رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بۆ ساڵی 2022، 240 ملیۆن دۆلار وەکو مووچە بۆ پێشمەرگە دابینکراوە، هەروەها 35 ملیۆن دۆلار بۆ کەرەستەکانی دیکە و پێنج ملیۆنیش بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبێت.
دەیڤد شێنکەر، یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ" کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات و لە 03-12-2021 تۆمارکراوە جەختی لەوە کردەوە، هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا لە ناوچە جێناکۆکەکان وەکو پێویست نەبووە و دەبێت هەردوولا کاری زیاتر بکەن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دەیڤد شێنکەر:
رووداو: دەیڤد زۆر سوپاس کە لەگەڵمانیت. دوایین جار کە لێرە بوویت، مانگی دوازدەی 2020 بوو. نزیکی ساڵێک پێش ئێستا. پێش ئەوەش لە مانگی یەکی 2020 لێرە بوویت. چەند رۆژێک دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس. ئەو کات لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای کوردی، گوتت، "تۆپەکە لەنێو گۆڕەپانی ئێرانە و ئەمریکا چاوەڕێ دەکات بزانێت ئێران چی دەکات." لە گۆشەنیگایەکی ئەمریکییەوە، لە واشنتۆن دی سییەوە، ئەمڕۆ چی دەڵێیت؟ ئێران چۆن یاری بە تۆپەکە کرد؟
دەیڤد شێنکەر: خۆشحاڵم کە لەگەڵ ئێوەم.. باشە... بەر لە هەموو شتێک جێگەی خۆشحاڵیمە کە لەگەڵ ئێوەدا گفتوگۆ دەکەم، دەمێکی درێژە دابڕاوین، بەڵام خۆشحاڵم کە گەڕاینەوە. سەیرکە... بەهۆی ئەوەی کە ئیدارەی ترەمپ بەدوای خۆیدا بەجێهێشتووە، ئێرانییەکان لەوە تێگەیشتن کە ئەگەر ئەمریکییەکان بکوژن، باجی گەورەی بە دواوە دێت. لە دوای هێرشی تۆڵەسەندنەوەیان بۆ سەر عەین ئەسەد و هەولێر، گرژییەکان دامرکانەوە، بەڵام لەوەتەی ئیدارەی بایدن هاتووەتە دەسەڵات، جارێکی دیکە هەڵچوونێک بە گرژییەکانەوە دەبینین. ئێران چینی پۆڵاینی ئیدارەی بایدن تاقیدەکاتەوە. ئەم هەڵچوونانە بەردەوامبووە، لەنێویاندا هێرشکراوەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە ناوە بەناوە روویانداوە. ئێستا ئێمە گەڕاوینەتەوە سەر مێزی گفتوگۆی ئەتۆمی. مێزی دانوستاندن لەگەڵ ئێرانییەکان. کە پێموایە ئەوانیش لە هەمان کاتدا بەدوای ئەوەن ئەوپەڕی گوشار لەسەر ئەمریکا دروستبکەن، ئەویش بە زیادکردنی بڕی یۆرانیۆمی پیتێندراو و ئەو شتانە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئێمە چاو لە دۆخی ئێستا دەکەین کە لەوانەیە لە هەر کاتێکدا ئەمە گۆڕانکاریی بەسەردابێت، ئێرانییەکان واوەردەکەون کە هێشتا خوازیاری ئەوەن بگەڕێنەوە نێو رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
رووداو: باشە، ئەی لەسەر رۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە نێو عێراقدا، ئەگەر بەراوردێک بکەیت لەنێوان رۆڵی ئەمریکا لەنێوان ئەو قۆناخەی تۆ بۆ خۆت لەسەر کار بوویت لەگەڵ ئەمڕۆ، دەتوانیت چیم پێ بڵێیت ئەگەر ئەم بەراوردە بکەیت؟
دەیڤد شێنکەر: باشە.. سەیرکە. پێموایە هێرشی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی ئەمریکا بەردەوامدەبن، بەڵام ئەمریکا وەکو هاوبەشی حکومەتی عێراق دەمێنێتەوە، ئێمە لە دیپلۆماسی و سەربازییەوە لەوێ دەمێنینەوە. پێموایە بوونی ئەمریکا لەوێ بە جۆرێک یارمەتیدەر بووە عێراقییەکان هەوڵ بۆ پاراستنی سەروەرییان بدەن. ئێمە ئەنجامی هەڵبژاردنمان بینی کە شتێکی سەرنجڕاکێش بوو کە عێراقییەکان نە دەنگیان بە ئەمریکا دا نە بە هەژموونی ئێران. لە راستیدا، ئەمان دەنگیان لە دژی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران دا. دەنگیان بە موقتەدا سەدر دا کە لەوانەیە ئەمریکا لەگەڵی هاوڕا نەبێت، بەڵام کەسێکە کە نە گوزارشت لە هاوپەیمانیی ئەمریکا دەکات نە دیلی دەستی ئێرانە. گرنگە بزانین ئەو ئەنجامانە چیان بەسەردێت. بەڵام ئەوە روونە کە خەڵکی عێراق پەیامی خۆیان گەیاند و پەیامەکەشیان بە روونی گەیاند کە دیدگەیان چییە سەبارەت بە داهاتوویان، ئەوەیە کە ئەوان سەروەرییان دەوێت ئەمەش ئێجگار لە بەرژەوەندیی ئەمریکا دایە.
رووداو: کێیە ئەو کەسەی پێی دەڵێیت بە جۆرێک لە جۆرەکان گرێدراوە لەگەڵ ئەمریکا و لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەنگی بەدەست نەهێناوە؟
دەیڤد شێنکەر: سەیرکە... من نامەوێ بچمە نێو وردەکاریی کەسایەتییەکان، بەڵام ئەگەر سەیری ئەو هاوپەیمانییە بکەی کە پێکدەهێنرێت، ئینجا کازمی ببێتەوە سەرۆکوەزیران یاخود محەممەد حەلبوسی وەکو سەرۆکی پەرلەمان بمێنێتەوە، پێموایە ئەو کەسایەتییانە کاری باشیان کردووە و دەرفەتیان هەیە بگەڕێنەوە.
رووداو: نا.. نا.. پرسیارەکەی من ئەوە نییە. تۆ پێت گوتم عێراقییەکان دەنگیان نەدا نە بە ئێرانچییەکان، نە بە ئەمریکاچییەکان، تۆ وشەی دیکەت بەکارهێنا، بەڵام بە هەمان مانا. پرسیارەکەی من ئەوەیە، ئەو ئەمریکاچییانە کێ بوون کە عێراقییەکان دەنگیان پێ نەدان؟
دەیڤد شێنکەر: نەخێر، من نامەوێ بڕۆم کەسێک باس لە کەسایەتیێک بکەم، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی پەرلەمانێک هەیە کە فرەڕەنگە کە یان ئەوەتە حکومەتێکی هاوپەیمانی دەبێت کە لەوانەیە نەتوانێت وەکو پێویست بتوانێت بەرەوپێشبچێت، یان ئەوەتا حکومەتێکی زۆرینە و ئۆپۆزیسیۆن دەبێت کە ئەمە دەبێتە پێشهاتێکی گرنگ بۆ عێراق، بەڵام ئەو پارت و لایەنەی زۆرترین دەنگەکانی بەدەستهێناوە نە سەربە ئەمریکا دەبێت نە سەربە ئێران، پێموایە ئەمەش بەرەوپێشچوونێکی سەرنجڕاکێشە.
رووداو: لەسەر باسی رۆڵی ئەمریکا لە عێراق، ئایا ئەمریکا ئەمڕۆ هێندەی ئەو کاتە کاریگەرە لە عێراقدا، بە بەراورد بەو کاتەی تۆ لەسەر کار بوویت؟ ئایا ئەمڕۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان هێندەی ئەو کاتە هێز و توانای هەیە لە نێوخۆی عێراقدا؟
دەیڤد شێنکەر: سەیرکە، ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی ئیدارەی بایدن تێپەڕدەبێت، پێموایە ئەو ئیدارەیە کەمتر ئامادەیە هێزە بۆ بەرپەرچدانەوەی شەڕانگێزییەکانی ئێران لە دژی ئەمریکییەکان و هاوبەشەکانی لە عێراق بەکاربێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ئیدارەیە وادەردەکەوێت تەواو پابەندبێت بە عێراق، لە هەڵبژاردن و پرۆسەکەدا پابەندبوونەکەی دەرکەوت، بۆیە ناتوانم بڵێم ئیدارەی ترەمپ زۆر باشتربووە لە ئیدارەی بایدن، من نامەوێت بڕۆمە نێو وردەکارییەوە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ بەدڵنیاییەوە سەرکەوتوو بوو لە عێراق، هێزەکانی لەوێ هێشتەوە و قاسم سولەیمانی کوشت و لە عێراق مایەوە، دوای ساڵێکیش هەڵبژاردن بەڕێوەچوون، ئەم هەڵبژاردنانە پایامەکەیان گەیاند.
رووداو: باسی پابەندی و بەڵێنەکانی ئەمریکات کرد بۆ مانەوە لە عێراق و هێشتنەوەی شەراکەت لەگەڵ عێراقدا. لەسەر ئەو بابەتە پرسیاری زۆر هەن لە نێو عێراق و لەنێو کوردستانیش، بەتایبەتیش دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان.
دەیڤد شێنکەر: من ناتوانم لە بری ئەم ئیدارەیە قسە بکەم، بەڵام ئەوەتان پێدەڵێم، پێموایە کۆدەنگیێکی زۆر هەیە هەرگیز نەماندەتوانی ئەوە لە ئەفغانستان بەدەستبێنین کە دەمانویست، دەبووایە بەردەوام بووینایە لە خوێندان و خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر، ئەمە سەرەڕای ئەوەی خەڵک هەبوون دژی ئەو کشانەوە بوون. پێموایە جێگەی دیبەیتە خەڵکی ژیر لە ئەمریکا بپرسن ئاخۆ، ئەگەر بۆ کاتێکی درێژخایەن لە ئەفغانستان بماباینەوە بەرهەمی دەبوو؟ یا دڵنیابین ئاخۆ مانەوەمان رێگری دەکرد لە کەوتنی کابوول؟ ئاخۆ نیوەی دانیشتووانی لە پێشێلکارییەکانی تاڵیبان دەپاراست؟ بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ دەمانتوانی بەبێ پابەندبوونێکی رەهای لەم چەشنە لە ئەفغانستان سەرکەوتووبین؟ ئەمە لێرە لە واشنتن جێگەی گفتوگۆکردنە. ئێمە لە عێراقیش بڕێکی زۆر لە خوێن و پارەمان دا، یارمەتیی عێراقمان دا ببێتە دەوڵەتێکی سەروەر و دیموکراسی. پێموایە بۆ زۆرێک لە هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا وادەردەکەوێت کە گرنگ و پێویستە بەرهەڵستی سەپاندنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە بکەین، دەبێت لەوێ بوونمان هەبێت، دەبێ یارمەتیی عێراق بدەین بەپێوە بوەستێت تاوەکو سەروەریی خۆی بەدەستەوەبێت و لەلایەن ئێرانەوە نەکرێتە ئامانج. پێموایە یارمەتیدانی عێراق لە بەهێزکردنی دامەزراوەکانی چەند بابەتێکن بوونەتە ماڵ لەسەر ئەمریکا، بەڵام بەدڵنیاییەوە گەندەڵی لە عێراق هەیە کە دەبێت کاری لەسەر بکرێت، بەڵام ئاماژە هەن کە دیموکراسی رێچکەی خۆی دەگرێتەبەر، ئەمەش لە دوورمەودادا دەبێتە سەرکەوتن بۆ عێراق.
پێموایە ئەگەر ئەمریکا بیەوێت لە عێراق بمێنێتەوە ئەوەش کۆدەنگیێک هەیە کە لێرەوە تاوەکو ئاسیا پێویست بەوەدەکات ئەمریکا لە پاڵ دۆست و هاوپەیمانەکانی بۆ کاتێکی درێژ بمێنێتەوە، پاڵپشتییان بۆ دابین بکەین بۆ ئەوەی لەسەر پێی خۆیان بوەستنەوە. هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ عێراق و یارمەتیدانی عێراق بۆ ئەوەی وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بمێنێتەوە، پێموایە ئەوە بەشێکی گرنگی ستراتیژی و سیاسەتی ئەمریکایە.
بەرپرسە ئەمریکییەکان لە زۆربەی لێدوانەکانیاندا عێراق دڵنیادەکەنەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان عێراق جێناهێڵێت و ئەوەی لە ئەفغانستان بینیمان لە عێراق روونادات. تەنانەت برێت مەکگۆرک، کە مانگی پێشوو لێرە بوو، ئەوەی دووپاتکردەوە. هەموو کات پێمان دەڵێن عێراق جیاوازە لە ئەفغانستان. ئەتوانی پێم بڵێیت بۆچی و چۆن عێراق جیاوازە لە ئەفغانستان. ئەوەشت لە بیربێت کە ساڵانی رابردوو ئەمریکا هەمان بەڵێن و پەیمانی بە ئەفغانستان دەدا و دەیگوت ئەفغانییەکان جێناهێڵن و پابەندن دەبن بە مانەوە لەو وڵاتە. پێم بڵێ چی جیاوازی هەیە لەنێوان هەردوو وڵات و لەسەر بنەمای چی خەڵکی کوردستان باوەڕبکەن بە گفتوگۆ و پەیمانەکانی ئەمریکا؟
رووداو: باشە، رۆژی یەکی یەکی 2022 چی دەبینین؟ بابەتی کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان چییە؟ دەتوانیت پێم بڵێیت چاوەڕێی چ وێنە و دیمەنێک بکەین بۆ ئەو رۆژە؟
دەیڤد شێنکەر: سەیرکە.. پێموایە لە ماوەی رابردوودا دوو بۆ سێ دیالۆگی ستراتیژیمان بینیون کە یەکەمیان لە کۆتاییەکانی ئیدارەی ترەمپ، یاخود چەند مانگێک بەر لە کۆتاییهاتنی. ئەمە بە هەموو ئەو پەیوەندییانەی لە چوارچێوەی دیالۆگی ستراتیژی ئەنجامدران کە ئەوەیان دەرخست ئەمریکا هێزێکی مەشقپێکەر و پاڵپشتیکارە، نەک هێزێکی شەڕکەر، بۆ هێزێکی وەکو حەشدی شەعبی، هەموو مانەوەی ئەمریکا جێگەی قبووڵکردن نییە، پێموایە کە حکومەتی عێراق و زۆربەی عێراقییەکان بەوەیان زانیوە کە ئەرک و کارەنمان لەسەر داواکاری عێراق بۆ ئەوەیە دڵنیابینەوە کە تێکشانی یەکجارەکی داعش بەدەسبتێنین، چەند خولەکێکی دیکە دێمە سەر ئەو باسە، بەڵام نەبوونی پاڵپشتی بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق و دژە تیرۆری عێراق پێموایە زۆر قورس دەبێت، بۆیە ئێمە هێزی شەڕکەر نین. دەتوانن ئەو پرسیارانە لە فەرماندە مەککێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بکەن، ئێمە ژمارەیەک لە راوێژکارمان لە عێراق دەبن، ئەمریکا ئامادەی مانەوەیە لە وڵاتەکە، دەمێکە بیری لەسەر سیاسەتی پاڵپشتیکردنی سەربازی دەڕوات.
رووداو: لەسەر بابەتی هاوبەشی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزەکانی پێشمەرگە، هەفتەی رابردوو راپۆرتی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا GPR بڵاوکرایەوە و بەپێی راپۆرتەکە بێت ئەو هاوبەشییە بەردەوام دەبێت و لە بودجەی بەرگریی ساڵی 2022 دا، لە NDAA یدا هاوکارییە داراییەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. تۆش پێت وایە ئەم هاوبەشی و پشتگیرییە داراییە بەردەوام دەبێت؟
دەیڤد شێنکەر: بەدڵنیاییەوە ئەمە پاڵپشتیێکی دارایی زیادکراوە بۆ ساڵی 2021، پێموایە داواکراوە بۆ ساڵی ئایندە 280 ملیۆن دۆلارە، لەنێویاندا 240 ملیۆن دۆلار وەکو مووچە بۆ پێشمەرگە، 35 ملیۆن دۆلار بۆ کەرەستەکانی دیکە و 5 ملیۆن بۆ کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، پێموایە ئەوە گرنگی ئەوە پێشاندەدات کە ئەمریکا پابەندی هاوبەشییەکەیەتی لەگەڵ کورد و لەگەڵ پێشمەرگە، دەزانێت کە چەندە گرنگن بۆ تێکشاندنی یەکجارەکی داعش، پێموایە چەند ساڵێکە دەمەقاڵی لەسەر ئەمە هەیە ئاخۆ پێویست دەکات باجدەرانی ئەمریکا مووچەی هێزێکی بیانی بدەن، یاخود هێزێکی هاوبەشی بیانی. دەبینین ئێستا ئەمە تەنانەت بۆ هێزەکانی لوبنانیش ناکەین. کاتێک داوامان لێدەکەن کە مووچەیان بدەین، بەهۆی بێ بەهابوونی لیرەی لوبنانی، ئێستا مووچەکەیان بەهای 10٪ی ئەو مووچەیەی هەیە کە ساڵێک و نیو لەمەوبەر وەریاندەگرت. بەدڵنیاییەوە ئێمە ئەوە ناکەین، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا چەند میکانیزمێکی هەن، پێموایە ئەوەی کورد مۆڵەتێکی تایبەتە، پێموایە بۆ کاتێکی درێژخایەن گرنگە ببینین پێشمەرگە بتوانێت لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی حکومەتی بەغداوە مووچەی خۆی وەرگرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە دۆخی دارایی ئیستا لەبەرچاو گیراوە، ئیدارەی ئێستا پەیوەندییەکانی لەگەڵ پێشمەرگە و بەهێزبوونی هێزەکەی کردووەتە کاری لەپێشینەی.
رووداو: باسی لەناوبردنی داشت کرد. هەفتەی رابردوو، ئێمە گوێبیستی هەواڵی لانی کەم چوار پەلاماری داعش بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی سیڤیل. لەو پەلامارانەدا لە حەوت-هەشت رۆژی رابردوو پێشمەرگە و خەڵکی سیڤیلیش شەهیدبوون. تێگەیشتنێک هەیە کاردانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانان گەلێک هێواش بووە لە پشتگیریکردنی پێشمەرگە و شەڕکردن لە دژی چەکدارانی داعش کە پەلاماری هێزی پێشمەرگە و گوندنشینان دەکەن. تۆ ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنت؟
دەیڤد شێنکەر: چەند شتێک هەن بۆ گوتن، بەر لە هەموو شتێک هاوخەمیی گیانلەدەستدانی پێشمەرگە و خەڵکانی سڤیلم، ئەو قوربانییانە بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە داعش کێشەیەکی بەردەوامە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و عێراقییەکان بە پاڵپشتیی ئەمریکا لە عێراق گرنگیێکی گەورەی هەیە. من ئاگاداری رەخنە و تێبینییەکان نیم لەسەر هێزەکانی ئەمریکا، ئەمریکا پاڵپشتی و مەشق بە پێشمەرگە دەکات، وەکو لەسەری رێککەوتووین بۆ ئەوە لێرەنین شەڕ بکەن. بۆیە لەگەڵتان دەبین و رێنوێنیتان دەکەین و زانیاریی هەواڵگریتان لەسەر داعش پێدەدەین و مەشق و راهێنان و چەکتان پێدەدەین. ئەمە رۆڵی ئەمریکایە، ئەو رۆڵەی کە پێموایە هەفتەیەک دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەرداوە، ئەوە دەڵێمەوە کە ئەمریکا لەسەر بانگهێشتنامەی حکومەتی عێراق لەو وڵاتەکەیە. ئەمە بەرنامەی ئێمەیە. من ناتوانم کۆمێنت لەسەر حاڵەتێکی دیاریکراو بدەم ئاخۆ لەوێ بووین، بەڵام لەوە دڵنیاین کە هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقن بۆ ئەوەی هەرچیێک لە توانایاندا بێت بیکەن تاوەکو رێگری لەوجۆرە هێرش و تراژیدییایانە بکات.
رووداو: لە وەڵامەکەی تۆوە ئەوە تێدەگەم کە لە هەفتەکان و مانگەکانی داهاتوودا، نابینین ئەمریکا نە لەسەر زەوی و نە لە ئاسمانەوە شەڕی چەکدارانی داعش بکات کە لە نێوان هێڵەکانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە خەریکن خۆ کاریگەر دەکەنەوە؟
دەیڤد شێنکەر: پێموایە ئەمە خاڵێکی ئێجگار گرنگە، پێموایە هاوئاهەنگی لە ناوچەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بەوجۆرە باش نەبووە. ناوچە هەن کە داعش دەرفەتی لێ قۆستوونەتەوە، من لەنێو حکومەت نەماوم، بەڵام ئەوە دەڵێم کە ئەمریکا هانی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات بۆ ئەوەی ئەمە چارەسەر بکەن، باشتر هاوئاهەنگی بکەن تاوەکو ئاسایشی ناوچەکانی نێوانیان بکەن کە داعش وەکو بۆشایی ئەمنی دەرفەتیان لێ دەقۆزێتەوە. بەڵام ئەمە دەگەڕێتەوە سەر حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەگەڵ یەکدی بکەن. ئێمە دەتوانین هاریکار بین، ئەمریکا دەتوانێت کۆمەڵە چارەسەرێک بخاتەڕوو، بەڵام ئێمە دەزانین کە لە رابردوودا ئەو پەیوەندییانە لەنێوان بەغدا و هەولێر هەمیشە ئاسان نەبوون. بەڵام ئەمە پێویستی بە کاری زیاترە لەنێوان هەولێر و بەغدا.
رووداو: دەیڤد شێنکەر، زۆر سوپاس کە لە واشنتۆن دیسییەوە لەگەڵم بوویت
دەیڤد شێنکەر: سوپاس، خۆشحاڵم کە لەگەڵ ئێوە بووم.

