رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی هۆبەی ئۆپەراسیۆنی دوورزییەکان لە سوێدا دەڵێت، رێگە بە هێزەکانی هەتەشە نادەن بچنە نێو پارێزگای سوێداوە، هەروەها دەڵێت، رازی نابن لە شامەوە پارێزگارێک بۆ سوێدا دابنرێت.
بەها جەمال، فەرماندەی هۆبەی ئۆپەراسیۆنی دوورزییەکان لە سوێدا، ئەمڕۆ میوانی بووڵتەنی کاژێر 19:00 بوو و رایگەیاند، دوێنێ رێگەیان بە هێزەکانی دەستەی تەحریری شام نەداوە، بێتە نێو پارێزگای سوێدا، دەشڵێت: "ئەو هێزە بە فێڵ و بە شێوەیەکی ناشیرین هاتنە ناوەوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی کەس."
ئەو فەرماندەیەی هۆبەی ئۆپەراسیۆنی دوورزییەکان هۆشداریی بە بەرپرسانی شام دەدات و دەڵێت: "ئێمە رێگە بە هیچ رێکخراو و گرووپێک نادەین، هەرچەندە ژمارەی ئەندامەکانیشیان زۆر بێت، دەستوەربدەن لەو شوێنانەی ئێمە بوون و رۆڵمان هەیە تێیاندا لە باشووری سووریا بەگشتی".
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بەها بەجەمال:
رووداو: بۆچی رێگەتان لە هێزەکانی سووریا گرت بچنە سوێدا؟
بەها جەمال: دوێنێ هیچ هاوئاهەنگییەک لەگەڵ هیچ سەرکردەیەکی گرووپەکان لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و شێخی عەقڵ نەکرا. بینیمان کات گونجاو نەبوو، خەڵکیش سەرقاڵی یادی سەری ساڵ بوون. بە فێڵ و بەشێوەیەکی ناشیرین هاتنە ناوەوە، بەبێ ئاگادارکردنەوەی کەس. ئێمە رەتیدەکەینەوە، سەرکردەی سەربازیمان هەن، بەڵام هاوئاهەنگی لەگەڵ تاک و کەسەکان دا ناکەین.
رووداو: ئەوان هێزی حکومین و دەیانویست بچنە سوێدا، بەڵام ئێوە رێگەتان لێ گرتن. هۆکارەکە نەبوونی هاوئاهەنگی بوو یان هۆکارێکی دیکە هەبوو؟
بەها جەمال: نا، یەکەم لەبەر نەبوونی هاوئاهەنگی، دووەم لەبەرئەوەی هێشتا هەندێک دۆخ ئارام نەبووەتەوە، نازانین چی لەسەر ئاستی سووریا بەگشتی روودەدات. ئێمە رێگە بە هیچ رێکخراو و گرووپێک نادەین، هەرچەندە ژمارەی ئەندامەکانیشیان زۆر بێت، دەستوەربدەن لەو شوێنانەی ئێمە بوون و رۆڵمان تێیاندا هەیە لە باشووری سووریا بەگشتی، لەبەرئەوە رێگە نادەین هیچ کەسێک هیچ بڕیارێکمان بەسەردا بسەپێنێت. پەیوەندی بە شێخی عەقڵ و شێخ سەلمان حیکمەت هاجری کرا و وەڵامەکەیان رەتکردنەوە بوو، جەختیان کردەوە کە لەم کاتەدا رێگە بە هیچ کەسێک نادەن دەستوەربدات. توانامان هەیە و سەرکردەی سەربازیمان هەن، کە دەتوانن ئاسایش بەڕێوەببەن و کۆنترۆڵی بکەن، لەبەرئەوە پێداگرین لەسەر هەڵوێستەکەمان.
رووداو: ئێستا کێ کۆنترۆڵی سوێدای بەدەستەوەیە؟
بەها جەمال: سوێدا لەژێر کۆنترۆڵی شێخی عەقڵ و ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و مەرجەعییەکاندایە. ئێمە لە پارێزگای سوێدا، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی خۆماندا، گەورە بنەماڵەکانمان هەن، دیوەخانەکان و مەرجەعییەتمان هەیە کە کۆمان دەکەنەوە. دۆخەکە وەکو خۆیەتی، سوپاس بۆ خودا، بەگشتی هیچ شتێک نییە جێی نیگەرانیمان بێت. هێشتا پێویستمان بە داوای هاوکاری لە دەرەوە یان شتی لەو بابەتە نەبووە. دۆخەکە ئارام و سەقامگیرە، سوپاس بۆ خودا، وەک هەمیشەش رێگە نادەین کەس دەستوەردان بکات.
رووداو: ئێوە رێگە لە هەموو کەسێک دەگرن بچێتە سوێدا، لەڕووی کارگێڕییەوە کێ شارەکە بەڕێوەدەبات؟
بەها جەمال: هەندێک بەڕێوەبەر کە پۆستەکانیان وەرگرتووە لەسەر کارەکانیانن، لیژنەکانی جووڵانەوەیان لەگەڵە، لەژێر سەرپەرشتی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ کەسایەتییە پاکەکانی پارێزگاکە، ئێستا ئەوان کارەکان بەڕێوەدەبەن.
رووداو: ژمارەی چەکدارەکان یان هێزە سەربازییەکانتان لە سوێدا چەندە؟
بەها جەمال: ئێمە ژمارەی ئەندامەکانمان یان کەلوپەلەکانمان یان جۆری چەکەکانمان ئاشکرا ناکەین، بەڵام سوپاس بۆ خودا، هیچ کاتێک چیا پێویستی بە کەس نەبووە و پشتیوان بە خودا هەرگیز وا نابێت.
رووداو: داواکارییەکانتان چین؟ ئامانجتان چییە؟
بەها جەمال: گرنگترین شت لای ئێمە پاراستنی کەرامەتمانە، کەرامەتیشمان بە فەزڵی خودا پارێزراوە. سەبارەت بەم بابەتەش، زانیاریی تەواوم نییە لەسەری و تۆزێک چاوەڕێ دەکەم تاوەکو وردەکارییەکان وەردەگرم. نازانین هەندێک شت بەرەو کوێ دەچن. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر پێویست بێت و ئەگەر دەستدرێژی بکرێتە سەرمان یان شتێکمان بەسەردا بسەپێنرێت وەک پارێزگایەک، بەڵێ داوای فیدراڵی دەکەین.
رووداو: ئەگەری ئەوە هەیە شەڕ لەنێوان ئێوە و دەستەی تەحریر شام رووبدات؟
بەها جەمال: نا، ئێمە ناچینە شەڕەوە و هەوڵی خوێنڕشتن نادەین. بەڵام ئەگەر شتێک بەسەرماندا بسەپێنرێت، ئێمە شۆڕشێک دەکەین لەسەر شۆڕش. ئێستا بیر لەمە ناکەینەوە، بەڵام ئەگەر شتێک بەسەرماندا بسەپێنرێت، بەڵێ، ئێمە ئامادەین بێ دوودڵی شۆڕش بکەین.
رووداو: واتا ناتانەوێت هیچ هێزێکی دیکە بچێتە سوێدا؟
بەها جەمال: رێگە بە هیچ کەسێک نادەین بێتە خاکی چیا و شتێک بەسەرماندا بسەپێنێت، چ لەم لایەنەوە بێت یان لایەنێکی دیکەوە. هەرگیز بانگەشە بۆ خوێنڕشتن ناکەین.
رووداو: چەکی قورستان هەیە بۆ پاراستنی ناوچەکەتان ئەگەر شەڕ رووبدات؟
بەها جەمال: لە سەرەتای قەیرانەکەوە، شێخی دامەزرێنەر، خودا لێی خۆش بێت، شێخ ئەبو فەهد، وەحید بەلعووس، داوای کرد نەچینە نێو سوپای رژێمەوە. ئێمە ناچینە نێو خوێنڕشتنەوە، چونکە خوێنی سوورییەکان حەرامە. تاوەکو ئەم ساتەش، بانگەشە بۆ خوێنڕشتن ناکەین و هانی نادەین، بەڵام کاتێک بە 50 ئۆتۆمبێلی پڕچەکەوە هاتن، مافی سرووشتیی خۆمانە بەرگری لە خۆمان و بوونمان بکەین. ئەمە شتێکی سرووشتییە و گفتوگۆی لەسەر ناکرێت.
رووداو: کێ پشتیوانیتان دەکات؟
بەها جەمال: ژمارەی چەکدار و جۆری چەکەکان تایبەتمەندیی خۆمانن. داوای لێبووردن دەکەم، ئەمە شتێکی تایبەتە بە ئێمەوە. ئێمە پشت بە پشتیوانیی ناوخۆیی پارێزگاکە دەبەستین و هیچ پشتیوانییەکی دەرەکیمان وەرنەگرتووە و داواشمان نەکردووە. تەنیا داوای پشتیوانی لە خەڵکی پارێزگاکە دەکەین و داوای هەڵوێستی نێودەوڵەتی دەکەین. سەبارەت بە پشتیوانی دەرەکی، داوامان نەکردووە.
رووداو: دوای رێگەگرتنتان لە هێزەکانی سووریا یان دەستەی تەحریری شام لە چوونیان بۆ سوێدا، هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئێوە و بەرپرسانی دیمەشق کرا؟
بەها جەمال: پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ شێخ سەلمان حکمەت هاجری هەبوو، باسی دانانی سەرکردە سەربازییەکان لە پارێزگاکە کرا، هەروەها هەڵبژاردنی کەسانی لێهاتوو بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان و دانانی فەرماندەی پۆلیس لە خەڵکی پارێزگاکە. وەڵامەکە بە تەواوی رازیکەر نەبوو، ئێمە سنوورێکی ئایینی و کۆمەڵایەتیمان هەیە، رێزی لێدەگرین. وتەی شێخ لای ئێمە بەردەوامە و شێخیش پێگە و رێزی خۆی هەیە، وەڵامیان ئەوە بوو کە هاوئاهەنگییان کرد و هەوڵیان دا بچنە پارێزگاکە و پاشان گەڕانەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەمە مانای ئەوە نییە پەیوەندی لە نێوانماندا پچڕاوە، بەڵکو پەیوەندی بەردەوامە. جەختمان کردەوە کە پابەندین بە رێنماییەکانی شێخ و دڵنیاین کە فەرماندەی پۆلیس لە خەڵکی پارێزگاکە دەبێت و دەتوانین کاروبارەکانمان بە خۆمان بەڕێوەببەین.
رووداو: واتە سوێدا ناسپێرنە حکومەتی سووریا؟
بەها جەمال: رێگە نادەین نە سەرکردەی سەربازی و نە سەرکردەی کارگێڕیمان بەسەردا بسەپێنن، تەنانەت لە ئاستی پارێزگاریشدا. ئێمە لێرە لیژنەی جووڵانەوەمان بە پشتیوانی شێخ سەلمان حکمەت هاجری هەڵبژاردووە و پارێزگاریشمان هەڵبژاردووە، رەنگە ئەم بڕیارە لەگەڵ خواستەکانی ئەوان یەک نەگرێتەوە و مەحاڵە لەلایەن ئەوانەوە بەسەرماندا بسەپێنرێت.
رووداو: ئێستا پارێزگارێک هەیە پارێزگای سوێدا بەڕێوەببات؟
بەها جەمال: رێککەوتن لەسەر کەسایەتییەک کرا بۆ وەرگرتنی پۆستێکی سەرکردایەتی وەک پارێزگار، بەڵام ئەم پێشنیارە لە لایەن لایەنەکانی شامەوە رەتکرایەوە و دەیانەوێت پارێزگارێک لە لای خۆیانەوە بسەپێنن. ئێمەش لە لایەن خۆمانەوە بە تەواوی رەتیدەکەینەوە کە پارێزگارێک لە لای ئەوانەوە بەسەرماندا بسەپێنرێت و جەخت دەکەینەوە کە بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین پارێزگارێکی سەپێنراومان هەبێت.
رووداو: ئێوە کۆنترۆڵی دیمەشقتان کرد، بۆچی رادەستی دەستەی تەحریری شامتان کرد؟
بەها جەمال: ئێمە لە هەمان کاتدا چووینە شام، پێش لایەنەکانی دیکە نەکەوتین. بەڵێ، رۆڵمان هەبوو لە چوونە شام و بوونمان لەوێ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چەندین گرووپ و لایەنی جیاواز بوو، کە هەموو پێکهاتە و رەنگەکانی دەگرتەوە، نەک تەنیا خەڵکی تایفەی دورزی.
گەیشتنمان بۆ شام هاوکات بوو لەگەڵ دەستەی تەحریری شام، نزیکەی لە هەمان کاتدا، ئێمە دوو رۆژ پێشتر لەوێ بووین و رووبەڕووی پاشماوەی رژێم دەبووینەوە، کاتێکی زۆری پێچوو دەریانبکەین. لە کۆتاییدا، بوونێکی کەمتریان لە فڕۆکەخانەی خلخلە هەبوو، لەوێوە هێزەکانی شێخ کەرامە بە سەرکردایەتیی شێخ لەیس بەلعووس، لەگەڵ شێخی دامەزرێنەر فەهد وەحید بەلعووس جوڵان. لەگەڵ ئەم جوڵانەدا، پشتیوانی هێزەکانمان درێژ بووەوە بۆ شام، هاوکات لەگەڵ بوونی شۆڕشگێڕان و دەستە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ