حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن، تیشک دەخاتە سەر سەردانی شاندی عێراق بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا. عەبوودی رایدەگەیێنێت، ئەو سەردانە "لاپەڕەیەکی نوێی" لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتندا هەڵداوەتەوە و پەیوەندییەکە لە بواری ئەمنی و سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژیی ئابووری گۆڕاوە. هەروەها باس لە پرسی کۆنترۆڵکردنی چەک، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و رێککەوتنە ئابوورییەکان دەکات.
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: پێمبڵێ کۆبوونەوەکەی کۆشکی سپی چۆن بوو؟ دۆناڵد ترەمپ زۆر دڵی خۆش بوو و سەرۆکوەزیرانیش زۆر دڵخۆش دیار بوو، ئەنجامی ئەو کۆبوونەوەیە چی بوو ئەگەر بە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستانی بڵێیت؟
حەیدەر عەبوودی: بەڵێ، سوپاس بۆ تۆ و سوپاس بۆ کەناڵە بەڕێزەکەتان. سەرەتا، کۆبوونەوەی دوێنێی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێزعەلی فالح زەیدی و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ لەڕاستیدا کۆبوونەوەیەکی گرنگ بوو کە گۆڕانکارییەکی نوێ و لاپەڕەیەکی نوێی لە مێژووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن تۆمار کرد. ئەم پەیوەندییە شێوازێکی نوێی مامەڵەکردنی لە ئاسۆیەکی نوێوە وەرگرتووە، کە رێگە خۆش دەکات بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی، کە لەسەر بنەمای ئابووری و وەبەرهێنان لە بوارە هاوبەشەکاندا بێت، کە هەردوولا لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و قازانجی دوولایەنە لێی سوودمەند دەبن. ئەم جۆرە پەیوەندییانەی پشت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان دەبەستن، بەردەوامی و سەقامگیرییەکی زیاتریان دەبێت، وەک لەو پەیوەندییەی تەنیا لەسەر لایەنی ئەمنی و سەربازی بوو، هاوشێوەی ئەو ساڵ و دوو دەیەیەی رابردوو کە لە عێراقدا تێپەڕین. بەڕێزت دەزانیت، پەیوەندییەکان پێشتر لە کەشێکدا بوون کە بە قەیران و بەڕێوەبردنی قەیرانەکان داپۆشرابوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەم دەستپێکە نوێیە بەرەو هاوبەشییەکی ئابووریی بەردەوام و سەقامگیر، وا دەکات رێڕەوی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات بچێتە ناو کایەیەکی ستراتیژیی نوێ و سەقامگیرەوە، کە باس لە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەل دەکات. ئەم تێگەیشتنانە لە کۆبوونەوە گرنگەکەی نێوان بەڕێز سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەریان هەڵدا، کە دەبنە هۆی واژۆکردنی چەندین رێککەوتنامە.
رووداو: دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا گوتی ئێمە پشتیوانی ئەم سەرۆکوەزیرانە دەبین بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە لە بەردەمیەتی؛ ئێوە داوای چ پشتیوانییەک لە سەرۆکی ئەمریکا دەکەن؟ دەتانەوێت ئەمریکا لە چ روویێکەوە پشتیوانی ئێوە بێت و چ بەڵێنێکتان لێوەرگرت بۆ ئەوەی کاتێک دەڕۆنەوە ئەو رێککەوتنانە جێبەجێ بکەن و هەروەها باشتر پەیوەندییەکانتان لەگەڵ ئەمریکا برەوپێبدەن؟
حەیدەر عەبوودی: جگە لەوەی هەمووان تێبینییان کرد لە گەرموگوڕی پێشوازیکردن و ئەو پشتگیرییەی پێشکێش بە شاندە عێراقییەکە بە سەرۆکایەتی بەڕێز سەرۆکوەزیران کرا؛ میتۆدی حکومەت و هەنگاوە پراکتیکییەکانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیە ئاڵۆز و کەڵەکەبووەکان، وایکرد کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم قۆناخەدا بە چاوێکی پڕ لە متمانە و ناوبانگێکی نێودەوڵەتییەوە سەیری حکومەتی عێراق بکات؛ چونکە بەڕێزت دەزانیت، پەیوەندییە دەرەکییەکان لەسەر بنەمای کارلێککردن و ئەو گەرەنتییانە دروست دەبن، کە لەو کایە هاوبەشانەدا هەن. ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و هاوبەشی ستراتیژی، بەتایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە گۆشەیەکی گرنگەوە دەبینرێت، ئەویش توانای حکومەتی عێراقە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی وەزاریی خۆی لە پرسی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و، توانای بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئابووری بە دیدگایەکی جێگیر کە لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت. چونکە ئێستا قۆناخ و بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە زۆر ئاڵۆز و هەستیارە و پێویستی بە خوێندنەوەیەکی ورد هەیە بۆ رێکخستنەوەی ئابووریی عێراق، کە بە ئابوورییەک ناسراوە تەنیا پشت بە نەوت دەبەستێت، بەڵام لەم قۆناخەدا حکومەتی عێراق هەنگاوی ناوە بۆ رێکخستنەوەی کارەکانی بە ئاراستەی دروستکردنی هاوبەشیی ئابووریی ستراتیژی و، قەرەبووکردنەوەی قەیرانی تەنگەی هورمز و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ و رێڕەوی ئارام بۆ داهاتەکانی دەوڵەتی عێراق لە رێگەی بەکارهێنانی هاوبەشی ئابووریی ستراتیژییەوە.
رووداو: باسی چەکت لە دەستی دەوڵەت کرد، سەرۆکوەزیرانیش بەڵێنی ئەوەی دا کە چەک لە دەستی دەوڵەت دەبێت تاوەکو 30ی ئەیلوول، ئەمە بەڵێنێکی گەورە نییە؟ یان حکومەتەکانی پێشووش هەوڵیان دا، چی واتان لێدەکات کە بەو متمانەیە زۆرەوە بە ئەمریکا بڵێن چەک دێنینەوە دەستی دەوڵەت و ئەو گرووپانە چی دیکە چەکیان لەدەست نابێت؟
حەیدەر عەبوودی: ئەمانە تەنیا بەڵێن نییە، بەڵکو گوزارشت لە ئاراستەیەکی حکومەتی عێراق و بەڕێز سەرۆکوەزیران دەکات، لەو یەکەم ساتەی کە متمانەی کارنامەی حکومەتی وەرگرت. ئەم کارنامەیە ئەوە لەخۆ دەگرێت کە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا یەکێکە لە بنەماکانی سەروەریی دەوڵەتی عێراق، هەروەها بەستنەوەی بڕیاری ئەمنی بە سیستمێکی ناوەندییەوە. لەو سۆنگەیەوە کەشێکی سەقامگیری ناوخۆیی بۆ دەوڵەت دێتە ئاراوە. ئەم سەقامگیرییە ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و کەشێکی ئەرێنی بۆ گەشەپێدان دابین دەکات. لە رێگەی ئەو سەقامگیرییە و ئەو گەرەنتییە ئەمنییانەوە، هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و دۆستە نێودەوڵەتییەکان بەو جۆرە سەیری دەوڵەت دەکەن، کە ژینگەی عێراق دەرفەتێکی گەشەپێدان و وەبەرهێنانی زۆر باشە و شایستەی ئەم هاوبەشییە ستراتیژییەیە.
رووداو: لە کۆشکی سپی نوێنەری هەرێمی کوردستان لەنێو شاندەکەدا نەبوو، خەڵک پرسیاری کرد گوتیان بۆچی تێیدا نییە؟ وەڵامی ئێوە چییە بۆ ئەو پرسیارە؟
حەیدەر عەبوودی: رێگەم بدە بڵێم پرسیارەکە ورد نییە. بۆچی؟ چونکە سەرۆکوەزیران کاتێک دەربارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پرسیاری لێکرا، وەک یەکێک لە ئەندامانی جەستەی خۆی وەسفی کرد. ئەو نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکات، نوێنەرایەتی بەسرە دەکات، نوێنەرایەتی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی پارێزگاکانی عێراق دەکات. کاتێک دەپرسرێت کێ نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان دەکات؟ دەڵێین بەڕێز سەرۆکوەزیران.
رووداو: دوێنێ کۆبوونەوەیەک لێرە کرا لەگەڵ وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، دەزانی عێراق کێشەی کاشی هەبوو، ئایا بەڵێنی ئەوەتان وەرگرتووە کە کێشەی کاش نامێنێت و ئەمریکا جارێکی دیکە دۆلار دەنێرێت بۆ عێراق؟ ئەو رێکارانەی کە لەسەر حکومەتی پێشوو داینابوون هەڵگیراون؟
حەیدەر عەبوودی: سەرەتا، نەختینەی تێپەڕبوونی قیستەکانی دۆلار هاوکاری نییە. ئەمە خاڵێکی روونە. ئەمانە تەنیا پارەی عێراقن، ئەم رێکارە نزیکەی دوو دەیەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دۆستان لە لایەنی ئەمریکی دامەزراوە، لە رێگەی کردنەوەی هەژمارێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە بانکی فیدراڵی ئەمریکا. لەم هەژمارەدا پارەی داهاتی هەناردەکردنی نەوت دادەنرێت. ئەم هەژمارە مێژوویەکی هەیە کە رەنگە بەشێکی بەڕێزت و شارەزایانی دارایی بیزانن. هاوئاهەنگی بۆ وەرگرتنی قیستەکانی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بەپێی دیدگایەکی ساڵانەی رێکخراو و لێکۆڵینەوە بۆ کراوە، بەپێی ئەو سیاسەتە نەختینەییەی بانکی ناوەندی پەیڕەوی دەکات؛ بۆیە داوا لە لایەنی ئەمریکی دەکات، کە ئەم بڕە پارانە بە دراوە بیانییەکان بدات بۆ ئەو مەبەستانەی کە خۆی بەپێی سیاسەتە نەختینەییەکەی دیارییان دەکات. کاروبارەکان لەم ئاراستەیەدا وەک جاران نەماون دوای ئەوەی هێڵەکانی گواستنەوەی ئاسمانی پەکیان کەوت؛ چونکە ئەمە لە رێگەی ئاسمان دەگوازرێتەوە نەک وشکانی. ماوەیەکی کەم لەمەوبەر قیستێک رەوانە کرا، هاوئاهەنگی بۆ قیستێکی دیکەیش هەیە؛ کەواتە کاروبارەکان بەپێی هاوبەشیی عێراقی-ئەمریکی بە ئاراستەیەکی راستدا دەڕۆن بەپێی شایستە یاساییەکان و ئەوەی ئەم هاوبەشییە پێویستییەتی.
رووداو: چیدیکە پارەی عێراق بە بارمتە ناگیرێت لەلای ئەمریکا؟ خەڵکی عێراق دڵخۆش بن بڵێن تەواو ئەمە چارەسەر بوو؟
حەیدەر عەبوودی: پەیوەندیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەبارەت بەم پارانەی جەنابت ئاماژەت پێکرد، دروستکردنی ئەم هەژمارە پەیوەندیی بە بارودۆخی دوای 2003وە هەیە. بارودۆخی دوای 2003 و مەترسیی ئەوەی کە قەرزدەرەکان دەست بەسەر ئەم پارانەدا بگرن؛ چونکە هەندێک پارە یان قەرز هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هەشتاکان. لایەنی نێودەوڵەتی هەن کە وردەکاریی ئەو قەرزانەی لەسەر عێراقن دەگەڕێننەوە بۆ جەنگی عێراق و ئێران و تەنانەت دوای ئەویش. ئەم رێکارە بڕیارێکە بۆ پاراستنی کاتیی پارەکانی عێراق تاوەکو دەستبەسەرداگرتن یان بڕیارێک لە دادگا نێودەوڵەتییەکانەوە نەبێت بۆ بردنی ئەم پارانە بە شێوەیەکی راستەوخۆ. بۆیە دانانی بە شێوەیەکی یاسایی لە بانکی فیدراڵی ئەمریکا، پاراستنی پارەکانی عێراقە و وەک بارمتە نییە.
رووداو: سەرۆکوەزیران بە جانتایەکی پڕ لە رێککەوتن دەچێتە هیوستن، رێککەوتن دەکات لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی ئەمریکی، پێشتریش ئەم رێککەوتنانە کراون، ئەمە چ هەواڵێکی خۆشی تێدایە بۆ عێراقییەکان؟ ئەمە تەنیا بۆ ئەمریکا باشە؟ ئەگەر بۆ عێراق باشە، سوودەکەی بۆ عێراقییەکان چییە؟ بۆچی لەجیاتی چین و رووسیا تەنیا گرێبەستەکان دەدەن بە ئەمریکا؟ واتە پیشبڕکێیەکی ئاسان هەبێت بۆ ئەوەی هەموو وڵاتان بتوانن بەشداربن، نەک تەنیا گرێبەستەکان بدەن بە ئەمریکییەکان.
حەیدەر عەبوودی: لەم دۆسیەیەدا کۆمەڵێک وردەکاری هەن، کە پەیوەندییان بە رێککەوتن و ئیمزاکردنی چاوەڕوانکراو لە نێوان هەردوولادا هەیە، بەتایبەتی لە بواری وزەدا؛ لێرەدا کاتێک باس لە وزە دەکەین، باسی نەوت و کارەبا دەکەین، هەروەها لە بواری گەشەپێدانیشدا. عێراق ئێستا خاوەنی دیدگایەکە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق و پێویستی بە شەراکەت لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکان هەیە کە لەم بوارەدا پیشەگەرن و خاوەنی ئەزموون و مێژوویەکی درێژن. لەسەر ئەم بنەمایە، یەکێک لە وێستگەکانی سەردانەکەی بەڕێز سەرۆکوەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەردەوامبوونە لەسەر ئەم لێکتێگەیشتنانە و جێبەجێکردنیان بە شێوەیەکی یاسایی لەسەر ئەرزی واقیع.
رووداو: سەرۆکوەزیران بەر لەوەی بێتە ئەمریکا هەڵمەتێکی گەورەی دژە گەندەڵی دەستپێکرد، هەموو عێراقییەکان بە کوردستانیشەوە بەو هەڵمەتە دڵخۆش بوون، ئایا ئەم هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و سەری گەورەتر و گەندەڵکاری گەورەتر پێوەدەبێت؟ یان بەربەستەکان زۆرن و ناتوانن بە ئاسانی رووبەڕووی گەندەڵی ببنەوە؟
حەیدەر عەبوودی: هەڵمەتی بەرەبەیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کە راگەیەندرا و هەموو عێراقییەکان و تەنانەت جیهانیش بینییان، پابەندییەکی نیشتمانیی حکومەتی عێراقە، هەروەها پابەندییەکی نیشتمانیی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشە. ئەم سێ دەسەڵاتە هەوڵەکانیان یەکخستووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆسیەیەک، کە هەڕەشە لە دەوڵەتی عێراق و سەروەت و سامان و داهاتووی گەل دەکات. ئەمڕۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیەی هێزەکانی گەندەڵی، رووداوێکی کاتی نییە، بەڵکو ئەم دەسەڵاتانە بەتایبەتی ئەنجوومەنی دادوەری و دەستەی دەستپاکی بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ سەرەداوی دانپێدانانی ئەو تۆمەتبارانەی کە دەستگیرکراون. حکومەتی عێراق سڵی نەکردووەتەوە و ناوەستێت لە راوەدوونانی ئەوانەی تێوەگلاون لە دەستدرێژیکردنە سەر ماڵی گشتی و ئەوانەی سامانیان بە شێوەیەکی نایاسایی زیادی کردووەو تێوەگلاون لە زۆر کێشەدا.
رووداو: بینەرانی من لە کوردستان حەز دەکەن پرسیاری مووچە بکەم؛ کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت لە سەردەمی ئەم حکومەتەدا؟ نیەتی سەرۆکوەزیران چییە و دەتانەوێت چۆن ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن بۆ ئەوەی چیتر ئەم پرسیارە لە جەنابت نەکرێت وەکو گوتەبێژی حکومەتی عێراق.
حەیدەر عەبوودی: ئەم دۆسیەیە پەیوەندیی بە نیەتەوە نییە، واتە پێویست ناکات بڵێین نیەت چییە، بەڵکو بڵێ رێکارەکە چییە، میتۆدی حکومەتی عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا چۆنە، واتە دۆسیەی مووچەی هەرێمی کوردستان. مووچەی هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ مووچەی هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەتی عێراق لەو رووەوەی کە پابەندییەکی جێگیری حکومەتە بۆ دابینکردنی بژێوی هاووڵاتیان. بەڵام ئایا مووچەی هەرێمی کوردستان کێشەیەکی تەکنیکی هەیە؟ بەڵێ، کێشەیەکی تەکنیکی هەیە کە پەیوەندیی بە هاوئاهەنگی و یەکخستنی رێکارەکانی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمەوە هەیە، کە دەبێت هەموو داهاتەکانی دەوڵەت بچنە ناو یەک سندوقی فیدراڵی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ. تاوەکو ئێستا بۆشاییەک هەیە لە نێوان ئەو بڕە پارەیەی کە وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی هەرێم دەینێرێت (واتە ژمارەکە)، لەگەڵ ئەو داهاتانەی هەرێم کە وەرگیراون و لە وەزارەتی دارایی دانراون. بەردەوامبوونی ئەم بۆشاییە رەنگە سەقامگیربوونی ئەم دۆسیەیە خێرا نەکات، بەڵام حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی تەواو و جێگیر، گەرەنتی هەموو ئەم مووچانە دەکات و پابەندە بە دابینکردنی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی گەلی عێراق، بەوانەی هەرێمیشەوە.
رووداو: واتە ئەو کێشە تەکنیکییانە زوو چارەسەر دەبن و ئەم کێشەیەش کۆتایی پێدێت؟
حەیدەر عەبوودی: بێگومان، رێککەوتنی هەماهەنگی هاوبەش هەیە بۆ لەناوبردنی هەموو ئەم ئاستەنگە تەکنیکییانە.
رووداو: هەست دەکەم لە کوردییەکەی من تێدەگەی کاتێک پرسیارت لێدەکەم، ئایە زمانی کوردی دەزانی؟
حەیدەر عەبوودی: ناتوانم بانگەشەی ئەوە بکەم کە زۆر بە باشی لە زمانی کوردی تێدەگەم، بەڵام هەرکەسێک بە کوردی قسە بکات، من لە سیمای عێراقیانەی تێدەگەم، بۆیە تێگەیشتن بۆم ئاسان دەبێت.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ تۆ دکتۆر، خۆشحاڵبووم.
حەیدەر عەبوودی: سوپاس بۆ بەڕێزت.



