رووداو دیجیتاڵ
جۆوی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە وەكالەت بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی نزیك، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند "عێراق و ئەفغانستان دوو نموونەی زۆر لە یەک دوورن"، هەروەها گوتی ئەمریكا سەرنجێكی زۆری لەسەر عێراقە و سەرۆكی ئێستای ئەمریكاش زۆر بایەخ بە عێراق دەدات لەبەر چەند هۆكارێك كە لەو هەڤپەیڤینەدا روونیكردوونەتەوە.
یاریدەدەرەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە رووداوی راگەیاند "رۆژانە گفتوگۆ لەگەڵ دۆستانمان لە هەولێر دەکەم" و بایەخێكی زۆر بە هەرێمی كوردستان دەدەن، یەكێك لە هۆكارەكانیش ئەوەیە مۆزایکی هەرێمی کوردستان جوانیی خەڵکی عێراقی پێکهێناوە.
هەروەها گوتی ئەوان وەك هاوپەیمانی توركیا لە ناتۆدا ئاگاداری جموجووڵەكانی توركیان و هاوئاهەنگیان لەگەڵ یەكتر هەیە، بەڵام "زۆر نیگەرانین لە چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا و باکووری عێراق"، دەیانەوێت ئارامی هەبێت و توركیاش مافی بەرگری لەخۆكردنی هەیە، لەگەڵ ئەوەش دا دەیانەوێت فۆوکەسەکە لەسەر شەڕی داعش بێت. هەروەها گوتی كە ئەوان هاندەری گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانن.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز یاریدەدەری وەزیر، سوپاس کە لەگەڵمانی. پرسیاری یەکەمم سەبارەت سووریایە، بەم دوواییانە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هێرشی سەربازی زیادیان کردووە، ئێوە تاوەکو چەند نیگەرانن لە زیادبوونی ئەو چالاکییە سەربازییانە؟
جۆوی هوود: سڵاوتان لێبێت. رێباز، خۆشحاڵم کە بۆ تۆ و بۆ بینەرانتان قسە دەکەم. سڵاوی گەرمم بۆ هەموو بینەرانتان هەیە. بەڵێ، ئێمە زۆر نیگەرانین لە چالاکییە سەربازییەکان لە باکووری سووریا و باکووری عێراق. ئێمە زۆر نیگەرانی هەواڵی بەرکەوتنی خەڵکی مەدەنین لە هەندێ لەو کارە سەربازیانە. ئاشکرایە ئەم کارانە یارمەتیدەرنین بۆ بەدیهاتنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا. لە هەمانکاتدا، بێگومان ئێمە لەوە تێدەگەین کە تورکیا پێویستە هەڵوێستی بەرگریکارانەی هەبێت لە دژی چالاکی تیرۆریستی. ئێمە داوا لە هەموو گرووپەکان دەکەین چالاکی سەربازی و تیرۆریستی رابگرن بۆ ئەوەی بتوانین جەخت بخەینە سەر داعش، بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و تێکشکاندنی داعش بە یەکجاری و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە بۆ ئەوەی عێراقێک و سووریایەکی سەقامگیر و خۆشگوزەران بەدیبێن.
رووداو: ئایا ئێوە نیگەرانی سەلامەتی سەربازەکانتانن لە ناوچەکە، بەتایبەتی لە سووریا؟ هەفتەی رابردوو ئۆپەراسیۆنێک لە نزیک قامشلۆ ئەنجامدرا، دەزانین سەربازانی ئەمریکا لەو ناوچەیە هەن، ئایا ئێوە نیگەرانی سەلامەتی سەربازەکانتانن؟
جۆوی هوود: بێگومان تورکیا هاوپەیمانی ناتۆیە، بۆیە لە نزیکەوە هاوئاهەنگیمان لەگەڵ تورکیا هەیە. ئەگەر نەیارانمان هەر هێرشێک بکەن، سوپاکەمان توانای تەواوی هەیە بۆ بەرگری لەخۆکردن و دەیکات، لە چەند بارودۆخێکیشدا هەر وایکردووە، بەڵام بەڕاستی دەمانەوێ لە رێگەی گفتوگۆوە پەرە بە ئاشتەوایی بدەین لەنێوان هەموو گرووپە کوردییەکاندا، بۆئەوەی هەوڵبدەین بەرپەرچی گرووپە تیرۆریستییەکان بدەینەوە و شەڕەکەمان لە دژی دووژمنی سەرەکی بێت کە داعشە.
رووداو: ئەمریکا بەشێکە لەو گفتوگۆ بەردەوامەی لەنێوان پارتە جیاوازەکانی رۆژئاڤادا هەیە، هیچ بەرەوپێشچوونێک لەو گفتوگۆیەداهەیە؟
جۆوی هوود: بەڵێ، ئێمە هاندەری گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانین. لایەنە کوردییەکانی باکووری سووریا و باکووری عێراق. چونکە پێمانوایە هەبوونی لێکتێگەیشتنی باشتر، هاوئاهەنگی زیاتر و ئاشتی زیاتر لەنێوان ئەو گرووپانە، یارمەتیدەر دەبێ بۆ پەراوێزخستنی گرووپی وەک پەکەکە کە هیچ باشییەکی نییە. هەروەها سوودبەخش دەبێت بۆ ئاشتی و خۆشگوزەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. هەر بۆ ئەو مەبەستەش چەند مانگێک لەمەوبەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بووم. گفتوگۆمان رێکخست لەنێوان لایەنە کوردییە جیاوازەکانی ئەوێ. بێگومان بەم دواییانە چەند جارێکیش سەردانی هەولێرم کردووە. رۆژانەش گفتوگۆ لەگەڵ دۆستانی ئەوێ دەکەم، بێگومان لە رێگەی کۆنسوڵخانەمان لە هەولێر و ئەو دیپلۆماتکارانەی کە لەوێ و لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان.
رووداو: باسی گفتوگۆت کرد لە رۆژئاڤا، هیچ ئاستەنگێک لەبەردەم ئەو گفتوگۆیەدا هەیە؟
جۆوی هوود: پێموایە هەمیشە پرسیار لەسەر متمانە و پەیوەندی و گفتوگۆ هەیە. ئێمە وەک ئەمریکا هەموو هەوڵێک دەدەین گفتوگۆ و متمانەی زۆرتر هەبێت لەنێوان هەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی لە دژی دووژمنی هاوبەش بوەستنەوە کە داعشە، هەروەها بۆ ئەوەی لەگەڵ ئێمە کار لەسەر پڕۆژەی سەقامگیری بکەن کە تەنیا ئەمساڵ پەنجا ملیۆن دۆلارمان بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخانکردووە. هەروەها لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش چاومان لەوەیە هەڵبژاردن بە باشی بەڕێوەبچێت لە مانگی ئۆکتۆبەر. حکومەتێک لە عێراق پێکبهێنرێ کە بەڕاستی خزمەتی خەڵک بکات. هەر بۆیە ئێمە بەردەوام دەبین لەڕووی سەربازی و دیپلۆماسی و ئابووری و هەموو رەهەندێکی دیکەوە، چونکە لە عێراق بەدیاریکراوی، لە بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکایە پەیوەندی زۆرباشمان لەگەڵیدا هەبێ. لەبەر هەموو ئەو هۆکارانەی کە دەیانزانی؛ گرنگە بۆ بازاڕی وزەی جیهانی، گرنگە بۆ کەلەپووری جیهانی. هەرێمی کوردستانیش گرنگە بۆ داهێنان و ئاشتی و سەقامگیری. جگە لەو مۆزایکەی کە بەهەموو پێکهاتە بچووکەکانییەوە، جوانی خەڵکی عێراقیان پێکهێناوە.
رووداو: خەڵک لێرە لە هەرێمی کوردستان و عێراق نیگەرانن، بەتایبەت دوای رووداوەکانی ئەفغانستان، ترسیان هەیە شتێکی لەوجۆرە لێرەش رووبدات دوای بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا. رای تۆ چییە سەبارەت ئەو نیگەرانییەی خەڵکی ئێرە؟
جۆوی هوود: ئەمە زۆر دوورە لە راستییەوە. عێراق و ئەفغانستان دوو نموونەی زۆر لە یەک دوورن. ئێمە سەرنجی زۆرمان لەسەر عێراقە، وەک گوتم بایەخی زۆرە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا. لەڕووی سەربازییەوە دەمێنینەوە، یارمەتی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەدەین بە پێشمەرگەشەوە، تاوەکو داعش بەتەواوی لەناودەچێت بۆ ئەوەی هەرگیز لەو وڵاتە و لە ناوچەکەش هەڕەشە دروست نەکەن. لەڕووی ئابووریشەوە بە بایەخە، چونکە عێراق گرنگە بۆ بازاڕی وزەی جیهانی. لەڕووی کولتووریشەوە بەلامانەوە گرنگە، چونکە ئێوە لانکەی کولتوورێکی دێرینن. وەک پاپا فرانسیس لەکاتی سەردانەکەیدا جەختی لەوە کردەوە. عێراق خۆی بۆ بەرژەوەندیی نیشتمانیی ئەمریکا بە بایەخە. بۆیە لە هەموو ئەو رەهەندانەوە ئێمە لەگەڵ عێراق بەردەوام دەبین. لەڕووی کولتووریشەوە، باسی پەروەردەمان کرد، زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی هەیە، قوتابخانەی ئەمریکی لە هەولێر هەیە، لە هەولێر زانکۆی کاتۆلیکی هەیە. بە هەمان شێوە قوتابخانەی ئەمریکی لە دهۆک هەیە لە بەغداش هەیە. ئێمە ساڵانە بە بڕی دەیان ملیۆن دۆلار یارمەتی ئەو قوتابخانە و زانکۆیانە دەدەین، بەردەوامیش دەبین. هەوڵدەدەین قوتابی زۆرتر لە عێراق و ناوچەکەوە بهێنینە ئەمریکا. تەنیا لە چەند دەیەی رابردوودا یەک ملیۆن و 500 هەزار قوتابیمان لە وڵاتانی ناوچەکەوە هێناوەتە ئەمریکا، ساڵانە سەت هەزار قوتابی. ئەمە گرنگە، ئەمە بەشدارییەکە کە بە رۆژ و دوو رۆژ بڕیاری لەسەر نەدراوە تاوەکو کۆتایی بێت. سەرۆک بایدن هیچ نیازێکی نییە کۆتایی بەو بەشدارییە بەهێزە بهێنێت لەگەڵ عێراق.
رووداو: با باسی هەڵبژاردنی مانگی ئۆکتۆبەر بکەین لە عێراق، ئایا نیگەرانن لەوەی لە هەڵبژاردنەکەدا ساختەکاری بکرێت؟
جۆوی هوود: پێموایە هەموو کەسێک لە جیهاندا لە خەمی ئەوەدایە هەڵبژاردن بەدروستی بەڕێوەبچێت. لە هەموو جیهاندا نەیارانمان بینیون کە هەموو هەوڵێک دەدەن دەستکاری هەڵبژاردن بکەن.
رووداو: نیگەرانییە سەرەکییەکان سەبارەت عێراق چین؟
جۆوی هوود: سەبارەت بە عێراق، بە دیاریکراوی ئێمە جەختمان لەسەر ئەوەیە پارە دابین بکەین بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی بە وردی چاودێری هەڵبژاردن لە تەواوی وڵاتەکە بکات، بۆ ئەوەی دواتر ئەوەی بینیویانە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن، هەر لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئەنجامەکان. دەزانم کە یەکێتیی ئەوروپاش ئەرکی چاودێری گرتووەتە ئەستۆ، ئێمەش پشتگیری دەکەین. بێگومان دیپلۆماتکارەکانیشمان لە بەغدا و هەولێر هەن لەگەڵ دیپلۆماتکارەکانی وڵاتانی دیکە چاودێری رووداوەکانی پێش هەڵبژاردن و رۆژی هەڵبژاردن دەکەن، دواتریش ژماردنی دەنگەکان و پێکهێنانی حکومەت. ئێمە لە هەموو وڵاتانی دیکە باشتر دەزانین کە خەڵکی عێراق چاوەڕوانی گەورەیان هەیە ئەم جارە هەڵبژاردنەکە زۆر بە باشی بەڕێوەبچێت. ئەگەر بە دڵی ئەوان نەبێت پێموایە دەچنەوە سەر شەقامەکان، جارێکی دیکە بە ئاشتیانە خۆپێشاندان دەکەن بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانیان. بۆیە لە بەرژەوەندی هەمووانە و، پێموایە خەڵکی عێراق باوەڕیان بەوەیە کە هەڵبژاردنێکی باش بەڕێوەبچێت کە ببێتە هۆی دروستبوونی حکومەتێک کە خزمەتی خەڵک بکات.
رووداو: ئایا نیگەرانن لە دەستتێوەردانی وڵاتانی ناوچەکە لەو هەڵبژاردنەدا؟
جۆوی هوود: پێموایە پێویستە هەموومان نیگەران بین سەبارەت چالاکی نەیارەکانمان کە هەوڵدەدەن دەستوەربدەنە هەڵبژاردنەکان. ئەوە سەیر نییە بەلای بینەرانتانەوە کە هەموو حکومەتێک لە جیهاندا باوەڕی بە دیموکراسی نییە. باوەڕیان بەوە نییە دەسەڵات بدەنە خەڵک بۆ ئەوەی بڕیار بدەن چ حکومەتێکیان دەوێ بۆ خۆیان، بەڵام ئەوە باوەڕی بنچینەیی ئەمریکایە. پێموایە باوەڕی خەڵکی عێراقیشە. رەنگە هاوڕانەبن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، رەنگە هاوڕانەبن لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەو حکومەتەی دوای ئەم هەڵبژاردنە پێکدێت، بەڵام پێموایە هەموومان هاوڕاین کە خەڵک مافی خۆیانە بۆچوونیان دەربڕن و لە هەڵبژاردندا رەنگبداتەوە. پێویستە هەموومان ئەوەی لەدەستمان دێ بیکەین بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو هەڵبژاردنە بێگەرد دەبێت. ئەوەش بە هەبوونی تیمێکی چاودێری نێودەوڵەتی دەست پێدەکات. ئەمریکاش چەند مانگێکە پشتگیری ئەوەی کردووە. چاوەڕێین ئۆکتۆبەر ئەو هەڵبژاردنانە بەڕێوەبچن. دەزانم گومانی زۆر دەکرێ لەوەی ئەمریکا بەنهێنی بیەوێ هەڵبژارنەکە دوابخات. ئەوە راست نییە. ئێمە دەمانەوێ هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا لە مانگی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچن. دەمانەوێ بە باشی بەڕێوەببرێن. حکومەتێک بەرهەمبێنن کە چاکسازی بکات و خزمەتگوزاری پێشکێشی خەڵک بکات.
