەکراویشمان هەیە، خشتەمان هەیە.
رووداو: خۆت دەزانی من بەرنامە سەرەکییەکەم بەرنامەی لەگەڵ رەنجە، چۆن تۆ بەردەوام شانازی دەکەی بەوەی کە لە وەزیفەکەتدا خەباتت کردووە بۆ ئەوەی کە وەزارەتەکەت کوردستانی بێت، بەڕاستی منیش 35 ساڵە دەمەوێت بەرنامەکەم هی خەڵکی کوردستان بێت. کۆمەڵێک نامە و شتم بۆ هاتبوو دەزانن کە من لەگەڵ جەنابی وەزیر دادەنیشم، یەک لەوانە 60 کۆمپانیا بوو، بۆیان نووسیوم بە جەنابی وەزیر بڵێ: پارەمان لای وەزارەتە، چەند ملیارێکە، ئایا چی بەوانە دەڵێی؟ ئەوانەش ماڵ و منداڵیان هەیە، چۆن دەبێت وەزارەتی پێشمەرگە قەرزدار بێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، پرسیارێکی جوانە و جێی خۆیەتی. من کاتێ هاتوومەتە وەزارەتی پێشمەرگە، لەو ماوەیە چەند کۆبوونەوەیەکم کردووە و لەگەڵ هەر بەشێکدا بزانم چی هەیە و چی نییە، کێشەکان لەکوێیە، داواکارییەکان لەکوێیە، یەکسەر لە شوێنێکدا رووبەڕووی کۆمەڵێک قەرزی کۆمپانیاکان بوومەوە، قەرزی کەڵەکەبووی وەزارەتی پێشمەرگە بوومەوە کە زیاتر لە 100 ملیار دینار بوو.
رووداو: کەواتە تۆش گیرفانەکەت بۆ بەجێمابوو دەردی شێرکۆ بێکەسی رەحمەتی، دەیگوت پڕ بوو لە قەرز.
شۆڕش ئیسماعیل: پڕ بوو لە قەرز.
رووداو: کە هاتیت چەند قەرزدار بوو، ئێستا چەند قەرزاری؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئێستا هیچ قەرزدار نیم، قەرزە کۆنەکانە.
رووداو: قەرزی کۆن ئەبێ جەنابی وەزیر نافەوتێت!
شۆڕش ئیسماعیل: نافەوتێت، نافەوتێت.
رووداو: ئەی کەواتە ئەو خەڵکە چییان پێدەڵێیت؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئەو قەرزەی کە لای وەزارەتی پێشمەرگە بوو، پۆلێنبەندیم بۆ کردن. قەرزەکان هی ماڵە شەهیدی تێدا بوو، هی بریندارانی شەڕی داعشی تێدا بوو، هی قوربانییەکانی شەڕی داعشی تێدا بوو، کۆمەڵێکی دیکە کە بریندارەکان، ئەمە وەزعیان سەخت بوو، وەزارەت پارەی نەبوو، ماڵیان فرۆشتووە، ئیمکانیەتیان فرۆشتووە، نەدراوەتەوە، هەموومان موچڕکەمان پێدا دەهات کەسێک لە شەڕی داعشدا بریندار بووبێت مەسەلەن شەهیدانەکەی چەند ملیۆنێک بوو نەیدەیتێ. حکومەت دەستکراوە بوو لەگەڵماندا بۆ ئەوەی قەرزی شەهیدەکان بدەینەوە.
رووداو: سەخت بوو کە بۆ نموونە، ئەو حاڵەتانەت رووبەڕوو دەبوو، منداڵی شەهیدێک، کوڕی شەهیدێک بێتە لات، باوکی روحی بەخشیبێت بە کوردستان، هەموومانی پاراستبێت لە شەڕی داعشدا، کەچی پارە نەبووایە؟
شۆڕش ئیسماعیل: من خۆم لەبەر ئەوەی کوڕە شەهیدم، باوکم نەدیوە کە شەهید بووە، لەبەر ئەوە وێنەی خۆم دەهاتە بەرچاو. کە لە پڕ باوکت بوونی نەبێت و هیچ بەخێوکەرێک... واتە من هێشتا نەچووبوومە مەکتەبی سەرەتاییش هەموو ئەوە هەموو ژیانی خۆم و چیرۆک و پانۆرامای ئەو رۆژگارەت دێتە بەرچاو.
رووداو: ئەو قەرزانەت پێشخست، ئەو قەرزانەت دایەوە؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئەو قەرزانەم هەمووی پێشخست و حکومەت هاوکار بوو، هەموویمان دایەوە. هی 10 هەزار بریندار، هی کەمئەندام، ئەوانەی کە پارەی وا هەبوو 50 ملیۆن، 60 ملیۆن قەرزی لای وەزارەت بوو، 100 ملیۆن بوو، چەند بوو.
رووداو: ئەی ئەو کۆمپانیایانەی کە پارەی جلیان لای وەزارەتە؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئەمانە، باس دەکەم. هەموو ئەوانەی قوربانیی شەڕی داعش بوون، زیاتر لە 60-70 ملیار دینار بووە.
رووداو: برینداری شەڕی داعش هەیە کە تاوەکو ئێستا بە برینداری سەنگەر هەژمار نەکرابێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: مەگەر خۆی تۆمار نەکرابێت.
رووداو: ئەگەر هەبێت لێرەوە، لەم رۆژە پیرۆزەدا فەرمایشتت چییە بۆیان؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئەگەر بە راستی لە یەکەیەکی سەربازیدا بوو، یەکەی سەربازییەکە بە هەر جۆرێک بووە کە تۆماری نەکردووە، بەڵگەی پێویستی هەیە، هەموو شتێکی هەیە، ئێمە لیژنەی پزیشکیمان هەیە لێرە، هیوادارم لەم ئەوەندە ساڵە هەشت نۆ ساڵ، دە ساڵێکە تێپەڕیوە جەستەی تەواو ساغ بووبێتەوە و پێویستی بەوە نەبێت، ئەگەر پێویستی بە هەر شتێک بێت لێرە دەرگای وەزارەت کراوەیە بۆ هەموو ئەوانەی کە کێشەیان هەیە. تەنانەت ئێمە لێرە بیمەی تەندروستیمان هەیە، زۆری پێشمەرگە دەتوانین کە بەشێکی کەم لە پێویستییەکانیان ئەگەر هەبێت بۆی دابین بکەین لە داراییەکە.
رووداو: باسی بریندارانی پێشمەرگەت کرد، ئەی خەڵکانێکی خۆبەخش، ئەمەیان وەکو پێشمەرگەیەک لێت دەپرسم، وەکو پێشمەرگەیەکی نێو بیرەوەرییەکانت لێت دەپرسم: خەڵکێک هەیە وەزیفەی نییە، پێشمەرگە نییە، بەڵام لە حەسرەت و لە حەیبەتی کوردستان چووە شەڕی داعشی کردووە، بریندار بووە و بێکەس و بێ مەئوا ماوەتەوە، ئێستا حەب و دەرز پێویستی بە نەشتەرگەرییە، ئەمانە دادی خۆیان بەرنە لای کێ؟
شۆڕش ئیسماعیل: بێنە لای ئێمە.
رووداو: بێنە لای تۆ؟
شۆڕش ئیسماعیل: بەڵێ. ئێمە هەموو ئەو خۆبەخشانەشی کە لە سەنگەرەکاندا بە سەربەرزییەوە شەهید بوون، بە شەهید تۆمارکراون.
رووداو: دەستان خۆش بێت، ئەوە کارێکی پیرۆزە. من بریندارم گوت، بۆ برینداریش دەرگاتان ئاوەڵایە؟ کەسی هیچ بۆ نەکرابێت؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئەگەر بریندارێتی هەبێت، با روو بکاتە ئێمە کێشەیەکی هەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەین.
رووداو: ئینجا با بچینەوە بۆ لای قەرزی 60 کۆمپانیاکە.
شۆڕش ئیسماعیل: ئێمە، وەکو گوتم حکومەت دەستکراوە بووە لەگەڵماندا، ئەو قەرزی شەهید، هەموو ئەو دە هەزار تەقریبەن بریندارە، زۆری کەمئەندام بوو پارەیەکی زۆری هەبووە، خۆی شەهید بوو، کوڕەکەی شەهید بوو، سەیارەکەشی سووتاوە، هی هەموو ئەو قەرەبووانەش هی سووتانی ئۆتۆمبێل بووە و شتیان بووە، هەموومان گەڕاندووەتەوە. هی ئەم کۆمپانیایانە ماوە، رەنگە من لێرەشەوە دەڵێم زۆر کەس لێم عاجز بووبێت. واتە من مافی یەکەمم بەوە زانیوە کە هی شەهید و کەمئەندام و بریندارەکان جێبەجێ بکەم. ئەم کۆمپانیایانە حکومەتیش لە ئیشەکانی گلەیی هەبووە. هەوڵمانداوە، دڵنیابن درێخیم نەکردووە، ئەمانیش تێیاندایە حەقی خۆیەتی، ماڵی خۆی هێناوە، ئێستا تووشی موشکیلە بووە، ماڵی فرۆشتووە، تووشی قەرزاری بووە، تووشی کێشەی کۆمەڵایەتی بووە. ئێستا 46 کۆمپانیا کارەکانی تەواو بووە. لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە هاتووە خۆیان، چونکە من ئاگام لە کڕین و پارەدان و کۆنتراکت و ئەوانە نەبووە، کە قەرزەکە بووە هاتوون ئەوان ساغیان کردووەتەوە، بەشێکی، ئەم 46 کۆمپانیا ساخبووەتەوە.
رووداو: بەڵێنیان پێ دەدەی کە پارەیان نافەوتێ و پارێزەری ئەوانە دەبی؟
شۆڕش ئیسماعیل: نافەوتێت، حکومەت حکومەت رەزامەندی دەربڕیوە لە پێدانی 26 ملیار دینار بەم 44 کۆمپانیایە.
رووداو: ئینجا من لەم شەوە پیرۆزە و لەم رۆژەدا کە ئەم رووداوە گرنگەتان راگەیاندووە، من تۆزێ شەرمیشم کرد باسی پارە و شتم کرد، بەڵام خۆت دەزانی پێشمەرگە یەکێتی گرتووە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بپارێزێت، بۆیە من لەناو حەرەمی پێشمەرگەدا، لە هەموو کاتێ زیاتر دەبێت پشت ئەستوور بم و سنگ دەربپەڕێنم بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی کوردستان بە پشتی ئێوە.
شۆڕش ئیسماعیل: هەر دەبێت وابێت.
رووداو: وانییە؟
شۆڕش ئیسماعیل: پێشمەرگە لە پشتتە.
رووداو: ئیدی دەبێت لە پشتی رۆژنامەنووس بن، ئازادی زیاد بکەن، ئێمە پێشمەرگەی کوردستانمان هەبێت نەترسین، نەڵێین ئەمە پێشمەرگەی پارتییە و ئەمە یەکێتییە و لەبەر ئەوەی ئەم دوو حیزبە حاکمن ئیدی لە پێشمەرگەکانیان بترسین. راستە پێشمەرگەی ئەوانن، ئەوانیش لەسەر سەرمانن، بەڵام ئەوان بەرگریکەری خەڵکی کوردستانن بە هەموو چین و توێژەکانەوە، وایە؟
شۆڕش ئیسماعیل: تەواوە.
رووداو: خەڵک خەڵک سبەینێ خۆپیشاندان بکات لەمەودوا مەسەلەن پێشمەرگە هەڵوێستی چی دەبێت؟ خەڵک دەپارێزێت یا حیزب؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئێستا لەناو هێزی پێشمەرگەدا رێکخراوی نێودەوڵەتی هەیە، بەردەوام خولی راهێنان بۆ فەرماندە و پێشمەرگەکان دەکرێتەوە لە شەڕدا چۆن هاووڵاتی بپارێزن. بۆیە دەڵێم رۆژ بە رۆژ پێشمەرگە لە پێشکەوتن و گەشەکردندایە، و پێشمەرگە ملکەچە بۆ هەموو یاساکان.
رووداو: کەواتە لە هەر شوێنێک، خوانەخواستە، گرژییەک هەبوو، چی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەڵێی؟
شۆڕش ئیسماعیل: هێزی پێشمەرگە پارێزەری خەڵک دەبێت و رووبەڕووی هاووڵاتی نابێتەوە.


