رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەکانی پشت ئاشکرای دەکات، پێویستە قوتابخانەکان رەچاوی وانەکانی رۆژانەی قوتابییان بکەن بۆ ئەوەی قورسیی کتێبی وانەکان ئەوەندە زۆر نەبێت کە زیان بە بڕبڕەکانی پشت بگەیێنێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20-9-2026 د. ژیار پۆڵا، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی مێشک و بڕبڕەکانی پشت لە بووڵتەنی تەندروستیدا کە دکتۆر نمە سەرهەنگ پێشکێشی دەکات، گوتی: کێشی جانتا نابێت لە 10٪ـی کێشی قوتابییەکە تێپەڕ بکات، واتە ئەگەر منداڵەکە 30 کیلۆگرام بێت، نابێت جانتاکەی زیاتر بێت لە 3 کیلۆگرام.
د. ژیار پۆڵا ئاماژە بەوە دەکات، جانتای قورس ژانی درێژخایەن دروستدەکات و کوڕبوونەوەی پشت یان خواربوونی بڕبڕەکانی پشتی لێدەکەوێتەوە.
هەروەها د. ژیار هۆشداریش دەدات کە منداڵ لەکاتی هەستکردن بە سڕبوونی دەست و قاچی، پشکنینی بۆ بکرێت، چونکە ئەماژەیەکن بۆ ناڕێکی لە بڕبڕەکانی پشتی، لەبارەی جۆرە جیاوازەکانی جانتای قوتابخانەوە دەشڵێت: هەموو جۆرەکانی جانتای قوتابخانە نابێت قورس بن، چونکە هەر جۆرێکی جانتای قوتابخانە قورس بوو، زیان بە بڕبڕەکانی پشت و مل دەگەیێنێت.
د. ژیار دەڵێت: ''جانتای پشت گونجاوترین جانتایە بۆ قوتابییان، بەڵام ئەگەر بەشێوەی زانستی لەکۆڵ بکرێت''.
هۆشداریش دەدات کە قوتابی بە یەک شان جانتا هەڵنەگرێت، چونکە بڕبڕەکانی پشت خواردەکات و هاوسەنگییان تێکدەدات.
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)