رووداو دیجیتاڵ
سەردانی شاندی باڵای عێراق بۆ واشنتن و کۆبوونەوە لەگەڵ باڵاترین بەرپرسانی ئەمریکا، دەستپێکی قۆناخێکی نوێ و هەستیارە لە مێژووی سەربازی و ئەمنیی وڵاتدا و گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت، دەبێت هەموو چەکێک بگەڕێتەوە ژێر سایەی دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان چیتر هیچ پاساوێکیان بۆ مانەوە نەمێنێت.
سەباح نوعمان لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، تیشک دەخاتە سەر وردەکاریی کۆبوونەوەکانی پێنتاگۆن و ئەو بەڵێنانەی بەغدا بە واشنتنی داوە. ئەو بە راشکاوی باس لە وادەی 30ـی ئەیلوول دەکات وەک خاڵی وەرچەرخان و دەڵێت: "دەبێت هەموو چەکێک بگەڕێتەوە ژێر سایەی دەوڵەت و گرووپە چەکدارەکان چیتر هیچ پاساوێکیان بۆ مانەوە نەمێنێت."
نوعمان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم بڕیارە بێگەڕانەوەیە و "متمانەی تەواومان بە توانای هێزە ئەمنییەکان هەیە بۆ جێبەجێکردنی."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوعمان باس لە گرنگیی هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە دەکات بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و گەرەنتیکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان و باشووری عێراق.
هەروەها روونیکردەوە، نەخشەڕێگەی پەیوەندییەکی سەربازیی دووقۆڵیی نوێ لەگەڵ ئەمریکا دەخرێتەڕوو کە تێیدا "عێراق دەبێتە خاوەنی بڕیاری کۆتایی لە وشکانی، ئاسمان و دەریاییەوە."
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: سڵاوتان لێ بێت، ئەم کاتەتان باش. سەرۆکوەزیرانی عێراق بە شاندێکی باڵا لێرە لە واشنتنە. ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لە واشنتن کردووە؛ هەر لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تاوەکو دەگاتە وەزیری جەنگ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەمریکی. بەشێکی زۆری ئەم سەردانە پەیوەندیدارە بە پرسی ئابووری، بەڵام بێجگە لە پرسە ئابوورییەکان، پرسی سەربازیش پرسێکی گرنگی کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقە. دوێنێ لە وەزارەتی جەنگ لەگەڵ وەزیری جەنگی ئەمریکا کۆبووەوە و باسیان لە کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە. بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە سەربازییە، دەمەوێت میوانداری بەڕێز سەباح نوعمان بکەم. زۆر زۆر سوپاس بەڕێز سەباح کە میوانی رووداوی. پێم بڵێ دوێنێ لە کۆبوونەوەکەتان لەگەڵ وەزیری جەنگی ئەمریکا باسی چی کرا و عێراق بەنیازە لە دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا چی بکات، چۆن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا رێکبخاتەوە لە رووی سەربازییەوە؟
سەباح نوعمان: زۆر سوپاس، سڵاو بۆ ئێوە و ستافی رووداو، پیرۆزبایی ئەم هەوڵە گەورەیە دەکەین کە کەناڵەکە و نووسینگەکەتان لێرە لە واشنتن دەیکەن. راستییەکەی بە شێوەیەکی گشتی سەردانەکە ئەنجامەکانی بە شێوەیەکی درەوشاوە و سەرکەوتوو بەدەستهێنا، بە شایەتیی هەموو ئەوانەی بەدواداچوونیان کردووە و هەروەها بە شایەتیی چاودێرانی گەڕی گفتوگۆ و کۆبوونەوەکان کە لەلایەن بەڕێز سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کرا. بۆ پاڵپشتیکردنی کۆبوونەوەکەی دوێنێ لەگەڵ بەڕێز ترەمپ، دوای ئەو کۆبوونەوەیەی کۆشکی سپی، کۆبوونەوەیەکی دیکەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ بەڕێز پێت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە باڵەخانەی پێنتاگۆن بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەیەکی زۆر سەرکەوتوو بوو، تێیدا هەموو ئەو دۆسیانەی پەیوەندییان بە پرسە ئەمنییەکانەوە هەیە خرانەڕوو، بەتایبەتی شێوازی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای 30ـی ئەیلوول. دۆسیەی کورتکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا لە گەڕی گفتوگۆکاندا ئامادە بوو، هەمووان لە کاتی دیداری بەڕێز سەرۆکوەزیران لەگەڵ بەڕێز ترەمپ گوێمان لە پێداگریی و بڕیاری سەرۆکوەزیران بوو بۆ کۆتاییهێنان بە دۆسیەی چەک و ئەو گرووپانەی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدان لە 30ـی ئەیلوولدا، ئەمە وادەیەکی جێگیرە و بڕیارێکی بێگەڕانەوەیە لەلایەن بەڕێز سەرۆکوەزیران و حکومەتی عێراق و هەروەها لەلایەن ئێمەشەوە وەک دەزگا ئەمنییەکان. بۆیە ئەم دڵنیاییە هەبوو، بێگومان پێداگریی سەرۆکوەزیرانیش لە متمانەی بە تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە سەرچاوەی گرتووە. لەبەر ئەوە، دوێنێ یەکێک لە گرنگترین دۆسیە و بڕیارەکان کە لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیران بۆ وەزارەتی جەنگ درا، فەرمانی بەڕێزیان بوو بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی تەکنیکیی ئەمنیی تایبەت لە لایەنی عێراقییەوە بۆ داڕشتنی شێوازی پەیوەندیی ئەمنی و سەربازی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی هاوپەیمانان لە 30ـی ئەیلوولدا، بەو شێوەیەی کە سەروەریی عێراق بپارێزێت و هەروەها گەرەنتیکردنی زیادکردنی پشتگیری بۆ تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، چونکە ئەوان تەنیا لایەنی رێپێدراون بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق لە وشکانی و ئاسمان و دەریاوە.
رووداو: بەڕێز سەرۆکوەزیران بەڵێنی بە ئەمریکییەکان داوە لە 30ـی ئەیلوول چەک لە دەستی دەوڵەت بێت، ئێوە هێندە دڵنیان دەتوانن ئەو گرووپانە چەک بکەن؟ هیچ ترستان لەوە نییە ئەم گرووپانە یاخی ببن و سوپای عێراق رووبەڕووی ئەو گرووپانە ببێتەوە کە گرووپی چەکدارن، بەشێکیان لە دەرەوەی دەوڵەتن هەندێکیشیان لە نێو دەوڵەتیشن؟
سەباح نوعمان: ئێمە پشتبەستوو دەبین بە لایەنی نیشتمانی و بەرژەوەندیی گشتی، کە پێویستە هەمووان پێیەوە پابەند بن لەپێناو پاراستنی سەلامەتی و سەروەریی عێراق و دوورکەوتنەوەی عێراق لە جەمسەرگیرییە دەرەکییەکان و کاریگەرنەبوونی عێراق بە بارودۆخی ئەمنیی نائارامی ناوچەکە. دیاریکردنی 30ـی ئەیلوول وەک دوا وادە بۆ داماڵینی چەکی گرووپەکان، لەبەر نائامادەیی پاساوی ئەواندایە کە ئەو گرووپانە چەکیان هەڵگرتبوو. لە کاتێکدا وڵات لەژێر هەڕەشەدا بوو، رێکخراوێکی تیرۆریستی هەبوو کە دەستی بەسەر بەشێکی گەورەی وڵاتدا گرتبوو، بارودۆخێکی ئەمنیی نائارام لە عێراقدا هەبوو، بۆیە ئەم گرووپانە بەشدارییان لە شەڕی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا کرد و هەروەها رۆڵیان هەبوو لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ترمان لە لەناو بردنی رێکخراوە تیرۆریستییەکە. بەڵام ئەمڕۆ بارودۆخی عێراق جێگیرە، هێزە ئەمنییەکان توانایەکی زۆر بەرزیان هەیە، هاوئاهەنگیی ئەمنی لە نێوان دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان لە بەرزترین ئاستدایە، باس لە پەیوەندیی هێزە ئەمنییەکان دەکەم لەگەڵ یەکدی لە سوپا و ناوخۆ و دەزگای دژەتیرۆر، هەروەها پەیوەندییەکی زۆر باش و بەرز لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگەی برا کە بەشدارییەکی گەورەیان کرد لە پشتگیریکردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ لەناوبردنی رێکخراوی داعش. ئەمڕۆش پلانە هاوئاهەنگییەکانمان ناوەندین و بڕیاری ئەمنی بڕیارێکی ناوەندییە لە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش بەپێی رێککەوتنەکان کۆتایی بە ئەرکەکانی دەهێنێت، بۆیە هیچ پاساوێک بۆ مانەوەی ئەم گرووپانە نییە، کەواتە هەر کەسێک لەم وادەیە و لەم بڕیارە سەروەرییەی عێراق لابدات، رووبەڕووی یاسا و لێپێچینەوە دەبێتەوە.
رووداو: ئەگەر گرووپەکان ئامادە نەبن چەک دابنێن، ئێوە بە زۆری زۆرداری چەکیان لێ دەسەنن یان مۆڵەتی دیکەیان پێ دەدەن؟
سەباح نوعمان: هیوادارم نەگەینە ئەو قۆناخە، من رێزی ئەو قوربانییانە دەگرم و ئێمە هەموومان رێزی ئەو قوربانییانە دەگرین کە ئەو گرووپانە لە شەڕی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا داویانە، رێزی شەهیدەکان و بریندارەکان دەگرین، بەڵام بێگومان کاتی ئەوە هاتووە کە کاروبارەکان بگەڕێنەوە سەر رێڕەوی ئاسایی و سروشتی خۆیان، بڕیاری ئەمنی و بڕیاری شەڕ و ئاشتی لە دەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندایە و هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە بەرپرسن لە پاراستنی سەروەریی عێراق لە چوارچێوەی ئەو ئەرک و فەرمانانەی بۆیان دیاریکراوە. بۆیە متمانەمان هەیە کە ئەم گرووپانە لە کۆتاییدا بەدەم لۆژیکی یاسا و لۆژیکی ئیرادەی گەل و لۆژیکی پاراستنی کەرامەت و سەروەریی عێراقەوە دێن، هەر بۆیە گەشبینین کە ناگەینە قۆناخی پێکدادان یان قۆناخی لێپێچینەوە و سزای یاسایی.
رووداو: سەرۆکوەزیران دوێنێ لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ وەزیری جەنگ باسی ئەوەی کردووە کە هاوکاریی سەربازیی عێراق بکرێت، سیستمی بەرگریتان پێ بدەن، هەندێک هاوکاریی دیکەی سەربازی بکرێت کاتێک هێزەکانی ئەمریکا دەچنە دەرەوە. پرسیارەکەی من ئەوەیە ئایا بەڵێنی سیستمی بەرگریتان وەرگرتووە؟ ئامادەن ئەو سیستمە بەرگرییە بۆ هەرێمی کوردستانیش دابین بکەن کە لەو ماوەیە ژمارەیەکی زۆر هێرش کرایە سەر هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر درۆن ئاراستەی هەرێمی کوردستان تەنانەت بۆ شوێنە مەدەنییەکانیش کرا، ئێوە چۆن بیر لە پاراستنی ئەم بەشەی دیکەی عێراق دەکەنەوە؟
سەباح نوعمان: بێگومان دووبارەی دەکەمەوە و جەخت دەکەمەوە کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرپرسن لە پاراستنی سەروەریی عێراق بە هەموو بەشەکانییەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە. مانگی رابردوو سەردانێکی شاندێکی گەورەی ئەمنی بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو، ئەم شاندە گەرەنتیی ئەمنی دایە هەرێم و سەرکردە و بەرپرسانی هەرێم و کۆمپانیا بیانییەکان یان ئەو کۆمپانیایانەی لە بوارەکانی وزە و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان کار دەکەن، کە ئێمە هەموو گەرەنتییەکی ئەمنییان بۆ دابین دەکەین تاوەکو دەست بکەنەوە بە چالاکییەکانیان لە هەرێم و لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەتایبەتی لە باشوور. لە سەردانەکەی دوێنێدا هەستمان بە پەرۆشیی ئیدارەی ئەمریکا کرد لە کەسایەتیی بەڕێز ترەمپ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی ئەمریکا و هەروەها بەڕێز وەزیری جەنگدا، لەسەر پەرۆشییان بۆ پشتگیریکردنی عێراق و هێزە ئەمنییەکانی عێراق. بێگومان ئەم لیژنەیەی کە پێکدەهێندرێت، لە داڕشتنی کارەکانیدا ئەرک و بەرپرسیارێتی و پێداویستییەکان لە ئیدارەی ئەمریکا و لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکان لە ئەمریکا بەتایبەت وەزارەتی جەنگ دادەنێت، بەو شێوەیەی کە عێراق و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق پێویستیانە، بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی تواناکانی بێت و گەرەنتی بداتە هەمووان و جیهان لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای پاراستنی سەروەریی عێراقیان هەیە.
رووداو: دوایین پرسیارم، دوای 30ـی ئەیلوول ئەرکی هاوپەیمانان کۆتایی پێ دێت، بەڵام هێزەکانی ئەمریکا دەمێننەوە، ژمارەیەک هێزی ئەمریکا دەمێننەوە، ئەم هێزانە لە کوێ دەمێننەوە؟ ئەگەر هیچ هێزێکی ئەمریکی نەمێنێتەوە، ئەمریکا چۆن پارێزگاری لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و بنکەکانی خۆیان دەکات لەوێ، ئەو بنکە مەدەنییانەی کە هەیانە مەبەستمە؟
سەباح نوعمان: من گوتم هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەرپرسن لە چەسپاندنی سیستمی ئەمنی، لە جێگیرکردنی ئاسایش لە عێراقدا، وەزارەت و دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان هەن کە بەرپرسیارێتیی جۆراوجۆر و جیاوازیان هەیە، لەنێویاندا پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و باڵیۆزخانەکان و کۆمپانیا نەوتییەکان و دامەزراوە زیندووەکان. ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە بەرزترین ئاستی ئامادەییدان و دابەشکاری بۆ گۆڕەپانەکانی کارکردن و دیاریکردنی بەرپرسیارێتی بۆ هەر یەکێک لەم دەزگایانە هەیە، ئەوان توانایان هەیە بە هێز و ئیرادە و بڕیاری بەڕێز سەرۆکوەزیران، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و پشتگیریی بێسنووری بۆ سیستمی ئەمنیی عێراق. رەنگە ئەم سەردانە سەرەڕای لایەنە ئابوورییەکەی، بەڵام لایەنی ئەمنی تێیدا ئامادە بوو و سەرۆکوەزیران پشتگیرییەکی زۆر گەورەی بۆ سیستمی ئەمنیی عێراق بەدەستهێنا، ئەمەش لە پەرۆشی و هەوڵی سەرۆکوەزیرانەوە دێت بۆ پەرەپێدان و زیادکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئەدای ئەم هێزانە بۆ ئەرکەکانیان، لەوانەش پاراستنی عێراق و پاراستنی نێردەکان و پاراستنی هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە ئاسایشەوە هەیە. بۆیە ئێمە متمانەمان بە تواناکانی خۆمان هەیە و بێگومان لە کاتی سەردانمان بۆ هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا بینیمان کە ئەو هێزە ئەمنییانەی بەرپرسن لە پاراستنی دامەزراوە زیندووەکان و ناوەندەکانی وزە هێزی پێویستن، بەڵام پێویستیان بە تەکنیکە هونەرییەکان هەیە و ئەوەش شتێکە کە ئێمە پەرۆش دەبین بۆ دابینکردنیان ئینشائەڵڵا لە ماوەی داهاتوودا.
رووداو: هیچ هێزێکی ئەمریکی لە عێراق دەمێنێتەوە دوای 30ـی ئەیلوول؟
سەباح نوعمان: نەخێر بێگومان، دوای 30-09 هیچ هێزێکی هاوپەیمانان نامێنێت و تەنیا هێزەکانی ئەمریکاش نا، چونکە ئێمە باس لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکەین کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سەرکردایەتی دەکات، بەڵکو رەگەزنامەی دیکەش هەن. دوای 30-09 کشانەوەی ئەم هێزانە دەستپێدەکات و دەست دەکەین بە قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان وەک بەشێک لە هاوپەیمانییەکە و لەگەڵ وڵاتانی دیکەش کە هاوبەش بوون لەم هاوپەیمانییەدا و هەروەها رۆڵێکی زۆر گەورەیان گێڕا لە پشتگیریکردنی هێزە چەکدارەکانی عێراق و وڵاتی عێراق.
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز سەباح نوعمان.
سەباح نوعمان: سوپاس بۆ ئێوەش.
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش کە لەگەڵمان بوون.



