رووداو دیجیتاڵ
سیاسەتڤانێکی ئایسلاندی دەڵێت، "بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان واتە بەهێزبوونی دۆزی کورد لە ئێران، تورکیا و سووریا" و ئاماژە بەوەش دەکات، دەبێت کورد زمان و کولتووری خۆی بپارێزێت.
ئۆگموندور یۆناسون، سیاسەتڤانی ئایسلاندی کە لە چەند ساڵی رابردوودا چەندین پۆستی باڵای لە وڵاتەکەی هەبووە، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی هۆکاری گوشارەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات، کورد بە پاراستنی کولتوور و زمانی خۆی دەتوانێت بگات بە سەربەخۆیی.
یۆناسون لە میانی بەشداریکردنی لە رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی، "کوردستانێکی عێراقی دیموکراسی و بەهێز، پرسی کورد بەهێزتر دەکات لە هەموو شوێنێک؛ لە تورکیا و سووریا و ئێران. لەبەر ئەوەیە ئەم هێرشانە لە ئێرانەوە دەبینین؛ لەبەر ئەوەیە ئەو گوشارانە دەبینین لە تورکیاوە دەخرێنە سەر کوردستانی عێراق. لەبەر ئەوەشە دەبینین بەغدا دەیەوێت کوردستانی عێراق لاواز بکات. ئەو هەنگاوانە بۆ لاوازکردنی ئێرە نین تەنیا، بەڵکو لەبەر رۆڵی هەرێمی کوردستانە لە پرس و دۆسیەی کورد لە هەموو ناوچەکەدا".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئۆگموندور یۆناسون، سیاسەتڤانی ئایسلاندی:
رووداو: چۆن بە پرسی کورد ئاشنا بوویت؟
ئۆگموندور یۆناسون: لە راستیدا هەمیشە سەرنج و ئاشنایەتی بۆ پرسی کورد لە ئایسلاند هەبوو. ئێمە وەکو ئایسلاندییەکان بەشێک بووین لە شانشینی دانیمارک و دەمانویست سەربەخۆ بین و ئەوە بوو لە 1944 سەربەخۆییمان وەرگرت. ئێمە سەربەخۆیی خۆمان لەسەر بنەمای جوگرافیا و کولتوور جێگیرکرد و تێگەیشتنی باشمان بۆ هەموو کەسێک هەیە کە ئێستا هەمان شتی دەوێت. کاتێک گەنج بووم زۆرم لەبارەی پرسی کوردەوە دەخوێندەوە. ئەو کاتە چەند کەسێکی ئایسلاندیش هەبوون لە هەموو ئاسۆ جیاوازەکانی سیاسەتدا لە راستەوە بۆ چەپ کە بانگەوازیان بۆ پرسی کورد دەکرد. یەکێکیان برای باپیرم بوو کە نەریتخواز بوو؛ ئینجا رۆژنامەڤانێکی چەپمان هەبوو کە زۆری لەبارەی کوردەوە دەنووسی؛ دواتر ئیرلاندەر هارالدسۆنمان هەبوو.
رووداو: ئێمە باسی چ ساڵێک دەکەین؟ حەفتاکان؟
ئۆگموندور یۆناسون: شەستەکان. من لە 1948 لەدایکبووم؛ بۆیە ئەوە کاتێک بوو کە خولیام بۆ هەموو شتێکم هەبوو. ئیرلاندەر هارالدسۆن کە دواتر لە زانکۆی ئایسلاند بووە مامۆستا، بووە یەکێک لە گوتەبێژەکانی کوردانی عێراق لە ئەڵمانیا لە ساڵانی شەستەکاندا، سەردانی بارزانیشی کرد و بووە دۆستی، لە چیاکان سەردانی کرد، کتێبێکی نووسی و منیش کتێبەکەم خوێندەوە، زۆر گوتاریشم دەخوێندنەوە، بەو شێوەیە ئاشنا بووم. کاتێکیش ئیرلاندەر هارالدسۆن گیانی لەدەستدا، من یەکێک بووم لەو کەسانەی کە تابووتەکەیم هەڵگرت کاتێک بەخاکسپێردرا؛ هەردووکمان یەکگرتوو بووین لە یەک شت؛ هەردووکمان پاڵپشتی کوردمان کرد؛ بۆیە پاڵپشتیکردنی کورد و تێگەیشتن لە کێشەی کوردی هەمیشە لەگەڵمان بووە لە ئایسلاند.
رووداو: کەواتە جوگرافیایەک کە ناوی کوردستانە شوێنێکی ئاشنایە بۆ خەڵکی ئایسلاند؟
ئۆگموندور یۆناسون: بەڵێ ئاشنایە. ئەو شێوەیەشی من مامەڵەم لەگەڵ پرسی کورد کرد لە ساڵانی رابردوودا، ئەوە لە رێگەی کارکردنمەوە بوو لە ستارسبۆرگ و ئەنجوومەنی ئەوروپا؛ لەوێ خەڵکی کوردی زۆرم بینی کە زۆرینەیان خەڵکی بەشی تورکیا بوون؛ لەوێ بوومە بەشێک لە دەستپێشخەرییەکی نێودەوڵەتی: ئازادی بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ئاشتی لە کوردستان. ئەو کاتە چەندین جار سەردانی تورکیام کرد؛ پێنج جار لەو چوارچێوەیەدا سەردانم کرد و زۆر کەسم ناسین کە کاریان بۆ پرسی کورد دەکرد. ئێستا لێرەم لە کوردستانی عێراق لەسەر بانگهێشتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد – کەنەکە. لێرە سەردانی زۆر لایەنی سیاسیمان کرد و پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو پارتە سیاسییەکان کرد. من لێرەم تاوەکو لەبارەی سیاسەتەکانی ئەم وڵاتە تێبگەم، هەروەها ئاڵۆزییە جیوگرافییەکانی. ئەمەش زۆر جێگەی سەرنج بووە بۆ من کە ئەمەم کردووە.
رووداو: کەواتە مەبەستی سەردانەکە دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان. لەگەڵ هەموو حیزبە سیاسییەکان کۆبوویتەوە؟
ئۆگموندور یۆناسون: بەڵێ، هەروەها بۆ تێگەیشتن لە رەوشەکە. دەزانیت، ئەوەی کە لە تورکیا بینیمان زیندانیکردنی هەزاران خەڵکە؛ کەسانی ئەکادیمی، پارێزەر، رۆژنامەڤانان بە شێوەیەکی سەرەکی خەڵکی کورد. ئێستاش بەم دواییانە زیادبوونی تووندوتیژی لە رۆژئاڤا و لە سنوورەکانی کوردستانی عێراق و تورکیا دەبینین و زۆر نیگەرانین لەمبارەیەوە و دەمانەوێت تێبگەین چۆن دەکرێت ئەمە بوەستێندرێت، چونکە ئەمە بێگومان تەنیا هەڕەشە نییە لەسەر ئەو خەڵکەی لەژێر هێرشەکەدان، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە هەڕەشەیە. لەبەر ئەوە لێرەین تاوەکو لە ئاڵۆزییە جیوپۆلەتیکییەکان تێبگەین.
رووداو: لە گفتوگۆکانت لەگەڵ پارتە سیاسییە جیاوازەکان کە هەر یەکێکیان سیاسەت و روانینێکی سیاسیی جیاوازی هەیە، پێتوایە هەرێمی کوردستانی عێراق لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە؟ هەستت بەوە کرد لە گفتوگۆکانت؟
ئۆگموندور یۆناسون: بەڵێ زۆریش. پێم وایە ئەوە جەوهەری کێشەکەیە. هەموو ئەوانەی کە بینیمانن ئاشتییان دەوێ؛ هەمووان کۆتاییەکیان بۆ دڕندەییەکان دەویست کە سوپای تورکیا لە ناوچە سنوورییەکان ئەنجامیان دەدات، ئیدی ئێرە بێت یان رۆژئاڤا. بەڵام ئیدی کەسێک هەنگاو بە هەنگاو لەبارەی ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە فێردەبێت. ئەوەی دەیڵێم ئەوەیە کە هەمووان دەزانن کوردستانێکی عێراقی دیموکراسی و بەهێز پرسی کورد بەهێزتر دەکات لە هەموو شوێنێک، لە تورکیا و رۆژئاوا و لە ئێرانیش، لەبەر ئەوەیە ئێمە ئەم هێرشانە لە ئێرانەوە دەبینین؛ لەبەر ئەوەیە ئەو گوشارانە دەبینین لە تورکیاوە خراونەتە سەر کوردستانی عێراق. لەبەر ئەوەیە دەبینین بەغدا دەیەوێت کوردستانی عێراق لاواز بکات؛ ئەوە بۆ لاوازکردنی ئێرە نییە، بەڵکو لەبەر رۆڵییەتی لە پرس و دۆسیەی کورد لە هەموو ناوچەکەدا.
رووداو: کەواتە ئامانجەکە تەنیا ئەم پارچەیە نییە؟
ئۆگموندور یۆناسون: پێم وایە کە پرسیارەکە ئەوەیە کە ئێمە چۆن لەم چەقبەستووییە تێدەگەین. پێم وایە کە ئەم چەقبەستووییەی ئێستا هەیە، زۆر خراپە؛ خراپە بۆ ئەو کەسانەی کە هێرشیان دەکرێتە سەر و لەژێر هەڕەشەدان؛ خراپە بەو واتایەی کە هەڕەشە لە سەقامگیری تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەروەها جیهانیش دەکات؛ لەبەر ئەوە کارە سەرەکییەکە ئەوەیە کە چۆن لەم چەقبەستووییە رزگارمان ببێت. ئەگەر سەیری رابردوو بکەین لە ساڵانی 2013 و 2015 پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەدەچوو، دەرگای زیندانی ئیمراڵی کرایەوە و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی کرد، من پێم وایە کە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی دەستی پێ بکرێتەوە، ئەوا پرۆسەکە کاریگەری دەبێت و کاریگەری دەکاتە سەر ناوچەکانی دیکەش لە ناوچەکە. پێم وایە کە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی تاکە رێگەی رزگاربوونە لەو چەقبەستووییەی ئێستا هەیە. پێم وایە کە کێشەی کوردستان کێشەیەکی جیهانییە بۆ کوردەکان و بۆ ناوچە کوردییەکان.
رووداو: لێرە لە کوردستان. تۆ باسی هێرشەکانت کرد. ئێران بە پاساوی بێ بنەما هێرشە دەکاتە سەر کوردستان؟
ئۆگموندور یۆناسون: بەڵێ
رووداو: دەکرێ چی بکرێت بەتایبەتی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ رێگریکردن لەوەی جارێکی دیکە ئێران هێرشی لەو شێوەیە بکات؟
ئۆگموندور یۆناسون: دەبێت ئەوە بزانین کە تورکیا تاکە لایەن نییە کە دەبێت لۆمەی بکرێت، بەڵکو هەموو بەرەی رۆژئاوایی، ناتۆ، یەکێتی ئەوروپا، ئەمانە هەموویان دەستیان لەمەدا هەیە. ئێمە باسی ئیمراڵی دەکەین کە چارەکە سەدەیەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی زیندانی کردووە؛ ئەمە رێگەیەکە تاوەکو بە خەڵکی کورد بڵێت، دەکرێت ئەمە بەسەر تۆشدا بێت؛ دەکرێت ئەوە بەسەر هەموو ئەوانەدا بێت کە لەگەڵماندا نین. پێم وایە یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکییەکان و ناتۆ هەموویان رۆڵیان هەیە کە لێرەدا دەیگێڕن، چونکە دەکرێ ئەمە هەڵبچێ بۆ دۆخێکی زۆر جیددی لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. جێگەی سەرنجە کە بەم دواییانە لەبارەی هێرشی ئێرانەوە دەبیستین و بە فراوانی رووماڵ کرا لە میدیاکانی رۆژئاوادا، بەڵام ئەوەی کە رووماڵ نەکرا ئەم جۆرە هێرشانە بوون لە مانگەکانی رابردوودا. لەبارەی ئەوەوە هیچمان پێ ناڵێن کە چۆن بەغدا رێکار دەگرێتەبەر بۆ لاوازکردنی سەروەریی کوردستانی عێراق و پێمان ناڵێن لەبارەی ئەو گوشارەی لەلایەن تورکیاوە خراونەتە سەر ئەم وڵاتە، هەموو ئەمانە دەبێت باس بکرێن و پێویستە رۆژئاوا ئەوە بزانێت کە ئەمە بەرپرسیارییەتی ئەوە... دوایت ئایزنهاوەر سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە ساڵی 1952 گوتارێکی دا کە تێیدا گوتی، شتێک کە دەبێت بە باشی ئاگات لێی بێت ئەوەیە کە کۆنترۆڵی کۆمەڵگەی دامەزراوە و پیشەسازیی سەربازیی لەدەست نەدەیت. ئێستا ئێمە کۆنترۆڵی ئەوە لەدەست دەدەین و حوکمڕانی جیهان دەکات و پێویستە رابگیرێت. ئێمەش دەگەڕێینەوە بۆ ئەوروپا و منیش دەگەڕێمەوە ئایسلاند و ئەم قسانە بەنێو خەڵکدا بڵاودەکەینەوە کە بەرپرسیاتێتییەکە هی هەموومانە.
رووداو: کاتێک دەڵێین ئایسلاند، ئێوە گەلێکی بچووکن، بەڵام سەرکەوتوو بوون لە بەرگریکردن لە خۆتان. چ ئەزموونێک هەیە کە دەکرێت کورد لە ئایسلاندییەکانەوە وەریبگرێت؟
ئۆگموندور یۆناسون: ئەوەی ئێمەی بەهێزکرد باوەڕ بەخۆبوونمان بوو. ئێمە تەنیا 400 هەزار کەسین، بەڵام هیچ کات بە تەواوی دڵنیا نین ئایا ئێمە 400 هەزار یان 400 ملیۆن کەسین. دەزانین کە گرنگ نییە. دەزانین ئەوەی گرنگە بڕابوونمانە بە خۆمان؛ دەشڵێم ئەو گەلەی کە کولتوور و زمانی دەپارێزێت و کار بۆ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەکات هەرگیز نابەزێت. بەڵام ئەگەر رێگە بدەیت کەسێک کولتوورەکەت لێ بدزێت، زمانەکەت لێ بدزێت و کەلەپوورەکەت لێ بدزێت، ئەو کاتە دەکرێ ببەزیت.
رووداو: کولتوور و زمانی کوردی هێشتا رووبەڕووی هەڕەشە و قەدەخە دەبێتەوە. بۆ نموونە لە ئێران، تورکیا، لە سووریا بەگوێرەی دەستوور خوێندنی زمانی کوردەی قەدەخەیە. لە ئایسلاند وەکو گەلێکی بچووک، چۆن توانیتان کولتوور و زمانی خۆتان بپارێزن؟
ئۆگموندور یۆناسون: ویستمان بیپارێزین. دەزانیت شتەکان لە خۆیانەوە روونادەن، بەڵکو هەمیشە کەسێک هەیە کە دەیانکات؛ هەمیشە کەسانێک هەن کە شتەکان دەکەن؛ هەتا بڕوات وابێت کە تۆ کردە و کار بۆ شتێک دەکەیت، دەبێت ئەو شتە بکەیت. پێم وایە شتێکی دیکە کە بۆ ئێمە گرنگ بوو یەکگرتووییە لەنێو کۆمەڵگەکەدا؛ لە 2008 و 2009 قەیرانێکی گەورەی بانکییمان هەبوو و ئێستا لێی دەرچووین. چۆن؟ ئێمە لە ئایسلاند پەندێکمان هەیە دەڵێت ئەگەر لەنێو دەریا لە کاتی کەشوهەوای دژوار کەوتنە نێو کێشەوە پێویستە پێکەوە سەوڵەکان بگرن و بەو شێوەیە رزگارتان دەبێت، بەڵام پێویستە لەنێو هەمان بەلەم بن. پێویستە هەمووان لەنێو هەمان بەلەم بن، بۆیە ئەمە هەرگیز کە بیرۆکەی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی جیانابێتەوە، بۆیە دەبێت ئەوە بەشێک بێت لە پاکێجەکە.
رووداو: ئێوە دەوڵەتتان هەیە و کورد دەوڵەتی نییە. کورد چۆن دەتوانێت زمان و کولتووری خۆی بپارێزێت لە کاتێکدا دەوڵەتی نییە؟
ئۆگموندور یۆناسون: کورد لە رابردوودا دەوڵەتی نەبووە و توانیویەتی بیپارێزێت، بێ دەوڵەت توانییان ئەوە بکەن. بەڵام هۆکارەکە کردارەکانی کورد خۆی نییە کە زمان و کولتووری خۆیان لەدەستدەدەن بەڵکو ئەوانی دیکەن کە زۆرەملێ و گوشار دەکەن؛ هەربۆیە دەبێت ئەوەش بوەستێندرێت. لێرەدا هەموو جیهان بەرپرسیارییەتی هەیە. من جارێکیان چاوم بە هەندێ چالاکڤان کەوت لە ئامەد. ئەوە لە 2017 بوو، یەکێکیان شتێکی گوت کە لە یادم ناچێ و گوتی، "خەمی ئێمەت نەبێ. ئێمە رزگارمان دەبێت و تا کۆتایی دەجەنگین. ئێمە نادۆڕێین. خەمی خۆتان بخۆ. خەمی ئەوروپا بخۆ. خەمی بەشەکانی دیکەی جیهان بخۆ و لە زەلیلی رزگاری بکەن". بۆیە لەپێناو رزگارکردنی لە زەلیلی، ئێمە لێرەین و ئەم قسانە بڵاودەکەینەوە و هەر هەوڵی ئەوەشمان داوە لە ساڵانی رابردوودا. من کۆبوونەوەی زۆر زۆرم هەبوون لە ئایسلاند. کۆبوونەوەی گشتی کراوە، زۆر بابەتم نووسیون، خەڵکی دیکەش ئەوەیان کردووە. ئێستا پێم وایە شتێک وا دەگۆڕێت، وای دەبینم، پێم وایە ئەگەر تەماشای ئیسرائیل و فەلەستین بکەیت، ئەگەر تەماشای ئۆکراینا بکەیت. دەبینیت تاوەکو ئێستا پێمان دەگوترا مێژوو لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد لەگەڵ داگیرکارییە بێ پاساوەکەی رووسیا، وەکو خۆیان ناوی دەنێن. مێژوو نییە لە ئیسرائیل و لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە دەستیپێکردووە، بەڵام هەموو کەسێک مێژوویەکی هەیە، جووەکان مێژوویان هەیە و فەڵەستنییەکان مێژوویان هەیە؛ ئۆکرایناش مێژووی هەیە. ئێستا کە شتەکان زۆر جیدی بوون لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئۆکراینا، خەڵکی زیاتر سەرنجی لەسەر مێژووە و گرنگی پێدەدات. ئێستا خەڵکی زیاتر باسی سیڤەر دەکات. خەڵکی زیاتر باسی لۆزان دەکات، تەنانەت لە 1920 زیاتر لە جاران. دەزانیت جیهان وا بەخەبەردێتەوە لەبارەی گرنگیی مێژوو و ئەمەش بۆ کورد و پرسی کورد باشە. ئەگەر بزانین کورد چ گەلێکی گەورەیە و چۆن ناچار دەکرێن، پێم وایە ئەو کاتە شتەکان دەگۆڕدرێن. ئێستا لە هەموو کاتێک دیکە زیاتر چانسێکی باشتر هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆرتر گرنگە، زۆر ریشەییە کە بەهۆش بێینەوە لەبارەی پێویستی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشی.
رووداو: هیچ چانسێک لە تورکیا دەبینیت بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد؟
ئۆگموندور یۆناسون: پێم وایە پێویستی بە گوشارە لە دەرەوە. پێم وایە پێویستی بە گوشارە لە ئەوروپاوە، لە ئەمریکاوە، لە ناتۆوە. دەزانیت کاتێک دڕندەییەکان لە 2015 و 2016 دەستیانپێکرد ناتۆ لە برۆکسل لە کۆتایی هاویندا کۆبوونەوەیەکی کرد و ئەوەی من تێیگەیشتم گڵۆپی سەوزی پێکرد بۆ ئەوەی کە روویدا و دواتر بینیمان کە چی روویدا. تۆ دەزانیت چی روویدا، منیش دەزانم چی روویدا، بەڵام ئەوانی دیکە لە جیهان نازانن. ئەوە پێویستی بە دادگاکەی گەل بوو؛ دادگاکەی خەڵک لە پاریس کە خەڵک لەوێ کۆبوونەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو پرسە بوەستێت و لە دڕندەییان بپێچنەوە. من لەوێ بووم لە تورکیا، بۆ ماوەی دوو رۆژ لەوێ بووم و وێرانکارییەکەم بینی، نیو ملیۆن خەڵک دەربەدەر بوون و ئەو کاتە بەڵێنم بە خۆم دا کە هەرگیز نەوەستم تاوەکو ئەوە دەکەمە شتێکی گشتی و دوای ئەوەی هەندێ کەس کە شایەدحاڵ بوون بانگهێشتم کردن بۆ ئەوەی بێنە ئایسلاند و بۆمانی روون بکەنەوە، بەڵام جیهان بێدەنگ بوو، بێدەنگ بوو، بۆیە ئەرکەکە ئەوەیە کە ئەو شتانەی روودەدەن بزاندرێن و ئێستاش دەمانەوێت ئەوە بزانرێت کە چی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی عێراق روودەدات، چی لە رۆژئاڤا روودەدات بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە. بە یەکێتی ئەوروپا بڵێین، بە ناتۆ و ئەمریکا بڵێین، هەروەها خەڵکی ئەوروپا، کە ناکرێت ئەمە قبووڵ بکرێت، چونکە گوشارەکە پێویستە لە خەڵکەوە بێت.
رووداو: ئاییندەی رۆژئاڤا چۆن دەبینیت؟
ئۆگموندور یۆناسون: ئەگەر پێت بڵێم کە ئاییندەی رۆژئاڤا چۆن دەبینم هەروەها ئاییندەی کوردستان بە گشتی لە تورکیا، لێرە، رۆژئاڤا و ئێران، من زۆر گەشبینم بۆ کورد، زۆر گەشبینم، بەڵام کاتی دەوێت، ساڵانێکی دەوێت، بەڵام دەکرێت شتەکان خێرا رووبدەن، دەکرێت زۆر بە خێرایی شتەکان بگۆڕێن و پێم وایە ئەگەر بتوانین پڕۆسەی ئاشتی دەستپێبکەینەوە، پێشتر من باسی تیۆری دۆمینەم کرد، لێرەوە دەستپێدەکەیت و ئینجا ئەوی دیکە، دەزانیت کە ئەوە کاریگەرییە و دەڕوا، بە دیاریکراویش نازانیت چی روودەدات، بەڵام باشتر دەبێت، باشتر دەبێت بۆ هەموو کەسێک.
رووداو: ئەگەر شتێک هەبێت وەکو ئامۆژگاری بیدەیت، ئەو ئامۆژگارییە چییە کە کورد دەکرێت لە ئەزموونی ئایسلاندەوە وەریبگرن؟
ئۆگموندور یۆناسون: ئەوەی پێشتر گوتم لەبارەی کولتوور، زمان و کەلەپوور؛ مەهێڵن لێتان بدزن، ئەو کاتە نەبەز دەبن. هەروەها بێگومان یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەمووان دەخاتە سەر یەک کەشتی.
رووداو: ئەم پرسیارەم پەیوەندی بە پرسی کوردەوە نییە، بۆچی وڵاتەکەت، ئایسلاند، ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا نییە؟
ئۆگموندور یۆناسون: زۆرینەی خەڵکی ئایسلاند دژی ئەوەن. ئێمە نامانەوێ ببینین کە ماسیگرتنمان بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی ئەوروپاوە و دەمانەوێت پشکەکان بۆ خۆمان بهێڵینەوە؛ ئەوە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان. بەڵام هۆکاری دیکەش هەن، دەزانیت یەکێتی ئەوروپا لە هەموو کاتێک زیاتر ناوەندیی - مەرکەزی بووە. بە بۆچوونی من، لە رادەبەدەر لەسەر بنەمای بەبازاڕکردن داکوتراوە؛ بەبازاڕکردنی ئابووری. بەبازاڕکردنیش کۆمەڵگە لە دیموکراسی دووردەخاتەوە. دیموکراسی ناهێڵێت یان کەمی دەکاتەوە. ئەوروپا زۆر ناوەندیی بووە و زۆر لەسەر بنەمای بازاڕە. خراپترین بیرۆکە لە یەکێتی ئەوروپا کە من پێم وابوو زۆر باشە، بیرۆکەی هەرێمەکانی ئەوروپا بوو، هەرێمەکانی ئەوروپا، نەک ئەوروپای وڵاتان و ناوچەکان، دەکرا ئەم بیرۆکەیە زۆر کێشە چارەسەر بکات، کێشەی کەتەلۆنیا، کێشەی باسک و سکۆتلاند. ئەوە دەرگای نوێی کردەوە. ئەگەر یەکێتی ئەوروپا لەسەر بنەمای هەرێمەکان بووایە ئەو کاتە وابەستە دەبوون کە کولتوور، زمان و ویستی خەڵکەوە. ئەوە جۆرە ئاییندەیەک دەبێت کە من پشتگیری لێدەکەم، بەڵام ئەمەی ئێستا کە بچینە نێو کۆمپانیایەکی بازاڕی ناوەندیی، نەخێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ