رووداو - تەندروستی
دووانەیەکی دەگمەنی 34 ساڵان دوای ئەوەی یەکێکیان ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، ئێستا چاوەڕێیە ببێت بە دایک، بەڵام نازاندرێت ئەو کات منداڵەکە هی کامیان دەبێت.
ئابی هێنسڵ و بریتنی هێنسڵ، دووانەیەکی 34 ساڵانن و خەڵکی ویلایەتی مێنیسۆتای ئەمریکان، ئەوان دووانەیەکی بەیەکەوەنووساون، بەجۆرێک تەنیا سەریان لێکجیابووتەوە.
ئابی لە ساڵی 2021 ژیانی هاوژینی لەگەڵ جۆش بۆولینگی 33 ساڵان پێکدەهێنێت، لە نوێترین دەرکەوتنیاندا دووانەکە باس لەوەدەکەن، ''ببن بە دایک''، بەڵام نازاندرێت کە منداڵەکە هی کامیان دەبێت، چونکە لە خوار کەمەریانەوە ئەندامەکانیان هاوبەشن.
ئابی و بریتنی لە کەمەرەوە بەرەوخوارەوە ئەندامەکانیان هاوبەشە، کە ئەمەش دەگمەنترین جۆری دووانەی بەیەکەوەنووساوە، بەوەی کە تەنیا سەریان لێکجیاجە، بەڵام دوو دەست، دوو قاچ، دوو دڵ، دوو سی، دوو زراو، دوو سوورێنچک، دوو گەدە و سێ گورچیلەیان هەیە. هەروەها لە کەمەرەوە بەرەو خوارەوە، ئەندامەکانی دیکەیان هاوبەشە وەکو ریخۆڵەکان، میزڵدان و کۆئەندامی زاوزێ.
دوای پێکهێنانی ژیانی هاوژینی، ئێستا ئەگەری دووگیانبوونی یەکێکیان هەیە و پسپۆڕانیش دەڵێن: ''دیارنییە کامیان بەیاسایی دەبێتە دایکی منداڵەکە''.
ئابی هێنسڵ گوتی، ''دڵنیابووم کە ئێمە رۆژێک دەبینە دایک، بەڵام نازانین تاوەکو چەند سەرکەوتوو دەبێت''.


بەگوێرەی پەیمانگەی پزیشکیی نیشتمانی لە ئەمریکا، دووانەی بەیەکەوەنووساو دەگمەنە و لە 200 هەزار لەدایکبوون، دەشێت یەک دووانەی لەم شێوەیە لەدایکببێت.
تاوەکو ئێستا لەجیهاندا تەنیا دووانەیەکی بەیەکەوەنووساو بە سەرکەوتوویی یەکێکیان منداڵی بووە ئەویش رۆزا بلێزک و جۆزێفا بلێزک بوون و رۆزا لە ساڵی 1909 منداڵی بوو، بەڵام بەشێکی زۆری ئەندامەکانیان لێکجیابوون لە جۆزێفای خوشکی.


بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، ئەگەری ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ دووانەی بەیەکەوەنووساو بە گوێرەی دۆخی بەیەکەوەنووساوییەکە دەگۆڕێت، هاوکات دوای نەشتەرگەریش ئەگەری لەژیان مانەوەی یەکێکیان 75٪ دەبێت.
بریتنی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت، هیچ هەست بە لایەکی دیکەی ناکات و دووچاری پەککەوتنی هیچ ئەندامێکیش نەبوون، هەروەها پاتی و مایک، دایک و باوکی دووانەکە رایدەگەیێنن، بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانی ئابی و بریتنی، پێیان باشنەبووە کە جیابکرێنەوە و نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت.


دایکی دووانەکە دەڵێت: تەنیا جارێک بیریان لە لێکجیاکردنەوەیان کردووەتەوە ئەویش ئەوکاتە بووە کە بریتنی دووچاری هەوکردنێکی سەختی سییەکانی بووە،بەڵام دووانەکە رژدبوون لەسەر ئەوەی هەمیشە بەیەکەوە بن و لێکجیانەبنەوە.
هاوکات ژیانی ئەو دووانەیە لە فیلمێکدا بەناوی Abby & Brittany خراوەتەڕوو.

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
