رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا (پەدەکەسە) دەڵێت، ئاگاداری گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و ئەمریکا نین بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە منبج و کۆبانێ، هەروەها دەڵێت، نابێت کورد ببێتە بەشێک لە شەڕی هۆزەکان لە سووریا.
محەممەد ئیسماعیل، سکرتێری پەدەکەسە، کە لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانەوە میوانی بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی رووداو بوو، باسی داوا و مافەکانی کوردی لە سووریای نوێ کرد، گوتی "شەڕی ئێمە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات، دەبێت لە ئێستاوە شەڕی سیاسی و دیپلۆماسی بکەین بۆ چەسپاندنی مافەکانمان لە دەستووری سووریا."
دوای کەوتنی رژێمەکەی بەشار ئەسەد، دەستەی تەحریری شام، حکومەتی راگوزرەری پێکهێناوە، هێشتا دیار نییە ئایندەی سووریا چۆن دەبێت و ئایا هەڵبژاردن دەکرێت یان نا؟ کەی دەکرێت. سیستەمی حوکمڕانی چۆن دەببێت؟
سکرتێری پەدەکەسە، پێیوایە باشترین سیستەم بۆ سووریا، کە داواکاریی ئەوانیشە، سیستەمی فیدراڵییە بۆ ئاییندەی وڵاتەکە، "چونکە وڵاتێکی فرەپێکهاتەی نەتەوەیە."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا:
رووداو: لە رەوشی دێرەزوور و حەسەکەوە دەستپێدەکەین، ئەو گرووپانەی بە ناوی (ردع عدوان) لە دێرەزوور شەڕ دەکەن، دەڵێن 'بەرەو حەسەکە دەچین' ئێوە هەڵوێستتان چییە؟
محەممەد ئیسماعیل: دوای شۆڕشی سووریا پیرۆزبایی لە گەلی کورد و گەلی سووری بە گشتی دەکەم، ئێمە هیوامان دەخواست ئەو دڵخۆشییە بە دیالۆگ و گفتوگۆ ئەنجامی باشی هەبێت، دیارە هەر هێزێک دەیەوێت ئەوەی لەدەستییەتی هەر لەدەستیدا بمێنێتەوە، ئەمەش ناکرێت. سووریا وەکو پێشتر لەدەست رژێم نەماوە، مادام ئەو هێز و چەک و تەقەمەنییە لەدەست رژێم نەماوە، بۆیە دەبێت هەر هێزێک لای خۆیەوە هەوڵی گفتوگۆ بدات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاڵۆزی نەکەوێتە نێو کۆمەڵگە. ئێمە لەو باوەڕەداین سووریا هەمووی دەبێتەوە یەک وڵات، یەک هێز، گرنگترین شت ئەوەیە ئێمە لەدەستووری سووریادا مافەکانی گەلەکەمان بچەسپێنین.
ئێستا هەوڵە سیاسییەکانمان دەستپێکردووە، بەمەبەستی بەدەستهێنانی مافەکانی گەلەکەمان، مافی دوارۆژی گەلەکەمان، بۆ ئەوەی رۆڵیان لە ئاییندەی سووریادا هەبێت، دەبێت هەر هێزێک لە ئاستی خۆیەوە رازی نەبێت، هەموو ئەو شتانەی لەژێر دەستیدان، هەر لەژێر دەستی دا بمێننەوە، وەک پیشتریش گوتم لەدەست رژێمیش نەماوە، دەبێت هەموو کێشەکانمان و ناکۆکییەکان بە دانوستاندن چارەسەر بکرێن.
رووداو: بەڵام حەسەکە بەشێکە لە رۆژئاوای کوردستان؟
محەممەد ئیسماعیل: بەڵێ، بەشێکە لە ناوچە کوردییەکان، حەسەکە قامشلۆ، تاوەکو کۆبانێ، ناوچە کوردییەکان لە نەخشەی سووریادا دیارن. هەروەها مافەکانی گەلی کورد و تایبەتمەندییەکانیشی دیارن، بەڵام ئەمڕۆ شەڕی ئێمە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەمان و هەبوونی نەتەوەکەمانە، وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە سووریا، دەبێت هەوڵمان بۆ چەسپاندنی مافە رەواکانی گەلەکەمان بێت.
رووداو: بەڵام ئەو هۆزانەی لەگەڵ هەتەشە دان، دەڵێن ئەوە بەشێکە لە خاکی ئێمە و دەبێت هێرش بکەینە سەری، هەڵوێستی ئێوە چییە؟
محەممەد ئیسماعیل: ئەمە تۆڵەکردنەوەیە، پێشتریش هەسەدە چووبووە ئەو ناوچانە و دەستدرێژی کردبووە سەر خەڵکی وان، ئەو شتەی ئێمە نەماندەویست رووبدات، وەکو ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە سووریا نەماندەویست ناکۆکی لە نێوان کورد و عەرەب دروست ببێت، برایەتی نەتەوەکانی سووریا و پێکەوەژیانی هاوبەش ستراتیژمان بوو، یەکێک لە بژارە سیاسییەکانی ئێمە بوو، پێمان باش نەبوو کورد بچن دێرەزوور داگیر بکەن و برایەتیی کورد و عەرەب تێک بدەن. یان هاوکاری ئەجێندایەکی دیاریکراو بکەن، ئەوە بووە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم گەلەکەمان، هەرچەندە ئێمە باسی برایەتی و پێکەوەژیان بکەین، بەداخەوە ئەو متمانەیە نەماوە و دەبێت ئێمە ئەو متمانەیە دروست بکەینەوە، پێکەوە ژیان لەنێو کۆمەڵگەی سووری بەگشتی دروست ببێت و بەرەو سووریایەکی نوێ هەنگاوبنێین.
رووداو: ئەو دەستدرێژییەی هەسەدە لەسەر عەرەب چی بوون؟
محەممەد ئیسماعیل: کاتێک هێزێکی سەربازی دەچێتە نێو کۆمەڵگەیەکی دیکە، خەڵک دڵگران دەبن، ئێمە پێشتریش دەمانگوت ئەو شتە لەبەرژەوەندیی نەتەوەکەمان دا نییە، هەسەدە ناوچەکانی پاراست و رەنگە ئارامیشی بۆ ناوچەکان هێنابێت، بەڵام ئەمە بەدڵی ئەوان نەبوو، ئەوانیش تایبەتمەندیی خۆیان هەیە، وەکو چۆن ئێمە پێمان ناخۆشە خەڵکی دیکە بێتە ناوچەکانی ئێمە.
رووداو: بەڵام هەسەدە بەشێکە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، بە فەرمانی ئەمریکا چووەتە ئەو ناوچانە، دەکرا نەچێت؟
محەممەد ئیسماعیل: نەخێر، شەڕی داعش شتێکی جیاواز بوو. شەڕێک، بەڕێوەبەرایەتییەک لەو ناوچەیە دروست بکەیت و بەڕێوەبەرایەتی ناوچەکە بکەیت شتێکی دیکەیە.
ڕووداو: دوای رزگارکردن پێویست بوو بکشێنەوە؟
محەممەد ئیسماعیل: بۆ پرسە سەربازییەکان پێویست بوو مامەڵە لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بکرێت، دەبووایە ئەنجوومەنێک لە خەڵکی دێرزوورەوە دروست بکرایە، خەڵکی ناوچەکە ئیدارەی خۆیان کردبا و ئەوان پاڵپشتییان کردبان، ئێمە پێشتر زۆر کێشەی کۆمەڵایەتیمان چارەسەر کرد.
رووداو: بەڵام لە دێرەزوور ئەنجوومەنی خۆجێی و سەربازی هەیە، هەر خەڵکی دێرەزۆر خۆیان بەڕێوەدەبەن؟
محەممەد ئیسماعیل: راستە، بەڵام ئەوانەی دژی میللەتی خۆیانن، ئەوان دەستدرێژییان کردە سەر میللەتی خۆیان، تۆڵەیان کردووەتەوە. ئێمە بووینە بەشێک لە ململانێکانی نێوان ئەو هۆزانە. ئێمە وەکو کورد پێویست نەبوو ببینە بەشێک لەو ململانێیە. ململانێ لەنێوان عەشیرەتەکانی سووریا لەسەر پرسیاری جوگرافیا و زەوی هەیە، نەدەبووایە ببینە بەشێک لەو ململانێیە.
رووداو: ئەگەر هێرش بکرێتە سەر حەسەکە، وەکو پەدەکەسە هەڵوێستیی ئێوە چی دەبێت؟
محەممەد ئیسماعیل: قبووڵ ناکەین هێرش بکرێتە سەر هیچ ناوچەیەک. ئێمە چاومان لە سووریایەکی نوێیە. دەبێت بە دانوستاندن و دیالۆگ مافی هەمووان لەسەر مێز بێت. ئێمە، لەگەڵ شەڕ و زیادکردنی نفوزدا نین، ئێمە گوێ لە دیالۆگ و پەیوەندیی نێوان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی سووریا دەگرین، بۆیە شەڕی ئێمە لە پەرلەمان دەبێت، شەڕی ئێمە لەسەر دەستوور دەبێت، لەم قۆناخەدا شەڕی ئێمە سیاسی و دیپلۆماسی دەبێت.
رووداو: مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە رایگەیاند، ئەمریکییەکان پەیوەندییان بە تورکیاوە کردووە و بە ئاگربەستێک هێرش بۆ سەر ناوچەی کۆبانێ راگیراوە. ئایا ئاگاداری ئەو گفتوگۆیانن؟
محەممەد ئیسماعیل: ئێمە ئاگاداری ئەو بابەتە نین. بەڵام ئێمە لەگەڵ ئەوەداین گفتوگۆ لەنێوان هەموو لایەنەکان دا هەبێت. گەلی ئێمە لە شەڕ و کوشتار رزگاری بێت و روو لەوە بکات چۆن مافەکانی خۆی لە سووریا بپارێزێت، چۆن مافە دەستوورییەکانی بەدەستبهێنێت. چۆن دەبێت رۆڵی هەبێت لە ئاییندەی سووریا. ئەمە بۆ ئێمە زۆر گرنگە.
رووداو: ئێستا ئەسەد رایکرد. هەموو لایەک و هەر نەتەوە و پێکهاتەیەک داوای مافی خۆی دەکات. وەک کوردێک کە نەتەوەی دووەمی سووریان، داوای چی دەکەن؟
محەممەد ئیسماعیل: ئێمە داوای مافی رەوای گەلی کورد دەکەین. داوا دەکەین مافی گەلی کورد لە دەستووری سووریا ئاماژەی پێبدرێت، ئەگەر مافەکانمان لە نێو دەستووردا نەچەسپێندرێت، کەواتە ئێمە هیچ قازانجێکمان نەکردووە. وەکو پێشتر باسم کرد، شەڕی سەرەکیی ئێمە؛ ئێستا دەستیپێکردووە. خەباتی ئێمە لە ئەمڕۆوە دەستپێدەکات بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان لە چوارچێوەی دەستووری سووریادا. پێویستە پەیوەندی سیاسی و دیپلۆماسیمان لەگەڵ هەموو لایەنە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان لە پێکهاتەکانی سووریا، خەڵکی تەواوی کۆمەڵگەی سووریا بەگشتی، هەموو ئەو کەسانەی رۆڵیان هەیە و بەرژەوەندییان لە سووریا هەیە، هەبێت. دەبێت نوێنەری راستەقینەی میللەتەکەمان بین بۆ ئەوەی بتوانین شتێک بۆ میللەتەکەمان و دۆزی خۆمان بکەین.
رووداو: ئەو مافە چییە؟ ئایا فیدراڵییە؟ ئایا داوای فیدراڵی یان ئۆتۆنۆمی دەکەن، دوێنێ د. عەبدولحەکیم بەشار کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتییە، میوانی من بوو، گوتی، 'داوای فیدراڵی دەکەین.' رای ئێوە چییە؟
محەممەد ئیسماعیل: هەڵوێستی نیشتمانیی کورد لە سووریا، فیدراڵییە بۆ سووریا، باشترین سیستەم بۆ ئێستای سووریا سیستمی فیدراڵییە، چونکە سووریا وڵاتێکی فرەنەتەوەیە، نموونەی مۆدێلێکی فیدراڵی تێدا دادەمەزرێنردێت، پێکهاتەی جیاواز، بۆچوونی جیاواز، ئایدۆلۆژیای جیاواز، ناوچەی جیاوازی هەیە. باشترین شێواز بۆ بەڕێوەبردنی سووریا سیستەمی فیدراڵی، سوریایەکی فیدراڵی، هەر وڵاتێک سیستەمی فیدراڵی خۆی هەبێت بەپێی تایبەتمەندییەکانی ئەو وڵاتە دەبێت. هەموو دەوڵەتە فیدراڵییەکان وەک یەک نین. سیستەمی فیدراڵی تاکە سیستەم نییە لە جیهاندا، فیدرالیزمی ئیمارات جیاوازە لە فیدراڵیزمی ئەڵمانیا، فیدراڵیزمی ئەڵمانیا جیاوازە لە فیدراڵیزمی سویسرا. هی ئێمە بەپێی خەسڵەتەکانی میللەتەکەمانە، بەپێی خەسڵەتەکانی نەخشەی سووریایە.
رووداو: ئێستا لە رۆژئاوای کوردستان سێ لایەن هەن، ئەنەکەسە، پەیەنەکە و ئەو حیزبانەی لەدەرەوەی ئەنەکەسە و پەیەنەکەن، ئێوە دەتانەوێت کۆنفرانسێک سازبکرێت، لە قامشلۆ بێت یان لە شوێنێکی دیکە، بۆ ئەوەی تێڕوانینەکانتان یەک بن و داوای مافەکانی خۆتان بکەن؟
محەممەد ئیسماعیل: گرنگە، کێشەی سەرەکی لەنێوان ئەنەکەسە و پەیەدەیە، ئەگەر ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت، پێش ئێستا لە گفتوگۆی کوردی- کوردی لەسەر ئەو بنەمایە بوون، پێشتر وڵاتە پەیوەندیدارەکان، ئەوانەی رۆڵیان هەیە، وەک ئەمریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا داوایان کردووە ئەو دیالۆگە هەبێت، بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە چارەسەرببن، دوای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانمان هیچ کێشەمان لەگەڵ لایەنەکانی دیکە نییە، هەروەها لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەش کێشەمان نییە، کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکەی ناوچەکە.
بۆ ئەوەی کێشەی سەرەکی نێوان هەردوولا چارەسەر ببێت، نابێت هەر کەسێک لەلای خۆی بڵێت، ئەوەی لەدەست مندایە دەبێت لەدەستی خۆم بمێنێتەوە و ئەو شتە من بەدەستم هێناوە،لەسەر ئەو بنەمایە لەگەڵ خەڵکی دیکە مامەڵە بکەم .
دەبێت هەموو لایەک چاوی لەسەر ئایندەی سووریا بێت، ئایندەی گەلەکەمان کە زۆر ماندووە بەهۆی سەختی، دەربەدەری، تووندوتیژی، کۆچبەری و شەڕ ، بۆیە پێویستە روو لە دانوستاندن و دیالۆگ بکەین کێشەی نەتەوەکەمان چارەسەر بکەین، گەلەکەمان بتوانێت نوێنەرایەتی خۆی لەنێو سووریا بکات و لە ئایندەی سووریادا رۆڵی هەبێت.
رووداو: ئێستا ئەبو محەممەد جۆلانی بووەتە فەرمانڕەوای شام و حکومەتیشی دروست کردووە، ئێوە پەیوەندیتان لەگەڵ جۆلانی هەیە؟
محەممەد ئیسماعیل: پەیوەندیمان نییە، هیچ لایەنێک پەیوەندی نەبوو، لەبەرئەوەی جۆلانی هێزێکی چەکداربوو، بەڵام ئێستا دۆخێکی جیاواز لە سووریا دروست بووە، هەموو وڵاتانی جیهان دەڵێن ئێمە چاودێری دەکەین، بزانین تاوەکو چ ئاستێک دەتوانێت بگۆڕێت و دەست لەو هزرە بەربدات، واتە بیری سەلەفی و ئیسلامی و ئەو بیرکردنەوەی کە پێشتر باوەڕی پێبووە، تا چەند دەتوانێت دەستبەرداری بێت، وڵاتانی جیهان هەموویان چاودێری دەکەن، ئێمەش چاومان لێیە و حەزدەکەین بگۆڕێت و ببێتە حیزبێکی سیاسی و خاوەن بەرنامە وەکو ئەو حیزبانەی دیکە، واز لەو تووندوتیژییە بهێنێت و وەک هێزێکی سیاسی مامەڵە بکات، ئێمە مامەڵە لەگەڵ هەموو هێزێکی سیاسی دەکەین، بۆ ئایندەی سووریا بەبێ دەستدرێژی لەسەر موڵک و ماڵ و سامانی خەڵک، چی جۆلانی بێت یان کەسێکی دیکە ئێمە دانوستانی لەگەڵ دەکەین.
رووداو: ئەو ئەزموونەی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەیانە، ئەو گرووپانەی نێو سوپای نیشتمانی سووریا، هەروەها ئەو گرووپانەی هەتەشە، بە بۆچوونی ئێوە کامیان دەتوانن باشتربن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک؟
محەممەد ئیسماعیل: ئەو گرووپانە هەموویان دەستدرێژیان کردووەتە سەر گەلانی سووریا، هەر یەکەو لای خۆیەوە پشتیوانی لایەنگرانی خۆی کردووە، هەموویان وەکو یەک نین، ئاستی دەستدرێژی هەموویان وەک یەک نییە، بەڵام هەموویان دەستدرێژیان کردووە، هەریەکە و لە ناوچەیەک ئازاری خەڵکی داوە، دەبێت ئەو میلیشیا و گرووپە چەکدارانە لە سووریا نەمێنن، دەبێت سوپایەکی یەکگرتوو لە سووریا هەبێت و بەرنامەیەکی سیاسی هەبێت، دەبێت ئەرکی سوپا پاراستنی دامودەزگاکان و موڵک وماڵ و سامانی خەڵک بێت. دەبێت لێرە بەدواوە ئەو گرووپانە نەمێنن لە سووریا، هەموویان تاوانیان کردووە، ناکرێت بڵێی ئەو گرووپە تووندڕەوە باشتربوو لەوەی دیکە، بەڵکو لە ناوچەی خۆی ئارامتر و بێ کێشەتر بوون، بەڵام هەموویان دەستدرێژیان کردووە.
رووداو: وەک پەدەکەسە ناوەندەکەتان هەر لە قامشلۆ دەمێنێت، یان دەچنە شام، یان نوێنەرایەتیتان لە شام دەکەنەوە؟
محەممەد ئیسماعیل: ئێمە وەک پارتێکی سیاسی لەنێو کوردستانی سووریا، نووسینگەمان لە هەر شوێنێک کە گەلی ئێمە لەوێ بێت، یان بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمانی لێیە دەکەینەوە، ئێمە چاوەڕوانین نووسینگەکەمان لە شام بکەینەوە و لەنێو دەوڵەتی سووریادا رۆڵمان هەبێت، ئەگەر مۆڵەتی بووێت وەریدەگرین، ئێمە لەهەموو شوێنێک کارەکانی خۆمان دەکەین، ئێمە حیزبێکین لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد دروست بووین، بۆ داننان بە گەلی کورد لەنێو سووریا دروست بووین. ماف و بوونی گەلەکەمان ئامانجی سەرەکی ئێمەیە، ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە خەبات دەکەین.
رووداو: کەسانێک لە وڵاتانی دیکەوە لەنێو دەستەی تەحریری شام دان، وەکو چیچانی و ئێرانی و خەڵکی وڵاتانی دیکە، جۆلانی گوتبووی هەر چەکدارێک خەڵکی سووریا نەبێت دوور دەخرێتەوە، تورکیاش دەڵێت پەیەدە کەسانێکی تێدایە کە خەڵکی سووریا نین، تورکیا لەوە دڵگرانە، تێڕوانینی ئێوە لەسەر ئەوە چییە، پێتانوایە دەبێت پەیەدەش ئەو شەڕڤانانە دووربخاتەوە کە خەڵکی وڵاتانی دیکەن؟
محەممەد ئیسماعیل: شتێکی سرووشتییە دەبێت ئەو کەسانەی لە دەرەوەی سووریا هاتوونە، دەبێت لە سووریا نەمێنن، بۆ ئەوەی گەلانی سووریا خۆیان بتوانن خۆیان بەڕێوە ببەن، وەک گوتم بەیانی لە مەیدانی سیاسی و دیبلۆماسیدا، لەنێو پەرلەماندا و هەروەها لە پاراستنی موڵک و ماڵ و سامانی خەڵک نابێت چەکداری بیانی لە سووریا هەبن، کورد بن یان عەرەب بن تووندڕەوبن هەر لایەنێک بن، ئەگەر دیموکراتیش بن قبوڵ ناکرێن، نابێت کەسێکی ناسووری بەشداری پرۆسەی سیاسی بکات، ئایندەی سووریاش نائارام دەبێت، لە بنەڕەتدا ئەوەی سووریای تێکداوە هاتنی ئەو چەکدارە بیانیانەیە.
رووداو: هیچ دانوستاندنێک هەیە بۆ ئەوەی لەشکری رۆژ پێشمەرگەکانی رۆژئاوای کوردستان بچنە سەر سنووری رۆژئاوای کوردستان؟
محەممەد ئیسماعیل: پرسیارەکەت گرنگە، بەراستی هێزی پێشمەرگەی رۆژ یەکەم هێزە لە سووریا دەستدرێژی نەکردووەتە سەر موڵک و ماڵی خەڵک و ئەوان لە تەنگانە و سەختییەکاندا لەگەڵ گەلەکەمان دەبن، ئەوان دەیانگوت ئێمە دروستکراوین بۆ پاراستنی گەلی سووریا، پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت، ناوچە کوردییەکان بپارێزین، گەلی کورد و گەلی عەرەب و گەلانی ناوچەکە بپارێزین، نەوەکو پشتیوانی حیزبێک دژی حیزبێکی دیکە، پێشمەرگەی رۆژ رۆڵ و گرنگیان هەیە، ئێمە هیواخوازین کە لە دوارۆژی گەلەکەماندا رۆڵیان هەبێت و گەلەکەمان پێویستی بە هێزێکی لەو جۆرەیە، باوەڕی زیاتریان پێیان هەیە کە پارێزگاری لە گەلەکەمان و دامودەزگاکانی دەوڵەت بکەن.
رووداو: با بێینە سەر حکومەتی راگوزەر، جۆلانی ئەو حکومەتەی پێکهێناوە، بەڵام هاوپەیمانەکانی گلەییان هەیە، لەبەر ئەوەی وەزیرەکانی ئەوانی لەنێودا نین، هەروەها خەڵکی دەرعا و حومس و حەما بە هەمانشێوە گلەییان هەیە، ئێوە وەکو ئەنەکەسە و پەدەکەسە گلەیی و گازاندەتان هەیە؟
محەممەد ئیسماعیل: هەڵبەت ئەمە بنەمای دەستپێکردنی پرۆسەی سیاسیی سووریا نییە. گرووپێک هاتووە و دەیەوێت قۆناخێکی راگوزەر لە ماوەی سێ مانگدا بەڕێوەببات. دەڵێت من ئەزموونێکی سەرکەوتووم لە ئیدلب هەبووە و ئەو سیستمەی دەوێت. جا هەتا چ ئاستێک لایەنەکان باوەڕیان پێیەتی، بەڕاستی ئێمە گومانمان هەیە. ئێمەش ناڕازین. سەرکەوتنی ئەزموون لە بەشێکی بچووکی وەکو ئیدلب، بە مانای ئەوە نایەت کە لە سەرتاسەری سووریا سەرکەوتوو بێت. لە سووریا زۆر کێشە هەن. کێشەی تائیفی هەیە. کێشەی سیاسی و نەتەوەیی و جوگرافی هەیە. دۆزی ئێمە هەیە. سووریا لە جەستەیەکی بریندارەوە لە نوێوە هەڵدەستێتەوە سەرپێ. بۆ ئەوەی ئەو جەستەیە لەسەر پێ بوەستێت، دەبێت زۆر کار بکرێن، ئەزموونێک لە شوێنێک لە پارێزگایەک بە بڕوای من بۆ سەرانسەری سووریا نابێت. بەڵام ئەگەر حکومەتەکە بۆ سێ مانگ بێت، ئێمە هیوادارین و رێگر نابین لە پێش هەر کەسێک کە بیەوێت ئەو وڵاتە ئاوا بکات. بەڵام ئێمە لەو باوەڕەدانین ئەو حکومەتە بتوانێت ئیدارەی تەواوی سوویا بکات.
رووداو: ئێوە لەو باوەڕەدان وەکو پەدەکەسە شوێنتان لە حکومەت و دەسەڵاتی شامدا هەبێت؟
محەممەد ئیسماعیل: من گوتم پەدەکەسە راهێندراوە بەرگری لە مافی کورد بکات. پۆست بەلای ئێمەوە گرنگ نییە. بەڵام پەدەکەسە یەکێکە لە پارتە سەرەکییەکانی نێوخۆی سووریا و نەخشەی سیاسی بە گشتی. پارتەکەمان 67 ساڵە بەبێ وچان خەبات لە پێناو ماف و هەبوونی کورد لە کوردستانی سووریا دەکات. پێگەی تایبەتمان لە نێو کۆمەڵگەی کوردی و سووریدا هەیە.
رووداو: هیچ پلانێکت هەیە بچیتە شام و لەگەڵ جۆلانی کۆببیتەوە؟
محەممەد ئیسماعیل: نوێنەرانی ئێمە لەوێ لە پەیوەندیدان لەگەڵ هەموو لایەنە سوورییەکان، دەستمان بە پەیوەندی کردووە و دەستمان بەکار کردووە. بەپێی ئەنجامی ئەو پەیوەندییانەی کە دەکرێن، ئێمە هیوادارین رەوشەکە جێگیر ببێت، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین ئەمە بکەین.
من لە سەرەتاوە گوتم، شتی هەرە سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە دەست بە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان بکەین بۆ ئەوەی بتوانین بیری پەڕگیری، میلیشیایی و سەربازی و دەستبەسەرکردن کۆتایی بێت. ئینجا بەرەو دیالۆگ و دانوستاندن بچین، ئێمە بۆ ئەوە ئامادەین.
رووداو: بە باوەڕی ئێوە دواڕۆژی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا چی لێدێت؟
محەممەد ئیسماعیل: هاوپەیمانییەک لە دژی رژێم دروستبوو و رژێم کەوت. لەوانە ئەو هاوپەیمانییە ببنە هێزی سیاسی لە نێوخۆی وڵاتدا. هەندێک لەوانە دەیانەوێت خۆیان بسەلمێنن. هەندێکیش نایانەوێت. ئەوە قۆناخێکی راگوزەر بوو بەرامبەر رژێم بۆ رووخاندنی. خەباتی سیاسی و دیبلۆماسی، تەنانەت چەکداری و ئیداری لە گەلێک شوێن کردووە.
من پێموایە لە پاشەڕۆژدا دەبێتە هێزێکی سیاسی، شەڕ لە ئایندەی سووریادا نامێنێت. دوا رۆژ بۆ هێزە سیاسییەکانە. وەکو هێزی سیاسی تێڕوانین و بەرنامەی خۆیان دەبێت. ئێمە دەمانەوێت لەو ماوەیەدا پەیوەندیمان لەگەڵ ئەواندا هەبێت. کە دەمانەوێت دەستمان درێژ بکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتە.
رووداو: لەو باوەڕە دای شەڕی نێوخۆ لە نێو گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزیسیۆن و هەتەشە دروست ببێت؟
محەممەد ئیسماعیل: ئەگەر چەک لە دەستی خەڵکدا بمێنێت، شەڕ لە نێو ماڵ و ماڵباتان دروست دەبێت. لە نێوان کەسێک و کەسێکی دیکە دروست دەبێت. ئەگەر چەک لە دەستی خەڵکدا بێت، هەموو ئەگەرێک کراوەیە. ئێمە دەخوازین لە قۆناخی راگوزەردا بە زووترین کات چەک لە دەستی خەڵک دەربهێندرێت و روو لە هەڵوێست و بەرنامەی سیاسیی بکەن. هەروەها دەستوورێک بۆ سووریا ئامادە بکرێت.
رووداو: چەند گرووپی چەکدار لە سووریا هەن؟
محەممەد ئیسماعیل: زۆرن، بە دەیانن. پێشتر گرووپی چەکدار لە هەموو لایەک، رەنگ، نەتەوە و رەگەزنامەی جیاواز هەبوون، دەبێت ئێستا کەمتر بن. بەڵام سێ حکومەت هەبوون، هەر یەکێکیان کۆمەڵێک گرووپی تێدا بوون. حکومەتی رژێم هەبوو، چەندین گرووپی چەکداری هەبوو، وەکو فاتمیون. رژێمی رووخاو بە سەتان گرووپی لە دەڤەری ئیدلب هەبوو، هاوپەیمانیی کارتی زۆر گرووپی جیاجیای هەبوو، لە رۆژهەڵاتی سووریا گرووپی چەکدار هەبوون، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناوی لێنابوون – هەسەدە- ئەویش بەشێک هێزی لەنێو دایە، لەوانەیە لە ئایندەدا گۆڕانکاریی نوێی بەسەردا بێت.
رووداو: ئایا هەوڵتان داوە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆببنەوە؟
محەممەد ئیسماعیل: ئێمە تاوەکو ئێستا چاوەڕێی ئەوان بووین. لەبەر ئەوەی ئەوان و ئێمەش رووخاندنی رژێم وەکو دەستکەوتی خۆمان دەبینین. بەڵام ئەوان تاوەکو نیو کاژێری دواییش بەرگریان لە پەیکەرەکانی ئەوان دەکرد. ئێستا دەستیان بەسەر پاشماوەی رژێمدا گرتووە، ئەوەش نیەتێکی باش نییە. ئەوانە پاشماوەی دەوڵەتن. دادگەیە، نەخۆشخانەیە، دامودەزگاکانی دەوڵەتن. ئەوانە هەموویان موڵکی گەلن. نابێت گرووپێک دەستیان بەسەردا بگرێت. ناهێڵن گەلەکەمان خۆشی لە رووخاندنی رژێم ببینن. بە داخەوە ئەوە کارێکی باش نییە. ئێمە چاوەڕێ بووین لە رەوشێکی وادا بەجێنەهێڵدرێین. ئێمە هیوادارین ئەوان دەستبەرداری ئەو چیرۆکانە ببن. لەبەر ئەوەی دواڕۆژی سووریا وا نییە، ئەوان هەڵەن ئەگەر لەسەر ئەو هەڵسوکەوتانەیان بەردەوام بن.
رووداو: ئەگەر مەزڵووم عەبدی دەستپێشخەرییەک بکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ تۆ، ئامادەن لەگەڵی دابنیشن؟
محەممەد ئیسماعیل: ئێمە پێشتریش گوتبوومان بۆ دیالۆگی کوردی، بە ئامادەبوونی لایەنی گەرەنتیکار، ئامادەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ